
ئاسۆ ساعێدی
بەرکۆ: سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پێکهێنانی "قەڵغانی مرۆیی"، بەتایبەت کەڵکوەرگرتن لە هەرزەکاران و گەنجان لە دەوروبەری ناوەندە هەستیارەکانی وەک ناوەندەکانی وزە و... تاد، زیاتر لە ڕێکارێکی بەرگرییە؛ واتە ستراتیژییەکی ئاڵۆزی دەروونییە، کە لەسەر بنەما جیاوازەکانی دەروونناسیی جەماوەری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، گەشە و هەروەها پڕوپاگەندە و... تاد بنیات نراوە.
بەرپرسانی حکوومەت لە هەوڵێکی ڕێکخراو و پێشبینیکراودا، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی تێچووی ئەگەری هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندەکانی وزە و ژێرخانە هەستیارەکان، بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کەناڵە تەلەفیزیۆنییە نێوخۆییەکانەوە، داوایان لە خەڵک بەگشتی و دایک و باوکان بەتایبەتی کرد، کە مێرمنداڵان و لاوان بە دروستکردنی پشتێنی مرۆیی وەک قەڵغانێک، لە بەرانبەر هێرشە ئاسمانییەکاندا و لە دەوروبەری ناوەندەکانی وزە کۆ ببنەوە.
یەکێک لە شێوازەکانی شەڕ بۆ بەکارهێنانی خەڵکی مەدەنی بەگشتی و منداڵان و مێرمنداڵان بەتایبەتی، بە مەبەستی ورووژاندنی هەستی لایەنی بەرانبەر و پاراستنی شوێنە جێی مەبەستەکانە، کە لە ڕاستیدا بە پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵ و ڕەشنووسە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەکارهێنانی منداڵان هەژمار دەکرێت. ئەم هەوڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تایبەت بە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل نییە، بەڵکوو بە درێژایی ساڵانی دەسەڵاتداریی، لە شەڕەکاندا کەڵکی لێ وەرگرتووە، وەک نموونە: "شەڕ لەگەڵ عێراق و سەرکوتی خۆپێشاندانەکان". هەر بۆیەش وەک هەوڵێکی نامرۆڤانەی بەئامرازکردنی منداڵان هەژمار دەکرێت و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوەیەکی ڕێگەپێنەدراوە.
شیکردنەوەی ستراتیژیی قەڵغانی مرۆیی لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە
لێکدانەوەی "ڕوانگەی ئامرازی بۆ مرۆڤ" لە چوارچێوەی شەڕدا، یەکێکە لە تاڵترین و لە هەمان کاتدا ئاڵۆزترین بابەتەکان، بەتایبەت لە ڕوانگەی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی، سیاسی، جەماوەر و چەمکە پێوەندیدارەکان بە پاتۆلۆژیی دەروونیی دەسەڵاتدارانەوە.
Subject / بکەر: کاتێک مرۆڤ "بکەر" بێت، واتە خاوەنی ئیرادە، هەست، بیرکردنەوە و هێزی هەڵبژاردنە. کەسێکە کە مێژوو دروست دەکات و چاوەدێری دەکات، بڕیار دەدات و کاریگەریی لەسەر ژینگەی ژیان و کۆمەڵگە دروست دەکات. لەم حاڵەتەدا تاک وەک مرۆڤێکی تەواو سەیر دەکرێت.
Object / بەرکار: کاتێک مرۆڤ دەبێتە "بەرکار"، واتە چیتر وەک مرۆڤێکی خاوەن هزر و ئیرادە سەیر ناکرێت، بەڵکوو وەک "کاڵا و ئامراز" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، یان وەک ئامار و ژمارە لە گردبوونەوە و خۆپێشاندانە حکوومەتییەکاندا بەکار دەهێنرێت. لەم پرۆسەیەدا ناسنامەی تاک لە کەسەکە وەردەگیرێت و دەبێتە بەرکار، واتە ئامرازێک بۆ پێشخستنی ئامانجە گەورەکان یان هێمایەکی ئایدۆلۆژیک بۆ حکوومەت. لە بەرکارکردن یان شێئاندنی مرۆڤدا، هەندێک پرۆسەی دەروونیی تایبەت چالاک دەبن کە توندوتیژی بە گونجاو دەزانن و ویژدان بێدەنگ دەکەن.
١. دەروونناسیی بەرگری و بەرپەرچدانەوەی هێمایی
لە ڕوانگەی دەروونناسیی سیاسییەوە، بەکارهێنانی خەڵکی مەدەنی (بەتایبەت هەرزەکاران)، ستراتیژییەکە بۆ دروستکردنی "قەڵغانی ئەخلاقی". بوونی هەرزەکاران ئەم پەیامە بە لایەنی هێرشبەر دەگەیەنێت، کە هەر هێرشێک واتە زیانگەیاندن بە بێتاوانترین توێژی کۆمەڵگە. ئەمەش لە ڕووی دەروونییەوە ویژدانی گشتی دەورووژێنێت و تێچووی ئەخلاقیی هێرشەکە بۆ لایەنی بەرانبەر زیاد دەکات.
