سۆسیالیزم بۆ نیشتمان، یان نیشتیمان بۆ سۆسیالیزم!
ڕەزا دانشجوو
سیاسەت زانستێکە پر لە ئاڵۆزی و نهێنی کە بەپێی کات و شوێن دەتوانێت تەواو جیاواز خۆی نیشان بدات، سیاسەتمەدار جیا لە زانین و تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی خۆی و دونیا پێویستە باشترین توانای شیکردنەوە و لێکدانەوەی ڕووداوەکانی هەبێت. بێگومان دوکتور قاسملوو یەکێکە لەو سیاسەتمەدارانەی کە جگە لە مەعریفە و وشیاری، تێگەیشتنێکی قوڵی لە کۆمەڵگەی مەبەست (نیشتمانی خۆی) هەیە و دەزانێت چ ڕێگایەک بەرەو ڕزگاریی دەبات. هەرچەند ئەو وەکوو هەر مرۆڤێک دوور لە هەڵەکردن و خەتا نییە، بەڵام وەک حەکیمێکی کارزان و لێهاتوو، بەباشی بە دەرد و ئازاری کۆمەڵگەکەی دەزانێت و چارەسەرەکەی بەباشی دیوەتەوە. دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی هۆکارەکان لە کاتی پێویستیدا و دواتر تێکۆشان بۆ دیتنەوەی چارەسەرێکی گونجاو و زانستیی! هەر ئەم زانین و تێگەیشتنەش یارمەتیی دەدات بۆ بڕیاردانی دروست و لۆژیکی لە بارودۆخە مێژووییەکان، هەرچەندە ئەم بڕیارانە لێکەوتەی زۆریان بۆ ئەو هەبێت.
یەکێک لە گرنگترین ئەو بڕیارانە هەڵوێستی دوکتور قاسملوویە سەبارەت بە سۆسیالیزم و بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و نێو حیزبی دێموکرات. خوێندنەوەی دوکتور قاسملوو لە چەپ و مارکسیزم شتێکی تەواو جیاوازە لە بەشێک لە هاوڕێیانی لەنێو حیزبی دێموکراتدا، هەرچەندە ئەم هەڵوێستە دەیخاتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نەخوازراو و دۆخێکی سەختەوە، بەڵام شیکاریی دروست و ئاگاداری لە دەرئەنجامەکانی ئەم پرسە وای لێدەکات لەسەر ڕێبازەکەی خۆی پتەو و چەسپاو بمێنێتەوە. "کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم" لەدایکبووی هەلومەرجێکی وا نادیار و تەماوییە. شیکاری و شیکردنەوەی بۆچوونەکانی دوکتۆر قاسملوو سەبارەت بە چەپ و سۆسیالیزم و هۆکاری نووسینی ئەم کورتەباسە بێگومان پێویستی هەیە بە زانین و ئاگاداری لە مێژووی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیزم لە ئێراندا، لە سەرەتای دروستبوونی تا سەردەمی نووسینی ئەم مانیفێستە.
چەپ لە ئێراندا دەکرێ وەک لە دایکبووی پەرەسەندنی وردە وردەی سیستەمی ئابووریی سوننەتی کۆمەڵگە بۆ سیستەمێکی نوێی سەرمایەداری سەیر بکرێت. وتاری مێژوویی چەپ لە ئێران سەبارەت بە دەسپێکی ئەم بزووتنەوەیە دەنووسێت؛
"دەسپێکی جووڵانەوە و تێۆریی چەپ لە ئیران هاوکات لەگەڵ شۆڕشی مەشرووتە لە تەورێز بوو. بڵاوبوونەوەی بیرۆکە و بۆچوونی سۆسیالیستی لە ڕووسیەی تزاری، دراوسێی باکووری ئێران، بێگومان کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر سەرهەڵدان و پێگەیشتنی بیرۆکەی چەپگەرایی لە ئێراندا هەبوو. بە ئیلهاموەرگرتن لەم شێوە بیرکردنەوە لە تەورێز چەندین ڕێکخراوی سیاسی پێک هاتن کە گرنگترینیان "اجتماعیون عامیون" بوو بە چاولێکەری لە سیستەمی حیزبە سۆسیال دێموکراتەکان.
ئەم گرووپە بچووکانە زۆرتر لەلایەن ئەرمەنییەکان و ئەو ئێرانییانە پێکهێنران کە دوای کۆچکردنیان بۆ کارکردن لە پیشەسازیی نەوتی باکۆ، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ نیشتمانەکەیان هێشتەوە، یان خۆیان گەڕانەوە ئێران. هەندێکیان بە ئەندامەتی لە "جمعیت همت"دا (کرێکاری موسڵمانی باکووری ئەرەس) ئەزموونی شەڕکردنیان هەبوو.
تێکۆشەرانی چەپ هەوڵیان دەدا پەیوەندییەکانی کۆن و چەوسێنەر بگۆڕن و بارودۆخی کرێکاران لە ئێران باشتر بکەن. ئەوان لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێژێمی قاجار و کەسانی نزیک لە دەسەڵات و خاوەن ئیمتیازی تایبەت و لە بەرگریکردن لە شۆڕشی مەشرووتە چالاک بوون و بەتایبەت لە سەردەمی "استبداد صغیر"دا، لە پیشتیوانی و بەهێزکردنی بەرخۆدانی تەورێز و پاراستن و پەرپێدانی ئامانجەکانی شۆڕشی مەشرووتە ڕۆڵێکی دیاریان هەبوو."
