زانیار حوسێنی
هەواڵی کوژرانی سەید ئیبراهیم سەدرولساداتی ناسراو بە ڕەئیسی ڕووداوێکی نامۆ بوو، هەم بۆ نەوەی نوێ و هەم بۆ نەوەکانی پێش ئێمە و ئەوانەی ڕووخانی سیستەمی نەفرەتی پەهلەوی و هاتنە سەر دەسەڵاتی سیستەمی ویلایەتی فەقییان بینیوە.
ڕەئیسی ناسراو بە قەسابی تاران کە نازناوی دیکەی وەک ئایەتوڵڵای کۆمەڵکوژی، دادوەری مەرگ و سەیدی لێقەوماوانی بەخۆیەوە هەڵگرتبوو و بە سەرۆکی شەش پۆلی ناسرابوو، توانی بە هەنگاوێکی سادە و بچووک لەم دۆخە نالەبار و ئاڵۆزە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەدا، دڵی گەلانی نیشتەجێ لە ئێران و چالاکانی سیاسیی جیهان شاد بکات و؛ ئەو هەنگاوە سادەیەش شێوەی مردنەکەی بوو کە خەڵک بەجۆرێک بە وەرگرتنەوەی جەزای تاوانەکانی لێکی دەدەنەوە.
لەوەدا کە سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وەک ڕۆڵگێرانی دیکەی ڕێژیمی مەلاکان، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە سەرکوتکردن، تۆقاندن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی گەلانی نیشتەجێی ئێراندا گێڕاوە و لە هیچ شوێنێکی جیهاندا کەسێک نادۆزییەوە کە تۆزێک ویژدانی هەبێ و ئەو وتەیە پشتڕاست نەکاتەوە، هیچ شک و گومانێک نییە. بەڵام ئەو بابەتەی لەم وتارەدا باسی لێوە دەکرێت، لە ڕوانگەیەکی ترەوە تیشک دەخاتە سەر کوژرانی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی و بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتری مەبەست، بژاردەی هێنانەگۆرێی پرسیارم هەڵبژاردووە؛ ئەگەر شۆڕشگێڕێکی کورد لەسەر ئەو کردەوە جینایەتکارانەی کە ڕەئیسی ئەنجامی داون، ناوبراوی بە سزای جینایەتەکانی گەیاندبایە، ئایا نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران دیسانیش بەم شێوە فراوان و چڕە خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕی؟
بە دڵنیاییەوە هەرکەسێک کە بۆ یەکەمجار ڕووبەڕووی پرسیارێکی لەم شێوە دەبێتەوە، بە ناچاری تاوێك دەوەستێ و هەوڵ دەدات دوای کەمێک بیرکردنەوە وەڵامێکی گونجاو بداتەوە. هەرچەندە وەڵامدانەوەی پرسیارێک کە چیتر مەجال و دەرفەتی ئەنجامدانی نەماوە لە جاران ئاسانترە، چونکە وەڵامدەرەوە بە دڵنیاییەوە دەزانێ کە پرسیارێکی لەم شێوەیە هەرگیز ناگاتە ئەنجامی تەواو. ئەی ئەگەر ئێستا لەم پرسیارەدا وشەی ڕەئیسی بگۆڕین بۆ سەید محەممەد خاتەمی؟ بۆ ئەحمەدینژاد یان محەممەد جەواد زەریف؟ یان لەباتی کوردێکی ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێر، بەلووچێک، تورکمانێک، ئازەرییەک یان عەرەبێک، یەکێک لە دامەزرێنەران یان پلە باڵاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبری ئەم جینایەتانەی کە لەم چل ساڵەدا ئەنجامی داون سزا بدات، دیسان کاردانەوەکان هەمان دەبێ کە بۆ کوژرانی رەئیسی بوون؟ ئەی ئەگەر شۆڕشگێڕێکی فارس ئەو کارە بکات چی؟ بە دڵنیاییەوە بە خوێندنەوەی ئەو پرسیارانە دەچییە نێو گۆماوی فکر و بیرکردنەوە!
بەڕاستی کامیان گرنگە؟ ئەمە کە قەسابی تاران یان ئایەتوڵڵای ئێعدام یان دادوەری مەرگ کوژراوە یان ئەمە کە کێ کوشتوویەتی و بۆچی و لەبەرچی کوژراوە! پێوەرەکانی تاران بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە چین؟ ئایا لەسەر بنەمای دروستبوونی شەپۆلی نوێی هەستەکانی لەپاش ڕووداوەکانە یان لەسەر بنەمای چۆنیەتیی دروستبوونی گۆڕانکارییەکان و ڕووداوەکانە؟
خۆ کەم نین ئەم تاوانبار و جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی کە لەلایەن لاوانی بوێر و شۆڕشگێڕ سزای کردەوە قێزەونەکانیان دراوەتەوە، بەڵام بۆچی هیچکامیان وەک مەرگی ڕەئیسی نەبوونە هۆی شادی و دڵخۆشی بۆ گەلانی نیشتەجێی ئێران؟
ئەگەر بە سەردێڕی هەواڵی ئاژانسەکانی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەوەری "سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕێبەری بێبەشان و سەرۆکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری وڵاتەکەمان، بە دەستی تیرۆریستان و گۆپاڵبەدەستانی زوردارانی جیهان شەهید کرا". هێشتا هەمان هەستی خۆشی و شادیت دەبوو؟ یان پێش بینین و بیستنی ئەو جۆرە هەواڵانە (کە خۆت بە نەیارێکی ژمارە یەکی ئەم سیستەمە دەزانی)، لەدوای بیستنی هێشتا بیر و هەستێکی وەهات دەبوو؟ یان تەنها لەم حاڵەتە و حاڵەتی هاوشێوەیدا کە ئێوە هیچ ڕۆڵێکتان تێدا نەبووە و ئەمەش لە لاوازی سیاسی و مەیدانی خۆتانەوە سەرچاوەی گرتووە، هەڵوێستێکی هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندی دوژمنە کوژراوەکەتاندا دەگرن؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە و زۆر پرسیاری هاوشێوە بۆ نەتەوەی کورد، نەتەوەی بەلووچ، نەتەوەی تورکمان، نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی ئازەری سادەیە و تەنیا بە پێداچوونەوە بە ڕووداوەکانی چەند دەیەی ڕابردوو بە ئاسانی دەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە . پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا عەقڵییەتی مەوجوود بەسەر کەشی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە شارە گەورەکانی وەک تاران و ئیسفەهان لە وەڵامی گەلانی دیکەی نیشتەجێی ئێران نزیکە؟
وەک نموونەیەکی گونجاو و لێکچوو، دەتوانین ئاماژە بە محەممەد بروجێردی بکەین کە لە ١ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاویدا لە لایەن بەرگریکاران و شۆڕشگێڕانی کوردەوە به سزای کردەوەکانی گەیەندرا؛ ئایا کەسێکی وا لە عەقڵی گشتی و بیری بەکۆمەڵی نەیارانی دەسەڵاتی ئاخوندیدا بە تاوانبار و جینایەتکار دادەنرێت؟ ئایا گەلانی دیکەی دانیشتووی ئێران، لەوانەش کۆمەڵگەی فارس، هەتا ئێستاش دڵخۆشییان دەربڕیوە سەبارەت بە کوژرانی یەکێک لە تاوانبارانی سەرەکی جەماران؟
ڕەنگە زۆر کەس بڵێ بە هۆی جیاوازی کاتی ڕووداوەکان، کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی زاڵ بەسەر بیروڕای گشتی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران و دۆخی نێوخۆیی لە ڕووی دەروونی، فیکری، سۆزداری، شۆڕشگێڕی و هتد لەگەڵ وڵامی جیاوازمان بەرەوڕوو کاتەوە و هەر بۆیە وەها هەڵسەنگاندن و بەراورد کردنێک لە جێی خۆیدا نییە؛ بەڵام ئەوەی پێویستە لەبەرچاو بگیرێت و لەڕاستیدا ئەوەی لەم بابەتەدا لەبەرچاوی دەگرین، ڕێک بەراوردکردنی ئەم دوو کەسەیە لە سەردەمی ئێستادا. بە واتایەکی تر، ئەگەر لەم ماوە زەمەنییەی ئێستادا، کوشتنی ئەم دوو کەسە پلە باڵایەی ڕێژیمی ئێستای تاران بەراورد بکەین، دەگەینە وەڵامێکی هاوشێوە و یەکسان؛ لەحاڵێکدا یەکیان (سید ئیبراهیم ڕەئیسی) بووەتە قوربانی پیلانێکی نێو سیستەم و ململانێی دەسەڵات، ئەوی دیکەشیان (محەممەد بروجێردی) لەسەر کردەوە قێزەونەکان و تاوانە بێشومارەکانی بەرامبەر بە خەڵکی سیڤیل سزا دراوە!
