شاڕۆخ حەسەنزادە
١٢ی جۆزەردانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی بەندیی سیاسی لەلایەن ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیاری کراوە. ساڵی ١٣٦٢ و لەو ڕۆژەدا ٥٩ لاوی کوردی خەڵکی مەهاباد کە بەشێکیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بوو لە پڕۆسەیەکی نادادپەروەرانەی قەزاییدا حوکمی سێدارەیان بۆ بڕایەوە و بە شێوەی تیرباران گیانیان لێ ئەستێنرا.
سەبارەت بە خۆڕاگری، بوێری و بیروباوەڕی بەرزی زیندانیی سیاسیی کورد زۆر شت گوتراوە و دەگێڕدرێتەوە. بەڵام لێرەدا مەبەستمە بەراوردێک لە نێوان دوو کەسایەتیی مەزن و زیندانیی سیاسی بکەم کە دەورێکی بەرچاویان لە ڕەوتی هزر و ئەندێشە، ڕەوشت و ئاکار هەروەها بیری نەتەوایەتیدا گێڕاوە: "سوقڕات" و "پێشەوا قازی محەممەد". ئەو دوو کەسایەتییە ئەگەرچی هەم چاخەکانیان جیاوازە و هەمژی هۆکار و تۆمەتەکان تەوفیریان دەگەڵ یەکتر هەبووە، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی قوتابیانی وەک ئەفلاتۆن و گەزنێفۆنەوە ڕاپۆرتی ژیان، کاروچالاکی و دادگایی کردنەکەی سوقڕات زۆر بە وردی بڵاو بۆتەوە بەڵام وەک دەزانین هەتا ئیستاشی دەگەڵ بێ، بەڵگە و نهێنییەکانی چۆنیەتیی دادگاییکردنی پێشەوا قازی محەممەد و دیالۆگی نێوان بەشداربووان هەر بە شاراوەیی ماوەتەوە، وێرای هەموو ئەمانە لە چەند ڕەهەندی وەک "بیروباوەڕ، نیشتمانپەروەری، زانستپەروەری، خۆڕاگری، ڕەوشتبەرزی و باوەڕمەندبوون بە دادپەروەری و ئازادی" وێکچوونی زۆریان لەتەک یەکتر هەبووە کە ئەم تایبەتمەندییانە لەلایەن سوقڕاتەوە وەک "فەزیلەت" پێناسە دەکرێ و لە دەروونناسیی زیندانیی سیاسییدا بەتایبەت لە کوردستان وەک ئەخلاقێکی بەرز، ڕۆچووەتە نێو بیر و ئاوەز و وەک نەریتێکی ئەخلاقی لێ هاتووە.
بەرگریی سوقڕات وەک فەیلەسووفێکی مەزن لەلایەک و قازی محەممەد وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نەتەوەی کورد لەلایەک دیکە میناکێکە لە ڕەوشتبەرزی، نیشتمانپەروەری، خۆڕاگری و بوێری و بیروباوەڕی قووڵ بە ڕێبازەکەیان بەتایبەت لە کاتی دادگایی کردنیاندا سەرنجڕاکێش و جێی تێڕامانە. هەم ڕەوتی دادگایی کردنی سوقڕات و هەم هی قازی محەممەد وەک دوو دادگای مێژوویی سەیر دەکرێن کە ئەوەی پێشەوا لەبەر ئەوەیکە ٢٥٠٠ ساڵ دوای دادگای ئاتێن بووە لە بواری زانست و پێشکەوتنەکانی ڕۆژەوە گرنگتریشە کە لە ئێران و تەنانەت ناوچەکە و جیهانیش وەک مەزنترین ڕووداوی ئەو سەردەم دێتە پێناسە کردن، کاتێک سەرۆککۆماری نەتەوەیەک لەبەر مافی نەتەوایەتی، ئازادیخوازی و سەربەستیی نیشتمانەکەی دادگایی دەکرێ و دواتر لەسەر خاکی خۆی و لەبەر چاوی نوێنەرانی وڵاتانی دێموکراتیک لەسێدارە دەدرێ؛ پێویستە زیاتر بایەخی پێ بدرێ و لێی بکۆڵدرێتەوە و لەسەری بنووسرێ.
