کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی مەدەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

14:24 - 19 پووشپەڕ 2724

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

(بزووتنەوەی مەدەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان)

 

سمایل شەرەفی

قسەکردن لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆچوون و ڕوانگەی جۆراوجۆر و جیاوازی لە سەرە. بە جۆرێک کە تەنانەت بەپێی ماهییەتی نیزامی زاڵ بە سەر ئێران و ڕەوتی گەشەنەسەندووی کۆمەڵایەتی لە کوردستان، قسە له بوون یان نەبوونی وەها کۆمەڵگەیەک دەکرێت. هەر کات قسە لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان دەکرێ، کۆمەڵێک تەعبیر و دەستەواژەی وەک "نافەرمانی مەدەنی"، "خەباتی مەدەنی"، "جموجۆڵی فەرهەنگی" و "بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی" دێنە کار کە دەرخەری جۆرێک لە ئاڵۆزی و لێڵیی باسەکەیه. بەو مانایە کە پێناسە و بۆچوونێکی یەکدەست و ساغبووەوە لەسەر خەباتی مەدەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان لە ئارادا نییە و خۆبواردنێک لەو باسە لەنێو بۆچوونەکاندا (ئەوانەی تایبەتی بۆ ئەم نامەیە وتووێژم لە گەڵ کردوون) بەتەواوەتی هەست پێ دەکرێ.

ئەو چالاکی و تێکۆشانانەی لە دەرەوەی خەباتی حیزبەکان (رێکخراوی سیاسی) لە لایەن چالاکانی فەرهەنگی، ئەدەبی، ژینگەپارێزی، خوێندکاری، فێرکاریی زمانی کوردی و...لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لە ئارادان چ پێناسەیەک هەڵدەگرن و لە چ چوارچێوەیەکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان‌دا جێ دەگرن؟ خالید تەوەکوللی، بە گەڕانەوە بۆ تایبەتمەندیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە لە گەڵ خسڵەتی بەردەوامبوونیان، خاوەنی سازمان، دیسپلین، ئامانج و بەرنامەی ڕوونن، پێی وایە ئەوەی لە کوردستان لە ئارا دایە "کۆمەڵێک جموجۆڵن لە بواری جۆراوجۆردا". تەوەکوللی دەڵێ "دیارە ئەو جووڵانەوانەی لە کورستان‌دا دەبیندرێن یان پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەیە، بەشێک لەو تایبەتمەندیانەیان هەیە و جاروبار وای لێدێ وەکوو بزووتنەوەیەک چاویان لێ بکرێ، بەڵام بە گشتی لە بەر ئەوەی کە بەردەوامبوون و سازمان و یاسا و ڕێسای پەسەندکراویان نییە، نەیانتوانیوە وشیاری و شوناسێکی دیاریکراو درووست بکەن و لەم ڕوانگەوە لە بزووتنەوە دوور دەکەونەوە".

کەم نین ئەو کەسانەی پێیان وایە چالاکیی مەدەنی لە کوردستان لاواز و پرش و بڵاو و کورت ماوەیە و بنەمایەکی تێئۆری نییە. بۆیە ناکرێ ناوی بزاڤی لەسەر دابندرێ و لە ڕاستیدا بزاڤی مەدەنی لە کوردستاندا ڕێ نەکەوتوە. لە ڕووی ڕەفتارییەوە کاری مەدەنی لە کوردستان نەبۆتە کەلتوور و بە گشتی دەرکێکی درووست لە چالاکیی مەدەنی بوونی نییە. کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی سیاسەت لێدراوە کە هەروا بە ئاسانی چالاکیی مەدەنی و چالاکانی ئەم بوارە ناتوانن متمانەی خەڵک وەدەست بێنن.

