کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل دوای شکستی دانوستانەکانی ئاستی ئامادەباشی خۆی بەرز کردەوە

10:43 - 24 خاکەلێوه 2726

دوای شکستی دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە ئیسلام‌ئاباد، ئەرتەش ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی خۆی بەرزکردەوە و گەڕایەوە بۆ دۆخی پێش هێرشەکانی ٩ی ڕەشەمەمە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خاکەلێوە فەرمانی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی دەرکردووە.

بەپێی ئەم فەرمانە، هێزەکانی ئیسرائیل ڕاسپێردراون کە ئامادەباشی ئۆپەراسیۆنی بەرز بپارێزن، کاتی وڵامدانەوە کەم بکەنەوە و پرۆسەی پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان خێرا بکەن.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە دانوستانە ٢١ کاتژمێرییەکەی نێوان تاران و واشنگتۆن بێ‌گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی هات.

لەم نێوەدا، بێنیامین نەتانیاهوو جەختی کردووەتەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی هەر بەردەوامە و ئیسرائیل سوورە لەسەر لەنێوبردنی هەڕەشە مووشەکی و ئەتۆمییەکان.

 هەندێک سەرچاوەش لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان باسیان لە ئەگەری هێرشی سەخت و گشتگیر کردووە.

سەرەڕای ئەمانە، ئاگربەستی کاتی هێشتا بەردەوامە، بەڵام داهاتووەکەی بە نادیار هەڵدەسەنگێندرێت.