کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی منداڵکوژ و مافی منداڵان!

01:09 - 20 جۆزەردان 2724

عەلی بداغی

ئاماژە: ڕۆژی یەکی ژۆئەن (١٢ی جۆزەردان) ڕۆژی جیهانیی منداڵانە. ئەگەرچی لە وڵاتانی دێموکراتیک و گەسەندوودا لەو ڕۆژەدا زیاتر جێژن و ڕێوڕەسمی دڵخۆشکەر بۆ منداڵان ڕێک‌دەخرێت، بەڵام لە وڵاتانی دێموکراتیک و دیکتاتۆریدا کە مافەکانی منداڵانیش بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێت، ئەم بۆنەیە دەرفەتێکە بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێی ڕەوشی مافەکانی منداڵان. ئەم وتارە باس لەو بابەتە دەکات:

مێژووی ڕۆژی جیهانیی منداڵان

دیاریکردنی ڕۆژی ١ی ژۆئەن وەک ڕۆژی جیهانی منداڵان مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کۆبوونه‌وه‌ی یه‌کیەتیی نێونه‌ته‌وه‌ی دێموکراتیکی ژنان له‌ پاریس (ساڵی ١٩٤٩) که‌ ئه‌و ڕۆژه‌یان به ‌ناوی ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی منداڵان ڕاگه‌یاند. له‌و ڕۆژه‌ به‌دواوه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا به‌تایبه‌تی وڵاتانی به‌ره‌ی سۆسیالیستیی ئه‌وکات به‌ به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سم و گرتنی کۆنفڕانس و کۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر دۆخی منداڵانی جیهان، ڕێزیان له‌و ڕۆژه‌ گرتوە و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان‌ ئه‌و ڕۆژه‌ -واته‌ ١ی ژوئه‌ن- ده‌کرێ به‌ جێژن و شادی بۆ منداڵان.

نزیک به‌ ١٠ ساڵ دواتر لە ساڵی ١٩٥٩و له‌ کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا به‌یاننامه‌ی مافی منداڵان په‌سه‌ند کرا و له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌و‌ه‌ ڕۆژی ٨ی ئوکتۆبر که‌ ڕۆژی ده‌رچوونی به‌یاننامه‌که‌یه‌ به‌ ڕۆژی جیهانیی منداڵان دیاری کرا و ٣٠ سال دواتر واته‌ له‌ ٢٠ی نوامبری سالی ١٩٨٩ کۆنڤانسیونی مافی منداڵان لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە په‌سند کرا که‌ هەتا ئیستا ١٩٣ وڵات تێیدا ئه‌ندامن. ئامانجی ئەو کۆنڤانسیۆنە دروستکردنی دنیا و ژیانێکی باشتر بۆ منداڵان و هەوڵدان بۆ دابینکردنی مافەکانی و یارمەتیدان بە گەشە و هەڵدانی لە بواری جەستەیی، دەروونی و عاتفییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران ٥ ساڵ دواتر لە ڕەشەممەی ١٣٧٢ی هەتاوی (١٩٩٤) مەرجدار ئەم کۆنڤانسیۆنەی پەسند کرد و چووە ڕیزی ئەو وڵاتانەی بە ئیمزاکردنی بەڵێنیان داوە ئەو مافانە بۆ منداڵانی وڵاتەکەیان لەبەرچاو بگرن و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قانوون و پڕەنسیپانە گۆڕانکاری لە قانوونە گشتییەکانی وڵات‌ لەپێناو دەستەبەربوونی مافەکانی منداڵاندا پێک بێنن. بەڵام کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا نەک هەر خۆی لەو بابەتە دزیوەتەوە، بگرە قانوونی زۆر ناسەردەمیانەی دیکەشی لە دژی منداڵان و مافەکانیان لە ئێراندا پەسند کردوە و لە دوای سەرکوتی جووڵانەوە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی ژینادا کە لەو ناڕەزایەتییانەدا دەیان منداڵی دایە بەر فیشەک و گیانی لێ ئەستاندن، ئێستا بە ڕێژیمی مناڵکوژ ناوی دەبرێت.

