دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئێوارەی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بۆی گرینگ نییە ئایا ئێران دوای شکستی دانوستانەکان لە پاکستان و بێ ئەنجام مانەوەیان، دووبارە دەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا یان نا.
ترامپ دوای گەڕانەوەی لە فلۆریدا، لە بنکەی ئاسمانیی "ئەندرۆز" لە مێریلاند بە ڕۆژنامەنووسانی وت: ''بۆ من جیاوازییەکی نییە کە ئەوان دەگەڕێنەوە یان نا. ئەگەر نەشگەڕێنەوە، بۆ من کێشە نییە.''
سەرۆککۆماری ئەمریکا وتی کە ئێران لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە و دۆش داماوە و بە وتەی ئەو، توانای سەربازییەکەی لەنێوبراوە.''
ترامپ ئەوەشی زیاد کرد: ''ئێمە زۆر بە نەرمی ڕەفتارمان کردووە. پردی زۆرمان تێک نەداوە، تەنیا یەکێکمان پێکا، چونکە ئەوان بە بەڵێنەکەیان وەفا نەکرد. لە بیرتان بێت، بەڵێنیان دابوو کە گەرووی هۆرمۆز بکەنەوە. ئەوان درۆیان کرد.''
دۆناڵد ترامپ وتیشی: ''وڵاتانی دیکە هەوڵ دەدەن تا ئێران نەتوانێت نەوت بفرۆشێت'' و لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە گەمارۆی بەندەرە باشوورییەکانی ئێران لەلایەن ئەرتەشی ئەمریکاوە زۆر کاریگەر دەبێت.