کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایەتوڵڵاکانی تاڵان و کوشتن

18:03 - 6 پووشپەڕ 2724

سمکۆ سەقزی

دوای سەرکەوتن شۆڕشێ گەلانی ئێران بەسەر ڕێژیمی دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەویدا و لەسۆنگەی ملهوڕیی ئاخوندە تازە بە دەسەڵات‌گەیشتووەکانەوە، کەشێکی ئاڵۆز تێکەڵ بە گرتن و قەڵتوبڕ و ئێعدام و تیربارانی دژبەرانی سیاسی لە تاران بوو. ئاخوندە تازە بە دەسەڵات‌گەیشتووەکان چەشنی ئاغاکان گزیر و گۆپاڵ‌بەدەستیان بۆ خۆیان ساز کرد، ئەم گزیرە ڕیشنانە کە دواتر ناوی سپای پاسدارانیان لێ نرا، کەمتر لە دوو مانگ دوای شۆڕش لە گاڵتەجارێکی ساختەکارانەدا هەڵبژاردنێکی گوماناوییان بەڕێوە برد کە تێیدا بە قسەی ئەوان ۹۸ لە سەدی بەشدارانی ڕاپرسییەکە دەنگی "بەڵێ"یان بە کۆماری ئیسلامی گوت. ئەمە لە دۆخێکدا بوو کە بە شایەتیی مێژوو و بەڵگەی حاشاهەڵنەگر ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم بەناو ڕێفراندۆمەی بایکوت کرد، واتە کوردستان و کوردی ئازادیخواز و خەباتکار قەت دانی بەم حکوومەتە تازەیە دانەناوە و هیچ ڕەواییەکی پێ نەداوە.

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ درووستبوونی دەستێکی خوێناوی و ڕوویەکی گرژی کوشندەی هەبوو. ئەو ڕێکخراوەیە بۆ ئەوەی ئەندامەکانی زۆر ببن بە کەڵک‌وەرگرتن لە دەمارگیری و عەسەبییەتی مەزهەبی لە مزگەوت و حوسێینییەکاندا بنکە و پایەگای بەسیجی دامەزراند و وەکوو ڕێکخستنێکی مودێرن بە لێشاو منداڵ و تازەلاو و گەنجی بە ئەندام وەردەگرت و چەکداری دەکردن. ئەم هێزە توندڕەو، سەرکوتگەر و تێرۆریستە ڕۆڵی کارای هەبوو لە جیهادی خومەینی دژ بە کوردستان. یەکەم گۆڕەپانی جەنگی تێرۆریستە ئیسلامییەکانی تاران و جەماران بەناو بەرەی غەرب و شوماڵی غەربی، واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. هەرزەکارانی ئەنگوستیلە عەقیق لە پەنجە، بە پشتبەستن بە تەئییدی ئایینیی ئاخوندەکان، گیان و ماڵی خەڵکی کوردیان بە حەڵاڵ دەزانی و، دەیان کارەساتی وەکوو کۆمەڵکوژییەکانی قاڕنێ و قەڵاتانیان خوڵقاند، کەسانێک کە دواتر ناوی سەردارانی جەنگیان لێ نرا وەکوو مەحموود کاوە، یان بروجێردی هیچ جۆرە پلەوپایەی سەربازییان نەبوو، بەڵکوو ئەوان وێرژێنی سەرەتایی ئەبوومەسعەبەکان، بەغدادییەکان و شیشانیەکانی داعشیزیم بوون، و تەنیا یەک بەرنامەیان پێ درابوو، قەسابی و قەڵتووبڕ لە کوردستان.

دوای تەواوبوونی شەڕی ئێران و عێراق، حاکمییەتی تاران بۆ دابینکردنی مووچەی سەدان هەزار پاسدار و بەسیج و هەروەها بۆ درێژەدانی بە سیستمی سەرکوت، لە دڵی سپای پاسداراندا، قەرارگای خاتەمولئەنبیای دروست کرد. ئەم قەرارگا بەپێی چارتی ڕێکخراوەیی دەبوایە بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی وێرانییەکان جەنگ بێ، بەڵام ئەم قەرارگایە بەردی بناغەی تاڵانی کوردستان بوو بە کاتی ئایەتوڵڵاکان.

