کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیڵێم بیڵـێمیش توانا و بڕشتی جارانی نەماوە

00:42 - 20 جۆزەردان 2724

دارسمە

کەوتنەخوارەی باڵەفڕەکەی هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی لە پێوەندی‌گەلی نێوخۆیی و دەرەوە‌ی ئێران گۆڕانێکی بەرچاوی لێ کەوتەوە و لەمەودوا نە ڕەئیسی ڕەئیسیی جارانە و نە سەرۆک‌کۆماریش سەرۆک‌کۆماری جاران دەبێت.

تەنیا باڵەفڕێکی کەوتوو دۆخێکی وای خوڵقاند، لافاوی پەیام و هاوسۆزی بۆ دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە ئاستێک ئەوەندەی نەمابوو حیزب و ڕێکخراوی دژ بە دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی و "موعاندان" و "موفسیدان فی‌الارض"یش دڵیان نەرم بێت و ڕەحمیان ببزوێت و هەستی مڕۆڤ‌دوستان ئەوەنده ببێتەوە هیچ، ئەوانیش پەیامی هاوخەمی بۆ دەستەڵاتدارانی ئێران بنێرن. (دارسمە لەبەر ئەوەی بە "بالگەرد" دەڵێت "باڵەفڕ" و به "هەواپەیما" دەڵێت "فڕۆکە"، داوای لێبوردن لە هەموو ئەو خوێنەرانە دەکات دڵیان بۆ خزمەت بە زمانی کوردی دەکورکێنێت.)

لە نێو دەر و دراوسێیاندا جگە لە ڕێکخراوی نێو وڵاتانی هیلالی شیعە (ئەوەی ڕەنگە ئێوە پێی بڵێن بەرەی خۆڕاگری)، کۆنە نەیارانی وەک سعوودیە و معوودیەش لە ناردنی پەیام خۆیان نەپاراست. لە ئاستی دەر و دراوسێیانیشدا، دۆخەکە بەمەوە نەوستا، لە نێویاندا ڕووسیا تورکیا بەرچێلەی خۆیان هەڵمساند و بە هۆی ئەم هەڵمساندنی بەرچێڵەیەوە سنگیان ڕەپێش خست و سەریان بەرز ڕاگرت و دەستیان بە پێداهەڵگوتن بە خۆیاندا کرد. تورکیە نەخشەی سەرکەوتووانەی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی "بەیرەکدار"ی بڵاو کردەوە و پێشانی دا چۆن فڕۆکەکەیان هاوکات لەگەڵ باکوت و کڕێوەدا و لە درەنگانی شەوی تاریک و ئەنگوستەچاودا خۆی گەیاندووەتە بەرزاییەکانی ئازەربایجان و شوێنی تەرمی سەرۆککۆماری لێکەوتوو و هاوڕێیانی دەست‌نیشان کردووە و سەرکەوتووانە گەڕاوەتەوە "وان". ئەم "وانە" زۆر گرینگە، ڕەنگە هەر لەبەر گرنگیی شاری وان بێت، "وان"ێ ئەوەندە لە زاراوەی سلێمانیدا دەگوترێتەوە.

سەرۆک‌کۆماری ڕووسیەش چەند رۆژ لەمەوبەر لە شاری مینسک لە تەنیشت سەرۆک‌کۆماری بیلارووسدا بە فیز و ئیفادەوە گوتی: دوو باڵەفەڕی هەڵگری یاوەرانی ڕئیسی ڕووسی بوون و ئەوەی ڕەیسیی هەڵگرتبوو ئەمریکایی بوو. لە یەک کات و شوێندا ئەوانەی ئیمە سەرکەوتووانە تێپەڕین و ئەوەی ئەمریکا نەیتوانی دەربچێت.

دیارە ئیسرائیل هەر زۆر بەزوویی بەرلەوەی باڵەفڕی هەڵگری ڕئیسی بدۆزریتەوە، دەستی بە سوێند خواردن کرد و گوتی گومانی تێدا نییە ڕووداوەکە بە دڵـمانە، بەڵام ئێمە دەستمان لەم ڕووداودا نەبووە.

