کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو پرسیارانەی لەبارەی مردنی سەرۆک‌کۆماری ئێران درێژەیان دەبێ

01:42 - 16 جۆزەردان 2724

گۆڤاری تایم – کای ئارمین سەرجویی

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

کاتێک هێلی‌کۆپتەری هەڵگری سەرۆک‌کۆماری ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، لە ١٩ی مانگی مای دیار نەما، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان باسی ٩ مسافیری نێو ئەو هێلی‌کۆپتەرەیان کرد، لە ناویاندا دوو پارێزەر. بەڵام، کاتێک لە کۆتاییدا لاشەی هێلی‌کۆپتەرەکە دۆزرایەوە، دەر کەوت هەشت تەرمی تێدا بوون. چوار ڕۆژ دواتر، نهێنیی پارێزەری دووهەم لە پۆستەکانی سوسیال‌مێدیادا ئاشکرا بوو: جەواد مێهرابی، بە نابەدڵی لەلای دواوەی ڕێوەڕەسمی پرسەی ڕەئیسی پاڵی لێ‌دابۆوە. هەواڵدەرییەکان ڕایانگەیاند کە لە دوایین خوڵەکدا، بەرپرسەکەی، مێهدی مووسەوی، ناوبراوی لە هێلی‌کۆپتەری سەرۆک‌کۆمارەوە گواستبۆوە بۆ یەکی دیکە لەو دوو هێلی‌کۆپتەرانەی ئەو ڕۆژی لەگەڵ کاروانەکە بوون.

دوای مردنی مووسەوی لە بەربوونەوەکەدا، باوکی بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی ئێرانی گوت ئەو دەیزانی کوڕەکەی لەو سەفەرە ناگەڕێتەوە. باوکەکە ڕوو بە کامێرا دەڵێ، "شەوی پێش سەفەرەکە سەردانی کردین. ئەو ماڵاوایی لێ خواستین و چووە نێو ئوتومبێلەکەیەوە، بەڵام گەڕایەوە و ٢٠ خولەکی دیکە لە لامان مایەوە. پاشان ڕۆیشت، بەڵام دوای مەودایەکی کورتی هاژووتن، دیسان گەڕایەوە و ١٠ خولەکی دیکە لە گەڵمان بوو." گریان قوڕگی دەگرێ و درێژە بە قسەکانی دەدا، "سێهەم جار کاتێک ماڵاوایی کرد دایکی ماچ  کرد و پاشان لاقەکانی دایکی ماچ کرد، منی ماچ کرد و پاشان داهاتەوە و لاقەکانی منیشی ماچ کرد. ئەوە ئەوکاتی بوو کە زانیم قەت ناگەڕێتەوە، دەمزانی قەت نایبینینەوە."

پارێزەرەکان ئەندامی یەکەیەکی تایبەتیی سوپای پاسداران بوون، ئەو هێزە سەربازییە کە لە ١٩٧٩ دروست کرا  تا جێگای ئەرتەش بگرێتەوە کە دەوڵەتی ئایینی نوێی ئێران متمانەی پێ نەدەکرد. یەکەکە، سوپای ئەنسارولمەهدی، بەرپرسی ئاسایشی تاکەکەسیی کاربەدەستە پلەبەرزەکانی ڕێژیمە. بۆ ئەو مەبەستە، ئەندامەکانی تەلەفۆنی تایبەتییان پێیە کە نەتەنیا بۆ پەیوەندیی دڵنیا دەبێ، بەڵکو بۆ شوێن‌پێ‌هەڵگرتنی بەردەوامیش کەڵکی لێ وەردەگیرێت. ئەو ئامێرەی مووسەوی پێی بوو، دەبوو بۆ دیاریکردنی شوێنی کەوتنە خوارەوەی هێلی‌کۆپتەرەکە، کە لە دەشتودەرێکی دژوار لە نزیک سنووری ئێران لەگەڵ ئازەربایجان هەڵکەوتووە، بەکەڵک بێ. لەگەڵ ئەوەشدا ١٦ کاتژمێری پێ چوو تا فریاگوزارەکان گەیشتنە ئەوێ.

وێناچی سوپا لەژێر شک و گومان دابێ، لانیکەم بەگوێرەی پلە بەرزترین کاربەدەستی ئێران: لە وێنەیەکی ڕێوەڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕەئیسی و قوربانییەکانی دیکە دا، پارێزەرانی سوپا دوو لە سەر سێی ئەو کەسانەیان پێک دێنا کە لە پشت ڕێبەری گەورە، عەلی خامنەیین. وەک هەمیشە، گەرووی بە جەمەدانی دەوری گەردنی، کە نیشانەی نزیکییەتی لە سوپای پاسداران، گەرم ببوو.

زیاتر لە حەتوویەک دوای کوژرانی ڕەئیسی، پرسیارە پڕ لە ڕازەکان نەتەنیا لەبارەی کەوتنە خوارەوەکە، بەڵکوو هەروەها لەبارەی ئەوەی لەمەو دوا ڕوو دەدا درێژەیان هەیە. بەشێک لە پرسیارەکان وڵامەکانیان ئاشکرایە: ترانسپۆندەری (ئامێری دیاریکەری شوێنی هێلی‌کۆپتەر یان فڕۆکە) باڵەفڕی کاربەدەستە پلەبەرزەکان وەک نەریتی هەمیشەیی، لە ترسی شوێن هەڵگیران لەلایەن دەوڵەتانی دوژمنەوە، کوژابۆوە. کاتێک هێلی‌کۆپتەرەکە کەوتە خوارەوە، لە ترۆپکی گردێک لە باکووری ڕۆژاوای ئێران، مسافیرێک هێندە ساغ بوو کە توانی بە موبایلی فڕۆکەوانەکە زەنگ لێدا، ئەو هەوڵی دا شوێنی کەوتنەخوارەکە شی بکاتەوە، بەڵام لە چاوەڕوانیی فریاگوزاراندا گیانی سپارد. بە هۆی ئەوە کە ناوچەکە بە شێوەی پێویست لەژێر پۆششی سیستەمی موبایلدا نەبوو، نەدەکرا بە یارمەتیی ئەو سیستەمە شوێنەکە بدۆزرێتەوە.

هێشتا ڕەنگبێ هێندێک پرسیاری دیکە بکرێ بە یارمەتی تەکنیکی لێکۆڵینەوەی تاوانکاریی وەڵام بدرێنەوە. بەرپرسی نوسینگەی ڕەئیسی کە لە هێلی‌کۆپتەرێکی دیکەدا بوو، گوتی ماوەیەکی کورت پێش بزربوونی ئەو هێلی‌کۆپتەرەی سەرۆک‌کۆماری تێدابوو، فڕۆکەوانەکەی فەرمانی بە دوو هێلی‌کۆپتەرەکەی دیکەدا بەرەو بەرزایی بفڕن تا دەگەنە سەرەووی ئەو هەورانەی دەوری ترۆپکی گردەکەیان دابوو. هێلی کۆپتەرەکانی دیکە ئەو کارەیان کرد، بەڵام کەس هیچی دیکەی لە هێلی‌کۆپتەری سەرۆک‌کۆمار نەبیستەوە.

هێندێک زانیاریی، ئەگەرچی سەرنجڕاکێشە، بەڵام دەکرێ لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێ. ئێرانییەکان دەتوانن گێڕانەوەی باوکەکە، بدەنە پاڵ دڵ خەبەردانی کەسانی بڕوامەند. بەڵام خەڵکی دیکە وەک بەڵگەی بوونی پیلانێک سەیری دەکەن، شتێک کە یەکەم جار نییە لە ڕێژیمێکدا ڕوو بدا کە بە لێڵکاریی و دڕندەییەکەی ناسراوە. پیرە دایکی ڕەئیسی، کە بەئاشکرا تووڕە دیار بوو، داوای مەرگی "هەر کەسێک بێجگە لە خودای دەکرد کە کوشتوویەتی."

کوڕەکەی لەلایەن زۆر کەسەوە وەک جێگرەوەی خامنەیی سەیر دەکرا کە ٨٥ ساڵ تەمەنیەتی و لێکدا لێکدا هەواڵی خراپبوونی باری تەندروستییەکەی بڵاو دەبێتەوە. لەو هەوڵەدا، ڕەئیسی لە لایەن توندئاژۆترین بەشی ڕێژیم، واتە بەرەی پایداری، پشتگیریی لێ دەکرا. وەک سەرۆک‌کۆمار، ڕەئیسی بڕیاری سەرکوت بە مەبەستی سەپاندنی یاسای "عفاف و حجاب"ی دەرکرد، کە لە ٢٠٢٢ بووە هۆی بە داوەوەبوونی مەهسا (ژینا) ئەمینی، کە لە کاتی دەستبەسەرکران لەلایەن بەناو پۆلیسی ڕەوشتەوە بە هۆی لەبەر چاو نەگرتنی ئەو یاسایە کوژرا. ئەو هەروەها ڕوخساری ڕێژیم لە کاتی سەرکوتی ئەو جووڵانەوەیە بوو کە کوژرانی ژینا هاندەری دەستپێکی بوو و دروشمی ژیان، ژیان ئازادی تێدا بەرز کرایەوە. ئەو سەرکوتە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە خەڵکی ئێران. کوژرانی ڕەئیسی لە کاتی گەڕانەوە لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی بەنداویک بە نێوی قیز قەلاسی -قەڵای کیژان- لە لایەن هێندێک کەس وەک دادوەرییەکی شاعیرانە سەیر کرا.

ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ ڕەئیسییان وەک ئەندامی "کۆمیتەی مەرگ" دەناسی کە لە ١٩٨٨ بڕیاری ئیعدامکردنی لەگۆترەی هەزاران بەرهەڵستکاری لێ‌کەوتەوە و لەلایەن کاربەدەستانی خودی ڕێژیم وەک "مەزنترین دڕندەیی  ڕێژیمی ئیسلامی ... کە لەبەر ئەوهۆیە ئێمە لە لایەن مێژوو مەحکوم دەکرێین" باسی لێوە کراوە.

ڕەئیسی، کە تەنیا ١٠ ساڵ لەوەپێش بۆ زۆربەی خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر نەناسراو بوو، تەنیا کاتێک کە باسی جێگەرەوەی خامنەیی خەریک بوو پەلەی لێ دەکرا، بەخێرایی بووە خاوەن ناوبانگی نیشتمانی. دەنگۆی ئەوە هەن کە ڕێبەری گەورە بەرنامەی بۆ کوڕەکەی، موجتەبا خامنەیی، هەیە کە ببێتە جێگرەوەی. کاتێک لە وتارێکدا، تەنیا چەند کاتژمێر دوای بێسەروشوێن بوونی ڕەئیسی، خامنەیی نزای بۆ گەڕانەوەی بە سڵامەتی بۆ کرد بەڵام پێداگریی کرد کە "خەڵک دەبێ دڵنیا بن کاروباری دەوڵەت تووشی هیچ تێکچوونێک نابێ"، شێوەی لەسەرخۆی لێدوانەکەی، سەرنجی زۆر کەسی ڕاکێشا.

ئەوە یەکەم جار نەبوو کەسێک کە هاوڕای بۆچوونی خامنەیی لەمەڕ داهاتووی ئێران نەبوو بە شیوەیەکی گوماناوی کۆتایی هاتبێ. لە ٢٠١٧، سەرۆک کۆماری پێشووتر، ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی لە مەلەوانگەیەکدا مرد. وەک دامەزرێنەرێکی کۆماری ئیسلامی، ڕەفسەنجانی دەوری یەکلاکەرەوەی لە گەیاندنی خامنەیی بۆ پلەی هەرە بەرز هەبوو. بەڵام لە دەیەکانی دواتر، هێندە لێک دوور کەوتبوونەوە، کە لە کاتی مردنیدا، ڕەفسەنجانی وەک مەزنترین بەرهەڵستکاری رێبەری گەورە لەنێو ڕێژیم سەیر دەکرا. کاتێک بنەماڵەی ڕەفسەنجانی ڕایانگەیاند کە ئاستی تیشکی ڕادیۆ ئەکتیڤی تەرمەکەی گەلێک لە ئاستی دڵنیا بەرزتر بووە، داوای پشکنینی پزیشکیی تەرمەکەیان کرد. داوایەکە ڕەت کرایەوە و ماوەیەکی کورت دواتر پەروەندکەی داخرا. کە واتە ئەوجار بەو شێوەیە بوو: لە یەکەم کاتژمێرەکانی کەوتنە خوارەوەی هێلی کۆپتەرەکە، شەڕێک بۆ پێناسەکردنی ماناکەی دەستی پێ کرد. لێکۆلێنەویەکی سوسیال مێدیا ئاشکرای کرد کە ٪٢٢ لە ئەژمارەکانی ئیکس (تویتەری پێشوو) کە خەریکی باسەکانی کەوتنە خوارەوەکە بوون، ساختە بوون. بەگوێرەی کۆمپانیای ئاسایشی سایبەری، سایبرا، "هەڵمەتێکی بەلارێدابردنی پێشکەوتوو لە ئارادا بوو" بەو ئەگەرە "کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا بگاتە ٦ میلیۆن خوێنەر".

