هێرۆ عەزیزی
پرۆسەی هەڵبژاردن لە دنیای ئازاددا بە مەبەستی خوڵقاندنی ئاڵوگۆڕ و پێکهێنانی هەل و دەرفەت بۆ هاتنی ڕوخساری تازە و بیری نوێ و گۆڕان و نوێکردنەوەی سیستەمی بەڕێوبەری بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، پرۆسەی هەڵبژاردن حاڵەتی ڕواڵەتی و نمایشی هەیە و لە ڕاستیدا ڕێژیم هەڵبژاردن وەکوو پاساوێک بۆ خەڵکیبوونی خۆی نیشان دەدا و ئەوە پرۆسەیەکە کە چەندین ساڵە دووپات دەبێتەوە و لەو چەند ساڵەدا هیچ گۆڕانێک لە بەرژەوەندیی خەڵک و کۆمەڵگە ڕووی نەداوە، سیستەمی سیاسەتداڕێژی و بەڕێوەبەریی هەر ئەو سیستەمەیە و ئیدئۆلۆژییەک کاری پێ دەکرێ کە چوار دەیە لەوە پێش لەسەری دامەزراوە و بەتوندی لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕان لە کێشەدایە.
ئەوەی بۆ ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لەو بەناو هەڵبژاردنانەدا گرینگە، هێنان و هەڵبژاردنی کەسانی گونجاو و خەڵکیی و پڕکردنەوەی پۆستەکانی دەسەڵات بە کەسانی شیاو نییە، بەڵکوو کۆکردنەوەی دەنگ و ڕاکێشانی خەڵکە بۆ سەر سندووقی دەنگدان چونکە ڕێژیم لەمێژساڵە تووشی قەیرانی گوفتمان و هەروەها مەشرووعییەتی سیاسیی و خەڵکیی بووە و کۆنتڕۆڵی هەموو کێشەکانی لەدەست چووەتە دەر و ئەوەی ڕێژیمی تا ئێستا لە ڕووخان ڕزگار کردووە، پەنابردن بۆ زەبری ئاور و ئاسن و سەرکوت و زیندان و ئێعدام بووە.
لە ڕاستیدا کەڵکاوەژوو لە دەنگی خەڵک لە ئێستادا گرینگیی حەیاتیی بۆ ڕێژیم هەیە و ڕێژیم بە دەنگی خەڵک بە هەر شێوەیەک بێ دەتوانێ بۆ درێژبوونەوەی دەسەڵاتی نگریسی خۆی بەکاری ببات و وەک ئامرازێک بۆ ڕەواییدان بە مەشرووعییەتی خۆی لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوە کەڵکی لێوەربگرێت.
ئاکامی بەناو هەڵبژاردنەکانی یەک دەیەی ڕابردوو پێمان دەڵێن دەنگدان و بەشداریی خەڵک لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا ئەوەندە کەمی کردووە کە ڕێژیم لەبەر خەڵک دەپاڕێتەوە کە بێن دەنگ بدەن دەنا کەڵک لە شیوازگەلی تایبەت بۆ تێوەردانی خەڵک لەو پرۆسەیە و ڕاکێشانی خەڵک دەکات.
پڕوپاگەندەی زۆر و زەوەند و بێبنەما بۆ پاڵێوراوان و ڕەتکردنەوەی هەندێک و دواتر پەسندکردنیان بە مەبەستی خۆشەویست کردنیان لەلای خەڵک، برەودان بە هەستی ناوچەگەرێتی، کەڵکاوەژوو لە هەستی نەتەوەیی و مەزهەبی بەتایبەت لەو ناوچانەی کە دوو نەتەوەی لێ دەژین، تێخزاندنی پاڵێوراوی نوێ، کەمکردنەوەی تەمەنی دەنگدان، بەڵێنی دامەزراندنی منداڵی خەڵک و دابەشینەوەی کەلوپەلی تایبەت لەلایەن کاندیداکانەوە بەسەر خەڵکدا، لەو ڕێگایانەن کە ڕێژیم بۆ ڕاکێشان و بەشدارکردنی خەڵک بەکاریان دەبات. دیارە سەرانی دەسەڵاتداریی ڕێژیم لە ئێستادا بە هەر شێوەیەک بووە خەریکن کارێک دەکەن کە خەڵک تەنانەت بە دەنگی بێلایەنیش بێ بەشداریی بکەن.
"بۆ دەرچوون لە دۆخی شپرزی هەنووکەیی پێویستە دەنگ بدرێ"، "دەنگنەدان کێشەیەک چارەسەر ناکا"، "دەنگنەدان هیچ فایدەیەکی نییە" و چەندین قسە و وتەی دیکە لەو قسانەن کە سەرانی ڕێژیم بۆ نەهێشتنەوەی چارە تەحویلی خەڵکی دەدەن.
لەو دۆخەدا، بۆچوونی زۆربەی خەڵک چییە؟
خەڵک بە زۆرینە هەر لە بنەڕەتدا ئەو ڕێژیمەیان قەبووڵ نییە هەتا بۆی بێنە سەر سندووق و دروشمی خەڵک ڕووخانی ڕێژیمە و قسەیان ئەوەیە هەر کەس دەنگ بدات، ئاوی لە ئاشی دوژمن کردوە، دەنگ به چی بدرێ؟ بە ٤٥ ساڵ دزی و هەڵاوسان و گەندەڵی؟ هەروەها خەڵک دەڵێن ئایا لەبیر چووەتەوە کە هەر ئەو بەناونوێنەرانە بوون ساڵی پار لە پارلمانی ڕێژیمی ئێراندا داوای سزای زیندانی و ئێعدامیان بۆ لاوانی وەزاڵەهاتووی ئەو وڵاتە دەکرد؟ دەکرێ لەبیر بچێتەوە کە هەر ساڵێک لەوەپێش ئەو ڕێژیمە بوو لاوانی ئەو وڵاتەی لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی شارەکان دەدایە بەر گوللـه و دەیان وتەی دیکە.
ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر نەتەوەکانی نێو ئێران و بەتایبەت کورد، کە لە سەرەتاوە دەنگی بەو ڕێژیمە نەداوە و ناسین و ڕەتکردنەوە ئەو ڕێژیمە و بەربەکانیی لەگەڵی هەر لە سەرەتاوە یەکێک لەو سیاسەتانە بووە کە ئێستاشی لەگەڵدابێ لەسەری هەر بەردەوامە و کوردستان زیاتر لە ٤٥ ساڵە سەنگەری ئازادی و بەربەرەکانیی دژی ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانە.
لە دۆخی ئێستادا بایکۆت باشترین ڕێگا بۆ کزکردن و زەبرلێدان لە ڕێژیمی ئێرانە و لەو ڕێگایەوە هەم دەتواندرێ مۆری ڕەتکرانەوە بە نێوچاوانی نیزامی دێکتاتۆری و تۆتالیتێرانەی ڕێژیم بدرێ و هەروەها ئەمە دەتوانێ خاڵێکی گوزار و تێپەڕین لەو ڕێژیمە بێ و چوونەنێو قۆناخێکی نوێی شۆڕش و ئینقلابێک بێ کە لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا هەر ڕوو دەدا.