هەردی سەلیمی
دیاردەی کۆچکردن دیاردەیەکی نوێ نییە و بە درێژاییی مێژووی مرۆڤایەتی کۆنە و هەر هەبووە. ئەم دیاردەیە دەتوانێ هۆکارگەلی زۆر لەخۆ بگرێ و هاندەرەکانی یەکودوو نین، بەڵام دەکرێ بەکورتی بڵێین مرۆڤەکان بۆ ڕزگاربوون لە کۆمەڵێک کێشە و ئارێشە و بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودەتر و بێکێشەتر، کۆمەڵێک مەترسی قەبووڵ دەکەن و ڕێگەی کۆچکردن دەگرنە بەر.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لە چەند بڕگەی مێژووییدا شاڵاوی کۆچکردن ڕووی داوە، لەدوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧، دوای شەڕی هەشتساڵەی ئێران و ئێراق، پاش ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨ و ئەم دوایییانەش. بەجۆرێک کە ئێستا کارناسانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەو باوەڕەدان ڕوو لە گەشەترین دیاردەی کۆمەڵایەتیی ئێران هەمان پرسی کۆچکردنە. جیاوازیی ئەم بڕگەیەی ئێستا لەگەڵ ڕابردوودا لەوەدایە کە ئێستا لاوانی شارەزا و خاوەنی بڕوانامە ئاکادێمییەکان زیاترین ویستیان لەسەر کۆچکردنە.
بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە بۆ ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی کۆچکردنی خەڵکانی خاوەن ناسنامەی وڵاتی ئێران ١٤١٪ هەڵکشاوە، واتە لە ساڵی ٢٠٢٠دا کە ٤٨ هەزار کەس کۆچیان کردووە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەم ژمارەیە بووەتە ١١٥ هەزار کەس، ئەم ئامارە لە دوو ساڵی ڕابردووشدا هەر زیادی کردووە؛ بە جۆرێک کە شارەزایانی ئەم بوارە دەڵێن وڵاتی ئێران تووشی دیاردەی کۆچکردنی بەکۆمەڵی کونترۆڵنەکراو بووە.
چاوێک بەو دامەزراوانەی فێرکاریی زمانی ئینگلیسی و قوتابخانەی چەندزمانی و ئاسانکاری بۆ کۆچکردن وا لەم ساڵانەی دواییدا وەک کارگ هەڵتۆقیون بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ ئەمانە لە ئاکامی گەشەی داواکارییەکاندا بەو ڕادەیە زۆر بوون. بەپێی هەندێک ئاماری مەیدانی نزیک لە شەست٪ی ئەو کەسانەی خوێندنی باڵایان تەواو کردووە و لە پەرستاران و پزشکان و مامۆستایانی زانکۆ پێکهاتوون و لەم ڕاپرسییە مەیدانییەدا وڵامیان داوەتەوە: ویستیان لەسەر ئەوە بووە لەو وڵاتە نەمێنن، ئەوەی کە چەندە بۆیان هەڵدەسووڕێ یان نا بابەتێکی دیکەیە، بەڵام زۆربەی نزیک بەتەواویان هۆکارگەلی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان لەبەرچاو بووە بۆ ئەم ویست و بڕیارەیان.
هەر لەم بارەیەوە کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن ڕێژەی ئەم دیاردەیە نەک کەم ناکات، بەڵکوو لە داهاتوودا گەشەی زیاتریش دەکات و ئاسەواری ڕووخێنەری دەبێ بۆ ئەو وڵاتە کە یەک لەوان نەمان یا کەمبوونەوەی هێزی کار و هەروەها هێزی شارەزایە و شوێنی ئەم کەسانە بە کەسانی بێئەزموون پڕ دەکرێنەوە، کە خەساری زۆر بەتایبەتی بە بەشی تەندروستی و بەشی زانستی و زانکۆکان دەگەیەنێ، وەک چۆن تا ئێستا گەیاندوویەتی.
پرسیار ئەمەیە ئایا کۆماری ئیسلامی گرنگییەک بەم بابەتە دەدا و ڕێکارێکی بۆ نەهێشتنی هەیە؟ وڵامی ئەم پرسیارە نەخێرە. چەندین جار کاربەدەستان و خاوەنئیمتیازە ورد و درشتەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە ئەوانەی وا ناتوانن لەم وڵاتە و لەژێر سایەی یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا بژین، کەس پێشی پێنەگرتوون و دەتوانن بڕۆن! کۆماری ئیسلامی کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەو یەکدەستکردنی دەسەڵات و وڵات هەنگاو دەنێ، کەسانی ناڕازی وەک موزاحیمێک لەسەر ڕێی دابەزاندنی ویستەکانیدا دەبینێ، بۆیە تەنانەت بانگەشە و کارئاسانییشیان بۆ دەکات بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە جێبهێڵن. تەنانەت یەکێک لە کاربەدەستانیان جارێک وەک هەڕەشەیەک لە یەکیەتیی ئورووپا وتی: "گەر سنوورەکانمان ئاوەڵا کەین، وڵاتانی ئورووپایی دەکەونە بەر لافاوی هێرشی کۆچبەران!" کە ئەم وتەیە ئێعترافێکی کوشندەیە بۆ دەوڵەتێکی بەرپرسیار، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەرگیز هەستی بە بەرپرسیاری نەکردووە، دەنا دەبێ لە خۆیان بپرسن چۆنە وەها دۆخێکیان پێک هێناوە کەوا بە کردنەوەی سنوورەکان وڵاتەکەیان چۆڵ دەبێ؟! کەسێک ئامادەیە ئیمتیازی شارۆمەندیی خۆی بگۆڕێتەوە بە پەنابەربوون! هەر ئەم ڕاستییە دەرخەری ئەوپەڕی بێکەفایەتیی بەڕێوەبەرانی وڵاتێکە.
ئەوانەی وا کۆچیان کردووە شێوە و سیستمی دەسەڵاتداری، ناجێگیربوون و داڕمانی دۆخی ئابووری، نەبوونی ئازادیی سیاسی، هەڵاواردنی نەتەوەیی و ڕەگەزی، نەبوونی دوورەدیمەنی دڵخۆشکەر و تەنانەت نەبوونی ئازادیی دەسڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت و... وەک هۆکارە سەرەکییەکانیان بۆ جێهێشتنی ئێران ناو دەبەن. ئەمە بەو واتایە هەموو ئەو کەسانەی ئەم ڕێگەیە دەگرنە بەر کەموزۆر بە جۆرێک لە جۆرەکان لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناڕازین و نایانەوێ لەژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەدا ژیان بەسەر بەرن. بە نەمانیان لە ئێران ئەو پۆتانسیەلەی ناڕەزایەتییە وا تێیاندایە بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی نابێتەوە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای ئێران کە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە؛ هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی تەنانەت هەوڵیش دەدا کەسانی ناڕازی دوور بخاتەوە.