کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە "تۆڵەی سەخت" هەتا "نیشتنەوەی سەخت"، شکستی ئامێری پڕوپاگەندە و درۆ

01:00 - 20 جۆزەردان 2724

ڕەزا دانشجوو

لە چاوی حکوومەتە تۆتالیتارییەکاندا مرۆڤەکان تەنیا ئامرازێکن بۆ مانەوەی سیستەمی حوکمڕان. لەم ڕوانگەیەوە، بە بڕوای "هانا ئارێنت" مرۆڤەکان بە سێ دەستە دابەش دەبن؛ چینی دەمارگیر و فاناتیک، چینی ڕووناکبیر و چینی بێدەنگ.  بەشێوەیەکی گشتی سیستمی دەسەڵاتدار هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کەمینەی فەناتیکی نەزانەوە کۆمەڵگە بە ئاراستەی دڵخوازی خۆیدا بجوڵێنێت. "ئارێنت" لە کتێبی تۆتالیتاریزمدا دەنووسێت: حکومەتە تۆتالیتارییەکان بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێک هەموو بەهرە پاکەکان لە کار لا دەبەن و بەها و بایەخ بە عەقڵییەتە دۆڕاوە نەزان و گەمژەکان دەدەن کە باشترین گەرەنتیی دڵسۆزی و هاوڕێیەتی هەمیشەیی بۆ ئەم حکومەتانەن. ئەم کەسانە دەتوانن بەپێی ویست و داخوازییەکانی حکومەت درۆ و پڕوپاگەندە بڵاو بکەنەوە یان ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکانی کۆمەڵگە بەراوەژوو بکەنەوە. تووتالیتاریزم دەیهەوێ ویست و داخوازییەکانی سیستم بە سەر خەڵکدا زاڵ بێت و ئەوە دەبێ ببیت.

سیستمە تۆتالیتارییەکان زیرەک و نوخبە و پرسیارکەریان ناوێت. ئەوان خوازیاری عەقڵییەتە دۆڕاو و نەزانەکانن، چونکە بۆ وەفاداری و هاوڕێیەتی هەمیشەیی لەگەڵ سیستمێکی دیکتاتۆری، دەبێت عەقڵ و حیکمەت دابخەن. سیستمی تۆتالیتاری تووتی لاساییکەرەوەیان دەوێت، نەک کەسانی نوخبە و ڕەخنەگر کە لەگەڵ هەر پرسیارێکدا کۆشکی ئاوات و ئارەزووەکانی دیکتاتۆر دەهەژێنن. تۆتالیتاریزم بۆ سەرکەوتن لە ئاستە خوارەوەکانی کۆمەڵگەدا پێویستیان بە بەکرێگیراوانی بێدەسەڵات هەیە؛ کەسانی دەمارگیر، شوێنکەوتوو، کۆنەپەرست و بێهەڵوێست کە دەتوانن باوەڕ بە درۆ و فریوەکانی ماشێنی پڕوپاگەندەی دەسەڵات بکەن.

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزرانیەوە و بە یارمەتیی وەرگرتن لە تاقمێک دروشمی پۆپۆلیستی وەک "شۆڕشی ستەملێکراوان" هەوڵی دا بە دانی دەسەڵات بە کەمینەی کۆنەپەرست و شوێنکەوتوو، هاوپەیمانێکی وەفادار بدۆزێتەوە. فەرمانی پێکهێنانی "سوپای پاسداران" وەک هێزێکی سەربازیی دەستەمۆی گوێڕایەڵ و دواتر ڕێکخستنی "بەسیج موستەزعەفین" دەسپێکی سازدانی لایەنەکانی وەفادار بۆ پاراستنی تاج و تەختی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بوون. هەرچەندە لە سەرەتادا ڕوانگەی ئایدیۆلۆژی ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو لە پێکهێنانی ئەو دامەزراوانەدا و لە ڕاستیدا ئەندامانی ئەو ڕێکخراوانە بوونیان لەو ڕێکخراوانەدا بە ئەرکی ئایینیی خۆیان دەزانی، بەڵام تێپەڕبوونی کات و دەرکەوتنی سروشتی درۆینەی کۆماری ئیسلامی بووە هۆی ئەوەی ئیتر باوەڕمەندی ڕمێن و کارگێڕیی جارانی نەمێنێ؛ ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی ڕێژیم بە پێدانی  ئیمتیازاتی ماڵی و دەسەڵاتی زیاتر  هەوڵی ڕازی ڕاگرتنی لایەنگرانی بۆ مانەوە بدات. ئێستا پێچەوانەی دەیەی یەکەمی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی کە لایەنگرانی ڕێژێم بە دانانی ڕیش و ڕووخسارێکی تەواو جیاواز لە خەڵکی ئاسایی دەردەکەوتن نەوەی نوێی بەکرێگیراوانی ڕژیم لە ڕووی ڕووخسارەوە چیتر جیاواز نین.