یەکێک لە پرۆژەکانی سپای خاتەم لێدانی بەنداوە لە کوردستان، کوردستانی زاگرۆس و مەڵبەند و سەرچاوەی ئاوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا دەیان بەنداوی گەورە لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان لێ دراوە و، ئاوی قەندیل و چلچەمە و تەتە لە ڕێگای بەنداو و لێدانی لوولە بۆ بیابانەکانی قوم و سەلەفچەگان دەبردرێ، ئاوی سیروان و سەیمەڕە و بڵ و کەڵوێ لە کارخانەکانی پۆڵا و ئاسن بە کار دێت و لەو سۆنگەیەوە ڕەگاژۆ ئاوییەکان و سفرە ژێرزەمینیەکانی ئاوی کوردستان بەرەو وشککبوون دەچن. نموونەی دیاری گۆلی ورمێ بەرهەمی نەزانین حاکمیەت نییە، بەڵکوو وشکبوونی بەرهەمی تاڵانی داهاتی سەرخان و ژێرخانی کوردستانە بە دەستی داگیرکەریی ئاخوندی قوم و مەشهەد.

لە حاکمییەتی سپای سادیستی، تەواوی ئەو زەوییانە وا ناوی "مەراتع" و "مەنابعی تەبیعی"ی لێ نراوە، و زۆربەی خاک و مەعدەنی بە پیت و زێڕینە کراون بەناوی سەردارەکانی سپا،

ئەگەر تەنانەت لە مڵکی تاپۆکراوی ئەژدادیی خۆتدا کانگایەکت دۆزییەو و کاتێ دەتەوێ لە پرۆسەی تۆمارکردندا بە ناوی خۆتەوەی بکەی، دەبینی لەسەر سایتدا بەناوی فڵانە سەرداری سپای مەشهەد و ئەسفەهان تاپۆ کراوە.

بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان یەحیا ڕەحیم سەفەوی، سەرۆکی پێشووی سپا و ڕاوێژکاری ئێستای خامنەیی زۆربەی مەعدەنەکانی پارێزگای کوردستان بە ناوی ئەوەوە کراون و چەشنی حاکم و والی مەنسووبی خەلافەتی تێرۆری تارانە لە کوردستان.

ئەم تاراج و تاڵانە ئیستعمارییە کە تا دێت بەلەزتر و خێراتر دەبێت، پێویستە جەماوەری خەڵکی کوردستان وەک ئەرکی نیشتمانی و خاوەندارییەتی لە خاک و وڵاتی خۆیان بەری پێ بگرن، لە مووچش و کەلاتەرزان تا دەگاتە تیکابی هەوشار و سایین‌قەڵا  بەر بەو دزین و تاڵان‌وبڕۆیە بگرن. دەبێ بە خۆڕێکخستن نەهێڵین بە بەرچاومان و بە ڕۆژی ڕووناک زێڕ و ئاسن و مەڕمەڕ و ئاو و گیا و گژ و دارمان بەرن و ئەوەی بۆمان جێ بێڵن خاکێکی سووتاو و جەرگێکی بڕاو بێت.

خاوەندارەتی لە سەروەتی میللیمان سەدان قات شەرەفی لەو چارەنووسە باڵاترە کە بە ناوی کۆیلە و کۆڵبەر بەسەرمانی دەسەپێنن، گیانفیدایی بۆ دژایەتیی ستەم ڕێبازی سروودی نەتەوەییمانە و بۆیە دەبێ هاواری کوردستانی بە قەد چیا سەرکەشەکانی بەرز بێتەوە کە:

ئەم خاکە خاکی کوردییە، خۆ خاوەنی دیکەی نییە.