٢. هەستبزوێنیی هەرزەکاران
هەستبزوێنی و خراپ بەکارهێنانی هەرزەکار یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی دەروونناسیی شەڕ بۆ بەکارهێنانی هێزی هەرزەکار. لە دەروونناسیی گەشەدا، هەرزەکاری قۆناغێکە کە تێیدا ئاستی بەرگەگرتنی مەترسی بەرز دەبێتەوە و پێویستی بە ئەزموونی نوێ و چڕ تێیدا دەگاتە لووتکە؛ بە شێوەیەکی سروشتی هەرزەکاران هۆگرییان بەرەو لای چالاکییە حەماسی، هاوسۆزی و پڕمەترسییەکان ڕادەکێشرێت.
٣. گەڕان بەدوای شوناس و بنیاتنانی کەسایەتی
هەرزەکاری قۆناغێکە کە تاک بە چڕی بەدوای ناسنامە و هەستی سەربەخۆیی و پەیوەستبوون بە گرووپێکی گەورەتردا دەگەڕێت. بەشداریکردن لەم جۆرە کارانەدا هەستی واتاخوازی بە هەرزەکار دەبەخشێت، کە دەبێتە بەشێک لە "ئامانجێکی گەورە" یان "بەرگرییەکی پیرۆزی نوێ". ئەمەش مانای سیاسی و کۆمەڵایەتی بە ژیانی دەبەخشێت.
٤. تیۆریی ناسنامەی تێکەڵکێشراو
لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و سیاسییدا، دیاردەیەک بە ناوی ناسنامەی تێکەڵکێشراو هەیە. کاتێک کە سنووری نێوان "خود"ی تاک و "گرووپ" دەشکێت و لەناو دەچێت، تاک ئامادەیە بۆ مانەوەی گرووپ یان سەرکردە و ڕێبەر - سیستەم، خۆی بکاتە قوربانی. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فێڵی شوناسسازیی ساختە بۆ هەرزەکار، ئەم هەستەی پێ دەبەخشێت کە "پاسەوانی سەروەریی نیشتمانی"یە. ئەم هەستە درۆیینەی پاڵەوانبوونە، پێویستیی هەرزەکار بۆ بینران تێر دەکات.
لە دەروونناسیی گەشەدا، هەرزەکاران بەهۆی تەواونەبوونی گەشەی توێژی پێشەوەی مێشکیان، هەڵسەنگاندنێکی وردیان بۆ مەترسیی مردن نییە. حکوومەت بە خراپ بەکارهێنانی ئەم ناتەواوییە فیزیۆلۆژیکییە، وەک قەڵغانێکی بەرگری بەکاریان دەهێنێت.
٥. ستراتیژیی "بارمتەگرتنی سۆزداری"
لە دەروونناسیی سیاسییدا ئەم کردارە جۆرێکە لە بەستێنسازی بۆ باجخوازیی ئەخلاقی. ئامانج ئەوەیە کە لە هزری هێرشبەردا بنبەستێکی ئەخلاقی و دژبەیەکییەک دروست بکات و هێرشبەر لە دووڕێیانێکدا دابنێت؛ ئەگەر هێرش بکات، وەک "منداڵکوژ" دەناسرێت و ئەگەر هێرش نەکات، حکوومەت و سیستەمەکەی بە ئامانجی خۆی (پاراستنی دامەزراوەکان) دەگات.
٦. بەکارهێنانی بێتاوانان وەک چەکێک
بە دانانی مێرمنداڵان لە بەرانبەر ئامرازە سارد و پیشەسازییەکانی وەک (وێستگەی کارەبا)، دژبەیەکییەکی بینراوی بەهێز دروست دەبێت، کە ئامانج لێی ڕاکێشانی سۆز و بەزەیی جیهانی و لە هەمان کاتدا ورووژاندنی تووڕەیی نێوخۆیییە بەرانبەر بە "هێرشبەر".
٧. پڕوپاگەندەی "شەهیدخوازی"
کاتێک هەرزەکارێک دەخرێتە ناو بازنەیەکی مرۆییی گەورەتر، وردەوردە لە بەرانبەر چەمکی مردن و کارەساتدا "هەستلێداماڵینی" بۆ دروست دەبێت و مردنی لا ئاسایی دەبێتەوە. بەستنەوەی مانەوەی سیستەم بە مانەوەی فیزیکیی هەرزەکار، دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاک هەست بکات بوونی تەنیا لە سایەی توانەوە لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتدا مانا دەدۆزێتەوە.