"کریتۆن" وەک دووهەمین گوتاری سوقڕات (لە نووسینی ئیفلاتوون کە لەسەر سوقڕات و بە ناوی گوتوبێژی سوقڕات بڵاو بووەتەوە) شتێکی زۆر تایبەتمان پێ دەڵێ. لەو گوتارەدا، کریتۆن کە قوتابیی سوقڕات بووە، دەچێتە سەردانی و لە بەندیخانەدا پیشنیاری ئەوەی پێ دەکات بە یارمەتیی ئەو و پووڵ و پارە هەڵبێن، دوای باس و خواستێکی زۆر، سوقڕات وەک نەریتی فەلسەفەی ئەخلاقی خۆی بە پرسیارکردن دەگاتە ئەو جێگایەی کە ئەگە ئەم کارە نەشیاوە بکەم و هەڵبێم دەبێ چۆن لە سەرم قسە بێتە گوتن؟ بە خۆی و کریتۆن دەڵێ: سوقڕات تۆ کە بانگەشەی ئەوە دەکەی هەموو تەمەنت بەدوای لێهاتوویی و زانستدا گەڕاوی، ئەوە کردەوەیە بە دادپەروەری و مافی خۆت دەزانی؟ بەو هەمووە زانایی و ئاوەزی هەتە هێشتا نازانی نیشتمان زۆر لە دایک و باوکیش لەسەرترە و لای خوا و هۆگرانی زانست زۆر بەڕێزتر و پیرۆزترە لە هەموو باب و کال؟ نازانی ئەگە نیشتمان لێت بتۆرێ و تووڕە ببێ دەبێ زیاتر لە دایک و باوکیشت ڕێزی لێی بگری و سەری لەبەر هەڵنەهێنی و بە پشوودرێژی هەوڵ بدەی ئەهوەنی بکەیەوە و ئەگە ئەم کارەشت لەدەست نەهات دەبێ گوێڕایەڵی بی، ئەگە لێی دای یان دە بەندیخانەی کردی یان بتنێرێتە مەیدانی شەڕ و بەرەو مردنیش پەلکێشت بکات نابێ لێی وەرسووڕێیەوە و دەبێ چ لە دادگە چ لە بەرەی شەڕ کارێک بکەی نیشتمان چاوەڕێیی لێت هەیە، یان بەوپەڕی لەسەرخۆیی، ئەهوەنی و بەڵگەمەندیی بۆی ڕوون بکەیەوە ئەوەی دەخوازێ و دەیڵێت بەپێی ماف نییە؟ مەگە هەتا ئێستا بۆت دەرنەکەوتووە ملهوڕی لەبەرانبەر دایک و باوکت سووچ و تاوانە و لە بەرانبەر خاک و نیشتمان زۆر گەورەتریش؟"
دوای جووڵەی ئەرتەش، لانیکەم دووجار هاوڕێ و هاوکارانی پێشەوا دەچنە سەردانی و داوای لێ دەکەن مەهاباد بەجێ بێڵیت و لێی دەربچیت. مەلا مستەفا بارزانی جاری دووهەم دەچێتە لای و ئەو داوایەی بەوپەڕی ڕێزەوە لێ دەکات و پێی دەڵێ ڕەگەڵم کەوە لەو وڵاتە دەچینە دەر. بەڵام قازی قبوولێ ناکات، تەنانەت کاتێک قازیی دادگا (عەتایی) لێی دەپرێست؛ ئایا پەژیوان نی دەگەڵ مەلا مستەفا نەڕۆیشتی؟ دەڵێ: ئەگە مردنێکی ئاوا سەربەرزانە بە نسیبم بێ، هیچکات. چوونکە من بەڵێنیم بە نەتەوەکەم دابوو پێکەوە دەژین و پێکەوە دەمرین، دەزانی ئەگە هەڵاتبام و بۆی دەرچووبام بە پاساوی ئەوە، خەڵکتان ڕەشەکوژ دەکرد، جا چوونکە بە تاوانی ئازادی و سەربەستیی نەتەوەکەم، خاک و نیشتمانم دەکوژرێم و هەروەها بەهۆی ئەوەیکە لای خوا و گەلەکەم، شەرمەزار نیم، گەلێک خۆشحاڵ و بەختەوەرم".
یەکێک لەو تۆمەتانەی خرابووە پاڵ سوقڕات ئەوە بووە کە دژی خواکانی ئەوسەردەمی یونان بووە و خەڵکیشی بۆ ئەوە هان داوە دەگەڵ ئەو تاوانەی قازی کە لە ٢٢ بەنددا ئامادە کرابوو وێکچوون هەیە. یەک لە گەورەترین تاوانە وەپاڵدراوەکانی قازی ئەوە بووە خەڵکیان فێر کردووە دژی شا درووشم بدەن و دژایەتیی پاشایان دەکرد. لێرەدا شا وەک سێبەری خوا سەیر کراوە و دژایەتی دەگەڵ شا بە مەزنترین تاوان داندراوە!
