عومەر باڵەکی
لە ماوەی ٤٥ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا هەتا ئێستا ٨ کەس وەک سەرکۆمار لە سیزدە دەورەدا پۆستی سەرکۆمارییان وەرگرتوە و لە نێو هەموو ئەوانەدا تەنیا عەلی خامنەیی توانیویەتی سەری سڵامەت لە سرینەوەی فیزیکی یا سیاسیی دەرباز بکات. ئەوانی دیکە یا لە ڕووداوی گوماناوی گیانیان لێ ئەستێندراوە، یا کاری سیاسییان لێ قەدەغە کراوە و هەوڵ دراوە لە کۆمەڵگەدا بێ قەدر و قیمەت بکرین. بەڵام بەو حاڵەش هەر چوار ساڵ جارێک یان ئێستا بە نەمانی سەرکۆمار بەهۆی ڕووداوی گوماناویی وەک ڕووداوی بەربوونەوەی کۆپتێری ئیبراهیمی ڕەئیسی پڕۆسەی بەناو هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرکۆمار لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە دەچێ و بۆ ئەو مەبەستە جۆرێک لە کێبەرکێش لە نێوان کەسانێکدا دروست دەبێ کە خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر دەکەن. ئەو لە حاڵێکدایە کە هەموو بەربژێرەکان دەزانن کە بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران و سەڵاحییەتی ڕێبەر، پۆستی سەرکۆماری پۆستێکی ڕواڵەتییە و کاربەڕێکەری سەرەکی حکومەت لە سێبەردایە.
لە ئەسلی ٥٧ی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا دەڵێ کە هەر سێ دەزگای قانووندانان، دەزگای بەڕێوەبەریی "دەوڵەت" و دەزگای دادوەری لەژێر چاودێری ویلایەتی ڕەهای ڕێبەر دایە ولە ئەسلی ١١٠ی هەر ئەو قانوونەدا لە برگەکانی ٩و١٠ کە لە چوارچێوەی سەلاحییەتی ڕێبەردا باس لە پەسندکردنی کەسی هەڵبژێردراو بۆ پۆستی سەرکۆمار و لابردنی سەرکۆمار دەکا. لە لایەکی دیکەشەوە هەر ئەو بەربژێرانە و کۆمەڵگەی ئێرانیش دەزانن کە چارەنووسی سەرکۆمار لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وەک نەقلی کوێخای کۆن و نوێ وایە.
دەگێرنەوە ڕێبوارێک بە لای گوندێکدا تێپەر دەبێ و دەبینێ لەبەر ماڵان شایی و هەڵپەڕکێیە و پیاوێک بە فیز و ئیفادەوە لەسەر کورسییەک لە نێوەڕاستی گەڕی هەڵپەڕکێیەکەدا دانیشتوە و لەو لاشەوە بە چەند کەسێک بە شەقان لە کەسێک هەڵدەدەن. کابرای ڕێبوار زۆری پێ سەیر دەبێ و نزیک دەبێتەوە و پرسیار دەکا ئەو شایی و هەڵپەڕکییە بۆ چ مەبەستێکە؟ وڵام وەردەگرێتەوە، ئەو کەسەی لە نێوەڕاستی هەڵپەڕکێدا دانیشتوە کوێخای نوێیە و تازە هەڵبژێردراوە و ئەوەی بەو چەند کەسە هەلوای بە شەقانیان بۆ گرتوە کوێخای کۆنە. کابرای ڕێبوار بە سەرسووڕمانەوە دەڵی: یانی ئەدی کوێخای نوێ نازانی ساڵێکی دیکە ئەوە چارەنووسییەتی؟
مێژوو و سەربردەی سەرکۆمارەکانی ئێرانیش لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا ئەوە دەسەڵمێنێ کە ئەوانیش بە دەرەدی کوێخای کۆن چوون. لێرەدا ئەگەر زۆر بە کورتییش بێ چاویک بە چارەنووسی سەرکۆمار یا سەرۆکی دەزگای ئیجرایی لە سەرەتای دامەزرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەتا تازەترین سەرکۆمار ئیبراهیم ڕەئیسیدا بخشێنین، جا ئەوکات بەڕوونی ڕاستی ئەو پەندەی سەرەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
یەکەم سەرۆکی دەوڵەتی کاتی (موقت) مێهدی بازرگان بوو کە دوای ماوەیەکی کەم ناچار بە دەست لەکار کێشانەوە کرا و لە پەیامێکدا کە بۆ خەڵکی بڵاو کردەوە گوتی سەرۆکی دەوڵەتێک کە بۆ هەموو دیدارەکانی پێویستی بە ئیزنی ڕێبەر بێ "تەنیا بۆ پڕکردنەوەی کەلینی دیوار باشە." بەدوای ئەودا و بە تەئییدی خومەینی لە پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا بەنیسەدر بوو بە یەکەم سەرکۆمار لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا، بەڵام دوای ماوەیەک کەوتە بەر غەزەبی حیزبی "جمهوریی ئیسلامی" و خومەینی و لە ئاکامدا مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بە زۆرینەی دەنگ متمانەیان لێ وەرگرتەوە و خۆ ئەگەر فریای خۆی نەکەوتبایە دادگایی دەکرا و ڕەنگە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاندبایە.
دوای لابردنی بەنیسەدر پۆستی سەرکۆماری بە محەممەدعەلی ڕەجایی پڕ کرایەوە، بەڵام دوای چەند حەتوویەک ئەویش لەگەڵ پێکهاتەی دەسەڵات تووشی گیروگرفت بوو و بە ماوەیەکی کەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانەکەی محەممەدجواد باهونەر لە دەفتەری سەرۆکوەزیراندا لە تەقینەوەیەکدا کوژرا. عەلی خامنەیی بە دوای کوژرانی ڕەجاییدا بوو بە سەرکۆمار و لە کۆتاییەکانی دەوری یەکەمی سەرکۆماریدا بەدوای مەرگی خومەینی بوو، بە ڕێبەری نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ناوبراو تەنیا کەسێکە لەنێو سەرکۆمارەکانی ئێراندا توانیویەتی بگا بە پۆستی سەرەوەتر. بەدوای ئەوەدا کە خامنەیی بوو بە ڕێبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی، پۆستی سەرکۆمار گەیشتە دەستی بە هاشمیی ڕەفسنجانی. ناوبراو سەردەمانێک لەدوای خومەینی بەهێزترین پیاوی نێو دەسەڵاتی ئێران بوو، و لە پێگەیاندن و گەیاندنی خامنەیی بە پێگەی ڕێبەریی ئەو نیزامە دەوری سەرەکیی گێڕا. بەڵام بەرە بەرە لەلایەن خامنەییەوە لە مەیدانی دەسەڵاتداریەتی ئێران وەلا نرا، بە چەشنێک کاتێک لە بەرانبەر ئەحمەدینژاددا خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری بەربژێر کرد، شکستی خوارد و سێ ساڵ دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی تەرمەکەی لە حەوزی مەلەدا دیترایەوە و هەتا ئێستاش هۆکاری مردنەکەی بۆ بیرورای گشتی ڕوون نەکراوتەوە. محەممەدی خاتمی یەکی دیکە لە سەرکۆمارەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامییە و ئەویش لەگەڵ ئەوەدا هەوڵی دا ڕوخسارێکی دیکە لە نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی بوونی لە پۆستی سەرکۆماریدا نیشانی کۆمەڵگەی ئێران و جیهان بدا، بەڵام بەهۆی ساختاری نیزامی کۆماری ئیسلامی نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بێنێ و لە کۆتاییدا پاساوی ئەوە بوو کە سەرکۆمار لە ئێران کاربەرێکەرە و بڕیارەکان بۆ بەڕێوەبەری وڵات لە جیگایەکی دیکەوە دەردەچن و سەرکۆمار تەنیا جێبەجێکاری ئەو بڕیارانەیە. ناوبراو دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨ مافی سەفەرکردنی بۆ دەروەی وڵاتی لێ ئەستێندراوە و بڵاوکردنەوەی وێنە و لێدوانەکانی لە ڕاگەیەنە گشتییەکانی نیزامدا قەدەغە کرا و بە کردار لە گۆڕەپانی چالاکی سیاسیی ئێران وەلا نراوە.
