کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی سپای پاسداران لە نزیکبوونەوەی کەشتییە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە گەرووی هۆرمۆز

11:02 - 24 خاکەلێوه 2726

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە بڕیاری نوێی واشنگتۆن بۆ گەمارۆدانی دەریایی و پاککردنەوەی گەرووی هۆرمۆز لە مین، ڕایگەیاند کە هەر جۆرە جوولەیەکی سەربازی لەو ناوچەیەدا وەک "پێشێلکردنی ئاگربەست" دەبینن و وەڵامی توندیان دەبێت.

ئەم هەڕەشە نوێیەی سپای پاسداران دوای ئەوە هات کە دانوستانەکانی ڕۆژی شەممەی نێوان نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا لە وڵاتی پاکستان، بەهۆی پێداگری تاران لەسەر پڕۆژە ناوکییەکەی، بێ ئەنجام کۆتایی هات.

 لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترامپ فەرمانی بە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا دا دەستبەجێ گەمارۆی بنکە و بەندەرە ستراتیژییەکانی ئێران بدەن و ئەو مینانەی سپا لە گەرووی هۆرمۆز چاندوونی، پووچەڵ بکەنەوە.

سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردووەتەوە کە گەرووی هۆرمۆز تەنیا بۆ کەشتییە غەیرە نیزامییەکان کراوەیە و لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی ئەواندایە.

لە دەقەکەدا هاتووە: ''هەر کەشتییەکی شەڕکەر بە هەر پاساوێک لە گەرووەکە نزیک بێتەوە، بە واتای شکاندنی ئاگربەست دێت و بە توندی بەرەوڕووی دەبینەوە.''

لەلایەکی دیکەوە، سێنتکام ڕایگەیاندووە کە کەشتییە شەڕکەرەکانیان، لەوانە "یو ئێس ئێس فرانک پترسۆن"، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی پاکسازی کردووە.

داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بازاڕەکانی جیهانی تووشی شۆک کردووە و نرخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.

بڕیارە ئێوارەی دووشەممە، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران دەست پێ بکات.