کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردن؛ گەندەڵی و شکاندنی کەرامەت

01:10 - 16 جۆزەردان 2724

کەریم پەرویزی

ڕێکخراوەی نێودەوڵەتیی شەفافیەت، لە ماناکردنی چەمکی گەندەڵیدا ئاوا دەڵێ: "گەندڵی بریتییە لە کەلکی نابەجێ وەرگرتن لە بەرپرسایەتی لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی. گەندەڵی متمانە وێران و دێموکراسی لاواز دەکا و کۆسپ دەخاتە سەر ڕێگەی گەشەی ئابووری و هەروەها نادادپەروەری و هەژاری و درزی کۆمەڵایەتی و قەیرانەکانی کۆمەڵگە زیاتر دەکاتەوە!"

ئەوەی لە بواری ئابووری لە سیستمی دەوڵەتی و تەنانەت ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکانیش لە جیهانی سێهەم و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە ئارادایە، گەندەڵییەکی ڕوون و ئاشکرایە کە تەنانەت لە ئاستی گەندەڵیی ڕوون و ئاشکرا تێپەڕیوە و خۆی وەکوو نەریتی باو دەسەلمێنێ!

لەم جیهانە بەڵالێدراوەدا، گەندەڵی تا ئەو جێگەیە ڕەگی داکوتاوە و تۆوی بڵاو کردۆتەوە کە ئەو بەرپرسەی گەندەڵیی زۆرتر دەکا بە زیرەکتر و بەتواناتر دەبینرێ و وەکوو میراتێکی گشتی و ڕەوا چاوی لێ دەکرێ و ئەو بەرپرسەی کە لەگەڵ سیستمی گەندەڵدا نەیەتەوە وەکوو سازی ناسازی نێو ئۆرکسترا چاوی لێ دەکرێ کە سەمفۆنیا و هارمۆنیاکەی تێک داوە و دەبێ وەلا بنرێ! یاسا لێرەدا پێچەوانەیە: سیستم گەندەڵە و تاکی بەرپرسیاری دژی گەندەڵ دژە سیستم دەنوێنێ و دەبێ لابچێ! لەم کولتوورە گشتییەی گەندەڵیدا، ڕژیمی ویلایەتی فەقیهی، وەکوو سەرچاوە  و ماکەی نەک گەندەڵی بەڵکوو پاساودەری هەموو جۆرە گەندەڵییەک دەردەکەوێ و تەنانەت لە شەڕە بەرژەوەندییەکی نێو باندەکانیشدا گەر گەندەڵیی بە هەزاران میلیاردی دەر دەکەوێ، ڕێبەر دێتە سەر خەت و فەرمان دەدا کە زیاتر لەوە درێژەی ئەو بەمیدیایی‌کردنە نەدەن! چوونکە لەم سیستم‌گەلەدا خودی گەندەڵی تاوان نییە، بەڵکوو میدیایی‌کردنەکەی بە تاوانی زۆر قیزەونتر نیشان دەدرێ!

بەڵام خراپتر لە گەندەڵیی ئابووری و کەلکی نابەجێ لە بەرپرسایەتی وەرگرتن، دیاردەیەکی دیکەیە بەناوی بەلاڕێدا بردنی هەڵبژاردن و لەڕاستیدا دزی و گزەکردن لە دەنگ و ئیرادەی دەنگدەرە کە لە گەندەڵیی ئابووری و کەلکی نابەجێ وەرگرتن لە بەرپرسایەتیش خراپترە.

گەندەڵی لە دوو شت زۆر بێزارە:

یەکەم: لە بەمیدیایی‌کردن و لە ڕاستیدا لە شەفافیەت و ڕووپاکی بێزارە و هەرچی زیاتر لە دیوە داخراوەکاندا بمێنێتەوە، ڕێگەی سازان و پەردەپۆشکردن و نان‌بەقەرزدان دەدۆزێتەوە و هەرچی بگاتە نێو میدیا و ڕای گشتی، بێزارتر دەبێ و لە دەرکەوتنی ڕاستیەکان لای خەڵک نیگەرانە!

دوووهەم: گەندەڵی لە خاوێنکردنەوەی سیستم و لە هاتنی ئاوی تازە بۆ نێو گۆمەکە بێزارە، چوونکە وردە وردە بە هاتنی بەرپرسانی نوێ کە بە هەڵبژاردنی ڕاستەقینە و لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێرابن، نیگەرانە. لێیان بێزارە چوونکە تازەبوونەوە و دەنگی ئازادی خەڵک و هەڵبژاردنی ئەویتر، وەکوو تێبەردانی ئاوی خاوێن و سەرچاوی بێگەردە بۆ نێو گۆمێک و کردنەوەی ڕێگای تێپەڕینە کە گۆمەکە تێکەڵی ڕووبار دەکا و ئاوی تازە ژیانی دیکە بە دەربەنداوەکە دەبەخشێ.

هەڵبژاردن بەتەنیا دەرخەری ئازادی و دێموکراسی نییە، چوونکە گەر وا بوایە، بەشار ئەسەد و پووتین قارەمانانی دێموکراسی دەبوون، بەڵکوو هەڵبژاردن ئەوکات مانای ڕاستەقینەی خۆی هەیە کە ئازاد و دادپەروەرانە بێ و مافی تاک وەکوو سەرچاوی ڕەواییدان بە سیستم بەرەسمی بناسێ. لەڕاستیدا هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لە بەرەسمی ناسینی کۆی ئەو شتانەوە دەکرێ کە دەتوانین بە ناوی دانپێدانان بە کەرامتی مرۆڤ پێناسەی بکەین.

لێرەدایە کە هەڵبژاردن دەبێتە، ڕەوتێک بۆ نیشاندانی ئیرادەی مرۆڤ و سەپاندنی کەرامتی مرۆیی. لەم گۆشەنیگایەوە گەر بڕوانینە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە، دەبینین کە چیرۆکی ویلایەتی فەقیهـ و دیاردەیەک بەناوی هەڵبژاردن چیرۆکی دەیان ساڵەی پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤەکانە لەم جوغرافیایەدا.

لە تازەترین نموونەیدا، هەر لە نێو خودی مۆرە دەسچنەکانی سوپای پاسداران و تواوەکان لە ویلایەتی فەقیهدا، تەنانەت ڕوحمیان بە یەکیش نەکرد و گاڵتەجارێیەکیان وەڕێ خست کە دەنگی خودی پاسدارەکانیشی دەر هێنا!

دەوری تازەی مەجلیسی حکوومتی، لە بایکۆتێکی بەرفراوانی نەتەوەکانی ئێراندا بەڕێوە چوو و تەنانەت ئامارە دەسکردەکانی ڕێژیمیش سەلماندیان کە زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگە دژی ویلایەتی فەقیهە و بەشداریی نەکردوە و لە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردن لە هەندێ لە شارەکان کە مابوونەوە ، تەنانەت کەمتر لە ٨ لەسەدی خەڵکی بەشداری ئەو شانۆگەرییە بوون.

لە مەجلیسێکی وەهادا، لە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٣دا کە ویستیان دەستەی سەرۆکایەتی بۆ مەجلیسی تازە دیاری بکەن، لەنێو نزیک بە ٣٠٠ کەسی بەشداردا ژمارەی دەنگەکان کە خوێندرانەوە و دەستەی سەرۆکایەتییان دیاری کرد، بەپێی هەواڵی میدیاکانی خودی ڕێژێم ئەندامانی مەجلیس نارەزاییان دەربڕی و داوایان کرد دووبارە دەنگەکان بژمێرنەوە. دواتر دەرکەوت کە کەسی وا هەبووە نزیک بە نیوەی دەنگەکانی ناڕاست بووە و زیادییان بۆی نووسیوە!

