ئەلبورز ڕوویینتەن
ئەو وتەیەی کە شۆڕش منداڵەکانی خۆی دەخوات زۆر گوتراوە. دیارە خاوەنی ئەو ڕستەیەش زۆر ڕوون نییە، هەندێک بۆ گئورگ بوشنر، شانۆ نووسی ئەڵمانی لە سەدەی نۆزدەی دەگەڕێننەوە و، هەندێک بە وتەیەکی فرانتس فانۆنی فەڕانسەوی ئەلجەزایری دەزانن.
ئەگەر بۆ بنج و بنەوانانی ئەو وتەیە بگەرێینەوە بێگومان دەبێ بۆ زۆر کۆن و سەردەمی ئەفسانەکانی یونان بگەڕیێنەوە. بۆ ئەو کاتەی خوای ساتورن لە ترسی ئەوەی منداڵەکانی شوێنی ئەو نەگرنەوە، دەیخواردن. ئەو ئەفسانەیە لە لایەن نیگارکێشی ئسپانی فرانسیسکۆ گۆیا لە سەدەی نۆزدە لە تابلۆیەکدا بە ناوی ساتورن کێشراوە کە بە یەکێک لە نیگارە سیاسیەکان دادەنرێت.
زیاتر لە وتە ئەگەر بۆ مێژووی شۆڕشەکان بڕوانین دەبینین کە ڕاستییەکی زۆر لەو وتەیەدا هەیە. لە ڕەوتی شۆڕشی فەڕانسەدا و دوای هاتنە سەر کاری ڕوبسپیر، بینیمان کە ناوبراو بە هەزاران کەسی کوشت. شۆڕشی ١٧ی ئۆکتۆبەری مارکسیستەکانیش بە تێرۆری ترۆتسکی و کوشتنی خەڵکێکی زۆر جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماند، تەنانەت لە سەردەمی ستالین ئیتر ئەوە وەک نەریتێکی باو بوو کە هەر کەس بە دوور یا نزیک مەترسیی لەسەر دەسەڵاتەکەی هەبا ئەوە بە شێوەیەک لە نێو دەبردرا. بێگومان لە نێو هەموو شۆڕشەکان هەر لە کوباوە بگرە هەتا چین دەبینین منداڵەکانی شۆڕش لەلایەن خودی شۆڕشەوە بەردەوام لە نێو بردراون و تێداچوون.
ئەگەر بێینە سەر شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە دەبینین کە وەک بەشێک لە ژیانی کۆماری ئیسلامی لێ هاتووە بە جورێک کە ئەگەر یەکێک لە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت ئەگەر بە مردنی سروشتییش مردبێت کەس باوەڕ ناکات. چونکە بە سەدان ڕووداوی ئاشکرا و و نهێنی لەسەر لە نێوبردنی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی نێوخۆیی دەسەڵاتدا هەیە، بە جورێک ئیتر نیشاندانی وێنەی کۆنی ڕێبەران بەبێ فوتوشۆپ بۆ لابردنی منداڵە کوژراوەکانی شۆڕش زۆر مومکین نییە.
تازەترین نمونەی ئەو ڕووداوانە بەسەرهاتی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیم بوو کە بە نزیکترین کەسی خامنەی دادەنرا، هەر چەند ئەو زۆر نزیکبوونەش مەترسییە و بووە هۆی ئەوەی گیانی خۆی لەسەر دابنێت. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین ڕووداوەکەی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری ڕەئیسی و دیتنەوەی جەنازەکان و تەنانەت لێکۆلینەوە و لێدوانی دژ بە یەکی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەوەندە پرسیارخوڵقێنە کە ئەگەری کوشتنی رەئیسی لە هەموو ئەگەرێکی دیکە زیاتر لە ڕاستی نزیک نیشان دەدات.
ژیانی ڕەئیسی لەنێو کۆماری ئیسلامی ژیانێکی پڕ خزمەت بە ڕێژیم و بە تایبەت خزمەت بە خامنەیی بوو، بە جورێک بە درێژایی تەمەنی ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە کوشتنی خەڵکی دژبەری کۆماری ئیسلامی و، دەوری بەرچاوی هەبوو لە دەوڵەمەندکردنی ماڵی خامنەیی. کەچی سەڕەڕای هەموو ئەو خزمەتانەی کردنی مەرگێکی گوماناویی چارەنووسی یەکلا کردەوە و گومانلێکراوە سەرەکییەکەش لە مردنیدا هەر خامنەییە.
مەرگی رەئیسی ئەوەشی سەلماند کە ئیتر "انقلاب" نەک بەشێکی زۆری منداڵانی کوشت، بەڵکو ئیتر منداڵیشی بۆ خۆی نەهێشت و ئەمجار نۆرەی نەوەکانە کە نەمێنێن، بەڵام ئایا ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی بەرپرسانی ڕێژیم ئیتر وە ئاگا بێن؟ ئایا ئەم پرسیارە ناورووژێت کە خزمەت بە ڕێبەری ڕێژیم بە مانای ئەوە نایەت کە ئەوان ئیتر لە ئاسایشدان؟
زۆر ڕوون نیە و ئەگەرێکی لاوازە، بەڵام ئەوەی کە ئیتر بەرپرسانی ڕێژیم لە خۆپاراستن بۆ ئەوەی لە خودی نیزامەکەیاندا لە ئەماندا بن ئەوان بەرەو کێبەڕکێ زیاتر و لە دەرەنجامدا ئاڵۆزیی پتر دەبات کە ئەوەش دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی نیزیکبوونەوە لە کۆتایی ڕێژیم.