ئاسۆ مینا
قاسملوو، تێپەڕین لە دوو تێئۆریی زاڵ
دابەشبوونی جیهان بەسەر دوو بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا دوای کۆتاییهاتنی شەڕی دووەمی جیهانی، هاوکات دوو تێئۆریی باو و زاڵیشی بەدواوە بوو کە ئەو دوو تێئۆرییە لەمبەر و لەوبەری جیهان لەگەڵ یەکتر لە دژایەتیدا بوون و زۆربەی وڵاتانی جیهان لە ڕووی خواست یا ناچاری کەوتبوونە بەرەیەک لەو دوو بەرەوە. لە ڕۆژهەڵاتی دنیا یەکیەتیی سۆڤییەت هەبوو کە حیزبی کۆمۆنیست بە سیستێمی سیاسیی کۆمۆنیستی و دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریشی بە سیستێمی سۆسیالیستی بەڕێوە دەبرد و لەوبەری جیهانیشبلۆکی ڕۆژئاوا [ وڵاتانی ئورووپایی و لە سەرووی هەموویانەوە ئامریکا] بە سیستێمی ئێمپریالیستی و بناغەی ئابووریی وڵاتیش بە شێوەی سەرمایەداری بەڕێوە دەچوو.
لەو نێوانەدا کوردستان بێبەش نەبوو لە کاریگەریی و هێژمۆنی زلهێزانی ئەمبەر و ئەوبەری جیهان، بەڵام لەو سەردەمدا زیاتر بەلای یەکیەتیی سۆڤیەتدا شکابۆوە و چەندین حیزبی چەپ و مارکسیستی لە بەشەکانی کوردستان دروست ببوون و هەندێک خۆیان سەر بە سۆڤییەت دەزانی و هەندێک تێئۆریوەرگر لە هزری مائۆیی چین.
لەبەر ئەوەی لە کوردستاندا بەتایبەت لە سەدەی هاوچەرخدا بیر و هزری نەتەوەیی بەهۆی وشیاربوونەوەی گەل و زوڵمی وڵاتانی ناوەندگەرا گەشەی کردوە، لەسەر ئەو ئەساسەش کۆمەڵێک حیزب و ڕەوت و بزووتنەوە سەریان هەڵدا. تا هەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤیەت، بیر و هزری چەپ لە کوردستان گاڵەی دەکرد و لە زۆر بڕگەی زەمەنیدا لەگەڵ بیری نەتەوەیی لە دژایەتیشدا بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە کوردستاندا لەبەر ئەوەی بیر و هزری نەتەوەیی لە سەرەتاوە زاڵ بوو، دەرەتانی بیر و هزری هاوردەکراوی تێدا زۆر کەمتر بوو.
لەو بەینەدا و لەو زەمەنەدا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا کەسایەتییەکی دەستەبژێر سەری هەڵدا کە دواتر توانی لە تێگەیاندنی تاکی کورد و گۆڕینی بیر و هزری کۆمەڵگە کاریگەریی قووڵ دابنێ و تەنانەت توانی لەسەر سیاسەتی نێونەتەوەیی و شێوەی بەڕێوەبەریی سیاسی و لەسەر ئابووری جیهان و سیستێمی بەڕێوەبەری ئابووری زلهێزانی دنیا قسەی هەبێ و ڕەخنەی لێ بگرێت، ئەو سیاسەتمەدار و ئابووریزانە کەسێک نەبوو جگە لە دوکتور عەبدورڕەحمانی قاسملوو کە بەهۆی توانایی سیاسیی و دیپلۆماسی و زمانیی توانی مەسەلەی کورد بە نێونەتەوەیی بکات.
دیارە دوکتور قاسملوو لە سەرەتای لاوییەوە بە بیری نەتەوەیی هاتووەتە دنیای سیاسەتەوە بەڵام دواتر و بەپێی مەوقعییەتی زەمەنی و هەلومەرج بەرەو بیری چەپ ڕۆیشتوە، بەڵام هیچکات لەلای ئەو هیچ بیر و هزرێک لە سەرووی بیری نەتەوەیی و خاکەوە نەبووە. خوێندنەوەی دۆخی سیاسیی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان لە ماوەی ساڵانێکی زۆر گەنگەشە و لێکدانەوە و کاری بەردەوام، تێئۆرییەکی لەلای ئەو دروست کردبوو و بەتایبەت زوڵم و زۆری لەسەر کوردی بە سێ شێوەی ستەمی سیاسی، چینایەتی و نەتەوەیی داڕشتبوو و لەناوبردنی هەر کام لەو ستەمانەی کردبووە بناغەی ڕزگاربوونی مرۆڤی کورد بە یەکجاری و ساڵانێکی زۆری ویست هەتا توانی ئەو شێ شێوە خەباتە لە حیزبی دێموکراتدا جێگیر بکات.