لە ڕاستیدا چینی دەمارگیر و کۆنەپەرست بەپێی پێناسەی هانا ئارێنت،  ئێستا بووەتە کەمینەیەکی زۆر دیار لەنێو لایەنگرانی ڕێژیم. واتە ئەوانەی ئێستا لە ڕیزی پێشەوەی لایەنگرانی ڕژیمن، زۆرینەیان بەکرێگیراوانێکن کە سەرەڕای ئاگاداری لە جەوهەرو سروشتی نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی، تەنیا بۆ بەدەستهێنانی پارە و  دەسەڵات ئامادەی پیشتیوانی و هاوڕێیەتیی کۆماری ئیسلامی بوون.

پڕوپاگەندە و درۆ گەورەترین ئامرازی حکومەتە تۆتالیتارییەکانن. حکومەتە خۆسەپێنەکان کە بەهۆی سروشتی درۆیینیانەوە نەتوانن ڕێنمایی و ڕێبەری ڕاستەقینەی کۆمەڵگە بکەن، بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان  هیچ ڕێگەیەکیان نییە جگە لە پەنابردن بۆ پڕوپاگەندە و درۆ. لە ڕوانگەی ئەم حکوومەتانەوە ئەمە تاکە چارەسەرە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.

بۆ دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەی پڕوپاگەندە لە حکوومەتی خۆسەپێنانەی ڕێژێمی ئاخوندیدا، پێویستە بگەڕێینەوە پێش دامەزراندنی ئەم ڕێژێمە نامرۆڤانەیە. لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٧دا ژمارەیەک لە لایەنگرانی خومەینی ئاگریان لە سینەما ڕێکسی ئابادان بەردا و کارەساتێکی مرۆیییان دروست کرد.  بەپێی ئامارەکان لەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا زیاتر لە ٦٠٠ کەس بە زیندووی سووتان، تاوانباران بە قوفڵکردنی دەرگاکان ڕێگرییان لە ئەگەری دەربازبوونی ئامادەبووان کردبوو.  تۆمەتبارانی ئەم ڕووداوە دواتر وەک نوێنەر لە کۆماری ئیسلامی چوونە نێو پەرلەمانی ڕێژیم! ئامانجی لایەنگرانی خومەینی لە خوڵقاندنی ئەم کارەساتە ئینسانییە، تاوانبارکردنی ڕێژێمی پەهلەوی وەک ئەنجامدەری ئەم کارەساتە و جووڵاندنی هەستی خەڵک و هاندانیان بۆ دژایەتیکردنی زیاتری ڕێژێمی پەهلەوی بوو!

مێژووی ڕەش و شەرمەزارکەری کۆماری ئیسلامی پڕە لە ڕووداوی هاوشێوە کە کۆماری ئیسلامی بۆ کاریگەریدان لەسەر بیروڕای گشتی و بە تایبەت هەوادارە کۆنەپەرستەکانی و هێشتنەوەیان لەسەر شانۆ کردوویەتی.  سیناریۆسازی و  گێڕانەوەی تەواو درۆ لە ڕاستییەکان. تەقینەوەی بۆمب لە مەزارگەی ئیمامی هەشتەمی شیعەکان لە مەشهەد و تاوانبارکردنی ڕێکخراوی موجاهیدین وەک ئەنجامدەری، تەقینەوەی بۆمب لە کاتی نمایشی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە مەهاباد و تاوانبارکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، کوشتنی ئامادەبووانی ڕێوڕەسمی ساڵمەرگی قاسم سولەیمانی لە کرمان و تاوانبارکردنی داعش! و دەیان نموونەی تر بەشێکن لە کردەی پڕوپاگەندە و درۆکانی کۆماری ئیسلامی بۆ جووڵاندنی هەستی سۆزداری کۆمەڵگە بەتایبەت لایەنگرانی ڕێژیم.  هێرشی مووشەکی و درۆنیی بۆ سەر ئیسرائیل بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە فەرماندە کوژراوەکانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە یەکێک لە نوێترین نموونەکانی کردەوەکانی ڕێژیم لەم بوارەدایە. هێرشێک کە بە پڕوپاگەندەیەکی زۆر لەلایەن میدیاکانی ڕژیمەوە ئەنجام درا و بڕیار بوو زەربەیەکی سەخت بێت لە ئیسرائیل!