سایبرا، کە بنکەکەی لە تێل ئاڤیڤە، دەڵێ تیۆرییەکی پیلانگێڕیی تۆمار کردوە کە لە سەرهێڵ لە ئارادا بوو و دەیهەویست وا بنوێنێ کە گوایە سیخوڕێکی موساد بە ناوی "ئێلی کۆپتەر" هۆی خستنە خوارەکە بووە. ناوەکە وەکو گاڵتە بە زمانی عیبری لە سۆسیال‌مێدیادا بڵاو ببۆوە، بەڵام ئاژانسی سیخوڕیی ئیسڕائیل چەند زانستوانی پلەبەرزیی ناوکی ئێران و کەسایەتی سەربازیی لەو ساڵانەی دواییدا کوشتوە. ئەگەرچی لە لایەن کاربەدەستانی ئیسڕائیلی هەر جۆرە دەورێکی ئەوان لە کوشتنی ڕەئیسی دا ڕەت کرایەوە، بەڵام بۆچوونەکە هەیە.

تەنیا دوو مانگ پێشتر، لە تۆڵەی هێرشێکی ئیسڕائیلی بۆ سەر کۆنسولخانەی ئێران لە سووریە کە بووە هۆی کوژرانی دوو ژەنڕاڵ، تاران، وەک یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی ئیسڕائیل، ٣٠٠ هاژەک و درۆنی بە ئیسڕائیلەوە نان. دوای هێرشی عێراق بە هاژەکی سکاد بۆ سەر ئیسڕائیل لە کاتی جەنگی کەنداو لە ١٩٩١، ئیسڕائیل پلانی کوشتنی سەرۆک‌کۆماری عێراق، سەددام حوسێنی داڕشت، بەڵام ڕووداوێک لە کاتی ڕاهێنان بۆ ئەو هێرشە کە بووە هۆی کوژرانی پێنج کۆماندۆی ئیسڕائیلی، بەرنامەکەی وەستاند.

هەڵمەتێکی دیکەی پشتگیریکراو لە لایەن ئەژماری ساختەوە، ئەو بۆچوونە بوو کە "ڕەئیسیی وەک پاڵەوانی نیشتمانیی دەناساند"، و کەڵکی لە هەمان هاشتاگ وەردەگرت کە لایەنگەرەکانی بەکاریان دەهێنا. ئەژماری ساختە هەروەها خەریکی گێڕانەوەیەکی دیکەش بوون کە ڕەخنەیان لێ دەگرت، بەڵام دەربڕینی کەیفخۆشیی جەماوەریی شتێکی ڕاستەقینە بوو. کورتە ڤیدیۆی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە لایەن ڕێژیمەوە کوژراون بڵاو بوونەوە کە لەواندا لە خۆشیان سەمایان دەکرد و هێندە بوێرانە بوون کە پۆلیس دەستی بە دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانە کرد کە پێی وا بوو بە شێوەی سەرهێڵ "بێ ڕێزییان" بە ڕەئیسی کردبوو.

کاربەدەستان ڕەنگبێ بەو هیوایە بوون کە مردنی سەرۆک کۆمارێک لە کاتی خزمەت کردندا ببێتە هۆی ورووژاندنی هۆگریی بۆ کۆماری ئیسلامی. بەڵام کەلێنی نێوان ڕێژیم و کۆمەڵگە ویدەچی ئەوەندە قووڵ بێ کە بە مردنی ڕەئیسی پڕ نابێتەوە.