قاسملوو؛ ڕێنسانسێک بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد
شاڕوخ حەسەنزادە
ڕێنسانس وەک بزووتنەوەیەکی هزری و ئاوەزمەندی لە کۆتاییەکانی سەدەی چاردە لە ئیتالیا سەری هەڵدا، خێرا بەشی هەرە زۆری ئورووپای تەنی و نەریتە کۆنەکانی کردە بڵقی سەرئاو و چەمکگەلی وەک مرۆڤتەوەریی خوڵقاند، بایەخی بۆ هونەر و وێژە گەڕاندەوە، پێناسەی نوێی بۆ ئۆل و ئایین دوای وەرگیڕانی کتێبی پیرۆز، دەستەبەر کرد، زانستی جۆراوجۆری داهێنا و بیروبۆچوونی فرەی هێنایە کایەوە.
لەو سەردەمدا کەسایەتییەکی وەک "ماکیاڤێلی"Niccolò di Bernardo dei Machiavelli لەنێو میرنشینەکانی ئیتالیا(میدیچی) سەری هەڵدا و کتێبێکی لەسەر زانستی سیاسەت بەناوی "شالیار" نووسی. ناوبراو لەو کتێبەدا، سەرجەم میرنشینەکانی هان دا بۆ دەستەبەرکردنی هێزێکی یەکگرتوو و دامەزراندنی نیشتمانێکی یەکپارچەی سەربەخۆ. ئەو پێی وابوو "تەنیا ڕێگای چارەسەری کێشەکان و گەیشتن بە ڕێگاچارەی کۆتایی بۆیان، یەکگرتوویی سەرتاسەری میرنشێنەکانیی ئیتالیایە کە تەنیا بە سەرۆکایەتی "شالیار"ێک بووز دەخوا کە لەم ڕێگەیەدا شێلگیرانە هەوڵ بدا هیچ جۆرە لەبەرچاو گرتنێکی دۆستانە، ئەخلاقی، ئایینیی نەبێت، چوونکە ئەمانە دەبنە لەمپەر و زی"!
چەند دەیە دوای ڕێنسانیی ڕۆژئاوا، لەبەر نزیکایەتیی جوغرافی لەتەک بەشی باکووری نیشتمانی کوردستان، شنەی فێنکی ئەو گۆڕانکاریی و نوێبوونەوەیە لە کوردستانی ژێردەستی عوسمانلی هەڵدەکا، کەسایەتییە کوردەکانیش وەخۆ دەکەون و دەست بە نووسین دەکەن، بەو جیاوازییە کورد بەپیچەوانە؛ گرنگی و بایەخی زیاتر بە وێژە و ئەدەب دەدا و نەهامەتییەکانی وەک قوربانییەکیی مێژوویی لەدەست "ئەوانیتر"دا دەبینێتەوە. ئەحمەدی خانی وەک کەسایەتییەکی ناوداری کورد لە سەردەمی هەڕەتی میرنشینە کوردەکان، هەموو کوڵ و زوخاوی خۆی لە "مەم و زین" وەک یەکێک لە بەرھەمە گرینگەکانی وێژەی کلاسیکی زمانی کوردیدا هەڵدەڕێژیت کە چیرۆکی ژینی کورد بە درێژایی دیرۆک لەو هۆنراوەیەدا بە شێوەی نیشانەناسانە دەخوێنییەوە. خانی لە 'مەم و زین"دا ویستی ئەوە بووە بیروڕای خۆی لەهەمبەر پرسگەلی جۆراوجۆری دۆزی کورد بەو شێوازە هێماییە دەرببڕێت و مەم و زین وەک پاساو و بیانوو بۆی بێنیتەوە:
"شەرحا غەمێ دل بکەم فەسانە
زین و مەمێ بکەم بەھانە..."
ئەو چیرۆکە تڕاژێدیکە کە نووسەرەکەی هەوڵی داوە لە زۆربەی زاراوەکانی کوردی کەڵک وەربگرێ، بە نەورۆز وەک هێمای جێژنێکی نەتەوەیی دەست پێدەکات، ئەوینداری و سرووشتی خەمتاوێنی نیشتمان دوو دیاردەی هەرمانی ژینی کوردانەن، هەروەها نیشانەی "بەکر" وەک هێمای شۆڤار و گوێبەل لە بەرامبەر "تاژەددین" وەک نیشانەیەک لە مێرخاسی، ئەمەگناس و خەباتکار لە تاکی کورد. خانی لە مەم و زیندا ھانی کوردی داوە بۆ بەرەنگاربوونەوە دژ بە داگیرکەران ڕاپەڕن و بجووڵێن. لە شێعرێکی ناوازەشدا وەک یەکەم شاعیری نەتەوەپەرەستی کورد باسی یەکیەتی و یەکگرتووی و لەهەمان کاتدا زەبوونیی گەلانی داگیرکەر دەکا و دەڵێ:
گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک
ڕوم و عەرەب و عەجەم تەمامی
ھەمیا ژ مە ڕا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت"
دوای خانی گەلێک کەسایەتی و مێرخاسی کورد چ وەک تاک و چ وەک بزووتنەوەی نەتەوەیی دەستیان بە چالاکی کردووە و تێچووەکەشیان بە دانانی گیانی خۆیان داوە. سەدەی بیستەم دەستپێکی شۆڕشە جدییەکانی نەتەوەی کوردە. لەو سەدەیەدا بە تایبەت دوای شەڕی یەکەمی جیهانی؛ گەلێک شۆڕش و ڕابوون بە شێوازی چەکداری و تەنانەت مەدەنی و سیاسی و کاری دیپلۆماسییش هەوڵ دەدەن لە دامەزراندنی حکوومەتە نوێیەکان بە پاڵپشتی ڕۆژئاوا کورد سەری بێ کڵاو نەمێنێتەوە. بەڵام هەموو هەوڵەکانییان لەبەر ئەوەیکە "کورد لە ئاوابەندیی سیاسیی ڕۆژئاواییەکان هیچ پێناسەیەکی بۆ نەکرابوو"، و لەلایەک دیکەشەوە بەهۆی "پەرتەوازەیی و پێکەوە نەحاوانەوە"، کوردستان تەریک کەوتەوە.
دوای نوشست و شکستەکانی بزووتنەوەی کورد لەهەرکام لە پارچەکانی کوردستان، لە دەیەی ٤٠ی زایینی سەدەی بیستەم بە دامەزرانی یەکەم حیزبە مۆدێرنەکان لە ڕۆژهەڵات و دیاریکردنی ستراتیژیی ڕوون، ئەو بەرنامەیەش وەدی دەهات کە بۆ گەیشتن بە ئامانج کورد دەبێ پێنج خاڵی سەرەکی لەبەرچاو بگرێ: دامەزراندنی حیزب و ڕێکخراوی پیشکەوتوو، میدیا و ڕاگەیاندن، ستراتیژیی دیاریکراو، هەبوونی سەرکردایەتییەکی ژیر و بوونی هێز(پێشمەرگە).
تەمەنی یەکەم کۆماری کوردستان و سەرۆککۆمارەکەی کورت بوو، بەڵام بناغەی ئەو ئایدیایەی بە میرات بۆ گەلی کورد و حیزبی دێموکرات بەجێ هێشت کە دواتر، کەسایەتیی شەهید د. قاسملوو توانی لاپەڕەیەکی زێڕینی لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردیی پێ بخەمڵێنیت. کاک دکتور وەک کەسایەتییەکی سیاسی، زانستی، ئاکادێمیک، دیپلۆمات و پێشکەوتوو لە قۆناغێکدا لە مێژووی قەیراناویی کورد و حیزبی دێموکرات هاتە مەیدان کە بزووتنەوەی کورد پێویستی بەو جۆرە لە کەسایەتییە کاریزماتیکە زۆرزانە هەبوو، هەتا خۆی لە شێوە ڕوانینی خەباتی کلاسیک و چاولێکەری و پاشماو جیا بکاتەوە و گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر ئایدیا و تێڕوانینەکان بۆ دەستەبەر بوونی مافی کورددا بێنێت.
لە ڕوانگەی ماکس ڤێبەرەوە کە وەک یەکەم کۆمەڵناس لە وشەی سەرۆک و ڕێبەریی کاریزماتیک لە تیۆری بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەییدا کەڵکی وەرگرتووە، کەسایەتیی کاریزماتیک کەسێکە هێزی ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی هەبێ و بە زانایی و تایبەتمەندیی بەرزی ئەخلاقی وەدیهێنەری لەخۆبوردوویی و هەستی پشتبەخۆبەستن لەنێو ئەو کەسانەی بڕوایان پێکردووە بەرز بکاتەوە. بە ڕوانینی ڤێبەر، سەرکردەی کاریزماتیک خاوەن توانستی مەزن، لێزانیی تایبەت و تەیار بە تایبەتمەندی بەرزی کەسێتییە. دەکرێ ئەوەش بگوترێ کە، بەشی هەرەزۆری ئەو سەرکردە ناوازانە بەرهەمی قەیرانی ئارایین و وەک ڕزگاریدەرێکن کە خەڵکەکەیان لەو قەیران و گرفتانە قوتار دەکەن.
قاسملوو بەو تایبەتمەندییانەی هەیبوو وەک ڕێبەرێکی لێوەشاوەی کاریزماتیک لە هەموو دەرفەتەکانی خەبات (وتووێژ، خەبات و بەرگریی چەکداری، دیپلۆماسی، تەشکیلاتی، میدیایی و...) کەڵکی وەردەگرت. بە واتایەکی دیکە هێزی پێشمەرگەی بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی حیزب لە چوارچیوەی مەیدانیی دیپلۆماسی و بانگەشەی گوڕوتین خستنی کۆمەڵگە بە هەرماویی خەبات ئاراستە دەکرد. قاسملوو لە سەردەمی ڕێبەری حیزبی دێموکراتدا توانیی ئەو حیزبە بە شێوەیەکی بانخۆزاو پەرە پێ بدا و جگە لە خۆی، حیزبیش لەنێو خەڵکدا خۆشەویست و شیاوی متمانە بکات. ئەو جیا لە نووسینەوەی ئەساسنامە و ئامانج و ڕوانینی نوێ بۆ حیزب، توانی حیزب لە ژێردەستیی "تودە" و "پارتی دێموکرات" بکێشێتە دەر و سەربەخۆیی سیاسی بۆ گەڕاندەوە.
لە دەرەوەی بازنەی خەباتی دەروون تەشکیلاتی حیزبی، بە هێنانە ئارای تێرمی نوێ لە زانستی ئابووری سیاسی، بەرچاوی کۆمەڵگای دەستەبژێریی کوردی ڕوونتر کردەوە. لە قوتابخانەی فرانکفۆرت یان "ڕەخنەگرانە"، کە ئامانجی ئەو قوتابخانەیە ئەوە بووە بەئاشکرا ڕەخنە لە پێکهاتە و بنەمای دەستەڵات بگرێ، چوونکە پێیان وایە قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئاریشە و کێشەکانی، زیاتر بۆ قەوارەی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی کولتووری دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی ئەم هزرە لەسەر بنەمای ئایدیای نوێمارکسیستی هەڵچندراوە، بەڵام زۆرجار ڕوانینی ڕەخنەگرانەی پێوە دیارە و تەنانەت خودی مارکس و بیرۆکەکەیشی هەڵدەشێلێ. ئەو بیرمەندانە وێڕای ئەوەیکە سەر بە ڕێبازی مارکسن، بەڵام لە زۆر ڕووە قەدەرگەرێتی یان جەبرگەرایی(determinism) ئابووریی مارکس و سەرنجنەدان بە لایەنەکانی دیکەی کولتوور دەخەنە بەر ڕەخنە، د. قاسملووش وەک کەسێکی ڕەخنەگر لەم بوارە بە نووسینی کورتەباس ئەو باسە دێنیتە گۆڕ و لایەنی جێخستنی سۆسیالیزم لەنێو کولتووری کوردان بە ڕوانینی ئاوارتەی خۆی شی دەکاتەوە. ناوبراو ئاوابەندیی کۆمەڵایەتی، هزری و مێژوویی مارکس پەسند دەکات بەڵام بە شێوازی خۆی بناغەیەکی نوێ بۆ ئیدەئالی ڕێکخراوەیی لە دواڕۆژی کۆمەڵگەی کوردی دادەمەزرێنێت کە وەڵامدەری هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی نیشتمانەکەیەتی و بەر لە هەموو شتێك لەگەڵ بەرژەوندیی نەتەوەیی دەگونجێ کە زۆر لایەنی ئابووری، فەرهەنگی، كۆمەڵایەتی و مێژوویی جیاوازی لهگهڵ وڵاتانی دیکه هەیە.
"ئەگەر سۆسیالیزمی دیمۆكراتیك بە پێناسەی كورتەباس (١٩٨٣) ڕێگەی سێیەم بوو لە نێوان سۆسیال دیمۆكراسی و كۆمۆنیزم (سۆسیالیزمی مەوجوود) واتە سنووربەندی هەم لەگەڵ سۆسیال دێموكراسی هەبوو و هەم لەگەڵ سۆسیالیزمی مەوجوود و هەوڵێك بوو بۆ دابینكردنی سۆسیالیزمێكی ڕاستەقینە تێكەڵ بە دێموكراسیییەكی حەقیقی. ئێمە لەم خوێندنەوەیە نوێیەدا لەنێوان سۆسیالیزمی دیمۆكراتیك لە لایەك و نیولیبراڵیزم و چەپی ڕادیكاڵ لەلایەكی دیكە سنووربەندی دەكەین. لە ڕاستیدا هەروەك لە نامیلكەی "كورتەباس"دا بە ڕاشکاوی گوتراوە «سۆسیالیزمی دێموكراتیك» لەگەڵ سۆسیال دێموكراسی جیاوازیی هەیە. بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم ئیددیعایه دەتوانین ئاماژە بەم ئیستدلالانە بكەین:
- سۆسیالیزمی دێموكراتیكی پێناسەكراو لە كورتەباسدا، ئانالیز و لێكدانەوەی ماركسیزمی لەسەر سەرمایەداری پهسهنده.
- سیستم (نظام)ی سەرمایەداری ڕەت دەكاتەوە و دەڵێ سەرمایەداری وەك نیزامێكی كۆمەڵایەتی لەلایەن مێژووەوە مەحكوومە.
- بۆ دامەزراندنی سۆسیالیزم وەك سیستمێكی ئابووری ـ كۆمەڵایەتی هەوڵ دەدا كە تێیدا هەر كەس بەپێی لێهاتوویی كاری پێ دەسپێردرێ و بەپێی كارەكەی حەقی خۆی لە كۆمەڵ وەردەگرێ.
- خاڵه جیاكەرەوەکانی لەگەڵ كۆمۆنیزمی ڕووسی یان سۆسیالیزمی ئارایی
لەگەڵ ئەو پاوانخوازی و تۆتالیتاریزمەی كە كۆمۆنیزمی ڕووسی یا سۆسیالیزمی ئارایی بەڕێوهی دەبا لەگەڵ سۆسیال دیمۆكراسی هاودەنگە، هەر بۆیە جهخت لەسەر دێمۆكراسی و ڕەتكردنەوەی هەر چەشنە دیكتاتۆرییەك دەكا.
- تێڕوانینی ماركسیستی لە جێگای خۆیەتی، ئەگەر نە هەمووی بەڵام زۆر بنەمای لێنینیزم وەلانراوە و ستالینیزم بەتەواوی ماڵئاوایی لێكراوە.
- ئەم سۆسیالیزمی دیمۆكراتیكە شكڵێكە لە ئاكامی دوو خەت یان دوو نەریت، واتە هەوڵدانێكە بۆ تێكهەڵكێش كردنی حەرەكەتێكی واقیعی بەرەو سۆسیالیزم بە دیمۆكراسییەكی ڕاستەقینە".(بازیار. ٢٠١٩).