یان لە چۆنیەتیی وڵامدانەوە و بوێریدا لە "ئاپۆلۆژی"دا -یەکەم گوتاری بەرهەمەکەی ئەفلاتۆن لەسەر سوقڕات- هاتووە؛ کاتێک نۆرە دەگاتە سوقڕات بۆ بەرگری لە خۆی لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێ: خەڵکینە هیچکات بۆ دڵۆپە خوێنێک ناپاڕێمەوە، وەک ئەوانەش ناکەم کاتێک لەبەرانبەر دادگا ئامادە دەبن دەترسێن و دەلەرزن، مناڵە بچووکەکەیان دێنن، دەپاڕێنەوە و دەگرین، منیش لە داربەڕوو و بەرد لەدایک نەبوومە وەک ئێوە بەشەرم، کەسوکارم هەیە، هەست و سۆزم هەیە بەڵام پێم عەیب و شوورەییە ئەو کارانە بکەم بەتایبەت بۆ ئاتێنییەکان بە سووکایەتیی دەزانم. زۆر کەسم دیوە شیریان تیژ و نەعرەتەیان خەڵکی دەلەرزاند بەڵام کاتێک لەبەردەم دادگا دەوەستان گڕگڕ دەلەرزین دەتگوت ئەگە بمرن دەردی موفاجا دەگرن و ئەگە نەکوژرێن بە ژیانێکی هەرماو دەگەن! غەوارەیەک ئەو دیمەنانە ببینێ دەڵێ خەڵکی ئاتێن کێیان بە سەرکردایەتیی خۆیان هەڵبژاردوە یان چۆنیان خەڵک پەروەردە کردووە...". ئەمە لە دادگای قازییەکانیشدا هەبووە و بەجۆرێک ئەم تراژێدیا حیماسییە دووپات دەبێتەوە.
لە ڕاپۆڕتەکاندا هاتووە: قازی محەممەد لە هەموو دانیشتنەکانی دادگادا بەوپەڕي خۆڕاگری، بوێری و شەهامەتەوە قسەی کردوە، تەنانەت بۆ جارێکیش نەبینرا قازی محەممەد سەری داخات یان بترسێ و لە کردەوەکانی خۆی داوای لێبوردن بکات و ئەو گوتەیەمان زۆر بیستوە کە یەکێک لە ئەفسەرەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکانی دادگاکە دواتر نووسیویەتی ئەوە دادگا نەبوو قازیی مەحاکەمە دەکرد، بەڵکوو قازی محەممەد بوو دادگای مەحاکەمە دەکرد. یان کاتێک پێشەوا جیا دەکەنەوە و دەیبەنە دواهەمین ژووری پێش سێدارە بە "پارسی تەبار" دەڵێ: ئێوە لە تەرمی ئێمەش دەترسێن، ئەگە دەتانهەویست لەسێدارەمان بدەن بۆچی درۆتان کرد و گوتتان دەتانبەینە تاران، وادیارە ئێوە خەڵکانێکی دووڕوو و درۆزنن..." دوای چەند قسەیەکی دیکە، پارسی تەبار بە قازی دەڵێ: قازی بۆ واز ناهێنی؟ هەتا سێدارە تەنیا چەند هەنگاو ماوە، خێرا وەسیەتنامەیەک بۆ ماڵ و منداڵت بنووسە..." قازی لە وڵامدا دەڵێ: ماڵ و منداڵی من نەتەوەی کورده، کەسێک وەک تۆی سەولەخۆر و گۆپاڵبەدەست کوا شتی وا دەزانی..." ئەمیر پەرویز لەم بارەیەوە دەڵێ: قازی محەممەد ڕەنگی نەگۆڕابوو و هیچ جۆرە ترس و دڵەڕاوکێییەکی پێوە دیار نەبوو. ئارام و لەسەرخۆ بوو، تەنانەت وا وێنەدەچوو چەند خولەکی دیکە هەڵیداوەسن، ئەو پیاوێکی بەغیرەت و چاونەترس و ئازادیخواز بوو...". کاتێک قازی محەممەد دەبەنە ژێر تەنافی سێدارە دەستماڵێکیان هێنا هەتا چاوی پێ ببەستن، بەڵام قازی محەممەد ئیزنی نەداو و گوتی: هەی خیانەتکارینە من لە بەرانبەر نیشتمان و گەلەکەمدا شەرمەزار نیم هەتا چاوم ببەستن... دەمهەوێ لە دوا ساتەکانی ژیانم بەوپەڕی سەربەرزی و شانازیییەوە بڕوانمە کازیوەی نیشتمانە خۆشەوسیت و جوان و لەبەردڵانم کە چۆن تاریکی شەق دەکات."
لە گێڕانەوە گوتاری "فایدۆن"ـیشدا ئەو لەسەرەخۆیی، چاونەترسی و بوێری و خۆڕاگرییەی سوقڕات وێنا کراوە کە چۆن لە دوامین ساتەکانی ژیانیدا جامی ژەهرەکە وەردەگرێ و بەبێ هیچ ترس و دڵەڕاوکەیەک پێی دادەکات و بەئارامی لەشی سڕ دەبێ و کۆتایی بە ژیانی دێت.
***
* ئەوە بەشێک بوو لە گوتاری "فەزیلەتی زیندانی سیاسی" کە بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان ڕۆژی زیندانیانی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن نووسەری ئەو دێڕانە پیشکەش کرا و بەو هیوایە لە دواڕۆژێکی نزیکدا بەشێوەیەکی تۆکمەتر وەک وتارێکی سەربەخۆ چاپ و بڵاو بکرێتەوە.