قادر وریا
٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ڕادیۆی دەنگی کوردستان ، پێ دەنێتە چلوچوارەین ساڵی دامەزران و تێکۆشانی خۆی.
هەلومەرجی لەدایکبوونی رادیۆی دەنگی کوردستان:
“ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران” لە هەلومەرجێک دا لە دایک بوو کە حیزبی دیموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سۆنگەی پێداگرییان لە سەر مافە نەتەوەییەکانی خۆیان، شەڕێکی هەمە لایەنە و نابەرامبەریان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سەردا سەپابوو. هاوکات لە گەڵ لەشکرکێشی و هەڵکوتانە سەر کوردستانی ئازاد و خەڵکە مافخوازەکەی، ڕێژیمی تازە لە تاران پێتەختی وڵات و بەشەکانی دیکەی ئێرانیش بەرە بەرە قۆڵی لە پێشێلکردن ولە نێوبردنی دەسکەوتەکانی دیکەی راپەڕینی ١٣٥٧ی خەڵک هەڵماڵیبوو. خومەینی، فتوای شکاندنی قەڵەمەکان و هێرش بۆ سەر ڕۆژنامە سەربەخۆ و ئازادەکانی دەرکردبوو. لایەنگرە دەمارگرژەکانی خۆی بۆ شێواندن و پەلاماربردن بۆ سەر متینگ و کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕێکخراوە سیاسییەکان، هان دەدا. نێوەندە زانکۆییەکان کە ببوونە شوێنی چالاکیی ڕێکخراوە سیاسییەکان و خوێندکارانی وڵات لەواندا دژی زاڵبوونەوەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی، دەنگیان بەرز دەکردەوە، کەوتبوونە بەر ڕقی خومەینی و، دەسەلاتدارانی تازە خەریک بوون پیلانی داخستنی زانکۆکان وەک یەکێک لە ئاڵقەکانی شۆڕشە بە ناو فەرهەنگییەکەیان ئامادە دەکرد. مەجلیسی دامەزرێنەران و یەکەم دەورەی مەجلیسی شوورای میللی بە دوای ڕووخانی ڕیژیمی شایەتی دا، بێ ئەوەی ڕێگەی بەشداری بە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستان بدرێ، پێک هاتبوون و ئەوەی ڕێژیمی تازە مەبەستی بوو، نەک ئەوەی ویست و ئارەزووی خەڵک بوو، بە ناوی یاساوە، پەسندیان دەکرد. بەم جۆرە لە لایەکەوە شەڕێکی هەمە لایەنە بە سەر خەڵکی کوردستان دا سەپابوو، لە لایەکی دیکەشەوە، ڕێگاکانی گەیشتنی هەواڵ و راپۆرتی تاوانەکانی ڕێژیم لە کوردستان و هاواری زۆرلێکراویی ئەو خەڵکەیان بە بەشەکانی دیکەی ئێران بەستبوو.
ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ئاگاداری لە گرنگیی ڕۆڵی ڕاگەیاندن و بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بێدەنگییەی ڕێژیمی تازە، بەرامبەر خەڵکی مافخواز و شەڕ بەسەرداسەپاوی کوردستان پێکی هێنابوو، بیری لە وەڕێخستنی رادیۆ کردەوە. بە تایبەتی کە دەنگی ڕادیۆ هەم لە ڕۆژنامە خێراتر دەگەیەشتە دەستی خەڵک و بەربەستی کەمتری لەبەر دەم بوو،هەم ژمارەی بەردەنگەکانی لە خوێنەرانی ڕۆژنامە یەکجار زیاتر بوون. بەم جۆرە لە ٢٧ی جۆزەردانی١٣٥٩ (١٧ی ژوئەنی١٩٨٠ ) ، ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران بە پەیامی ڕێبەری شەهید د. قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات، بە رەسمی بڵاو کردنەوەی بەرنامەکانی خۆی دەست پێ کرد. ئەم ڕادیۆیە لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە تیکۆشان و بڵاوکردنەوەی بەرنامە دا بەردەوام بووە و، بووە بە خاوەنی مێژوویەکی پڕشنگداری جیانەکراوە لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە و خەباتی رزگاریخوازانەی حیزبی دیموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە بیرەوەریی دەستپێکردنی چلەمین ساڵی تیکۆشانی ئەم رادیۆیە دا، لە سەر دوو ڕەهەندی تێکۆشانی هەڵوێستەیەک دەکەین:
رەهەندی یەکەم، ڕۆڵی شوێندانەرانەی دەنگی کوردستانی ئێران لە ڕووی میدیایی، سیاسی و نەتەوەییەوە:
دەنگی کوردستانی ئێران لە لایەک بەوهۆیەوە کە دەنگی خەباتی ڕەوا و پڕ لە قارەمانەتی و قوربانیدانی حیزبی دیموکرات بوو، لە لایەکی دیکە لە نەبوونی راگەیەنێکی ئەوتۆ کە هەواڵ و ڕووداوەکانی کوردستان بە خەڵک بگەیەنێ، بە زوویی لە نیو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا جێی خۆی کردەوە. سەرەڕای “متواضعانە”بوونی ئیمکاناتی فەننی و یەک لەوان خودی دەزگا (فرستندە)ی ڕادیۆیی، لە گەڵ ئەوەش دا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بە چڕی و لە ناوچەی جۆراوجۆر پاڕازێتی دەخرایە سەر، بەڵام بە زوویی ڕێگای خۆی بۆ نیو سەدان هەزار ماڵ- ئەگەر نەڵێین بە میلیۆن_ خەڵک کردەوە و گوێگرتن لە بەرنامەکانی، بوو بە بەشێک لە بەرنامەی ڕۆژانەی خەڵک. هەواڵ و راپۆرتی هێرش و تاوانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیم و، بەرەنگاربوونەوەی هیزی پێشمەرگە لە گەڵیان، ڕەفتاری کاربەدەستان و ئۆرگانە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ خەڵک لە شار و گوندەکان، بەشێکی هەمیشەیی بوون لە نێوەرۆکی بەرنامەی ڕۆژانەی ئەو رادیۆیە. ئەوەش کە بەرنامەکانی رادیۆ بە زمانی فارسی و بۆ ماوەیەک بە زمانی ئازەرییش بڵاو دەبوونەوە، ژمارەی بەردەنگی ئەو رادیۆیە و پانتایی کاریگەرییە میدیایی و سیاسییەکەی زیاتر کردبوو.
شیکردنەوەی سیاسیی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران و پرس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دووهەم ئەرکی ڕۆژانەی ڕادیۆی دەنگی کوردستان بوو. ئەم جۆرە باس و لێکدانەوانەش بە زۆری، کەسانێک دەیاننووسی کە لە ڕێبەران و سیما سیاسییەکانی حیزبی دیموکرات بوون. یەک لەو کەسایەتیانە ڕێبەری شەهید د.سادق شەرەفکەندی بوو کە توانایەکی زۆری لە شیکردنەوە و باسکردنی مەسەلە گرنگەکان بە زمانێکی سادە، هەر وەها لە دۆزینەوەی سووژە و بابەتی شیاوی شیکردنەوە و ڕوونکردنەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک دا هەبوو. راستیەکەی ئەوەیە نەک هەر جەماوەری بەرینی گوێگری رادیۆ، ئەندامان، پێشمەرگەکان و کادرەکان و تەنانەت بەرپرسانی حیزبییش، لە ڕێگای لێکدانەوە و وتارە سیاسییەکانی ئەم رادیۆیە، لە رووی سیاسییەوە، ڕێنوێنی دەکران و پەروەردە دەبوون.
کاریگەریی بەرنامەکانی ڕادیۆی دەنگی کوردستان، لە ڕووی نەتەوەیی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە، لە کاریگەرییە خەبەری و سیاسییەکەی کەمتر نەبوون. بایەخدانی ئەم رادیۆیە بە مێژووی نەتەوەی کورد و بۆنە نەتەوەییەکان، دڵسۆزی و هەستیاربوونەکەی لە ئاست زمانی کوردی و هاندانی خەڵک بۆ بەرگری لە زمان و شوناسی خۆیان، گرنگیدانی بە ئەدەبیات و گۆرانی و مۆسیقای کوردی، لە تەنیشت ئەمانەش لەقاودان و دژایەتی کردنی چەوساندنەوە و نەریت و ڕێوشوێنی دواکەوتوانە و دزێوی نێو کۆمەڵ بە تایبەت لە دژی ژنان، لە سەر هەستبوونی لە ئاست پەروەردەی منداڵ و لاوان و ئاوڕدانەوە لە پێویستییەکانیان، هەر وەها بە شێوەی جۆراوجۆر وەستان لە سەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان و وریاکردنەوەی چین و توێژ و بەشە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان لە ئاکامەکانی ناکۆکی و دووبەرەکیی خێڵەکی و ناوچەگەرییانە، یا لە سەر ئەساسی ئایین و زاراوە و هەر جیاوازییەکی تر، جێیەکی دیاریان لە نیو ئامانج وئەرکەکانی ئەم ڕادیۆیە دا هەبووە. دەتوانین بڵێین هەتا ئەو کاتەی تەلەڤیزیۆن نەهاتبووە نێو ڕیزی ڕاگەیەنەکانی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی کورد، دەنگی کوردستانی ئێران، پشکێکی حاشالێنەکراوی هەم لە بەرهەمهێنان و پەرەپیدانی ئەدەبیاتی بەرگری دا هەبوو، هەم لە هاندانی تەبایی نەتەوەیی و یەکگرتوویی لە نیو ڕیزەکانی خەڵک دا.
ڕەهەندی دووهەم، دەنگی کوردستان وەک ئاوێنەی مێژوویەکی پڕشنگدار
ئەگەر حیزبی دیموکرات وخەڵکی کوردستان، ئەم قۆناخەی ئێستا تێپەڕێنن و، نەتەوەکەمان لەو بەشەی نیشتمانەکەی خاوەنی ماف و بڕیاری دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بێ، حەق وایە لە یەکەم هەنگاوەکانیان دا، مووزەخانەیەکی تایبەت بۆ ئەرشیفی ڕادیۆی دەنگی کوردستان بکەنەوە. لە ماوی ٤٠ ساڵ تێکۆشان و بەردەوامیی ئەو رادیۆیە دا، دیارترین و کاریگەرترین ڕێبەران و تیکۆشەرانی حیزبی دیموکرات و خەڵکی کوردستان، بە نووسین، بە پەیام و لێدوانی تایبەت یا وتووێژ، لە ڕێگای ئەم رادیۆیەوە قسەیان لە گەڵ خەڵکی کوردستان کردوە.ئەرشیڤی بووڵتەنی خەبەریی ڕۆژانەی ئەم ڕادیۆیە و وتار و لێکدانەوە سیاسییەکانی، پانۆرامای مێژوویەکی بە خوێن نووسراون کە شایەدی بۆ خۆڕاگریی جێی شانازیی بزووتنەوەیەکی هەراو بەرامبەر ڕێژیمێکی دڕندە و خوێنڕێژ دەدەن. دەنگی دەیان و سەدان تێکۆشەر و قارەمانی نەتەوەکەمان، دەستنووسی دەیان و سەدان سیمای سیاسی و ڕووناکبیر، لە ئەرشیڤی ئەم رادیۆیە دا هەن. لەوانەیە یادگار و شوێنەواری هێندێک لەوان لە هیچ کوێی دیکە دەست نەکەوێ. ژیاننامەی سەدان فەرماندەری نیزامی و کادری سیاسی و هەزاران لاوی پێشمەرگە، ئەرشیڤی ئەم رادیۆیەیان دەوڵەمەند کردوە. زۆر لە گوێگرانی ئەم رادیۆیە شێعر و پەخشان و بیرەوەری و پرسیار و پێشنیار و جوانترین هەستەکانی خۆیان بە دەسخەتی خۆیان بۆ ئەم رادیۆیە ناردوە. ئەو ساتانەی جێگای تایبەتیان لە مێژووی حیزبی دیموکرات و نەتەوەی کورددا هەیە، لای ئەم رادیۆیە، شەقڵ و یادگاری تایبەت بە خۆیان جێ هێشتوە. تەنیا بە چاوخشاندنێک بە سەر لیستی دوور و درێژی ناوی ئەو کەسانەی وەک بەرپرس، بەڕێوەبەر، نووسەر، وەرگێڕ، بێژەر، ئەندازیار و کادری فەننی لەم رادیۆیەدا خزمەتیان کردوە، بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین کە رادیۆی دەنگی کوردستان کۆکەرەوە و مەکۆی چ هێزێکی گەورە و بە توانای ئینسانی بووە و، چ ڕۆڵێکی دیار و بە نرخی لە تێکۆشانی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە تایبەتی لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ ی هەتاویی دا هەبووە.
لە دەسپێکی ٤٤ ساڵەی دامەزران و بەردەوامیی ڕادیۆی دەنگی کوردستاندا، بە ڕێزەوە یادی زەحمەت و ماندووبوونی بەشدارانی نێو ئەو کاروانەی تێکۆشان لە هەموو ئاستێک دا دەکەینەوە. ئەوانەی شەهید بوون، یا بە مەرگی ئاسایی بە جێیان هێشتووین، سڵاو بۆ گیانی پاک و یادی نەمریان دەنێرین. بۆ خودی رادیۆکەش بەردەوامی و بووژانەوە و، ڕۆڵێکی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ و لە داهاتوودا، کاریگەرتر بە ئاوات دەخوازین.
***
تێبینیی "کوردستانمیدیا":
ئەم وتارە بۆ یادی چل ساڵەی دامەزرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران نووسراوە و جارێکی دیکە بە گۆڕینی ڕێکەوتی ساڵیادی دامەزرانی ڕادیۆ بڵاو کراوەتەوە