بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی بیروڕای خوێندکارانی ئێران لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئێران، زیاتر لە ٧٣٪ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە چاویان لە یەکەمین دانیشتن و مشتومڕی بەربژێرەکان نەکردووە.
ئەوانەی کە بە هیچ شێوەیەک بەدواداچوون بۆ هەواڵەکانی هەڵبژاردنەکان ناکەن، زۆرترین گرووپی وڵامدەری ئەو ڕاپرسییە بوون و بەگشتی ٦٠٪ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە بەهیچ شێوەیەک بەدواداچوون بۆ هەواڵەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ناکەن.
لە هەمان کاتدا، پەیمان جەبەلی، سەرۆکی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران، ئیدعای ئەوەی کرد کە زیاتر لە سەدا ٩٢ی بینەران لە یەکەم دیبەیتی بەربژێرەکان ڕازی بوون. بەڵام عەسر ئێران لەو بارەیەوە وتی کە، ئەو ئامارە دەبێ لەلایەن ناوەندێکی فەرمی و دەسەڵاتی سێهەمەوە دابین بکرێن و ئەمە دوورە لە ڕاستی.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە هەینیی داهاتوو واتە ٨ی پووشپەڕ، چواردەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە بچێت، بەڵام ڕاپرسییەکانی دامودەزگا نێوخۆییەکان دەریدەخەن کە زۆرینەی خەڵک بەشداری لەو هەڵبژاردنانە ناکەن.
لەم پێوەندییەدا عەباس عەبدی، چالاکی ڕیفۆرمخواز لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی "ئیعتماد"دا بڵاو کراوەتەوە هۆشداری داوە کە بەشداریی کەمتر لە ٥٠٪ی خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا بە مانای زەنگی مەترسیی سیاسی بۆ ڕێژیمی ئێرانە.
لە سێزەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، تەنیا ٤٨٪ی ئەو کەسانەی کە مافی بەشدارییان هەیە، لە هەڵبژاردنەدا بەشداریان کرد کە کەمترین ئاماری فەرمیی بەشداری لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێراندا بووە.
لەکاتێکدا هەوڵەکان بۆ ناساندنی بەربژێرێک لەنێو بناژۆخوازەکاندا بەردەوامە، حوسێن تائیب، ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران ڕایگەیاند کە یەکخستنی کاندیدەکان تا سێشەممەی حەفتەی داهاتوو ڕوون دەبێتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە نزیکانی قاڵیباف هەوڵی زیاتریان داوە بۆ ئەوەی جەلیلی و زاکانی ناچار بکەن دەست لەکار بکێشنەوە.
شانۆی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران ڕۆژی ٨ی پووشپەڕ بەڕێوە دەچێت و کەسایەتییە دیار و سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێران داوایان لە خەڵک کردووە کە بەشداری بکەن. بەڵام دژبەرانی ڕێژیم دەڵێن هەڵبژاردن لە ئێران ئازاد و ڕەوا نییە و دەیانەوێت بایکۆتی بکەن.