ئەلبورز ڕۆئینتەن
ئاماژە
لە شارستانییەتەکانی کەونارەوە تا بە ئەمڕۆ ڕێبەر، قارەمان، بەڕێوەبەر، فەرماندە، سەرکردە بە شێوازی جیاواز باسی لێدەکرێت. لە دووتوێی هەموو ئەو باسانەدا ڕێبەر و ڕێبەری وەک باسێکی سەرنج ڕاکێش بەردەوام جێگای مشتومڕ بووە، بەڵام لە سەدەی بیستەمەوە باسی ڕێبەری کەوتە بەر تیشکی لێکۆڵینەوەی زانکو و ئاکادمیستەکان، وەک زۆربەی دیارەدەکانی دیکەی زانستی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی تێئۆرییەکان هەوڵی تێگەیشتنی درا. لە داڕشتنی ئەو تێئۆرییانەدا لێکۆڵینەوەی زۆر لە مەڕ ڕێبەری تا بە ئەمڕۆ دەکرێ. ئەمڕۆ وێڕای ئەوەی کە لە دونیا ڕۆژئاوا هەوڵی بە دامەزراوەکردن وگرینگی دان بە دامەزراوە و یاسا و سیستەم باسی ڕێبەر کۆتایی نەهاتوە، بەڵکوو بە شێوەی جیاواز هەوڵێ لێوردبوونەوەی دەدرێ، بێگومان ئەو دیاردەیەش وەک زۆربەی دیاردەکانی دیکە بەدەر نییە لە شوێندانەری گۆڕانکارییەکانی سەردەم و هەوڵ دەدرێت بەگوێرەی ئەو پێداویستییانەی سەردەم چەمکی ڕێبەری شروڤە بکرێت، هەروەها ورووژاندنی ئەم پرسیارە کە ئاخۆ سەردەمی کاریزما ماوە یان نا؟ لەو وتارەدا وێرای ئاوردانەوەیەک لە تێئۆرییەکانی ڕێبەری و گەشەیان لە سەدەی بیستەم دەرگای ورورژاندنی باسی ڕێبەری لە هەرێمی شۆڕش بۆ ئازادییەکان واتە وڵاتەکانی خۆمان دەکەین.
پێناسەی ڕێبەری
وەک هەموو دیاردەکانی زانستە مرۆییەکان ڕێبەرییەش خاوەنی سەدان پێناسەیە کە لەلایەن لێکۆلەران و ڕێبەران و نووسەرانەوە کراون و کۆکبوون لەسەر پێناسەیەکی گشتگیر ناموومکینە. بەڵام ئەوەی لە زۆربەی هەرەزۆری پێناسەکاندا هاوبەشە و کەم و زۆر دەبیندرێ ئەوەیە کەسێک کە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵە کەسێک هەبێ و بەرەو ئامانجی دیاریکراوی ئاراستەیان بکات. واتە پڕۆسەی کاریگەری لەسەر کۆمەڵ بۆ ئاراستەکردنی بەرەو ئامانج گرینگی باسی ڕێبەری و چۆنیەتی ئەو پڕۆسەیە باس و خواسی چەمک و تێئۆرییەکانی ڕێبەرییە. بابەتێکی دیکەی جێگای باس لێرە ئەوەیە ڕێبەری "leadership" لە وشەی ڕێبەر "leader" هاتوە کە ئەویش لە وشەی "lead" بە مانای ڕؤیشتن دێت جیاوازە لە چەمکی بەڕێوەبەر "management". لەوانەیە زۆر جار ڕێبەری و بەڕێوەبەری یەکتر ببڕن و لە یەک کەسدا کۆ ببێتەوە، بەڵام ئەوەی لە باسی بەڕێوەبەری باسی لێدەکرێ خۆی لە چوار قوناغی پلاندانان، ڕێکخستن، دامەزراندنی کارمەند (ئیدارە) و کۆنترۆڵکردن دەبینێتەوە کە لە باسی بەڕێوەبەریدا بە بەرفراوانی باسی لێدەکرێ و لە هەر سێکتەدردا تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی لە ژێر چەمکی ڕێبەردا ئێمە باسی دەکەین ئەو کەسایەتییانە دەگرێتەوە لە مێژوودا لەلایەن کۆمەڵێکی خەڵک پەیرەوەییان لێکراوە، ئەوانیش کاریگەرییان بە سەر چارەنووسی کۆمەڵ یا وڵاتەکەیاندا هەبووە و زۆرجار لە چاخێکەوە بەرەو چاخێکی دیکەیان دەبات، کە بە درێژایی مێژوو بە شێوازی جیاواز باسی لێکراوە. بۆ نمونە حاکمەکانی شارستانییەتەکانی کەونار وەک بابل و میسر یا ڕێبەرانی سیاسی یۆنانی کەونار، فەرماندەکانی لەشکری، ڕێبەرانی ئایینی یا سەرکردەی سیاسی کە لە نووسینەکانی مێژووناسان یا فەیلەسوفانی وەک ئەرەستو، تالیس، ئەفلاتون، هەروەها لە سەردەمی ڕێنسانس لە نووسینەکانی مایکیاڤیلیدا دەردەکەوێت.
تێئۆرییەکانی ڕێبەری
تێئۆرییەکانی پیاوی گەورە "the great men theory" یا تێئۆریی تایبەتمەندی " The trait approach"
لە سەرەتای سەدەی بیستەم بۆ یەکەم جار چەمکی ڕێبەری لە چوارچێوەی تێئۆری پیاوی گەورە لە سەرەتای سەدەی بیستەم و لە ساڵەکانی ١٩٣٠ بە دوا باسی لێ کرا کە جەختی لەسەر کەسایەتیی ڕێبەر کە خاوەن تایبەتمەندیی دیاریکراوە دەکرد و لە ڕێگەی ئەو تایبەتمەندییانەوە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵانی خەڵک دادەنێت. ئەو تێئۆرییە لە نووسینەکانی "Ralph Stogdill" وەک باسێک لە سەر تایبەتمەندییەکانی ڕێبەر دەردەکەوێت. بەگوێرەی ئەو تێئۆرییە ڕێبەر دروست نابێ بەڵکوو لە دایک دەبێت، هەر بۆیەش کەسایەتی ڕێبەر جیاوازە لە کەسانی دیکە بە هەر ئەوەش وا دەکات کە کەسانی دیکە پەیڕەوی لە ئەو بکەن. ئەو تێئۆرییە کە لە سەرەتادا بە ناوی پیاوی گەورە دەرکەوت بە حوکمی ناوەکەی کە باس لە پیاو دەکات و جیاوازیی ڕەگەزییەوە گۆڕا و دواتر لەژێر چەتری تێئۆریی تایبەتمەندییەکان باس کرا. بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا کەموکورتییەکانی ئەو تێئۆرییە دەرکەوت، ئەوەش وای کرد تێئۆریی دیکە بۆ زیاتر لێکۆلینەوە و لێوردبوونەوە لە ڕێبەری دەربکەون.
تێئۆریی کارامەیی "The skills approach"
ئەو تێئۆرییە جەخت لەسەر لێهاتوویی یا کارامەیی کەسایەتیی ڕێبەر لە ئاستی جیاوازدا دەکات و لە کارەکانی "Robert Katz" دەرکەوت کە باس لە لێهاتوویی و شێوازی ڕیبەریی دەکرد. ئەو تێئۆرییە بە هاوکاریی کەسانی وەک مومفورد مودێلی جیاواز بۆ شرۆڤەی شێوازی ڕێبەری دەستنیشان دەکات. لە مودێلی کاتزدا سێ کارامەیی وەک تەکنیکی، مرۆڤی، داهێنانی چەمک وەک پێوانە بە کار دەهێنرێت و ڕێژەی هەبوونی هەر یەک لەو لێهاتووییانە دەتوانێ شێواز یا ئاستی ڕێبەری دیاری دەکات.