دوا ئاڵقەی ئەم چیرۆکە مردنی زۆر گوماناوی و سەیر و سەمەرەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەستنیشانکراوی ڕێژیم بوو کە لە ڕووداوێکی زۆر نهێنیدا کوژرا. سەبارەت بە ناڕوونییە بێشومارەکانی چیرۆکی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی ڕەئیسی و هاوەڵانی زۆر شت هەیە، بەڵام ئەوەی لێرەدا لەبەرچاوە و پەیوەستە بە ئەم باسە ئەدای ئامێری ڕاگەیاندنی ڕێژیمە. ڕژیم لە هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی، لە هەواڵگرییەکی تەواو ناڕوون و پڕ لە هەڵە هەرجار گێڕانەوەیەکی تەواو جیاوازی هەبوو. ئامێری پڕوپاگەندە و درۆی کۆماری ئیسلامی کە  جگە لە یاریکردن بە وشەکان هیچی تری بۆ گوتن نەماوە ، دوای چەندین کاتژمێر لە بەکارهێنانی دەستەواژەی "نیشتنەوەی سەخت"، لە ناکاو ڕایگەیاند کە کۆپتەرەکە ئاگری گرتوە و هەندێک لە تەرمەکان سووتاون!  لای ئیمپڕاتۆرییەتی درۆ و پرۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامی هاویشتنی چەند مووشەک و درۆنی سەرگەردان ناوی" تۆڵەی سەخت"ە و پارچەپارچە بوونی هێلیکۆپتەر و سووتانی سەرنشینەکانی "نیشتنەوەی سەخت"!

دەزگای پڕوپاگەندە و درۆی کۆماری ئیسلامی وەک ئابوری ڕژیم تووشی چەقبەستوویی و نەبوونێکی وا بووە کە ئێستا تەنانەت ناتوانێت قەناعەت بە لایەنگرانی دەمارگیر و شوێنکەوتووی خۆی بێنێت. ئێستا کۆماری ئیسلامی  زۆر زیاتر لەوەی خەمی کاریگەریی ماشێنی پڕوپاگەندەی خۆی لەسەر خەڵک بێت خەمی کاریگەریی ڕۆشنگەریی ڕووناکبیران، میدیا و جیهانی ئازادە لەسەر لایەنگرانی خۆی! 

 سەرسوڕهێنەرە! سەرۆک کۆماری وڵاتێک دەکوژرێت و دواتر دەزگای سیخوڕیی ئەو حکوومەتە هەڕەشە لە خەڵکی خۆی دەکات کە نابێ دژی مردنی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان هیچ بنووسن و بڵێن!

شیکاری ڕووداوەکانی ئەم دواییە نیشان دەدات کە ئەوەی لە لێواری داڕمان‌دایە بوونی کۆماری ئیسلامییە. کاردانەوەی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە ماشێنی پڕوپاگەندەی ڕێژیم، چ لە سیناریۆی "تۆڵەی سەخت" چ لە "نیشتنەوەی سەخت"دا، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە وشیاری بە شێوەیەکی بەربڵاو لەنێو جەماوەری بێدەنگی کۆمەڵگەدا بڵاوبووەتەوە و ئێتر هیچ کەس گرنگی بە درۆکانی دەسەڵات نادات. خاڵێکی زۆر گرنگی تر گۆڕینی تاکتیکی نوخبە و ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگەیە لە بەردەم ماشێنی پڕوپاگەندەی دەسەڵاتدا. ئەگەر پێشتر ئەدای نوخبەکان تەنها لە ڕەخنە و شیکردنەوەی حکومەتدا سنوردار بوو، ئێستا ئاشکرا دژایەتیکردنی سیستمی حوکمڕانیییە.

ئێستا ئەوە ماشێنی پڕوپاگەندەی دەسەڵاتە کە لە هێرشبردن بەپێی بارودۆخ مەجبوور بووە بچێتە فازی بەرگری! لە ڕاستیدا ڕۆشنگەری میدیا و نوخبەی کۆمەڵگا بووە هۆی ئەوەی کە ڕێژیم زیاتر هەوڵی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڕاستییەکان بدات تا ڕەشبگیری هەواڵ و پڕوپاگەندە.

ئێستا دەزگای پڕوپاگەندەی و درۆی ڕێژیم لە گۆشەی ڕینگدا لەلایەن ڕۆشنبیران و میدیا ئازادەوە گەمارۆ دڕاوە و چی تر توانایی بەربەرەکانی نەماوە!  دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکان بە درۆ و پڕوپاگەندەوە زیندوون، مردنی درۆ و پڕوپاگەندە یانی کۆتایی هاتنی تۆتالیتاریزم!