هەر لەم پێوەندییەدا "ئارسان"، لەو بڕوایە دایە کە ئەو چالاکیانەی لە بواری ئەدەبی، فەرهەنگی، ژینگەپارێزی، خوێندکاری و...دا دەکرێن و لە ئارا دان، هێندێک چالاکین کە دەکرێ لە ژێر ناونیشانی هەوڵی مەدەنی‌دا پۆلێنبەندی بکرێن. چونکی بە هۆکاری یەک دەست نەبوون و هاوئامانج نەبوونیان کە زۆریش لێک تەریکن و پێوەندیی ئۆرگانیکیان پێکەوە نییە، ناتوانن بزاڤ بن. "ئەمانە هەر کامەیان مێژوو و بەستێنی کۆمەڵایەتیی خۆیان هەیە و ڕەنگە باشتر ئەوە بێت کە جیاجیا بۆ هەر کامەیان خوێندنەوەی جیاواز بکرێت".

لە بەرانبەر ئەم بۆچوونانەدا کە بە پشتبەستن بە باسە تێئۆرییەکان لە سەر بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەڕواننە "جموجۆڵە مەدەنییەکان"ی کوردستان و بە هۆکاری ئەوەیکە ئەم چالاکیانە بە دوای لێک‌هەڵوەشانەوەی نیزامی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە نین لە خانەی بزووتنەوەی مەدەنی‌دا نابیندرێن، بۆچوون هەیە کە پێی وایە ناکرێ کۆنتێکستی شوێن (جوغرافیا) و سەردەمەکان لەم باسانەدا لە بەرچاو نەگیردرێن. هیچ مەرجیش نییە هه‌موو جووڵه‌یه‌کی جڤاکی به‌دوای هه‌ڵشێلان و داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بنه‌ماکانی سیستم و کۆمه‌ڵگەوه بێ. "هەموو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی پێویسته ڕه‌هه‌ندێکی جه‌ماوه‌ری و ڕێكخراوەیی هه‌بێ.

 له ‌ڕووی مێتۆد و شێوازی تێکۆشانه‌وه، بزوتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی ئامانجه‌کانی ڕادیکاڵ بن یان ڕیفۆرمخواز، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی بن یان سیاسی و شوناسخوازی، ته‌نیا له میتۆدی غه‌یره چه‌کداری و ئاشتییانه - که هێندێک جار دێموکراتیکیشی پێ ده‌ڵێن - که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. ده‌کرێ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کدارانه و شۆڕشگێڕانه له‌پێوه‌ندیی کار و کارکرد یان ڕکابه‌ری و ته‌واوکه‌ریدا بێ، به‌ڵام بۆخۆی ته‌نیا ده‌بێ میتۆدی ئاشتییانه به‌کار ببا، جا ئه‌و میتۆده ئاشتییانه قانوونی بن یا قانوونی نه‌بن (چونکه هێندێك میتۆد لەگەڵ ئەوەی ئاشتیخوازانەن به‌ڵام له‌ ڕوانگه‌ی سیستمی مه‌وجووده‌وه ناقانوونین و ڕێگه‌پێدراو نین). سێهه‌م و سه‌ره‌نجام، مه‌به‌ست و ئامانجه‌کانی بزووتنه‌وه که چه‌نده ڕادیکاڵن یان سروشتیان چیه و چ بوار یان بوارگه‌لێک ده‌گرنه‌وه کاریگه‌ریی له‌سه‌ر تێرمینۆلۆژی نییه. دیسان هه‌موو شتێک به‌ستراوه‌ته‌وه به‌ کۆنتێکستی کات و شوێنی وه‌ڕێکه‌وتن و به‌ڕێوه‌چوونی بزووتنه‌وه‌که.

ڕەهبەرمەحموودزادە بە پشتبەستن بە دوو فاکتەری کۆمەڵناسانە کە وەک دوو هۆکار بۆ بوون یان نەبوونی بزووتنەوە مەدەنییەکان ناویان دێنێ، باس لە پێکهاتنی دیاردەیەکی نوێ بە ناوی "بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان" لە کوردستان دەکات کە بزووتنەوەی مەدەنی، بە بەشێک لەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دەزانێ. ناوبراو لەم پێوەندییەدا دەڵێ؛ " ئەو دوو سازدەرە گرینگەی بزووتنەوە مەدەنییەکان لە هەناوی ئەوانەوە سەر هەڵدەدەن یەکیان "شار"ە و یەکیشیان "چینی مام ناوەندی" یان (طبقه متوسط)ـه. ئەگەر بمانەوێ زۆر وردتر بۆ بابەتەکە بڕوانین تەنانەت دەتوانین یەکێک لەم سازدەرانە بۆ سازدەرەکەی تر کورت بکەینەوە، چونکه ناکرێ شاری مۆدێڕن بەبێ چینی مام ناوەندی و چینی مام ناوەندیش بە بێ شار بیریان لێ بکرێتەوە. هەندێک لە شارەکانی کوردستان، نەختێک بەر لە کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم ڕوویان لە مۆدێرنبوونەوە کرد. لە شارەکانی وەک کرماشان و سنە و مەهاباددا وردە وردە چینی مام ناوەندی خۆی گرت. سەرهەڵدانی چینی بورژوا و وردە بورژوا بەرەبەرە سروشتی شارەکانی کوردستانی گۆڕی. بەستێنێک ساز بوو کە پێکهاتنی دیاردەیەکی نوێ بەناوی "بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی" لەو بەستێنەدا وەک شتێکی گونجاو و ڕەخساو چاوی لێ دەکرا".

ئەگەر کۆنتێکستی شوێن و هەر دوو سازدەرەکە (شار و چینی مامناوەندی) بە پێوانە بۆ بوون یان نەبوونی بزووتنەوەی مەدەنی وەربگرین، "بێگومان ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە بە شێوەی یەکدەست لە سەرجەم جۆغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ئارادا نییە و تەنانەت لە هەندێ جێگاش هێشتا ئاسەواری چالاکییەکی مەدەنیانەی تۆکمە و جیددی نابیندرێت کە دیارە ئەمەش هۆکاری جۆراوجۆری هەیە و دەشتوانێ لە داهاتوودا و لە ژێر کاریگەریی ئاڵوگۆڕەکاندا، ئاقارەکەی بگۆرێت".

 سازدەری سێیەم کە کار دەکاتە سەر ڕەوت و خێرایی بزووتنەوە مەدەنییەکان، ڕادەی دێموكراتیزەبوونی کۆمەڵگەیە. دێموکراتبوونی کۆمەڵگەش دوو لایەنی هەیە: یەکەمیان سیستەم و نیزامێکی دێموکراتیزەی سیاسییە و دووهەمیان، دێموکراتیزەبوونی فەرهەنگی جەماوەریی خەڵکە. ئەگەرچی سازدەری سێیەم لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بەهۆی ئەوەی سیستەمە سیاسییە زاڵەکان زۆرتر سیستمی نادێموکراتیک بوونە، کەمتر بەستێنی گەشەی هەبووە بەڵام ئەم فاکتەرە کار دەکاتە سەر خێرایی گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.

لە پێوەندی لەگەڵ بوون یا نەبوونی بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان‌ و پێناسە و دەستەواژەکانی پێوەندیدار، باسێک بەردەوام دێتە ئاراوە کە ئەویش لە لایەک پێوەندیی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و خەباتی مەدەنییە و ئەوی دیکەشیان شوێن و پێگەی بزووتنەوەی مەدەنی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانه.

