خەڵکی ئێران بەتەنیان
(بەدمەوەدانی ئێران لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بایدن، بێجگە لە مەلاکان یارمەتیی کەس ناکات)
نەیشناڵ ریڤیو – جیم تاڵەنت
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
مردنی سەرۆککۆمار ڕەئیسی هەمان کاردانەوەی بەڕێوەبەرایەتیی لێ کەوەتەوە کە هیچ شتێک ناکات بێجگە لە هەڵسوکەوتی دۆستانە بەرانبەر بە دوژمنێک.
٩ی مانگی مای، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە و ژمارەیەک لە پارێزەرانیان و فرۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکەیان بە هۆی تەمومژ کەوتنە خوارەوە و کوژران.
نەنکم، ورەزێڕێکی بەزیپکی شیرەمەنی لە میزوری، وتەیەکی شیاوی بۆ دۆخی هاوشێوە هەبوو: "شەیتان هاودەمی تازەی بۆ پەیدا بوو." لەو دۆخەدا دەبێ بڵێین، شەیتان چەند هاودەمی نوێی بۆ پەیدا بوون، هەڵبەت مردنی فڕۆکەوانەکە جێگای داخە.
بێتوو وڵاتە یەکگرتووەکان سیاسەتێکی لێهاتووانەی بۆ خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەبا، ئەوە دەیتوانی ببێتە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی ئەمنییەتی ئەمریکا و ناوچەکە. دەوڵەتەکەمان هەموو کارێکی دەکرد تا کۆماری ئیسلامی لاواز بکات. گەمارۆکان کاریگەرییان لەسەر ڕێژیم دادەنا؛ پاشەکەوتەکانی لە دەروەی وڵات لە کەمییان دەدا؛ سامانەکانی لە دەروە سڕ دەکران؛ هەناردەکردنی نەوتەکەی دەهاتە سەر ئاستی چۆڕ چۆڕ و؛ پەیماننامەی ئیبراهیم بە سەرکەوتووییەوە وەها پەرەی پێ دەدرا کە وڵاتانی دیکەی کەنداویشی گرتباوە. بێجگە لەوە، ڕێبەرانمان ڕێژیمیان لە ئاستی نێودەوەڵەتیدا، بە بەرجەستەکردنی سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵکی ئێران، تەریک دەخستەوە.
بێتوو ئەو کارانە کرابان، وڵاتە یەکگرتووەکان لە دۆخێکدا دەبوو کە بتوانێ کەڵک لەو ناسەقامگیرییە وەرگرێ کە کوژرانی ڕەئیسی لە تاران دروستی دەکات. ڕەئیسی تەنیا سەرۆککۆمار نەبوو، بەڵکوو هەروەها کەسی یەکەم بۆ بوون بە جێگرەوەی سەرۆکی گەورە عەلی خامنەیی بوو کە ئێستا تەمەنی گەیشتۆتە ٨٥ ساڵ. ئێستا کە ڕەئیسی نەماوە تا خەڵاتەکەی وەرگرێ، ڕێژیم ناچارە سەرۆککۆمارێکی دیکە بدۆزێتەوە و لە هەمان کاتدا دەبێ بیر لەوە بکاتەوە کێ ببێتە جێگرەوەی خامنەیی. ئەوە دەتوانێ ببێتە هۆی دەستپێکی دەورەیەکی کێبڕکێ لەنێوان ئەو لایەنانەی کۆنتڕۆڵی وڵاتیان بە دەستە، مەگەر ڕێژیم بە شێوەیەک پێش بەوە بگرێ و پاشان هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێکی کارتۆنی کە بە کەیفی ڕێژیم بێ بۆ پڕکردنەوەی جێگای ڕەئیسی.
