ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوورناڵ" لە زمان دوو بەرپرسی ئەمریکاییەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە ئەمریکا لە کاتی دانوستانەکانی ئەم دواییەی ئیسلامئاباددا، کۆمەڵێک "هێڵی سوور"ی وەک مەرجی سەرەکی خۆی پێشکەشی ئێران کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، یەکێک لە گرینگترین ئەم مەرجانە، "کۆتاییهێنانی تەواو بە پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بووە ".
واشنگتۆن هەروەها داوای "هەڵوەشاندنەوەی بنکە سەرەکییەکانی پیتاندن و وەرگرتنەوەی ئەو ماددانەی کردووە کە بە ڕێژەیەکی بەرز پیتێندراون".
لە بەشێکی دیکەی ئەم مەرجانەدا، ئەمریکا جەختی لەسەر "کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز و گەرەنتیی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان بێ وەرگرتنی باج کردووەتەوە"؛ بابەتێک کە وەک یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان هەردوولا لەقەڵەم دراوە.
یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی ئەمریکا، "پەسەندکردنی چوارچێوەیەکی بەرفراوانتر بۆ ئاشتیی ناوچەیی و کەمکردنەوەی گرژییەکان کە هاوپەیمانە ناوچەیییەکانیش بگرێتەوە"، لەخۆ دەگرێت.
هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای "ڕاگرتنی پاڵپشتیی دارایی و سەربازی ئێرانی بۆ گرووپە نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا کردووە، لەوانە حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس و حوسییەکان."
ئەم مەرجانە لە کاتێکدا خراونەتە ڕوو کە دانوستانەکان بێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایییان هاتووە و ئاسۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە.