هەردی سەلیمی
لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ـەوە هەتا ٨ـی پووشپەڕی ١٤٠٣ دەبێتە ١٦٥٧٥ ڕۆژ و بە ساڵیش دەکاتە ٤٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ. ئەم ماوەیە لەگەڵ ئەوەیکە ماوەیەکی دوورودرێژە بەڵام لە هەمان کاتیشدا ماوەیەکی گونجاوە بۆ ناسینی هەر کەسێک یان دیاردە و سیستمێکی بەڕێوەبەری یان هەر شتێک کە لە ژیانی مرۆڤدا ڕەنگ دەداتەوە. سیستمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی ناوەتە ٤٦ ساڵ تەمەنی خۆی. لەم ماوەیەدا سەروو ٤٠ هەڵبژاردنی بەڕێوە بردووە، لە ڕێفراندۆمی ئەرێ یان نا بۆ کۆماری ئیسلامییەوە هەتا خوبرەگان و سەرکۆماری و مەجلیس و شۆڕای شار و گوندەکان.
لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ لێژنەیەک لە ئەندامانی "حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیا" سەردانی ئێران دەکەن و لەوێ لەگەڵ دوو کەسایەتیی سیاسیی ئەو سەردەمەدا واتە "دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو"، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و "نوورەددینی کیانووری" سکرتێری حیزبی توودەی ئێران وتووێژ دەکەن و بیروڕایان لەسەر دۆخی سیاسیی ئەوکاتی ئێران دەپرسن. لە ڕاپۆرتەکەیاندا کیانووری بە کەسێکی گەشبین و دڵخۆش بە حکوومەتی نوێ دەبینن، بەڵام لە بەرامبەردا دوکتور قاسملوو بە کەسێکی سیاسیی خاوەن خوێندنەوەی قووڵ و لۆژیکی دێتە بەر چاویان. دوکتور قاسملوو لەو دیدارەدا هەوڵ دەدا جیاوازیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ فاشیزمی ئورووپایی بۆ ئەوان ڕوون بکاتەوە و دەڵێ: "باس لەوە نییە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی فاشیزمدا دێموکراسی بەرەو لاوازییەکی کاتی چووە، بەڵکوو لێرەدا باس لەوەیە دەسەڵاتی مەلاکانی تاران هەر لە بنەڕەتەوە لەگەڵ چەمکێکی وەک دێموکراسی نامۆیە..." و لە درێژەشدا باس لە دیداری خۆی و "خومەینی"ـیان بۆ دەکات و ئاماژە بەوە دەدا: "چۆن دەکرێ لەسەر بابەتگەلێکی وەک دێموکراسی و دەسەڵاتی خەڵکی و پلۆرالیزم و مافی کەمینەکان لەگەڵ کەسێک بدوێی کەوا خۆی بە جێنشینی خودا لەسەر عەرز دادەنێ؟"
لە ساڵی ١٩٤٥ و دوای شکستی ئاڵمانی نازی، نزیکەی ١٠٠٠ کەس لە خەڵکی ئاڵمانیان برد لە نزیکەوە سەردانی یەکێک لە ئۆردووگاکان بکەن، ئەو خەڵکەی وا پێشتر سڵاویان بۆ هیتلێر دەنارد، پاش ئەوەی بە چاوی خۆیان بەشێک لە جەنایەتەکانیان بینی لە وڵامدا تەنیا وتیان: "ئاگامان لێنەبووە!" ئێستا و پاش ئەم هەمووە ساڵە و دوای ئەوەی بۆ هەموو خەڵک دەرکەوتووە کۆماری ئیسلامی چی دەوێ و بەتەمای چییە و بەکردەوەش ئەوەی سەلماندووە، لە سەردەمی میدیا و ڕاگەیاندنەکاندا و بەتایبەت پاش سەرهەڵدانەکان و سەرکوتی دڕندانەیان ئیتر هەڵەکردن و تێنەگەیشتنی هیچ کەسێک بۆ بەرگریلێکردن نابێ و کەس بۆی نییە بڵێ "نەمزانیوە" و "ئاگام لێنەبووە" و "نەمزانیوە وای لێ دێ".