هەڵبەت هەڵبژاردنەکە شانۆیەکی کۆنتڕۆڵ کراوە و ئاکامەکەی لە پێشدا دیاریکراوە، بەڵام تەنانەت هەڵبژاردنێکی شانۆییش دەرفەتێکە بۆ بەرهەڵستکاران تا هەلەکە بقۆزنەوە و ناڕەزایەتیی جەماوەریی قووڵتر بکەنەوە کە لە ئێران هەمیشە وەکوو پۆلووی ژێر خۆڵەمێش هەیە.
ڕەنگبێ لە دنیادا هیچ دەوڵەتێک بەقەد دەوڵەتی ئێران ئامانجی ڕق و تووڕویی خەڵکی خۆی نەبێ. ئێرانییەکان گەلێکن کە شانازی بەخۆیانەوە دەکەن، مێژوویەکی دەوڵەمەندیان هەیە و زانیاریی پێشکەوتوویان لەبارەی دنیادا هەیە. بۆیە سەیر نییە کە گەندەڵیی ڕێژیم، سەرکوت و سەپاندنی دڕندانەی یاساکانی ئایینی، بۆتە هۆی بێگانەبوونی ئێرانییەکان لە سیستەمی دەسەڵاتدار، تەنانەت لە نێوخۆی وڵات. هەڵبەت بێجگە لە کۆنەپەرستترین مەلاکان، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و دەسەڵاتدارەکانی ڕێژیم کە قازانجی مەزنیان لە دزینی سامانی وڵات گیر دەکەوێ.
دەوڵەتێکی کارامەی ئەمریکا ژمارەیەک بژاردەی بۆ کەڵکوەرگرتن لەو ناسەقامگیرییە دەبوو کە وێدەچێ لە چەند مانگی داهاتوودا هەڕەشە لە ڕێژیم بکەن. پەرەپێدانی گەمارۆکان، بەرجەستەکردنەوەی پێشێلکارییەکانی ڕێژیم دژی ژنان و هاوڕەگەزخوازان، بەرپەرچدانەوەی بەهێزتری بەکرێگیراوانێک کە تاران کۆکوپۆشتەیان دەکات و فەرمانیان پێ دەکات، هەموو ئەوانە وەک ئەگەری مومکین بۆ تاکتیکەکانی زەخت خستنەسەر ڕێژیم و قۆزتنەوەی دەرفەت لەسەر مێز دەبوون. بەڵام تۆ ناتوانی سیاسەتێک بەکار بێنی کاتێک هیچ سیاسەتێکت نەبێ و بەڕێوەبەرایەتیی بایدن هیچ ستراتێژییەکی بۆ لاوازکردن یان تەنانەت سنووردارکردنی کۆماری ئیسلامی نییە. لە ڕاستیدا، پێچەوانەکەی ڕاستە؛ سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بەدمەوەدان و پاشەکشە لە بەرانبەر ڕێژیمەیە، چونکە پێیوایە بەو شێوەیە هاوسەنگییەک لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەخوڵقێنێ کە کۆماری ئیسلامییش بگرێتەوە.
زۆربەی ئەمریکاییەکان لە شەبەنگی سیاسییدا بە غەریزە تێدەگەن کە هاوسەنگییەکی ئەوتۆ نامومکینە و ساویلکەییەکی لە ڕادەبەدەرە. ئێران لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست نائاساییە. زۆرینەی خەڵکەکەی فارسی شیعەن؛ لە کاتێکدا زۆرینەی حەشیمەتی ناوچەکە عەڕەب و موسڵمانی سوننین. لەو پەیوەندییەدا، پیاوانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی کۆنەپەرستی دڕندەن کە دەیانهەوێ و، بە ڕاستی لەو بڕوایە دان کە دەتوانن دەوڵەتانی موسڵمانی دراوسێیان بڕووخێنن، یاسای شەریعەتی تایبەتی خۆیان لە ناوچەکەدا بسەپێنن و ببنە هۆی سەرهەڵدانەوەی جیهانیی ئیسلامی توندئاژۆ.