قاسملوو و گرتنەبەری ڕێگای سێهەم
دوکتور قاسملوو بە ڕوانینی زانستی و خوێندنەوەی واقعەکانی کۆمەڵگە چ لە ئورووپا و چ لە وڵاتانی سۆسیالیستی، ڕەخنەی قووڵی لەسەر هەردووک سیستمەکە بۆ دروست ببوو. هەم ڕەخنەی بنیادنەری لە سیستێمی سۆسیالیستی هەبوو و هەمیش سیستێمی سەرمایەداری ڕەت دەکردەوە. پێی وابوو هەردووک سیستمەکە کێشەیان هەیە و بەو تێگەیشتنە هاتبووە سەر ئەو قەناعەتە کە دەبێ ئەو سیستمەی لە وڵاتی ئەودا پەیڕەو دەکرێ لەوە پێشکەوتووتر و مۆدێڕنتر بێ. دوکتور قاسملوو لێرەدا شێوەی بەڕێوەبەریی ئابووریی تەنیا بۆ کوردستان وەکوو زێدی خۆی داناڕێژێ بەڵکوو ئەو بۆ هەموو ئێران بەرنامەی بەدەستەوەیە. هەر بۆیە بە شیکردنەوەی بەرنامە ئابوورییەکەی کە سۆسیالیزمی دێموکراتیک بوو، پێشدا لە حیزبی دێموکراتدا، ویستی ئەوە نەهادینە و تێئۆریزەی بکات و دواتر وەکوو ئامانجی دواڕۆژ دیاری کرد. ئەو نزیک بە ٢٥ بۆ ٥٠ ساڵی بۆ لەبەر چاوگرتبوو هەتا بتوانرێ ئەو پرۆگرامە پیادە بکرێ و کۆمەڵگەی پێ بەڕێوە بچێ. لە ڕاستیدا سۆسیالیزمی دێموکراتیکێک کە ئەو دایڕشتبوو، کەموکوڕی و کێشە بنیادییەکانی هەردووک سیستێمی سۆسیالیزمی مەوجوودی سۆڤیەت و سیستێمی سەرمایەداری ئورووپای تێدا چارەسەر کرابوو و بەو پێیە دوکتور قاسملوو لەو سەردەمەدا توانی ڕێگایەکی سێهەم ببینێتەوە بۆ دەربازبوونی کۆمەڵگە لە هەندێک سیستێم کە سەرەڕای دژایەتییان لەگەڵ یەکتری، کەچی لە نێوەڕۆکدا خەڵکیان دەچەوساندەوە.
کێشانی هێڵێکی گشتی
لێرەڕا و بەتایبەت لە چەسپانی سۆسیالیزمی دێموکراتیک وەکوو بەرنامەی درێژخایەنی حیزب بۆ داهاتوو لە کۆنگرەی ٦ (٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی) بەولاوە ئیدی حیزبی دێموکرات بە هەڵگرتنی بەرنامەی سۆسیالیزمی دێموکراتیک، سۆسیالیزمی مەوجوودی سۆڤییەتی خستە پاشەوە. پرۆگرامەکە گونجاو لەگەڵ سیاسەتی سەربەخۆیی لە بڕیاردانی حیزب بوو و هەر بۆیە چ لە کوردستان و ئێران و دەرەوە، لک و پۆپەکانی حیزبی کۆمۆنیست کەوتنە دژایەتیی حیزبی دێموکرات و شەخسی دوکتور قاسملوو. بەڵام د. قاسملوو و حیزبەکەی قۆناخی خۆیان تێپەڕاندبوو و لە نێوان دوو تێئۆریی دنیاگردا، ڕێگای سێهەمیان دۆزیبۆوە، ڕاستییەکە کە سێ ساڵ دوای تێرۆری د. قاسملوو خۆی دەرخست. لێرەڕا حیزبی دێموکرات بە داڕشتنی ئەو پرۆگرامە سیاسی ئابوورییە هێڵێکی سەربەخۆی پان و بەرینی لە نێوان ڕۆژهەڵاتی دنیا و خۆیدا کێشا بەڵام بە پێوەری پاراستنی فەرهەنگی دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی سۆسیالیستی. لە ڕاستیدا دوکتور قاسملوو دوو زەحمەتی زۆر گەورەی کێشان یەکیان ئەوەی پرۆگرامێکی سیاسی ئابووریی بۆ هەموو ئێران داڕشت و لەو لاشەوە ڕوخسارێکی دیکەی بە حیزب و بزووتنەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخشی و وێڕای بەرجەستەکردنی باری نەتەوەیی و نیشتمانیی، تایبەتمەندێتی دێموکراتیکی پێ بەخشی کە چەمکی نەتەوەییـدێموکراتیک لەو چەمکانەیە و یەکەمجار دوکتور قاسملوو بۆ بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی بەکار هێنا.
قاسملوو لە سەردەمی ئێستادا
هەرچەند خەونەکانی دوکتور قاسملوو بۆ کورد و گۆڕانی دۆخی میللەتی خۆی بەچاو نەدیت و دەستی تێرۆری ڕێژیمی ئێران، هەوڵەکانی بە نیوەچڵ هێشتەوە، بەڵام شێوەی بیرکردنەوە و ئیدە و وتە و سیاسەت و تێگەیشتنەکانی کە بۆ دەیان ساڵ دوای خۆی فۆرمۆلەی کردبوون و بە دووربینییەوە لە هەموو شتێکی ڕوانیبوو، ئێستاش برەویان هەیە و کورد ئێستاش لە ڕۆژهەڵات لەسەر قسەی ئەو دەڕوا و بە ڕوانینی ئەو سیاسەت دەکا. لایەکی دیکەی نوێبوونی بیری قاسملوو ئەوەیە کە نەوەی تازە پێگەیشتووی کوردستان، بیری قاسملووی لە گشتییەتی خۆیدا وەرگرتوە. نەوەی نوێی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە قاسملوو ئەگەر بە جەستە لەنێو کورددا نییە، بەڵام بە بیر و هزر و سیاسەتی ئەو دەکرێ بەرەو شۆڕش و ئازادبوون هەنگاو هەڵبگیرێت و کورد لە ڕۆژهەڵات بەرەو کەنارێکی ئارام بڕوات و دەرەتانێکی بۆ پێکبێت. هەر بۆیە دوای نزیک بە ٣٥ ساڵ شەقامەکانی ڕۆژهەڵات تەنیا یەک ڕێبەر دەناسن و هەر بۆیە هاوار هەر هاواری قاسملوویە.