تێئۆریی هەڵسوکەوت "The behavioral approach"
بەپێچەوانەی تێئۆرییەکانی پێشتر کە گرینگیان لە سەر ئەو بابەتە بوو کێ ڕێبەرە، ئەو تێئۆرییە باس لەوە دەکات کە ڕێبەرەکان چی دەکەن، هەر بۆیەش لە دوای ئەو تێئۆرییە هەڵسوکەوتی ڕیبەری کەوتە بەر باس و شروڤەی کردەوەکان کرا، ئەو تێئۆرییە زیادتر ئەو لایەنی ڕێبەریی هێنا بەر باس کە کە دەکرێ بە فێربوون و پراکتیکی هەندێ هەڵسوکەوت بەرەو ڕیبەرییەکی سەرکەوتوو گەشە بکرێت. بەگوێرەی ئەو تێئۆرییە ڕێبەرەکان هەڵسوکەوتیان بە هۆی ئەو ئەرکانەی هەیانە و هەروەها چۆنیەتیی پەیوەندییەکانیان تێکەڵ بە یەک دەکەن بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر کۆمەڵ دروست بکەن. یەکێک لە کارە ناوازەکانی ئەو بوارە شروڤەی شێوازی ڕێبەری لە لایەن "Kurt Lewin"ە، کە ڕێبەری بە سەر سێ شێوازی"authoritarian, democratic and laissez-faire" ئۆتۆریتەر، دێموکراتیک و لایسز فایردا دابەش کرد. لە شێوازی ئۆتۆریتەر یەک کەس هەموو بڕیارەکان دەدات، لە دێموکراتیکدا ڕێبەر بە ڕاوێژ لە گەڵ زۆر کەس بریار دەدات و لە سێەمین شێواز، لایسز فایردا ڕیبەر پەیرەوەانی ئازاد دەکات لە بڕیار دان.
تێئۆریی بارودۆخ "Situational Leadership"
بەگوێرەی تێئۆری ڕێبەرایەتیی بارودۆخ باس لەسەر چۆنیەتیی کاریگەربوونی ڕێبەرەکان لە ڕێکخراوە جیاوازەکاندا بە گونجاندنی ڕەفتارەکانیان دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆخە تایبەتەکاندا بگونجێت. ئەو تێئۆرییە ڕێبەرایەتی بە سەر شێوازی جیاوازدا دابەش دەکات و هەوڵ دەدات بەو شێوازە جیاوازانە چۆنیەتی دابینکردنی ئامانجی ڕێکخراو لە دۆخێکی تایبەتدا دەستنیشان بکات.
جیا لەو تێئۆرییە گشتییانەی کە لە سەرەوە باس کران، کارەکانی زانکۆکانی جیاواز لە سەر ڕیبەری یا ڕێبازی دیکەی لێکۆلینەوە لە بابەتی ڕێبەری وەک کارەکانی فرید فیدلر لە چوارچێوەی ڕێبەری لە کاتی ڕووداوەکان، یا ڕێبازی ڕیگا-ئامانج یا گۆڕانکاری لە نێوان ئەندام و ڕیبەر لە ئاستی جیاوازدا باس لە چەمکی ڕێبەر دەکات و هەوڵ دەدات لە لێنزی ئەو ڕیباز یا تێئۆرییانە دیاردەی ڕێبەری ببینین بۆ ئەوەی چەمکی ڕێبەر کە چەمکێکی کاریگەری زانستە کۆمەڵایەتییەکانە و چەندین بواری وەک سیاسی، سایکۆلۆژی، بەڕێوەبەری ...هتد لە خۆ دەگرێت زیادتر شی بکرێتەوە. هەروەها لە ڕیگەی ئەو شیکردنەوانەوە تێبگەین ڕیبەری چییە. ئەو هەوڵانە لە سەدەی بیست و یەکەم نەک کۆتاییان نەهاتوە بەڵکوو بە شێوازی جیدی بەردەوامە. پێم وایە ئەو لایەنەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە کتێبخانەی کوردیدا کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە و لە کاتێکدا کە بە هەبوونی ئەو هەموو ڕێکخراوە هەبوونی بزووتنەوەیەکی نەتەوەی زیندووی بەردەوام پێدوایستی شیکردنەوەی ئەو بوارە زیاتر بەرچاو دەکرێت.
