کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسنی ساردکوتان

16:41 - 1 پووشپەڕ 2724

زانیار حوسێنی

دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی ژینگەی گەلانی نیشتەجێ لە ئێران، وەها ئاڵۆز و لێڵ بووە کە ئاڵوگۆڕەکان خێراتر لە چاوەڕوانییەکانی خەڵک دێنە ئاراوە؛ بەشێوەیەک کە هێشتا ئاڵوگۆڕی تازەپێکهاتوو بەتەواوی جێی خۆی نەکردۆتەوە و سەقامگیر نەبووە کە جێی خۆی دەدات بە ئاڵوگۆڕێکی دیکە یان بە هاتنە ئارای ئاڵوگۆڕی نوێ، ئاڵوگۆڕەکانی پێشووش هێندێك و تا ڕادەیەک تووشی گۆڕان دەبن. ئەوەش لە کاتێك‌دایە کە بەشی ئابووری وڵاتیش، بەستێنەکەی تووشی ناسەقامگیری و لاوازییەکی زۆر بووە و گەرەنتی ئابووری لەم وڵاتە هەتا کاتێکی نادیار کۆچی کردوە و کار و پیشەکان تووشی بشێوی بوون و بەرەو نسکۆ و شکەست هەنگاو دەنێنەوە؛ بەشێوەیەک کە ناسەقامگیری ئابووری کەوتۆتە بازنەی قەیرانی ئابوورییەوە.

گەندەڵیی لەڕادەبەر، جەوی تۆقێنەری ئەمنییەتی، ململانێ نێوخۆییەکان لەسەر دەسەڵات، قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەکانی نەوەی نوێ و جیاوازی بنچینەیی لە بواری فکرییەوە لەگەڵ دەسەڵاتداران تەنیا بەشێكن لەم گێرە و گرفتانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەم چوار دەیەی دەسەڵاتداریدا تووشی بووە و بەشی هەرە زۆریشی خۆی خوڵقاندوویەتی و ڕۆڵگێڕی سەرەکی ئەم دۆخەی ئێستا، تەنیا و تەنیا دەسەڵاتدارانی جەماران و بەیتی ڕێبەریی تارانن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا لەگەڵ کۆمەڵێك قەیرانی نێوخۆیی و کێشەی گەورەی ناوچەیی و گرفتە قوڵەکانی نێودەوڵەتی لە ململانێ‌دایە کە کوژرانی قەسابی تاران خۆی بۆتە هاتنەئارای دۆخێكی نوێ و هەستیار؛ دۆخێك کە هەم دەرفەتە و هەم هەڕەشە بۆ کاربەدەستانی تاران لەلایەک و هەروەها بۆ گەلانی نیشتەجێ لە ئێرانیش لەلایەکی دیکەوە. لە توێی چەند خاڵ و لە چەن ڕوانگەی جیاوازە تیشکی بخرێتە سەر ئەم دۆخە و ڕاستییەکانی ئەم بازنە زەمەنییە بەتایبەتی لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکۆماری لە ٨ی پووشپەڕدا.

- ناونووسی دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی ڕژیم و پاڵاوتنی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکۆماری، دەرخەری ململانێی قووڵ و بەهێزی لایەنە سیاسییەکانی نێوخۆی ڕێژیمە بەتایبەتی لە بەشی بناژۆخوازەکاندا؛ ئەگەر هەتا چەند ساڵ لەمەوبەر، ململانێ بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە نێوان بناژۆخوازەکان و ڕێفۆرمخوازەکان بووە لە ئێستادا ئەم ململانێیە زیاتر لە نێوان بناژۆخوازە میانەڕەوەکان و بناژۆخوازە تووندئاژۆیەکان‌دایە. بەشێوەیەک کە ڕێفۆرمخوازەکان بە تەواوی لە شوێنە هەستیارەکان وەلا نراون یان لانیکەم بازنەی دەسەڵاتیان زۆر کورت و بچووک کراوەتەوە یان بە کردەوە ڕەگەڵ بناژۆخوازەکان کەوتوون؛ ئەوەش خۆی دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە سیاسەتی گشتیی دەسەڵاتی تاران لە بەشی نێوخۆیی وڵاتدا بەڕادەیەکی بەرچاو یەکدەست کراوە و ڕێژیم بە هۆی ترس لە ڕووخان یان داڕمانی دەسەڵاتی، سیاسەتێکی بناژۆخوازانەی وەک دەسپێكی هاتنە سەرکاری بەڵام بەشێوەی جیاوازتر لەبەرچاو گرتووە.

- ململانێ سیاسییەکان لە ئاستی مامناوەندی و ناوەندی دەسەڵاتەوە، گوازراوەتەوە بۆ نووکی هەرەمەکە و لە بەیتی ڕێبەرییدا کێشە و گرفتە نێوخۆییەکانی لەم چەشنە یەکلایی دەکرێنەوە؛ بە واتایەکی تر بازنەی گۆڕەپانی کایەی سیاسی بچووکتر کراوەتەوە و ڕۆڵگێرانی سەرەکی سیاسەتی گشتیی نێوخۆیی لەبواری ڕێژییەوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەوە.

- کێشەی پڕۆژەی ناوکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاژانسی ناوەکی و لە هەمبەر زلهێزانی جیهانی گەیشتۆتە ئاستێكی زەق و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە و خەریکە دەگاتە ئاستی قەیران.

- قەیرانە نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە هۆی ڕاپەڕینی ژینا و لێکەوتەکانی لە چەن قۆناغی ئەم ڕاپەڕینەدا هەتا ئێستاش بەردەوامە و یەک لەم هۆکارانەیە کە کاریگەریی شوێندانەری لەسەر ئەم هەڵبژاردنە دەبێ.

- زۆربوونی ڕێژەیی ناڕازییەکان و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێران بە هۆی گوشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.

- جیاوازی بنەڕەتی لەبواری فکری، کۆمەڵایەتی و نەریتی نەوەی نوێ لەگەڵ فکرییەت، ویست و ئامانجەکانی کاربەدەستانی ڕژیمی تاران.

- تێگەیشتنی گەلانی ئێران لە شێواز و جۆری کایە سیاسییەکانی ڕێژیم لە نێوخۆی وڵات و ساردبوونەوەی لە ڕادەبەدەری خەڵک بەرامبەر بە کاربەدەستانی ئەم ڕژیمە و نائومیدی لە هەمبەر چاکسازی.

- ڕووخانی دیواری ساختەی ترس لە ڕژیم لەلایەن خەڵکەوە بەتایبەتی لەنێو ڕیزەکانی هەژار و مامناوەندی کۆمەڵگە کە ڕێژیم چەند دەیە خەریکی دروستکردنی بووە. 

- وشیاری زیاتری خەڵک بە هۆی خێرایی ئاڵوگۆڕیی زانیارییەکان لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە خۆی بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ویستی خەڵک لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و شارومەندییەوە.

- جیاوازی جۆراوجۆری ویست و خواستی گەلانی نیشتەجێ لە ئێران بەپێی ستانداردە جیهانییەکان و پێوانەکانی مافی مرۆڤ و لاوازیی وڵامدەربوونەوەی سیستەمی تەک ڕەهەنەدی ئایینزایی لە چەشنی ویلایەتی فەقی بەرامبەر بەم داواکارییانە.

ئەم خاڵە بەرچاوانە و کۆمەڵێک هۆکاری تر هەر وەک هاتنە ئارای بیر و هزری نوێی سیاسی، گۆڕانی فکرییەتی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە ڕوانگەی ماف و ئازادییەکانی تاک و بەکۆمەڵ و هەروها گەیشتنی هوروژمی نوێی سیاسەتی گلۆبالیزم بەتایبەتی لە بەشی کەلتووری و کۆمەڵایەتی و هتد، وەهای کردوە کە هەر ساتێک لە ژیانی ڕژیمی تاران بەرەوڕووی کۆمەڵێك کەند و لەندی کۆن و نوێ ببێتەوە. بەڵام ئەوەی لە ئێستادا گرینگە و سەرنجی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و میدیاکانی جیهان و سیاسەتڤانانی وڵاتانی دیکەی ڕاکێشاوە، هەڵبژاردنی نائاسایی و نوێی سەرۆکۆماری لە ئێرانە و چاوەکان زیاتر لەسەر ئەم بەشەیە کە خەڵک چەندە بەشداری دەکات یان ناکات!

حاشا لەوە ناکرێ کە بەشدارینەکردنی خەڵک، ڕەنگە لەبواری نێوخۆییەوە هیچ کاریگەرییەکی سیاسی و کردەوەیی نەبێ لەسەر ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە؛ چوون گوێدان بە دەنگ و ویستی خەڵک لە قامووسی هیچ دەسەڵاتێكی دیکتاتۆڕ و تۆتالیتێردا نەبووە هەتا لە قامووسی ڕژیمی ئێستای تاران دابێت. بەڵام ئەوە گرینگە کە خەڵک چۆن ئەم هەڵبژاردنە دەکات بە دەرفەت بۆ ئەوەی دەنگ و ویستی ڕاستەقینەی خۆی بە جیهانی دەرەوە و زلهێزەکان نیشان بدات؛ بەشدارینەکردنی خەڵک بە شێوەی زەق و بەرچاو و بە ڕێژەیەکی زۆر، ئەو پەیامە ڕوون و ئاشکرایە دەدات بە جیهان کە گەلانی نیشتەجێی ئێران ئەم ڕژیمەیان ناهەوێ و ئەم ڕژیمە هەڵبژێردراوی کۆمەڵانی خەڵک و ئەم نەتەوانە نییە.