 بەپێی پێناسەیەکی گشتگیر کە لە کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە؛ دەگوترێ کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە بەدەر لە دەسەڵاتی سیاسی و سەربەخۆ لەم دەسەڵاتە پێداگر لە سەر هێندێک پڕەنسیپ ژیان بەسەر دەبا. کۆمەڵگەی مەدەنی کە وەکوو "بواری سێیەم" ئاماژەی پێ دەکرێت، دیاردەیەکە کە دەبێ بە تەواوی جیا لە حکومەت و بازاڕ و بەرژەوەندییەکانی ئەوان، بوونی هەبێت. بەپێی ئەم پێناسەیە، مەودای چالاکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بنەماڵە و حەوزەی تابەتیش لە خۆی دەگرێت. بە واتایەکی گشتی، کۆمەڵگەی مەدەنی سەرجەم ڕێکخراو و دامەزراوە ناحوکمی لە لایەک و کۆی ویست و بەرژەوەندیی تاکەکانی کۆمەڵگە لە لایەکی دیکەوە لە خۆی دەگرێ و داکۆکییان لێ دەکات، بەڵام بەو مەرجەی کە ئەم ڕێکخراو و تاکانە گرێدراوی حکومەت نەبن و بە بەرژەوەندییەکانی ئەوەوە نەبەسترابێتنەوە.

هێندێک ڕوانگە پێیان وایە، کە تەنانەت ئازادیی ڕادەربڕین و دادوەریی سەربەخۆ کە بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتن، ئەوانیش وەک کۆمەڵێک بایەخی نۆڕماتیڤ دەکەونە خانەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چوراچێوەی ئەم تەعریفە گشتگیرەدا کۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لە گرووپ و تاقمە کۆمەڵایەتییەکان، حیزبە سیاسییەکان، بزووتنە کۆمەڵایەتیەکان، ڕێکخراوە و ئەنجومەنە جۆراوجۆرەکان، سەندیکا و پێکهاتە تایبەتەکانی پێوەندیدار بە ژیان و کاری چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەوە. ئەم کۆمەڵگەیە لە دەرەوەی دەسەڵات دوو ئامانج دەپێکێ؛ یەکەم، پردی پێوەندیی نێوان کۆمەڵانی خەڵک و حکومەتە و لە ڕێی دامەزراوە تایبەتیەکانەوە و بە نوێنەرایەتیی خەڵک لەگەڵ دەسەڵات لە پێوەندی دایە و دووهەم، وەک ڕەخنەگری دەسەڵات لە مەیدان‌دایە و بەردەوام هەوڵ دەدا حکومەت و لاڕێییەکانی بداتە بەر ڕەخنە و هەوڵ بۆ ئەوە دەدا دەسەڵات ناچار بە قبووڵکردنی ویستی خەڵک بکات. لە بنەمادا کۆمەڵگەی مەدەنی ئیمکانێکی گونجاوە بۆ هاووڵاتیانی ئەو کۆمەڵگەیە تا لە ڕێی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانەوە قسەی خۆیان بکەن و بە گوێی بەردەنگ و دەسەلاتی سیاسی بگەیەنن.

 کاتێک حکومەتەکان گوێ بۆ ویست و داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵک ڕاناگرن و پێمل بە خواستی گشتی نابن کۆمەڵگەی مەدەنی نە تەنیا وەک ڕەخنەگری دەسەڵات، بەڵکوو وەک لایەنی بەرانبەری دەسەڵات دەکەوێتە تێکۆشان، لەم حاڵەتەدا کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێتە مەیدانی بزووتنەوەیەکی گشتی کە بزووتنەوەی مەدەنییە، جۆرێک لە تێکۆشانی بەردەوام کە ئاراستەکەی دوو ئامانجی گشتییە: ١. ڕێکخستنی کۆمەڵگە وەک یەکەیەکی سەربەخۆ، جیاواز و جۆراوجۆر و ٢. پێملکردنی دەسەڵات بە ویست و داواکارییەکانی کۆمەڵگە.