لە سی ساڵی ڕابردوودا بە پێشکەوتنە جۆراوجورەکانی مرۆڤایەتی لە بواری جیا جیا ڕێبەریش زۆر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو پێشکەوتنانە و بەردەوام خوێندنەوەی نوێی بۆی دەکرێ. لەو خوێندنەوانە چەند تایبەتمەندیی گرینگ لەوانە کاریزماتیک لەسەر بنەمای بەهاکان، ڕێبەریی بەکۆمەڵ و پێکەوە، ڕێبەری بە بەشداری ئەوانی دیکە، لە سەر بنەمای هێزی مرۆیی، سەربەخۆ، و ڕێبەری خۆپارێز کە ڕەنگدانەوەی گروپە کولتوورییە جیاوازەکانە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. شایانی باسە توێژەران لە لێکۆلینەوەی پرۆفایلی ڕێبەرەکاندا پۆلینبەندی چیاوازیان کردوە، لەوانە تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی ڕێبەری کە بە شێوەیەکی گشتگیر پشتگیری دەکرێن بریتین لە یەکگرتوویی، کاریزماتیکبووب و لێهاتوویی لە بواری جیاوازدا، لە کاتێکدا تایبەتمەندییە نەرێنییەکان وەکوو گۆشەگیربوونی ڕێبەر، نەبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، دەمارگرژی و توندتیژی؛ هەروەها ئەوان بەردەوام خۆیان لە ناوەند دادەنێن و ئوتۆریتەرن.
ئایا سەردەمی ڕێبەری تەواو بووە؟
هێنری کسینجر"Henry Kissinger" وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا و پسپۆری پەیوەندییە نێو نەتەوەییەکان لە دوایین کتێبی بە ناوبانگی بە ناوی "ڕێبەری" کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دەرچوو دەڵێ "ئەگەر ڕێبەری نەبێ ڕێکخراوەکان بەلاڕێدا دەچن و نەتەوەکان لە دەرەوەی کایە دەمێننەوە و لە کۆتاییدا بەرەو نەمان دەچن." لە دونیای بەدامەزراوەی ڕۆژئاوا دەربڕنێکی لەو شێوە لەسەر ڕێبەرایەتیی زۆر بەهێز و ئازایانەیە چونکە تەواوی هەوڵەکانی دو سەدەی ڕابردووی ڕۆژئاوا یا لانیکەم لە ئەمریکا لە دەوری بەدامەزراوەیی کردن بە یەکێک لە هۆکارەکانی پێشکەوتن دەزانرێت. بە هەبوونی ئەو مێژووە دەربرینێکی لەو شێوەیە کێسیجێر ئەو پرسیارە لەلای ئێمەی ڕۆژهەڵاتی دروست دەکات کە پێویستە بە تێروانینکی دیکە سەیری بواری ڕێبەری بکەین. کێسینجێر بە هۆی پسپۆڕییەکەی لە بواری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانە لە کارەکەیدا شەش ستراتیژیی ڕیبەریکردن کە لەلایەن شەش ڕێبەرەوە ڕەچاو کراوە و دۆخی وڵاتەکەیان لە چاخێکەوە بەرەو چاخێکی دیکە بردووە دەخاتە بەر باس. ئەو لەو باوەڕەدایە ڕێبەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە دۆخی وڵات و نەتەوەکەی لە چاخێکەوە بەرەو چاخێکی دیکە ببات، ئەگەر نا ئەو، ئەو دەوڵەتمەدارانەی تەنیا کاری ئاسایی ڕۆژانە بەڕێوە دەبەن بە ڕێبەر دانانی، لە هەمووشی گرینگتر لەو باوەڕەدایە کە ڕێبەر پێویستە ڕەگی لە مێژوودا بێ، لە فەلسەفە بزانێ و هەروەها ئەوەی زۆر گرینگە بۆ ڕێبەرێکێ ڕاستەقینە خاوەنی ویزیونێکی دیاریکراو بێ و کۆمەڵ و وڵات و نەتەوەکەی بەرەو ئەو ویزیونە ئاراستە بکات.