ئەوە دەبێتە هۆی دەست‌ئاوەڵەیی زیاتری وڵاتانی جیهان بۆ ئەگەری گوشاری زیاتر خستنە سەر ڕێژیمی تاران و ئەوەش لە بەرژەوەندی خەڵک بە گشتی و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی دایە؛ ڕەنگە بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆکانی هەڵبژاردنی پێشووی ڕژیمدا، گرینگی و تایبەتمەندی خۆی هەبووبێ بەڵام بەدڵنیاییەوە لە ئێستادا و لەدوای ڕاپەڕینی ژینا و ڕووداوە خێراکانی ناوخۆی ڕژیم و نێوخۆیی ئێراندا، بڕیاری خەڵک لە هەمبەر ئەو شانۆیەدا ڕەنگدانەوەیەکی زیاتر و بەربڵاوتری لە ئاستی نێودەوڵەتی و بیروڕای گشتیدا دەبێت.

لەئێستادا کە بەیتی ڕێبەریی خامەنەیی لە هەموو لاوە تووشی کێشە و گوشاری لە ڕادەبەدەر هاتووە، هەموو هەوڵی خۆی دەدات کە دەسەڵاتی هەرەمییەکەی یەکدەست‌تر لە پێشوو بکات و تەنیا کەسانی گوێڕایەڵ و توواوە لە شوێنی هەستیار دابنێ و ئەوەش بە هۆی نیگەرانییەکانی ڕژیمە لەدوای ڕاپەڕینی ژینا بە گشتی لە ئاستی ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان؛ دەرکەوتنی کورتە فیلمێكی پزیشکییان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان یەک لەم نیشانانە دابنێین کە بە کوردی قسان دەکات و بە لەدایکبووی مەهاباد (ناوەندی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دەناسێنرێ بە خەڵک و ئەوەش دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە ڕێژیمی تاران هەر وەک سەرەتای هاتنە سەرکاری لە نێو هەموو گەلانی ئێراندا زیاتر ترسی لە کورد هەیە هەرچەند بەرەبەرە ئەم ترسەی لە هەمبەر ئازەرییەکانیشدا خەریکە پەرە دەستێنێ.

لە ڕاستیدا ئەم هەڵبژاردنە هەم بۆ گەلانی نیشتەجێ لە ئێران و هەم بۆ ڕێژیمی مەلاکان لە تاران دوو ڕووی هەیە و دەرفەتێکی لەبار و زێڕینە بۆ خەڵکە کاتێكی وەها هەستیاردا کە ئەم هەڵبژاردنە بکاتە هەڕەشەیەکی مێژوویی بۆ سەر ئەم ڕێژیمە بە هۆی بوونی قەیرانی جۆراوجۆری نێوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی؛ ڕوون و ئاشکرایە کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەر لایەک بە دەرفەت بشکێتەوە بۆ لایەنی بەرامبەر دەبێتە هەڕەشە و مەترسی. بۆیە دەکرێ بڵێین کە ئەم هەڵبژاردنە یەکێكە لە گەورەترین گۆڕەپانەکانی ململانێی سیاسیی گەلانی نیشتەجێی ئێرانە لەگەڵ ڕژیمی ویلایەتی فەقی.

هیچ شک لەوەدا نییە کە ڕێژیم خۆی بۆ بەڕێوەبردنی گەورەترین شانۆ لە چل ساڵی ڕابردوودا ئامادە دەکات و هەموو هەوڵی خۆی دەدات کە بە باشترین شێوە و بە بەهێزترین پڕۆپاگەندەوە ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوە ببات و ڕوخسارێكی زۆر بەهێز بە جیهان و میدیاکان نیشان بدات؛ بەڕواڵەت وا وێدەچێ کە تۆپ لە مەیدانی ڕێژیمدا بێت بەڵام لە ڕاستیدا تۆپ لە مەیدانی خەڵک دایە و ئەوە خەڵکە کە دەریدەخات هەتا چ ئاست و ڕادەیەک ئیزنی مانەور و شانتاژکردن دەدات بە ڕێژیم.

خەڵک بەباشی لەبیریانە و ئەوە دەزانن هەڵبژاردن لە ئێراندا و لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ویلایەتی فەقی، تەنیا و تەنیا شانۆیە و بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستییە قسەکانی کاربەدەستان و تێئۆریسییەنەکانی ئەم ڕێژیمە و دێپارتمانی فکری ویلایەتی فەقییە؛ بە واتایەکی تر، بەشداریکردن یان نەکردنی خەڵک ئاسنی ساردکوتانە.

بە دەیان و سەدان جار ویلایەتی فەقی لەلایەن تێئۆریسییەنەکانی ئەم ڕێژیمە شی کراوەتەوە و زۆربەی جارەکان کۆمەڵگە و تەنانەت خەڵک بە مەڕ و ماڵات ناو بردراون کە توانایی لێکدانەوە و شی کردنەوەی دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و هتدیان نییە و ناتوانن بڕیاردەر بن بۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییان و پێویستە کە کەسێكی شارەزا وەک شوان ڕێنوێنییان بکات و بڕیاریان بەسەردا بدات بۆ ئەوەی لە ژیاندا تووشی هەڵە و بەلاڕێداچوون نەبن؛ ئەوە کۆی مانیفێستی فکری-سیاسی ئایدیای ویلایەتی فەقییە کە لێکەوتەکانی لەم چوار دەیەدا بۆ هەموو ئەوانە کە ڕاستییەکان دەبینن ڕوون و ئاشکرایە.