کاک دوکتور، وێڕای ئەوەیکە چەپێکی دێموکرات بوو، لە هەمان کاتدا شۆڕشگێڕ و نەتەوەیی بوو. بەردەوام باسی لە پرسی کورد و چارەسەرکردنی بە شێوازی ئاشتیانە کردووە و بەر لە کوردستان، دێموکراسیی بۆ ئێران خواستووە؛ چوونکە پێی وابووە بەبێ دێموکراسی لە ئێرانێکی دیکتاتۆریلێدراودا کە قەت دێموکراسی بەخۆیەوە نەبینیوە مافەکانی گەلی کورد و باقی گەلانی دیکەی نیشتەجێ لەم جوغرافیایە دەستەبەر نابن؛ جا بەپێی ئەزمونی خۆی لە دوو جۆر ڕێژیمی پاشایەتی و ئۆلی زۆر بەڕاشکاوی ڕای خۆی دەربڕیوە. هەر لەم پێوەندییەدا سنووربەندییەکی دەگەڵ جۆری حکوومەتەکان لە ئێران وێنا کردووە کە هەتا ئێستاش دوای چەند دەیە کاری پێ دەکرێ؛ قاسملوو لە دوامین وتووێژی خۆیدا دەگەڵ بەشی فارسیی "بی بی سی" وێڕای ئەوەیکە جەخت لە پلۆرالیزم و ئازادیی ڕا دەربڕین لەتەک ئازادیی زمانە نەتەوەییەکان دەکاتەوە، باس لە نەبوونی هەموو جۆرە دیکتاتۆرییەک دەکاتەوە و دەڵێ: دیکتاتۆری ناتوانێ ئامانجەکانی خەڵکی ئێران دابین بکا، جا چ دیکتاتۆریی پاشایەتی بێ، چ دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی؛ تەنانەت باس لە دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریاش دەکا کە ئەو سەردەم ئەو چەمک و واژانە زۆر لە برەودا بوون و لایەنگری زۆر و تایبەتیان هەبوو.
دوکتور قاسملوو لە درێژەدا باسی ئەوە دەکات کە: ئێران پێویستی بە سیستەمێکی دێموکراتیک هەیە کە بە لەبەرچاوگرتنی فەرهەنگ و مێژووی ئێمە و بە پاراستنی ڕێساکانی دێموکراسی، هەروەها جاڕنامەکانی جیهانیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافەکان مرۆڤ، دەکرێ وڵات بەڕێوە بچێ. هەربۆیە دوکتور قاسملوو دژایەتیی دەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە هەیە کە دەخوازن بەهەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ جۆرێک ڕێژیمی نادێموکراتیک دابمەزرێننەوە و پێی وایە: "هەر لایەنێک بیهەوێ ڕێژیمێکی دیکتاتۆر دابمەزرێنێت دژایەتی دەکەین بۆیە دەگەڵ پاشاخوازەکان هەڵناکەین و ئامادەی هاوکاری دەگەڵ ئەو ڕەوتەمان نییە، چونکە بە ڕای ئێمە مێژوو سەلماندوویەتی کە سەڵتەنەت واتە چەوساندنەوە."
ئەو کاروچالاکی و بەرنامانە و شێوازانەی خەبات لە ماوەی ڕێبەری د. قاسملوودا بەڕێوە چوون و هەتا ئێستاش کەموزۆر ماون و حیزبی دێموکراتی وەک کولتوورێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا جێگیر کردووە، بەرهەمی هزری کراوەی سەرکردەیەکی بلیمەت و هەڵکەوتووی کورد بوو کە توانی ڕێنسانسێک لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات خۆیا بکا، هێنانە ئارای چەمکگەلی مۆدێڕن و نوێ، پەرە بە دیپلۆماسیی نێونەتەوەیی، شۆناسخوازی نەتەوەیی، سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردان، باوەڕمەند بوون بە دێموکراسی و پلۆڕالیزم، دژایەتی دەگەڵ تیرۆریزم، باوەڕمەند بوون بە پرسی ژنان، باوەڕمەند بوون بە ئەخلاقی سیاسی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، فیداکاری و لەخۆبردوویی، باوەڕ بە ڕیفۆڕم، سەداقەت و دەستپاکی و... بەشێک لەو چەمک و ئەزموونانەن کە لە سیاسەتی حیزبدا کاری پێ کرد و وەک بنەما و بناغەی کاری ڕێکخراوەیی حیزبی دێموکراتی بە تۆکمەیی هەتا ئیستاش هێشتووتەوە.