بۆ ئەو مەبەستە، ڕێژیم ڕایەڵەیەک لە تاقمی بەکرێگیراوی دامەزراندوون و پشتگیریی داراییان دەکات، دوازدە تاقم کە لە چەند وڵاتدا بڵاو بوونەوە و لە ڕێگای ئەوانەوە بە ئاشکراترین شێوە هەڕەشە لە دوژمنەکانی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەکات یان هێرشیان دەکاتە سەر، لە ناویاندا ئەندامانی هێزە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان کە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر کراون. لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەرایەتیی بایدن لە هەڵەیەکی فرە بەرچاوی ستراتێژیکیدا، لە جیاتی ئەوەی کۆماری هەڕەشەکاری ئیسلامی وەکوو بەرهەڵستکارێکی کوشندە بناسێ، وەکوو هاوبەشیک سەیری کردوە و کاتێک لە ئاستێکی وەها بەرزی سیاسیدا هەڵەیەکی ئاوا مەزن بکەی، هەر کارێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتێکی ئەوتۆ دەبێتە هۆی بنکوڵ کرانی بەرژەوەندییەکانی خۆت.
بۆیە کاتێک بەڕێوەبەرایەتیی بایدن سەبارەت بە کوژرانی ڕەئیسی هاودەردیی دەربڕی، هیچ جێگای سەرسوڕمان نەبوو. ساڵی ڕابردوو، بەڕێوەبەرایەتی بایدن حوسییەکانی یەمەن (یەکێک لە تاقمە بەکرێگیراوەکانی ئێران)ی لە لیستەی تاقمی تێرۆریستیی دەرهێنا، بڕیارێک کە ناچار بوو ئەوساڵ لێی پاشگەز بێتەوە، بۆیە کاتێک ئەوان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی چڕ کردەوە، نەبووە هۆی سەرسوڕمانی هیچ کەس لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست. بەڕێوەبەرایەتیی بایدن هەروەها ٦ میلیارد دۆڵار سامانی ئێرانی لە عێراق ئازاد کرد و ١٠ میلیاردی دیکەش لە کۆرەی باشوور و هەروەها سەپاندنی گەمارۆکانی سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی شل کردنەوە. لە ئاکامدا، سامانە دەرەکییەکانی ئێران ٪٤٦ زیادیان کرد و هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرز بۆتەوە و بەو شێوەیە ٣٣ تا ٣٥ میلیارد دۆڵاری دیکەی بە داهاتی کۆماری ئیسلامییەوە زیاد کرد.
بە سەر یەکەوە، سیاسەتی بایدن بۆتە هۆی گەیاندنی نزیکەی ٥٠ میلیارد دۆڵار بە ڕێژیم، بەڵام ئەوە دەیتوانی خراپتریش بێ: بەگوێرەی زانیاری، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بەتەما بوو بە سووککردنی گەمارۆکان نێوان ٨٠ بۆ ١٣٠ میلیارد دۆڵار سوود بە ڕێژیم بگەیەنێت، بێتوو ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەی واژۆ کردبا کە ڕابێرت ماڵی ئامادەی کردبوو.
بە لەبەرچاوگرتنی گریمانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن، بۆچی ئەو دیارییانەی نەدابا بە تاران؟ ئەوە شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ وڵاتێکە، کە پێتوایە دەتوانێ ببێتە هاوبەشێکی ستراتێژیک.
ئەوە شتێکی سروشتییە کە ڕێژیم کەڵکی لە سەرجەم ئەو دۆڵارانە، کە سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان پێی داون، بۆ گەشەپێدانی هێزی سەربازیی خۆی، لە ناویاندا بەرنامە ناوکییەکەی و بەهێزترکردنی بەکرێگیراوانی بۆ هێرش بۆ سەر دوژمنەکانی و ناسەقامگیر کردنی ناوچە وەرگرتوە، بێجگە لەو بەشە کە دزراوە تا ڕێبەرەکان پێی دەوڵەمەند بن.