هەر لە یەکەم شانۆی هەڵبژاردن کە ڕێفراندۆمە درۆینەکەی ڕێژیم بوو تاکوو ئەم مەجلیسەی ڕێژیم، هیچ کات دەنگی ڕاستەقینەی دەنگدەر نەخوێندراوەتەوە و هەمیشە گزەیان لە دەنگەکاندا کردوە.

لە شێوازی گزەکردن و دەسکاریکردنی دەنگ و ڕێگەنەدان بە خەڵک بۆ خۆکاندید کردن و هەرەشەکردن لە خەڵک بۆ بەشداری و هەروەها بەزۆرەملێ دەنگدان بە کاندیدی دیاریکراو و هەتا دەیان شێوازی دیکەی دەسکاریی هەڵبژاردنی ڕاستەقینە، کۆماری ویلایەتی فەقیهی ئەزموونی دەیان ساڵەی هەیە و تەنانەت ئەم مێتۆدانەشێ بۆ وڵاتانی دیکە و هەندێ شوێن کە تێیدا نفووزی هەیە هەناردە کردوە!

ئێستا دوای بەخەڵووزبوونی ڕەئیسی و هەیئەتە تێرۆریستییەکەی هاوکاری، کۆماری ئیسلامی دەیەوێ گەڕێکی دیکەی شانۆگەریی هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی ڕەئیسی وەڕێ بخا و هەندێ مۆرەی دێنێ و بازاریان پێ گەرم دەکا و لە کۆتاییشدا مۆرەیەکی پێویست بۆ ئەم سەردەمی ڕێژیم دەخاتە بەر ویترین. گزەکردن و چنینی مۆرەکان و دوایەش دەسکاریکردنی هەموو بنەماکانی هەڵبژاردنی ئازاد وەکوو نەریتی هەمیشەیی جێبەجێ دەکا و شانۆیەکی دیکە بەڕێوە دەبا. لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە بۆ شاردنەوەی تاوانبارییەکانیان لە دەستەواژە سیاسیەکاندا چەمکێکی تازەشیان چەندین ساڵە داهێناوە بە ناوی موهەندیسیی هەڵبژاردن! ئەوەی کە بۆ ئەم کردەوە ناشیرینەیان، ناوی موهەندیسیی لێ دەنێن، لە ڕاستیدا دەیانەوێ لە باری خراپی مانای گزەکردن لە دەنگی خەڵک و تاوانەکانیان کەم بکەنەوە و بە هێنانە ئارای وشەی موهەندیسی، جۆرێک لە زیرەکیی شاراوە بە کارەکانیانەوە بلکێنن، وەکو ئەوەی کە دەسکاریی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بە جۆرێک لە زیرەکی و توانا نیشان بدەن و بە وشەی موهەندیسی، ڕەوایی بە تاوانەکەیان بدەن. دەنا لە ڕاستیدا ئەوە نەک موهەندیسی نییە، بەڵکوو سووکایەتی بە کەرامەتی مرۆڤەکانە.

گەندەڵیی ئابووری هەروەک لە سەرەتاوە باس کرا، کەڵکی نابەجێ وەرگرتنە لە بەرپرسایەتی و ئەو خراپییانەی هەیە کە باس کران، بەڵام دەسکاریی هەڵبژاردن، لە گەندەڵی خراپترە، چوونکە هەم کەڵکی نابەجێ وەرگرتنە لە بەرپرسایەتی و هەم دەنگی مرۆڤەکانیش بە هیچ و بێ‌بایەخ دەبینێ و لەراستیدا گەر گەندەڵی، چاوی تەماح بڕێنە لە گیرفان و نانی سەر سفرەی خەڵک، دەسکاریی هەڵبژاردن لێ‌سەندنەوەی ناسنامەی مرۆڤە لە تاکەکان و پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆییانە.