کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاڵتەجاڕییەک بە ناوی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری

01:01 - 14 جۆزەردان 2724

سمایل شەرەفی

دوای کوژرانی ئیبراهیم رەئیسی، سەروک‌کۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وا بڕیارە خولی چواردەیەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری، ڕۆژی ٨ی پووشپەڕی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا کە خوازیارانی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەروک‌کۆماری لە ئێران ناویان تۆمار کردوە، زیاتر لە ٨٠ کەس لە خەڵکی سەر بە تیپی جۆراوجۆر هەوڵی ناونووسیان داوە کە تا ئێستا تەنیا نزیک بە ٢٠ کەسیان ئیزنی خۆکاندیدکردنیان پێ دراوە. هەر ئەوەیکە ٨٠ کەس بۆ پۆستی سەرکۆماری لە وڵات خۆیان کاندید دەکەن و یەکجێ ٦٠ کەسیان ڕەت دەکرێنەوە، دەری دەخات کە ئاستی کەسایەتیی ئەم "مەقام"ە و پێگەکەی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تا چ ڕادەیەک نزم و سووک دابەزیوە و کۆمەڵگەی ئێران لەگەڵ چ دیاردەیەکی گاڵتەجاڕانە بەڕەڕوویە.

ڕوویەکی دیکەی ئەم نزمی و گاڵتەجاڕییەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماری لە خوڵی چواردەیەمیدا، ناو و ڕوخساری ئەو نزیک بە ٢٠ کەسەیە کە لەلایەن وەزارەتی نێوخۆوە ڕێگە بە تۆمارکردنی ناویان بۆ پۆستی سەرۆک‌کۆماری دراوە کە دەکرێ بە سەر دوو دەستەدا دابەش بکرێن؛ دەستەیەک کە لە زەینی کۆمەڵانی خەڵکدا هیچ ناو و نیشانێکیان نییە و نەناسراو و بێ‌ڕابردوو و بێ‌ئەزموونن، بەڵام دەستەی دووهەم کە بۆ خەڵک باش ناسراون، کەسانێکن جیا لە چەند ئەزموونی شکستخواردووی پڕ لە غەدر و خیانەت و سەرکوت، هیچ بەرهەمێکیان بۆ خەڵکی وڵات نەبووە. مەحموودی ئەحمەدی‌نژاد، سەرۆک‌کۆماری پێشوو، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پارلمان و کەسانێکی وەک جەلیلی و زاکانی کە ڕووهەڵماڵاوانە و هەرکام بە ژێست و درووشمی تایبەتەوە، بۆ خولی چواردەیەمی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران خۆیان کاندید کردوە.

لەگەڵ ئەوەی تا ڕادەیەک ڕوونە کە شوڕای نیگابان زۆرێک لەم کەسانە ڕەت دەکاتەوە و ئیزنی چوونە مەرحەلەی کۆتاییان پێ نادرێت، بەڵام دیسانیش وێدەچێ بۆ بازاڕگەرمیی شانۆی هەڵبژاردنەکان، بەناچاریش بێت هێندێک لەم کەسانە تەئید بکرێن.

ئەوەندەی پێوەندی بە کۆماری ئیسلامی، واتە بەیتی ڕێبەری و بازنەی حاکمییەتی بناژوخوازەوە هەیە، وەک ڕەوتێکی دەیان ساڵە کە گرتوویانەتە پێش، ئامانجیان یەکدەستکردن و بەرتەسکردنەوەی جومگەکانی دەسەڵاتە کە تەنانەت وەک لە دەوری پێشووشدا دیتمان ڕەحم بە کەسانی وەک لاریجانی و ئەحمەدی‌نژادیش نەکرا و ڕەدی سەلاحییەت کران. شێوەی گوماناویبوونی مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسیش کە سەبارەت بە جێگرەوەی خامنەیی بۆ ڕێبەریی نیزام، ناوی لەنێواندا هەبوو، درێژەی هەمان ڕوانینی دەسەڵاتە بۆ چۆنیەتی دیاریکردنی کەسێک وەک سەرۆک‌کۆماری ڕێژیم کە کەمترین مەترسیی بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی بەیتی ڕێبەری و پرسی جێگرەوەی خامنەیی نەبێت. کەوایە هەر لە ئێستاوە دیارە کە لە دڵی ئەم گاڵتەجاڕێیەی کە بەناوی هەڵبژاردنی سەرۆکۆمارییەوە وەڕێیان خستووە، جیا لە مۆرەیەکی دەستنیشانکراوی بێ‌دەسەڵاتی ملکەچ، ئیزنی سەردەرهێنان بە کەسی دیکە نادرێت.

ئەوەندەی پێوەندی بە بەرەی خەڵکیشەوە هەیە جیا لەوەیکە بە چاوی گاڵتەپێکردنەوە دەڕواننە ئەم بەناو هەڵبژاردنانە و کەمترین بایەخی بەلایانەوە هەیە؛ بە گرتنە پێشی سیاسەتی بایکۆت و نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانییان لە تەواویەتی خۆێدا تەحریم کردوە. خەڵک هەم لە هەڵبژاردنی خولی سێزدەهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی کە برایم ڕەئیسی بە کەمترین دەنگ بوو بە سەروک‌کۆمار و، هەم لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمدا کە ١١ی ڕەشەممەی ساڵی پار بەڕێوە چوو، بە نەچوونەسەر سندووقەکانی دەنگدان، هەڵوێست و ڕوانگەی خۆیان بەرانبەر بەم دەسەڵاتە ناڕەوایە یەکلا کردەوە.

کۆماری ئیسلامی کە دوای شاربەشار گێڕانی تابووتی ڕەئیسی و هاوڕێکانی و وەرێخستنی نمایشێکی خیابانی، هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کە نیشان بدات خەڵک و جەماوەری لەپشتە، لەم  خولە لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆمارییشدا هەموو هەوڵێک دەدات کە، "ڕەوابوون"ی خۆی - کە لەمێژە لەدەستی داوە – پڕڕەنگ نیشان بدات و لانیکەم دڵی پڕ لە ترس و نیگەرانیی خۆی و لایەنگرانی پێ هێور بکاتەوە. بەڵام ئەوەی وەڕێیان خستووە جیا لە گاڵتەجاڕی و نزم و سووک دەرکەوتنی پێگەی "سەرۆک‌کۆماری" و "هەڵبژاردن" لەم ڕێژیمەدا ناتوانێ شتێکی دیکە بێت.

گەلانی ئێران کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی مافخوازانەیاندا دژ بەم نیزامە سەرەڕۆ و سەرکوتکارە، کار بۆ گەیشتن بە ئێرانێکی ئازاد و دێموکرات دەکەن، زۆر لەمێژە لەم شانۆ گاڵتەجاڕییانە تێپەڕیون و بێ‌تەفاوت و کەمتەرخەمی لێ دەڕوانن.