لە ئێستەشدا کە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانە و بەرەبەرە لە بەناوهەڵبژاردنی چواردەیەمین سەرکۆمار بۆ ڕێژیم نیزیک دەبینەوە دەبینین کە هێشتا هەندێ کەسی ساویلکە سەرقاڵی پڕوپاگەندان بۆ هاندان و جۆشدانی خەڵک لەمەڕ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان. ئەمانە کە لە ڕابردووشدا بە ناوی ڕێفۆرمیستی و ئیسڵاحخوازی هاتبوونە نێو گۆڕەپانەکە و زیاتر وەک سووپاپ ئیتمینانێک بۆ ڕێژیم چاویان لێ دەکرا دیسانەوە نایانهەوێ ڕاستی و کەتوارەکان وەک خۆی ببینن و پاش ئەو هەموو جینایەت و خەیانەتەی کە سەرانی ڕێژیم دەرحەق بە خەڵک و خاکی ئیران و لەو نیوەشدا کوردستان کردوویانە و دەیکەن دەیانهەوێ پشکێکیان لەم دەسەڵاتە ئۆلیگارێشییە وەبەر بکەوێ . هەڵبەت بەشێک لەو کەسانە کە ئەم پڕوپاگەندایانە دەکەن ئەوە نەبێ ساویلکە بن و تەنیا بیانهەوێ خەڵک هان بدەن کە بەشداری شانۆگەرییەکە بن بەڵکوو زیاتر دەچنە خانەی کەسانێکەوە کە دەزانن بەشداریی کردن و گەرمکردنی تەنووری بەناو هەڵبژاردن بەواتای جۆرێک ڕەوایی بەخشینە بە دەسەڵاتی ناڕەوای کۆماری ئیسلامی و لە سێبەری ئەویشدا مانەوە و بەردەوامی خۆیان لە دەسەڵآت و هەبوون دەرەتانێکی زیاتر بۆ هەڵلووشینی خوێنی خەڵکانی نیشتەجێ لە جوغرافیای ئێران.
هەندێک لەو بەناو ئیسلاحخوازانە دیسان بە فێڵی هەمیشەیی دەرکەوتوونەتەوە و بەپێی پلان و پیلان دەیانهەوێ کەشێک بخولقێنن وەک خولەکانی پێشوو و لە ترسی "ئاور" خەڵک هان بدەن بەرەو نەک ئاو بەڵکوو بەرەو لافاوێکی وێرانکەر پەنا ببەن. هاتوون و بە بڵاوکردنەوەی ئەم لێکدانەوەیە کە بە وتەی ئەوان دوای سەرکوتی سەرهەڵدانەکان "خەڵک بێهیوان" و "تووشی پاسیفیزم بوون"، دەتوانن لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە چالاک ببنەوە و پەیامی خۆیان بۆ دەسەڵات بگوازنەوە گەر ئەمەش نەکەن چییان کردووە؟ و مەیدانیان بۆ تەراتێنی بناژۆخوازەکان چۆڵ کردووە! ئەمە دیسان هەمان دووانەی خراپ و خراپترە، بەڵام خەڵک نیشانیان دا لەوە دەرچوون و هەموو باڵەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە خراپترین دەبینن نەک خراپ و خراپتر.
بەپێچەوانەی ئەم لێکدانەوە و شرۆڤە دوور لە ڕاستییانە هەر ئێستا لە ئێراندا ناڕەزایەتییەکان و نافەرمانییە مەدەنییەکان ڕۆژانە بەردەوامن و لە شوێنە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا جۆرێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژانەی خەڵک و چینە جیاوازەکان لەگەڵ دەسەڵاتدا دەبینین، بەڵام بۆ ئەوەی بایکۆتی ئەم جارەی هەڵبژاردنەکان ئاراستەیەکی پێشکەوتووانەتری هەبێ لەچاو بایکۆتەکانی پێشووتر، دەبێ بایکۆتەکە چالاک بێت، خەڵک هان بدرێن و ڕێک بخرێن بۆ مانگرتنی بەرفراوان، بۆ نیشاندانی نافەرمانیی مەدەنیی زیاتر و لە دوایین قۆناغدا بۆ چوونە شەقام؛ بەڵام پێویستە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بیر لەوە بکاتەوە بایکۆتی ئەمجارە دەبێ و پێویستە لە ناردنی پەیامێک و "نا"وتنیک زیاتر بێ. بۆ وڵامی ئەوەی کە دەڵێن دەنگ نادەن چ دەکەن؟ دەبێ بڵێین هەتا ئێستا ئەم پتر لە ٤٠ هەڵبژاردنە چ دەسکەوتێکی بەرهەستی بۆ خەڵک بووە جگە لەوەی بینای ڕێژیمی نۆژەن کردووەتەوە و داری سێدارەیانی ئاو داوە؟