لە نێوخۆی ئێرانیش بەرپرسانی باڵا لە دەربڕینی وشەیەکدا گوێیان نەدایە ڕێبەری کۆماری ئیسلامییش. خامنەیی مردنی ڕەئیسیی بە مردنێکی "شەهید ئاسا" واتا وەک شەهید (شهادت‌گونه) ناوبرد، بەڵام ئەوانی دیکە پاشگری "ئاسا"ییان لەم "شەهید"ـە کردەوە.

دوای ناشتنی ڕئیسی، هەرچی لەمبارەیە بگوترێت وەک سەگ‌وەڕی پاش گورگە. گورگەکە هەرچییەک یان هەر کەسێک بێت، تازە کاری خۆیی کردوە. دیارە دایکی ئاغای ڕئیسیش تووک و دوعای لە گورگە کرد و گوتی جگە لە خوا هەرکەسێک دەستی لە کوشتنی کوڕی مندا هەبووە، خوا تۆڵەی بستێنێتەوە.

ئێستا خێڵی کۆنەپارێز و بەناو ڕیفۆرمخوازان بۆ بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆک‌کۆماری بەرەو وەزارەتی نێوخۆ بەڕێ کەوتوون.

جاری جاران ئەگەر کۆلکەی ئەستووری بنی درەختێکی کۆن (درەخت نەک دار، چوونکە درەخت داری تەڕی بەر لە بڕینە) نێوەکەی مۆریانە لێی دەدا و هڵۆڵ و کلۆر دەبوو پێیان دەگوت داری گەندەڵ. کۆماری ئیسلامییش وەک ئەو دارە لق و گەڵاکانی سەوز دیارن، بەڵام کۆنەپارێز ریفۆرمخوازان لە نێو کۆلکەیدا کلۆریان کردوە.

ئەوی لێرەدا سەرنج‌ڕاکێشە، بەشداریکردنی مەحموود ئەحمەی‌نەژاد لەم هەڵبژاردنەدایە.

ئەم ئەحمەدی‌نژادە ١٥ ساڵ لەمەوبەر لە "مشتومڕ و دەمەقاڵە" (مناظره)یەکی تەلەفزیونیدا ڕوو بە میرحوسێن مووسەوی دوای چەند جاران " بیڵێم بیڵێم" دۆسییەیەکی هاوسەری مووسەوی بەرز کردەوە و باسی گەندەڵییەکانی کرد. ئەم بیڵێم بیڵمە لەوساوە خەریکە دەبێت به واژەیەکی سیاسی، بەڵام ئەگەر ئەحمەدی‌نژاد یان هەرکەسێک ڕێبازی "بیڵێم بێڵم" بگڕێتە بەر و پاش ئەم  هەموو شوێنەواردزین و ئەم هەموو دۆسیە ئاشکرا و شاراوانەی وەک دۆسییەکانی "چایی تفت"، " نەفتی محەممەد موخبر"، "سیسمۆنیی گەیتی لاریجانی"، "گەندەڵیی ٩٢ هەزار میلیارد تومەنی‌ فوولادی موبارەکە"، " بێسەروشوێن بوونی ٢٠ هەزار میلیارد تومەن ئەو کاتەی محەممەدباقر قالیباف شارەدار بوو"، " بێسەشوێن‌بوونی دەکەلە نەوتییەکەی ئەحمەدی‌نژاد" و "زەوی خواردنی ئیمام جومعە سدیقی"، بڵێی ئەحمەدی‌نەژاد یان ئەوانی دیکە توانا و تاقەتی ئەم هەموو بیڵێـم بیڵەمەیان هەبێت؟ دیارە هەرکەس بیڵێت شیش و کەباب بەیەکەوە دەسووتێنێت. جا ئەگەر شیش نەمێنیت، هیچمان نابێت کەبابی پێوە بوەستێت.