بەرپرسی ناوەندەی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران باسی لە قەرزی زیاتر لە ٧٠ هەزار میلیارد تمەنیی دەوڵەت بە مامۆستاکان کردوووە و وتوویەتی کە لە ساڵی نوێی خوێندندا کەمیی ١٧٦ هەزار مامۆستا هەیە.
بابەک نیگەهداری جەختی کردەوە کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی ٧٢ هەزار مامۆستا هەتا مانگی ڕەزبەری ١٤٠٣ خانەنشین بن و دابینبوونی هێزی مرۆیی بۆ وەزارەتی پەروەردە سەختتر بێت.
ناوبراو هەروەها کەمتەرخەمی لە پەرەپێدانی تواناکانی زانکۆی فەرهەنگیان و لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوەی ناوەندەکانی ڕاهێنانی مامۆستایان و دانانی ڕێساکانی دیاریکردنی ئەرکی دامەزراندنی مامۆستایان لە ساڵی ١٣٨٨ هەتا ١٤٠٠ی بە هۆکاری قەیرانی توانا مرۆییەکان لە وەزارەتی پەروەردە ناو برد.
بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیس باسی بێ مەیلی پیاوانی شارە گەورەکان بۆ دامەزراندنی کرد و ڕایگەیاند، ئەو مووچەیەی وەریدەگرن لەگەڵ خەرجی بژێوی ژیانیان ناگونجێت و ئەمەش بووەتە هۆی کەمیی هێزی مرۆیی زۆر لە هەندێک شار و زێدەڕۆیی هێزی مرۆیی لە هەندێک لە شارەکان .
قسەکانی بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیس دەریدەخات کە پلاندانان لە سیستمی پەروەردەیی لەژێر چاوەدێریی کۆماری ئیسلامیدا جێگایەکی نییە و نەبوونی دوورەدیمەنی پەرەپێدانی پەروەردەیی و زانستی بووەتە هۆی کێشە و گرفتی ئێستا لە بواری پەروەردەدا .
هەر لەو پێوەندییەدا، لە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢، محەممەد وەحیدی، ئەندامی کۆمیسیۆنی پەروەردەی مەجلیسی ڕیژیم، ڕایگەیاند کە ٦٨ هەزار مامۆستا لە سەرەتای ساڵی خوێندندا لە سیستمی خوێندنی ئێران هاتوونەتە دەر و ١٠٠ هەزار پۆل بێ مامۆستا بوونە.
ساڵی ڕابردوو کەمیی مامۆستا لە قوتابخانەکاندا گەیشتە ئاستێک کە ماڵپەڕی " شەبەکەی شەرق" لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢دا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کێشەکانی کەمیی مامۆستا لە قوتابخانەکانی ئێران کرد و نووسیبووی کە بەشێک لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان داوایان لە خێزانەکان کردووە بێنە سەر پۆلەکان و وانەکانی ساڵی پێشوو بە قوتابییان بڵێنەوە.
کەمیی مامۆستایان و بەڵێنەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دابینکردنی مامۆستا بۆ پۆلەکانی بێ مامۆستا، سیستمی پەروەردەی ئێرانی تووشی قەیران کردووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی.