کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیرۆری شێخ ئازاد شەهابی و بەرپرسیارێتیی ڕێژیم

12:20 - 30 پووشپەڕ 2724

لە ڕۆژانی ڕابردودا و لە شاری سەقز سێ کەس لە پەیڕەوانی تەریقەت بە ناوەکانی؛ شێخ ئازاد شەهابی، پەیمان محەممەدی و پەرویز ڕەحیم‌پەنا لە لایەن کەسانێکی نەناسراو هێرشیان کرایە سەر و گیانیان لێ ئەستێندرا.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەم سێ کەسە کە بێ‌گومان لە شێوەی خۆیدا جۆرێک لە تێرۆر و تۆقاندنە، دەنگۆی جۆراوجۆر لەسەر خودی رووداوەکە و کەسانی تیرۆرکراو و ئەوانەی ئەم کردەوە تێرۆریستییەیان بەڕێوە بردوە بڵاوبوویەوە کە دواتر دەرکەوت سێ کەسی سەر بە لایەنێکی توندئاژۆ تیرۆرەکەیان بەڕیوە بردوە.

بە پێی ئەو گرتە ویدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، دەردەکەوێ کە سێ کەس بە چەکی گەرمی کەمەرییەوە، دەچنە بەر ماڵ و تەکیەی شێخ ئازاد و دوای کوشتنی دوو کەس لە هاوڕێکانی، مامۆستا ئازادیش بریندار دەکەن کە دواتر بە هۆی قورسبوونی برینەکانی ناوبراویش گیان لەدەست دەدات.

هەر وەک ئاماژەی پێکرا ئەم کردەوەیە بەهەر هۆکار و لەژێر هەر پاساو و باوەڕێک‌دا ئەنجام درابێ، کردەوەیەکی تێرۆریستییە. دەستبردنی بۆ توندوتیژی و سڕینەوەی فیزیکیی ئینسانەکان بۆ هەر مەرامێکی سیاسی یان ئایینی مەحکووم و ڕێگە پێنەدراوە. کۆمەڵگەی کوردستان کە لە هەموو ڕوویەکەوە کۆمەڵگەیەکی فرەجۆرە و لەمێژە کلتووری پێکەوەژیان تیایدا نەهادینە بە دامەزراوەیی کراوە، هەڵگری ئەم جۆرە کردەوە ناحەزانە نیە و نابێ. کوردستان کە زیاتر لە ٤٥ ساڵە لە ژێر دەسەڵاتێکی ڕەشی تیرۆریستییەوە دەستی بەسەردا گیراوە و هەموو هەوڵێکی توندڕەوانە و ئیدئۆلۆژیکی تێدا دراوە، دیسان شوێنی حەوانەوەی جۆراوجۆرییە نەتەوەیی، مەزهەبی و کلتوورییەکان بووە و خەڵکی هوشیاری کوردستان ڕێگە بە توندڕەوی کە بەرهەمهێنەری تێرۆر و توقاندنە نادات.

ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆری ئەم سێ کەسە ئاینییەی کوردستان‌دا جێی باس و قسەلەسەرکردنە، دەستئاوەڵا هێشتنەوەی ئەو باڵ و لایەنە توندڕەوە ئایینییانەیە کە لە چوارچێوەی بیری داعشیزم‌دا لە کوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران دیار و چالاکن و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەرانبەریان بێ‌دەنگە. چۆنە کۆماری ئیسلامی وەک خۆی ئیدیعا دەکات ئەگەر هیچ دەسکەوتێکی بۆ وڵات نەبووبێ، لانیکەم توانیویەتی ئاسایش و ئەمنیەتی خەڵک بپارێزێ – کە لەوەشیان‌دا درۆ دەکات – بەڵام ناتوانێ ڕێگە لەم جۆرە تێرۆرانە بگرێت. بە جۆرێک کە سێ کەس بە ڕۆژی ڕووناک و ئاوا بێ‌پەروا بە چەکەوە هێرش دەکەنە سەر ماڵان و خەڵک دەکوژن؟! هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە لێشاو دەڕژێنە سەر شەقامەکان و بێ‌بەزەییانە کچان و ژنانی وڵات بە هۆکاری "بد حجابی" دەدەنە بە لێدان و ڕوانەی گرتووخانەکانیان دەکەن، چۆنە لە جموجۆڵی بە ئاشکرای ئەم ڕەوت و لایەنە توندڕەوانە غافڵن؟!

