کەریم پەرویزی
گرنگترین خاڵی کەسایەتیی ڕێبەرێک چ ڕێبەری سیاسی یان چ ڕێبەرێک لە بوارەکانی دیکەدا بریتییە لەوەی کە مرۆڤەکان بە دڵنیابوون لە دەروونی ئەو و بەواتایەکی دیکە بە ئەرخایەنییەوە گوێی لێ دەگرن و بە گوێی دەکەن و ئەو ڕێبەرەش مرۆڤەکانی دەوروبەری وەکوو مرۆڤ دەبینێ، نەک وەکوو پردەباز و یان بەرهەڵیخ!
ڕێبەر لە خەباتی نەتەوەیەکدا، دەنگێکی دەروونییە کە تاکەکان لە ناخی خۆیاندا دەیبیسنەوە و لە هزریاندا زایەڵەی وتەکانی دەنگ دەداتەوە. هەر بۆیە ڕێبەری نەتەوەیی لەسەر ئەساسی کاریگەریی مێژوویی وشەکانی هەڵدەبژێرێ و بە هەست بە بەرپرساریەتی بەرامبەر بە وشەوە دەیانهێنێتە سەر زار و گۆ. وشە لای ڕێبەری سیاسیی خەباتێکی پڕلە گیانفیدایی نەتەوەیەک، دەنگێکی کاتی و هەستێکی لاوەکی نیە، بەڵکوو دەروەست بوونە بەرامبەر بە زەمان و داهاتووش، بۆیە لە بیری گشتیدا دەمێنێتەوە و وتەکانی دەبنە ڕێساکانی خەباتی چەندین نەوە.
دوکتور قاسملوو چ وەکوو ڕێبەرێکی سیاسی کە دەبوو سیاسەتی شۆڕشێک دابڕێژێ و چ وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی کە دەبوو تانوپۆی نەتەوەیەکی بێبەش لە نیشتمانێکی ئازاد گرێ بداتەوە و هیوای خاوەندارەتی لە نیشتمانەکەی تێدا بەهێز بکاتەوە، دەدوا و کاری دەکرد و هزری بە نێو کۆمەڵدا بڵاو دەکردەوە.
جیا لەو ڕەهەندانەش، دوکتور قاسملوو هەرگیز لایەنی تاکی و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکانی پشتگوێ نەدەخست و لە دڵەخورپەکانیدا بەردەوام ڕەنگی دەدایەوە ودەیهێنایە سەر زمان و دەیگووت کە ئێمە چ وەک نەتەوە خەباتێکی قورسمان لە بەردەمە و چ وەک تاک ئەرکی ڕۆژانە و کردەوەی چرکە بەچرکەمان لە بەر چاوی کامێراکانی مێژوو و نەوەی داهاتوویە کە بزانین چییان بۆ بە میرات بەجێ دێڵین!
کاتێک باسی لە نەوە جیاوازەکانی نێو شۆڕش دەکرد، دەیگووت ئەرکی نەوەی یەکەمی خەبات ئەوە بوو و ئاوایان کرد و ئەرکی نەوەی دووهەم وەها بوو و خۆی بە نەوەی سێهەم دەزانی و ئەرکەکانی نەوەی سێهەمی باس دەکرد و دەیگووت ئێمە دەبێ ئەرکی خۆمان بەجێ بگەیەنین تاکوو نەوەی داهاتوو شەهیدی نەبێ! ئەمە دڵەخورپەیەکی گەورەیە لای دوکتور قسملووی نەمر کە بەختەوەریی دواڕۆژ گرێ دەداتەوە بە کردەوە و هەڵسوکەتی ئەمڕۆی تاکەکان.
رەنگە گەڕان بە دوای هەموو ئەو ڕستە و وشە پڕ واتایانە و دیاریکەری ڕێبازی ژیانەدا دژوار بێ و کاری گران بێتە پێش چاو بەڵام لە یەکێک لە بەڵگە گرنگەکاندا دوکتور قاسملووی نەمر ڕیزێک لەو دڵەڕاوکێ گەورانەی تۆمار کردوون کە بەوانەوە تاکێکی خەباتکاری خاوەنی هزر و هەڵوێست دەناسرێنەوە.
"دێموکرات لە بەستراوەیی بێزارە؛ دێموکرات لایەنگری ئازادی و دێموکراسیە؛ دێموکرات دژی هەر چەشنە چەوسانەوەی ئینسانە؛ دێموکرات لایەنگری بەرابەریی تەواوی مافی ژن و پیاوە؛ دێموکرات بەشەردۆستە..."
ئەمانە هەندێ لەو خاڵانەن کە دوکتور قاسملوو لە پێناسەی بەناوبانگی بەناوی سیمای دێموکراتدا دەیانهێنێتەوە.
کاتێک باس لە سیمای دێموکرات دەکا، لە ڕاستیدا باس لەو مرۆڤە بەهەڵوێستە دەکا کە لە کونجێکی کاتو شوێندا، بەپێوە ڕاوەستاوە و بارێکی گرانی "سیزیف" ئاسایی لەسەر شانە و بەپێچەوانەی ئەفسانەکان، ئەم مرۆڤە خاوەن ئیرادەیە نەک شکست ناهێنێ، بەڵکوو بە کردەوەکانی ژیانێکی نوێ دەخولقێنێ.
یەکێک لە ڕەهەندەکانی سیمای دێموکراتێک کە دوکتور قاسملوو دەیەوێ بیکا بە ئولگوو، بریتییە لە هاوسەنگیی ئازادی و بەرابەری لای مرۆڤێک کە بە دێموکرات پێناسە دەکرێ. دوکتور قاسملوو دەڵێ ئازادی نرخ و کەرامەت دەدا بە مرۆڤ و هەر لە هەمان کاتیشدا دەڵێ، بەرابەری ئەو کەرامەتە دەپارێزێ و شۆرشگێڕبوونی دژی شکاندنەوەی ئەو کەرامەتە قورس و پتەوی ڕادەگرێ.
ئەوەی لای دوکتور قاسملووی ڕێبەر گرنگە و دڵەخورپەیەکی ڕۆژانەیەتی، بریتییە لەوەی کە چ جۆر مرۆڤێک و لە ڕاستیدا چ جۆر ڕواڵەت و کردەوەیەک دەکا بە سەرباشقە و ئەوانەی کە دەڵێن لە ڕێبازی قاسملوودا هەنگاو هەڵ دەگرین، خاوەنی چ سیمایەکن. دێموکراتبوون لای دوکتور قاسملوو تەنیا ناوێک و حیزبێکی سیاسی نییە، بەڵکوو ئەکتێکی ڕۆژانەیە کە گرێی دەداتەوە بە ئەرکە نیشتمانییەکان و لە تانوپۆی کۆمەڵگەیەکی خاوەن هەڵوێستدا جێ دەگرێ و لە کۆی گشتیدا، سیمای دێموکرات ئەو ڕواڵەت و لە هەمانکاتدا نێوەڕۆکەیە کە ئازادی و بەختەوەری هەم دەکا بە ڕەنگڕێژی ئەمڕۆ و هەم دیاری بۆ نەوەی دوارۆژ.