خوێنەرە ژیرەکان هەستیان پێ کردوە کە من تا ئێستا باسی ئیسڕائیل یان فەلەستینم نەکردوە. بێگومان ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیانهەوێ دەوڵەتی جوولەکە لەنێو بەرن، بەڵام ئەوە ئامانجی کۆتاییان نییە. بە \پێچەوانەی دەوڵەتی وڵاتە یەکگرتووەکان، ڕێژیمی ئێران بەکردەوە ستراتێژیییەکی هەمەلایەنەی درێژمەودای بۆ پاقژکردنەوەی ئیسلام و داگیرکردنی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەیە.
لەنێوبردنی ئیسڕائیل تەنیا هەنگاوێکی سەرەتاییە. لە پەیوەندی لەگەڵ فەلەستینییەکانیش، ڕێبەرانی ئێران دەربەستیان نین. فەلەستینییەکان بە واتایەکی گشتی دەستەچیلەی ئاگرن: خەڵکێک بۆ شۆردنەوەی مێشکیان و خوڵقاو بۆ ئازار چەشتن، تا ئازارەکانیان ببێتە بیانووی پرسی مەزنتر، دەبێ ئەو ڕاستییە گاڵتەجاڕانەش زیاد بکەم کە دوژمنانی ئێران لە ڕۆژاوا، واتە وڵاتە یەکگرتووەکان و ڕۆژاوای ئورووپا، یارمەتی دەگەیەننە فەلەستین تا حەماس بتوانێ بیدزێ و بۆ بەرژەوەندیی سیاسەتی تاران و بەکرێگیراوەکانی کەڵکی لێ وەرگیرێت.
تەنانەت لێنینیش تەنیا وەهای بیر دەکردەوە، "کاپیتالیستەکان ئەو گوریسەمان پێ دەفرۆشن کە بۆ خنکاندنی ئەوان کەڵکی لێ وەردەگرین." بێهۆ نییە کە ڕێژیمی ئێران قبووڵی کردوە کە گوریسەکە وەک دیاری دەگاتە دەستیان.
چوار ساڵ لەوەپێش لەو سەکۆیەوە، لەبارەی دەستکەوتەکانی هەڵمەتی "ئەوپەڕی زەخت"ی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دژی کۆماری ئیسلامی نووسیم. سیاسەتی ترامپ بەرانبەر بە ئێران هێندێک تاکتیکی ژیرانەی دەگرتنە خۆ. پەیماننامەی ئیبراهیم یەکێکیان بوو. ئەوی دیکە لەنێو بردنی قاسم سولەیمانی، مەترسیی بچووک، دەستکەوتی مەزن بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە وڵاتە یەکگرتووەکان و هەروەها ناردنی پەیامێکی ترسێنەر بۆ تاران بە زمانێک کە ڕەئیسی قەساب لێی تێدەگەیشت.
بەڵام هیچ شتێکی ژیرانە لەبارەی خودی ستراتێژیی ئەوپەڕی زەخت بوونی نەبوو. ئەو لە ڕاستیدا تەنیا ئەقڵی ئاسایی بوو. لەوانەیە دۆناڵد ترامپ تیۆریزانێکی مەزنی سیاسەتی دەرەوە نەبێ، بەڵام ئەو توانایی لێککردنەوەی دوژمنانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە دۆستەکان و هاوبەشەکانی هەیە.
بە داخەوە، جێگرەوەکەی ئەوتۆ نییە. مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی ڕەنگبێ لە مانگەکانی داهاتوودا ببێتە هۆی سەرهێشەیەکی مەزن بۆ ڕێژیم، بەڵام ئەوە بە هۆی بەڕێوەبەرایەتیی بایدنەوە نابێ بە دەرفەت. خەڵکی ئێران بە تەنیان.