منداڵان و ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی

سەرمایەی سەرەکیی ئابووری، سیاسی، کولتووری و ناسنامەیی هەر وڵاتێک لە ئێستا و داهاتوویدا منداڵانن و دۆخی پەروەردەیی وڵات و ڕوانگەی دەسەڵات بۆ ئەو بابەتە دەتوانێ چارەنووسی تایبەت و جیاواز بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە وێنا بکات. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە و بە ئایدۆلۆژیی پێکهێنانی بەسیجی ٢٠ میلیۆنی خەونی تایبەتیان بۆ منداڵان بینیبوو. ڕێژیم بە مەبەستی ئەبەدی کردنی دەسەڵاتەکەی و هەر لە مانگ و ساڵەکانی یەکەمی یەکانگیریی نیزامی سیاسیی خۆیدا بە پڕۆژەکانی وەک ئیسلامیکردنی سەرچاوەکانی خوێندن، سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر منداڵانی کچ و دامەزراندنی جۆرەها ڕێکخراوی ئایدۆلۆژیک لە قوتابخانەکان گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە سیستمی پەروەردەیی وڵاتدا پێک‌هێنا. ئامانج لەوەش بارهێنان و پەروەردەکردنی نەوە دوای نەوە هێز و سەرباز بۆ پاراستنی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی بوو. بەڵام ئەم نەخشەڕێیەی کۆماری ئیسلامییش بەهۆی زۆر قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کە لە سۆنگەی سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمەوە سەرچاوەیان گرتوە، ئاکامی پێچەوانەی لێ کەوتەوە. بۆیە منداڵانی دەیەی ٦٠، ٧٠ و ٨٠ لە ئێستادا هێزی سەرەکیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمەن.

لە بزووتنەوەی ژینادا دەیان منداڵ-زیاتر لە ٦٠ منداڵ- بەتایبەت لە کوردستان لە خۆپێشاندانەکانی سەرشەقامدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژران، سەدان منداڵ دەسبەسەر کران و بۆ تۆقاندن و چاوترسێن‌کردنیان دەستدرێژییان کرایە سەر و تەنانەت ژمارەیەک لەوان لە زیندان و گرتنگەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندرا. بەڵام تووڕەیی ڕێژیم لە مایەپووچیی سیاسەتەکانی بەو جینایەتانەش دانەمرکا و، بینیمان کەوتە دەرمانداوکردنی منداڵان لە قوتابخانەکان!

کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەڵگەنامەی ٢٠٣٠

بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ی یونێسکۆ پێوەرێکی باش بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی منداڵان بەتایبەت لە بواری پەروەردەدا لە وڵاتان و هەوڵی حکوومەتەکان بۆ هەنگاونان بەرەو ئامانجەکانی ئەم بەڵگەنامەیەی یونێسکۆیە کە لە١٧ ئامانجی سەرەکی و ١٦٩ ئامانجی لاوەکیی پێک‌هاتوە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتادا یەکێک لەو ١٩٢ وڵاتەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە ئەم بەڵگەنامەیەی ئیمزا کرد، بەڵام دواجار بە بڕیاری خودی خامنەیی و لە مانگەکانی یەکەمی سەرکۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری کوژراوی ڕێژیم و لە كۆبوونه‌وه‌ی‌ شوڕای‌ بەرزی شۆڕشی فه‌رهه‌نگیی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگیرا و بە ڕەسمی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ ڕێبەرانی و کۆمەڵگەی جیهانی ئەرکدار دەکات هەتا ساڵی ٢٠٣٠ کار بۆ نەهێشتنی هەژاری، برسێتی، توندوتیژی و گەندەڵی بکەن و بەرەو کەرامەتی مرۆیی، ئاشتی، دادپەروەری، یەکسانیی ڕەگەزی، تواناسازیی کچان و ژنان، ڕێزدانان لە جۆراوجۆریی کولتووری، پەرەدان بە فێرکردن و پەروەردەی منداڵان و جێگیرکردنی دێموکراسی هەنگاو بنێن. بەڵام کۆماری ئیسلامی و کار بۆ ئەو ئامانجانە؟

خاڵێکی جەوهەریی بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ی  دوورکەوتنەوە لە پەروەردەی مەزهەبی و ڕەخساندنی کەشێکی زانستی بە مێتودی رۆژ بۆ بارهێنان و فێرکردنی منداڵانە. سروشتییە کە ڕێژیمی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی بە ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی ٢٠٣٠ چیتر و پێڕەوی لە پڕنسیپە نێونەتەوەییەکان نەیاندەتوانی قوتابخانە و ناوەندە زانستییەکان بکەنە گۆڕەپانێک بۆ پەرەپێدان بە پلان و بیرۆکە سیاسییەکانی خۆیان و هەڵخراندنی منداڵان. هەروەها لە ئەگەری هەنگاونان لە چوارچێوەی بەڵگەنامەی ٢٠٣٠دا بەرەبەرە لە نفووز و هیژمۆنی دەسەڵاتی داخراو کەم دەبۆوە و ئەمەش ڕێگە ئاوەڵا دەکرد بۆ چالاکیی و جموجۆڵی هزریی زیاتری قوتابیان و خوێندکاران. بەڵام کۆماری ئیسلامی کە هەستی بە مەترسییەکی گەورە کردبوو، نەک هەر لە بنی چووە دەرێ، بەڵکوو کەشی داخراویی زیاتری بەسەر سیستمی پەروەردە لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا سەپاند.

دۆخی منداڵان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا

بەشێک دەرەنجامی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری مافەکانی منداڵ لە ئێران لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بریتین لە:

کۆماری ئیسلامی لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتدارەتیی خۆی و لە شەڕی ئێران و عێراقدا هەر بەپێی ئاماری بنیاتی بەناو "حفظ آثار و نشر ارزش‌های دفاع مقدس" زیاتر لە ٣٣ هەزار منداڵی قوتابیی لە بەرەکانی شەڕدا بەکوشت دا. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا سەدان منداڵی ئێعدام کردوە و لە ئیستاشدا ئەو منداڵانەی بەهەر هۆیەک تووشی تاوانی کوشتن بوون، لە زینداندا هەتا گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی ڕادەگیرێن و دواتر ئێعدام دەکرێن. لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا زیاتر لە نیوەی منداڵانی ئێران لە خوێندن بە زمانی زگماکیی خۆیان بێبەشن و بنەمای خوێندن لە کۆماری ئیسلامی لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا لەسەر پەروەردەی ئیدئۆلۆژێک و بە مەبەستی فێرکردن لەسەر بنەڕەتی دژایەتیی پڕەنسیپە جیهانییەکان داڕێژراوە.

 هەڵاواردنی ڕەگەزی لە پڕۆسەی خوێندنی منداڵان، بێبەشبوون لە خوێندن و وازهێنانی بەناچاری منداڵان لەسۆنگەی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بەدخۆراکی بەهۆی هەژاری و بێ‌ئەنوایی، منداڵ‌ئازاری، بەمنداڵی بەشوودان، یاسایی‌بوونی کارکردن بە منداڵ ئەویش بە مووچە و حەقدەستی کەم، خۆکوژیی منداڵان، پێنەدانی ناسنامە بەو منداڵانەی لە دایکی ئێرانی و باوکی بیانین و زۆر دیاردەی دیکەش تەنیا بەشێک لەو دۆخە کارەساتبارە پێشان دەدەن کە منداڵان لە ئێران تێیدا گەورە دەبن و مافەکانیان پێشێل دەبن. هەر لەجێشدا یەکەمین قوربانییانی قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتیش هەر منداڵانن کە لەسۆنگەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەم قەیرانەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر و هەم خەسار و زیانەکانی لەسەر ڕەوشی منداڵان بەردەوام زێدەتر دەبن.

لێرەدا بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر تەنیا باس لە مافی خوێندن وەک بنەڕەتیترین مافی هەر منداڵێک دەکەین. بە پشتبەستن بە ئاماری ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ئێران لە ساڵی خوێندنی ١٤٠١-١٤٠٢دا زیاتر لە یەک میلیۆن و ١٩٠ هەزار و ٢٩١ منداڵ لەو وڵاتە لە خوێندن دابڕاون کە بێگومان نیزیک بە تەواوی ئەو منداڵانە چارەنووسیان وەبەرکارنانی زۆرەملی بووە. "ایرنا"، هەواڵدەریی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زمان بەناو کارناسانی ڕێژیمەوە هۆکاری ئەوەی بۆ "هەژاریی فەرهەنگی"ی بنەماڵەکان گەڕاندۆتەوە، بەڵام پاساوهێنانەوە بۆ قەیرانی هەژاریی ڕەها لە کۆمەڵگە وەک هۆکاری سەرەکیی دابڕان لە خوێندن کە ئاکامی سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامییە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە سیاسەتی فێرکردن و پەروەردە لە کۆماری ئیسلامیدا چەشنی ڕەهەندەکانی دیکە هەرەسی هێناوە. خۆ بەپێی ئامارە ڕەسمییە ڕاگەیەندراوەکان تەنیا لە یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هەزار حاڵەتی "منداڵ‌هاوسەری" لە ئێراندا تۆمار کراوە، ڕاپۆرتی لانیکەم ٧٧٨٠ حاڵەتی دەستدرێژی و منداڵ‌ئازاری بڵاو کراوەتەوە، زیاتر لە ٢٠٠ منداڵ خۆیان کوشتوە و دان بە بوونی زیاتر لە ٧ میلیۆن منداڵی کار  داندراوە کە هەزاران کەس لەوان بە زبڵگەری دەژین.

ڕای گشتیی مافناسەکان ئەوەیە کە کۆمەڵگەی ئێران لەسۆنگەی ڕەگداکوتان و سەپاندنی ڕوانگە، سیاسەت و کولتووری کۆماری ئیسلامیدا "منداڵ‌تەوەر" نییە، هەر بۆیەشە زۆرترین پێشێلکاریی مافەکانی منداڵان لە کۆمەڵگەی ئێراندا ڕوو دەدا و بەهۆی زۆروبۆر بوونی ناوەندەکانی بڕیاریش هیچ ئۆڕگان و دامەزراوەیەکی حکوومەتی بەرپرسایەتیی پێشێلکرانی سیستماتیکی مافەکانی منداڵان لە ئێران وەئەستۆ ناگرێت.

دۆخی منداڵان لە کوردستان

 بارودۆخی مافەکانی منداڵانی کورد لەچاو منداڵانی ناوچەکانی دیکەی ئێران چەند قات نالەبارترە. بێکاری، هەژاری، لەدواکەوتووییداڕاگیرانی کوردستان و دروستکردنی قەیرانی شوناس بۆ منداڵانی کورد کە بەرهەمی ڕوانگەی ئەمنیەتیی دەسەڵات لە کوردستانە، شوێنەواری زۆر خراپی لەسەر ڕەوشی منداڵانی کورد و مافەکانیان داناوە. هەروەها زیان و خەسارەکانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەرچی لە ئێراندا گشتی و وەک یەکن، بەڵام کاریگەرییەکانیان لە کوردستان بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنیەتییە لەسەر منداڵان زیاترن؛ بەو واتایە ژمارەی منداڵانی کار زیاترە، بەڵام ئیمکاناتی پەروەردە و خۆشبژیوی بۆ مندالان لە کوردستان کەمترە. بێبەشیی منداڵانی کورد لە خوێندن بە زمانی دایک، بنکۆڵکردنی مێژوو و کولتووری کوردی لە قوتابخانەکان لە ڕێگەی دامەزراوە بەناوی فەرهەنگی بەڵام ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، سەرکوتی جموجۆڵی فکری و فەرهەنگیی منداڵان، پەرەسەندنی دیاردەی کاری منداڵان بەتایبەت کۆڵبەری و کوژران و برینداربوونی منداڵان بە تەقەی هیزەکانی کۆماری ئیسلامی چەند لایەنێکی تایبەتتری ڕەوشی منداڵان لە کوردستانە.

ئاکامگیری:

لە نێوەڕاستەکانی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ و لە گەرمەی بزووتنەوەی ژینادا دروشمەکانی "ڕێژیمی مناڵکوژ دەبێ بڕوات" کەوتە سەر زاری خەڵکی ئێران. ئەوەش لە خۆڕا نەبوو، چونکی تا ئەوکات نیزیک بە ٧٠ منداڵ لە خۆپێشاندانەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژرابوون. هەروەها ئەوە سەرەتای مناڵکوژیی ڕێژیمیش نەبوو، ڕەنگبێ بتوانین "نیلوفر تشید"، کچە تەمەن ١٥ ساڵەکەی خەڵکی تاران کە بە تۆمەتی ئەندامەتیی لایەنێکی سیاسیی دژبەری ڕێژیم لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠دا گوللەباران کرا، بە یەکەم منداڵکوژیی سیاسیی کۆماری ئیسلامی دابنێین.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەلایەکی دیکەشەوە بە پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و پڕۆژە ئایدۆلۆژییەکانی خەون و خولیای منداڵانی ئێرانی کوشتووە، لەخۆڕا نییە کە ئێستا منداڵانی دۆینێ و ئێستای کۆمەڵگەوە بەهێزترین بزوێنەری ناڕەزایەتییەکان بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمەن. ڕوون و ئاشکراشە هەتا ئەو ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا بێت هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی منداڵان و دۆخی مافەکانیان لە ئێران بەدی نایەت.