٨. پارادۆکسی بەها و ئامراز
یەکێک لە لایەنە ئاڵۆزەکانی دەروونناسی ئەوەیە کە حکوومەت لە ڕواڵەتدا بانگەشەی "کەرامەتی مرۆیی" دەکات، بەڵام لە پڕاکتیکدا مرۆڤ وەک گۆشتی دەمی تۆپ بەکار دەهێنێت. ئەم ناهاوتایییە مەعریفییە (دژبەیەکبوونی نێوان بیرکردنەوە و واقیع)، لە کۆمەڵگەدا بە بەکارهێنانی پڕوپاگەندە چارەسەر دەکرێت؛ بەو شێوەیەی کە "تیاچوونی تاک" وەک "مانەوە و بەرزبوونەوەی" سەرلەنوێ پێناسە دەکرێتەوە، تاکوو هزر تووشی داڕمان نەبێت.
ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی دەروونناسیی گەشە
بەکارهێنانی ئامرازانەی هەرزەکاران لە شەڕدا، لە ڕوانگەی دەروونناسیی گەشەوە تەنیا بابەتێکی ئەخلاقی یان یاسایی نییە؛ بەڵکوو بە "زەبرێکی گەشەسەندن"ی قووڵ دادەنرێت، کە پێکهاتەی کەسایەتیی تاک لە هەستیارترین قۆناغەکانی ژیانیدا دەڕووخێنێت.
دەروونناسانی گەشە (وەک ئێریک ئێریکسۆن، پیاژە و کۆڵبێرگ)، پێیان وایە کە هەرزەکاری قۆناغی دروستبوونی ناسنامە و تێپەڕینە لە بیرکردنەوەی بابەتییەوە بۆ بیرکردنەوەی دەرهەست. کاتێک هەرزەکار وەک ئامرازێک بۆ ئامانجێکی سیاسی و سەربازی بەکار دەهێنرێت، جیا لە هەموو زەبرەکانی تر، قەیرانی ناسنامە و شوناس دروست دەبێت.
بەپێی تیۆریی ئێریک ئێریکسۆن، ئەرکی سەرەکیی هەرزەکار بەدەستهێنانی ناسنامەیەکی یەکگرتوو و لێکدانەبڕاوە. کاتێک هەرزەکار خۆی لەناو شەڕدا دەبینێتەوە، دەرفەتی "گەڕان"ی لێ دەسەندرێتەوە. ناسنامەکەی نەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کەسی، بەڵکوو لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای سەپێنراو و ڕۆڵی سەربازیدا دروست دەبێت.
جێگرتنەوەی "من" بە "ئێمە"، بە ئامرازکردن دەبێتە هۆی ئەوەی هەرزەکار تاکایەتیی خۆی لەپێناو کۆمەڵدا (یەکەیەکی سەربازی یان ئامانجی جەنگ) بکاتە قوربانی، کە دوای شەڕ هەستکردن بە پووچی و سەرلێشێواوی لێ دەکەوێتەوە.
زۆرێک لە ڕەخنەگرانی بواری دەروونناسی پێیان وایە هاتنە ناوەوەی منداڵان و هەرزەکاران بۆ ناو ململانێیە توندە سیاسی و سەربازییەکان، دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ. دانانی هەرزەکار لە دۆخێکدا کە بەر مەترسی یان شەڕ بکەوێت، دەتوانێت ئاستی دڵەڕاوکێی بنەڕەتی لەم تەمەنە هەستیارەدا زیاد بکات. چونکە کاتێک دەکەوێتە ئەم دۆخەوە، هەستەکانی بەسەر لۆژیکیدا زاڵ دەبن و دەرفەتی شیکردنەوەی فرەلایەنەی پرسە سیاسییەکانی لێ دەسەندرێتەوە، لەبەر ئەوەی لە دۆخی سۆزداریی "هەموو یان هیچ شتێک"دا دادەنرێت.
بەرەنجام
لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتننامەکانی ژنێڤەوە، بەکارهێنانی خەڵکی مەدەنی (بەتایبەت منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی)، وەک قەڵغانی مرۆیی لە ناوچە سەربازی یان ستراتیژییەکاندا ڕووبەڕووی ڕەخنەی جیددی دەبێتەوە. ڕەخنەگران پێیان وایە ئەم کارە ئاماژەیە بۆ لەپێشینەدان بە مانەوەی سیستەم یان پڕۆژە تایبەتەکان بەسەر سەلامەتی و ژیانی هاووڵاتییاندا.
لە ڕوانگەی ئەخلاقی دەروونناسییەوە، ئەم کارە نموونەیەکی ئاشکرای "منداڵئازاریی سیستەماتیکە"، چونکە لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی پێکهاتەی دەسەڵات، منداڵ دەخاتە بەردەم هەڕەشە و گوشاری دەروونیی ئەوەی کە مەرگی نزیکە.