پێش ئەوەی بیر لە دۆزینەوەی وەڵامێک بۆ پرسیارێکی لەمجۆرە و پرسیارە هاوشێوەکانی دیکە بکەینەوە، دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە فیلمی غەریب لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بەرهەم هێنراوە و بڵاوکراوەتەوە (کاتی بڵاوکردنەوەی نزیکەی شەش مانگ دوای کووشتن بەئەنقەستی ژینا ئەمینی بووە) و بڵاوکردنەوەی ئۆنلاینی ئەم فیلمە لە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی بووە (هەشت مانگ لەدوای کووشتنی بەئەنقەستی ژینا ئەمینی) و ئەم فیلمە لە کەشێکی ئاوا گرژدا پێشوازییەکی باشی لێکرا. لەکاتێکدا بارودۆخی دەرونی، فیکری، شۆڕشگێڕی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هتد بەتەواوەتی دژی دەسەڵاتی ئێستا بووە و ڕق و بوغز و هەستی دژی ڕژیم زیاتر لە ئەمساڵ و کاتێک بووە کە ڕەئیسی کوژراوە؛ بەڵام بۆچی پێشوازییەکی وەها بەرچاو لەم فیلمە کرا کە لە ڕاستیدا باس لە ژیاننامەی کەسێکە کە زۆر زووتر لە ڕەئیسی و پێش ئەو و زیاتر لە ئەو، دەستەکانی بە خوێنی کەسانی بێتاوان و ژن و منداڵ سوور بووە کە بە مۆرکی ئیمام و لەپێناو ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی ویلایەتی فەقی لە هیچ تاوانێکی ترسناک و دژە مرۆیی دەستی نەگێڕاوە!
محەممەد بروجێردی یەکێک لە دوانزدە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی تیرۆریستی سپای پاسداران بووە کە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە، ڕاستەوخۆ بەرپرسی سەرکوتکردن و کوشتنی گەلانی نیشتەجێی ئێران بووە؛ ناوبراو دامەزرێنەری گرووپی چەکداری ئیسلامی تەوحید سەف، متمانەپێکراوی تایبەتی خومەینی، دامەزرێنەری هێزی جاش لە کوردستان و یەک لە ڕوڵگێرە سەرەکییەکانی کۆمەڵکوژی گەلی بێدیفاعی کورد لە سەرتاسەری کوردستانی ئێران بووە. ئێستا بەرهەمهێنان و دەرهێنانی فیلمی درێژ لەسەر کەسێکی ئاوا بۆتە هۆی ستایشی جۆراوجۆر و زۆرترین خەڵاتی فیلمسازی لە وڵاتدا بەدەستهێناوە و گەیشتووەتە ئاستێک کە بە مەسیحی کوردستان ناو دەبردرێ؛ ئاوایە فکرییەتی تەواوییەتی ئەرزیخوازانی فاشیست!
تاوانبارێکی ئاوا، کە یەکێک لە بریکارەکانی چاندنی تۆوی تاوان و تاوانکارییە لە ڕیزەکانی داڕشتنی سیاسی-ئیداری ڕێژیمی تیرۆریستیدا کە تەنانەت لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی نەیاران و ڕووخێنەرانی ڕێژیمی ئێستای تاران، وەک نموونەی پاڵەوانێکی نەتەوەیی دێتە ئەژمار!
ئەگەر محەممەد بروجێردی کە بەرپرسی ڕاهێنانی بەشێکی بەرچاو لە ئەفسەرانی ئێستای سوپای پاسداران بووە، ئەمڕۆ لە ژیاندا بووایە، ئایا هەر بەو شێوەیە باسی دەکرا؟ یان ئەگەر ڕەئیسی لە لایەن خەباتکارێکی بەرگریکەر لە مافی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران کوژرابا ، ئایا شۆڤێنیزمی زاڵ بەسەر بیروڕای گشتی شارە گەورەکانی ئێران، ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی هەمان ئەو خۆشی و دڵخۆشییەی دەدا کە لە ئەنجامی مەرگی وەها کەسێکەوە هاتۆتە ئاراوە؟
وەڵامێکی ڕوون و ورد بۆ ئەم پرسیارە چی دەبێ کە کەنگێ و لە چ فۆرمێکدا نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران بە یەک ڕادە و بە یەک شێوە دڵخۆش دەبن بە مردن یان کوژرانی ڕەئیسییەکان؟