سەردەمانیک مەحموود ئەحمەدینژاد وا هەست دەکرا کە نزیکترین سەرکۆماربێ لە خامنەیی، ڕێبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی؛ بەڵام ئەویش هەر دەورەیک شانسی ئەوەی هەبوو دەسەڵات تەحموولی بکا، کاتێک ویستی لە بەڕەی خۆی زیاتر لاق ڕابکێشی لە گۆرەپانی دەسەڵات وەڵا نرا و تەنانەت بۆ شکاندنی کەسایەتیی لە کاتی سەفەر بۆ دەرەوی وڵات لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتی فڕۆکەخانەوە پاسپۆرتەکەی لێ وەرگیرا و بۆ ماوەیەک ئیزنی سەفەریان پێ نەدا. یان ئەوکات کە ناوبراو لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٩٦ بۆ سەرکۆماری خۆی بەربژێر کرديوە، لەلایەن شوڕای نیگابانەوە شیاوییەکەی بۆ پۆستی سەرکۆماری ڕەت کرایەوە.
دوای ئەحمەدینژاد نۆرە دەگاتە ڕووحانی. کاتێک حەسەن ڕووحانی کە بە کەسێکی سیاسی- ئەمنییەتی دەناسرا بە سەرکۆمار هەڵبژێردرا و توانی ڕێککەوتننامەی بەرجام لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ واژۆ بکا و بەڕواڵەت کرانەوەیەکی سیاسیی و ئابووری بە ڕووی ئێراندا بکاتەوە و وانیشان بدا کە سەرکۆمارێکی سەرکەوتوویە، شانس یاری نەبوو و بە هاتنەدەرێی ترامپ سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا لە بەرجام چرای بەختی ڕووحانیش لای ڕێبەری نیزام ڕووی لە کزی دا و ئەویش کەوتە بەرغەزەبی ناوەندی دەسەڵات، بەجۆرێک کە لە هەڵبژاردنی مەجلیس خوبرەگانی ڕێبەری ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن شوڕای نیگەهبانەوە ڕەتی سەڵاحییەت کرا.
کۆتا سەرکۆمار ئیبراهیمی ڕەئیسی بوو کە بێ هیچ گرفتێک بە پاڵپشتیی ڕێبەری بوو بە سەرکۆمار. بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، دەوڵەتی ڕەئیسی لاوازترین هەیئەتی دەوڵەت بووە لە ماوەی تەمەنی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا. بە واتەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین گوێڕایەڵترین دەوڵەت بوو لە بەرانبەر "بەیتی ڕێبەری"دا. بەڵام بەو حاڵەش دیتمان ماوەیەک لەوەپێش لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەشی لەگەڵدا بوو لە ڕووداوێکی گوماناویدا لە باڵەفڕێکدا و لە کاتێکدا دوو باڵەفڕی دیکە ئیسکۆرتیان دەکرد، لە ناوچەی "جلفا"ی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات کەوتە خوارێ و هەموو ئەوانەی لە کۆپتێرەکەدا بوون بە ڕەئیسییەوە کوژران و ئەو ڕووداوە کۆتایی بە چارەنووسی ئەو سەرکۆمارەش هێنا.
ئێستا شوڕای نیگابان ڕۆژی ٨ی پوشپەری ئەوساڵی دیاری کردوە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماریکی دیکە و کۆمەڵێک کەس لە بازنەی دەسەڵاتدا بە هەڵەک هەڵەک ناوی خۆیان تۆمار دەکەن بۆ ئەوەی لە پاڵوێنەی شوڕای نیگابان دەربچن و شانسی خۆیان لەبە ردەرگای "بیت رهبری" بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرکۆماری بە تاقی بکەنەوە. ئیدی خافڵن لەوەی کوێخای نوێ ئەگەر وریا نەبێ بە دەرەدی کوێخای کۆن دەچێ و هەمان چارەنووس چاوەروانیەتی کە سەرکۆمارەکانی دیکە هەیانبووە. دیارە ئەو خول و سوورە لە بازنەی دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا کۆتایی نایە، مەگەر بە نەمان و ڕووخانی ئەو نیزامە و هاتنەسەر دەسەڵاتێکی دێموکراتێک کە لەلایەن خەڵکەوە دەسەڵات دەستاودەستی پێ بکرێ.