لە ڕاستیدا بزووتنەوەی مەدەنی لە سەر دەستی کۆمەڵگەی مەدەنی شکڵ دەگرێ کە هێندێک تایبەتمەندی هەیە کە بریتین لە: ١. توندوتیژیخواز نین ٢. خۆڕسک و سەربەخۆن ٣. ڕەخنەگر و زۆر جار دژبەری سیاسەتەکانی حکومەتن. ٤.پێكهاتەیەکی ئازادیبەخشیان هەیە. لە سەر ئەو بنەمایە دەتوانین لێکدانەوەیەکی گشتیمان هەبێ لەسەر ئەو شتەی کە ئێستا لە کوردستان لە ئارا دایە و وەک کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەی مەدەنی باسی دەکەن. هیچ کۆمەڵگەیەکی مەدەنی نییە چەندین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بەپێی تایبەتمەندی و کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆ نەگرێ. کە کۆمەڵگەی کوردیش بەدەر لەو ڕاستیە کۆمەڵایەتییە نییە. لە ڕاستیدا  کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی بەرهەمهێنی بزووتنەوەی مەدەنی‌یە. وێڕای بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگەی مەدەنی جاری وایە ئەم کۆمەڵگەیە کەڵکەڵەیەکی گشتیتری هەیە، جا ڕەنگە ئەو کەڵکەڵەیە گەیشتن بە دێموکراسی و...هتد بێ، یا وەک کورد، گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکان بێ. کەواتە لە کوردستان لەسەر دەستی ئەو کۆمەڵگە مەدەنی‌یە ساوایە بزووتنەوەیەکی مەدەنی لە ئارادایە کە پێناسەیەکی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی هەیە. ئەگەر بڕوانینە ئاراستەی دامەزراوە مەدەنییەکان و تەنانەت ناڕەزایەتییە پیشەییەکانی دوو دەیەی ڕابردوو، کە تازەترینیان ناڕەزایەتیی مامۆستایانە ، دەبینین ئاراستەیەکی نەتەوەیی و شوناسخوازانە دەگرێ و داواکارییەکان لەو چوارچێوەیەدا شکڵ دەگرن. کەواتە بزووتنەوەی مەدەنی کوردستان وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوایەتیی شوناسخوازانە لە ئارادایە.

بە گشتی سەرەڕای ئاڵۆزیی دیاردەکە و ناڕوونیی پێناسە و چەمکەکان، بزووتنەوەی مەدەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەساسی کۆمەڵێک جموجۆڵ و چالاکیی ناتوندوتیژ کە داکۆکی لە گوتاری پەراوێزخراوی کەمینەکراو دەکات، بوونی هەیە و بەشێک لە بزوتنەوەی کوردستانە، واتە خۆی بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ نییە، بەو مانایە که ئامانجی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەڵکوو لە ئامانجدا و تەنانەت لە ڕووی بنەمایی مافیشەوە بەشێک لە بزووتنەوەی کوردستانە، بەڵام ڕێکاری جیاواز دەگرێتە بەر هەتا ئامانجەکانی ئەو بزووتنەوەیە بێنێتە دی. "لە ڕۆژهەڵات ڕەوتێکی سیاسی هەیە کە دەیهەوێ بزووتنەوەی کوردستان بەرەو ئاراستەیەکی ناتوندوتیژ بەرێ، هاوکات لەگەڵ ئەوە بەربەرەکانێ (مقاومت)ی ناتوندوتیژیش هەیە کە هەوڵدەدات بەهاکانی گوتاری پەڕاوێزخراوی کەمینەکراو وەک زمان، فەرهەنگ و هتد لە فەوتان ڕزگار بکات و پەرەی پێبدات، بەڵام بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو بەشێک لە بزووتنەوەی کوردستانە، چونکە ئامانج و بەهاکانی هەمان ئامانج و بەهایە".

***

تێبینیی: سەرچاوەکانی بەکارهاتوو بۆ ئەو زنجیرە نووسینە لەسەر "کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لە ئەرشیڤی "کوردستان"دان.