بەگوێرەی ئەو تایبەتمەندییانەی کە کێسینجێر باسی دەکات لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی خۆمان زیاتر هەست بە هەبوونی زانستی ڕێبەرایەتی دەکرێت. چونکە ئێمە خاوەنی بزووتنەوەیەکی زیندووین کە ڕەگی لە مێژووی نەک نزیک بەڵکوو لە هەزاران ساڵەی ئێمەدا هەیە و لە ویزیونی داهاتووشیدا بەدیهێنانی ئازادی بۆ نەتەوە و وڵاتەکەی دانراوە. لە دۆزێکی وەهادا گەلێک هۆکار بە سەر دۆخەکە شوێندانەریی ڕاستەوخۆیان هەیە کە ڕێبەرایەتی یەکێک و لەوانەیە گرینگترینیان بێت.
ئێستا لە کاتێکدا باسی ڕێبەری لە ڕۆژەڤدایە شۆڕشێکی بەرفراوانی وەک شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کە دەنگدانەوەی جیهانی هەبوو لە وڵاتی خاوەنی ئەو بزووتنەوەیە سەری هەڵدا کە جێگای سەرنج و بایەخە. ئەوە ڕاستە کە گۆڕانکاری لە ئاستی جیاوازدا شوێندانەرییان لە سەر ڕێبەرایەتیی نوێ و سەردەمیانە دەبێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ڕێبەرایەتی کۆتایی هاتبێ و کۆمەڵگە بتوانێ لەو پەڕی ئانارشیزمدا بەرەو ئامانجی دیاریکراو، هەماهەنگ و یەکگرتوو هەنگاو هەڵ بگرێت. بەتایبەتی کە ئەو بزووتنەوەیە لە کوردستان لەلایەن حیزب و ڕێکخراوەوە بەڕێوە دەبردرێت کە لە کۆتاییدا کاریگەریی بە سەر کۆمەڵ بە گشتی هەیە. واتە زانستی بەڕێوەبەری ڕیکخراو لە لایەک گرینگی هەیە بۆ ئەوەی ڕێکخراو سەرکەوتوو بێت و لە ئەویش گرینگتر ڕێبەرایەتیی گشتی بۆ ئەوەی شۆڕش هەرچی زۆرتر بە جەماوەریتر بێت. هەر وەک کێسینجێر دەڵێ "سەرکردە ئاساییەکان هەوڵی بەڕێوەبردنی ئەمڕۆ دەدەن بەڵام ڕێبەرە ڕاستەقینەکان هەوڵی بەدیهێنانی خەیاڵ و گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەکان دەدەن".
سەرچاوەکان:
- Northouse Peter, (2016). Leadershop : theory and practice/Western Michigan University.—Seventh Edition.
- Antonakis john, Cianciolo Anna, Sternberg Robert, (2004), The nature of leadership.
- LİDERLİK Dünya Stratejisiyle İlgili Altı Ders Henry Kissinger Çeviren: Ebru Kılıç 2023.