بە پێی هەڵوێست و دەربڕینە نیشتمانی و ئایینییە درووستەکانی شێخ ئازاد کە لە چەندین بۆنەدا ڕاشکاوانە بەرگری لە خاک و نەتەوەکەی کردوە و بەرانبەر بە سیاسەتەکانی رێژیم هەڵوێستی نواندوە، هیچ دوور نیە کە ئەم کردەوە تێرۆریستییە ڕاستەخۆ لە ژوورە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە داڕێژرابێ. بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە پێویست بە خۆماندووکردنێکی زۆر ناکات؛ لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا مامۆستایانی ئایینیی کوردستان زۆر دەروەستانە پشتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیان گرت وسیاسەتی سەرکوتی ڕێژیمیان بە توندی مەحکووم کرد و لەم پێوەندییەش‌دا کەم نەبوون ئەو مامۆستا ئایینیانەی کە ڕق و قینی ڕێژیم گرتیانییەوە؛ بێ‌ڕێزییان پێکرا، ڕەوانی زیندانەکان کران و حوکمی قورس و گرانیان بەسەردا سەپێندرا. مامۆستا ئازادیش لە شاری سەقز یەکێک لەو مامۆستا ئایینیانە بوو کە هەم لە شۆڕشی ژینا و هەم پێش و دواتریش هەمیشە پشتیوانی میللەتەکەی بووە و وەک خۆی هەمیشە دەیگووت؛ "خۆی بە کوردێکی ئیماندار دەزانی". بۆیە هیچ گومانێکی تێدا نیە کە کردەوەیەکی لەم چەشنە، ناتوانێ ڕۆڵی ڕێژیمی تێدا نەبێت.

تیرۆری مامۆستا ئازاد و دوو کەس لە نزیکانی ناوبراو کە هەر لە سەرەتای ڕووداوەکەوە دەستوپێوەندەکانی ڕێژیم بە جۆرێک لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی دەمگۆی جۆراوجۆرەوە هەوڵیان ئەوە بوو کە بە کێشەی نێوان دوو تەریقەت لە کوردستانی پێناسە بکەن، نابێ ببێتە هۆی دووبەرەکی لە نێوان ڕەوت و تەریقەتەکانی کوردستان. کوردستان کە زۆرینەی خەڵکەکەی ئیماندار و باوەڕمەند بە ئایین و ئایینزای جۆراوجۆرن، دەبێ وریای پیلانەکانی ڕێژیم بن. کوردستان شوێنی حەوانە و پێکەوە ژیانی هەموو ئەم فرەییانەیە و کۆمەڵانی هوشیاری خەڵکی کوردستان ڕێگە بە هیچ ڕەوت و لایەنێکی توندڕەو - کە ئەگەر پشتیوانیی ڕێژیمیمان نەبێت ناتوانن بە ئاشکرا بجووڵێن – نادات کە نیشتمانەکەیان بکەنە شوێنی کردەوە قیزەونەکانیان و دەست لە کەسایەتییەکانی بوەشێنن.

لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکرانی کوردستانی ئێران تێرۆری مامۆستا ئازاد شەهابی و هاوڕێیانی بە کارێکی ترسەنۆکانە و قیزەونانە دەزانێ و مەحکوومی دەکات و هاوکات وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کوژراوان و کەس و کاریان، بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئەم تیرۆرە دەخاتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ڕاستەوخۆ داڵدەی ڕەوت و لایەنە توندڕەوەکان دەدات و بۆ مەرامی دژیگەلیانەی خۆی کەڵکیان لێ وەردەگرێ.