ئاسەواری بزووتنەوەی چەپ لە شۆڕشی مەشرووتەدا دەتوانێت لە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات (عامیانه) بە ئاراستەی چەپی ناوەند و بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی ناسراو وەک محەممەدتەقی بەهار (ملک الشعرا)، محەممەدڕەزا موساوات و حەیدەرخان ئومەوغلی ببینرێت. دەرچوونی ڕۆژنامەکانی وەک "ایران نو"، "شفق" و "نوبهار" بە هەوڵ و تێکۆشانی ئەم کەسایەتییانە لە تەورێز و خوراسان بوو. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبر و لەژێر کاریگەریی بۆلشویکەکان، فۆرمێکی ڕادیکاڵتری چەپ لە ئێراندا خۆی نیشان دا و دەرئەنجامەکەی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو کە یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە ساڵی ١٢٩٩ لە بەندەر ئەنزەلی بەست. کاریگەری بزووتنەوەی چەپ لە سەرهەڵدانی "جنگل" و "میرزا کوچک خان جنگلی" دەتوانرێت بە لوتکەی ئەم بزووتنەوەیە دابندرێت. لەگەڵ شکستی بزووتنەوەی "جنگل" زۆربەی کۆمۆنیستەکانی ئەم سەردەمە لە ترسی ئەشکەنجە و زیندانیکردن بەرەو یەکیەتیی سۆڤیەت هەڵهاتن. چالاکیی دوکتور "تقی ارانی" و گرووپی ٥٣ کەس، هەوڵێکی نوێ بوو لە سەردەمی حکومەتی ڕەزاخان بۆ بووژاندنەوەی بزووتنەوەی چەپ لە ئێراندا. ئەمە سەرەتای دامەزراندنی حیزبی توودەی ئێران بوو کە بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک باوکسالاری زۆرێک لە حیزبەکانی دوای ئەو دادەنرێت و بە تێپەڕبوونی کات تووشی دووبەرەکی و جیابوونەوەی زۆر بوو.
بەم پێشەکییە کورتە ئێستا باس لە پرۆسەی چەپگەرایی لە ساڵانی سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن خومەینی دەجالەوە دەکەین. لە "مارکسیست"ی خاڵی هەتا "مارکسیستی موسڵمان"،لە "ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق" هەتا ڕێکخراوەکانی "مارکسیزم لێنینیزم"، "مائۆئیزم"، "مارکسیستی شۆڕشگێڕ" و سەدان ناوی تر پانتایی کۆمەڵگەیان پڕکردوە. وشەی "خلق" و "تودە" دەستەواژەی هەر وتار و لێکدانەوەیەکی سیاسییە. جنۆکەی ئیمپریالیزم و خەباتی پرۆلیتاریا، قسە و باسی شەو و ڕۆژی خوێندکارانی زانکۆ و تەنانەت قوتابییەکانە! هەموو شتێک بە شێوەیەکی بێزارکەر سووک، هەستەکی و ناڕاستەقینە. چەپ هێمای ڕۆشنبیرییە و ناسیۆنالیزمیش هێمای کۆنەپەرستی و پشتبەستن بە ئیمپریالیزمە. کڵاوەکەی چێگڤارا و شێوازی جگەرەکێشانی، قسەکانی کاسترۆ و نامەکانی لێنین هەموو باس و خواستی ئەم سیاسەتمەدارانەیە کە لە دیکتاتۆرییەتی پەهلەوی بێزارن و لە دژی خەبات دەکەن.
لە هەلومەرجێکی وادا دوکتور قاسملوو بە ناسینی واقعە تاڵەکانی کۆمەڵگە کۆمۆنیستییەکان و دوور لە کەشوهەوای هەستەکی شرۆڤە و لێکدانەوەی خۆی لە سۆسیالیزم دەخاتەڕوو، و ئاگادار لە دەرئەنجام و ئاکامی ئەم کەشوهەوای ژەهراوییە لە خەمی داهاتووی گەلەکەیدایە. "کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم" پێچەوانەی ناوەکەی و ژمارەی لاپەڕەکانی، وتارێکی زۆر درێژ و جێی سەرنجە، هەڵقوڵاوی زانیاری و مەعریفەی قووڵی دوکتور قاسملوو لە سۆسیالیزم و کۆمەڵگای کوردستانە. دکتور قاسملوو بە ئاگادارییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کەشوهەوا هەستەکی و زوو تێپەڕە هەنگاو دەنێت. لەلایەن بەشێک لە هاوڕێیانی لەنێو حیزب و لەژێر کاریگەریی حیزبی توودەدا تۆمەتبار بە لایەنگری لە ئیمپریالیزمەوە دەکرێت، بەڵام باوەڕمەند بە ئامانجەکەی بەردەوامە لە ڕۆشنگەری.
دوکتور قاسملوو پێچەوانەی زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی ئەو سەردەمە، تەنیا مارکس و ئەنگڵسی نەخوێندووەتەوە، بەڵکو بە قووڵی لێیان تێگەیشتووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، سەرەڕای باوەڕی بە سۆسیالیزم وەک ڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، باس لە نەبوونی بناغە پێویستەکان بۆ پیادەکردنی سۆسیالیزم لە کۆمەڵگەی کوردستان دەکات. ئەو یەکیەتیی سۆڤیەت وەک نموونە بەکار دەهێنێت و بە وردی هۆکارەکانی شکستهێنانیان دەخاتە بەرباس. باسی وڵاتی چێکۆسلۆواکی و لاساییکردنەوەی هەڵەیان لە یەکیەتیی سۆڤیەت بۆ پیادەکردنی سۆسیالیزم دەکات. دوکتور قاسملوو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سۆسیالیزم دەبێ هەماهەنگی و گونجاویی لەگەڵ هەلومەرجی کۆمەڵگەی ئامانجەکەیدا بێت. باسی سیاسەتە هەڵەکانی حیزبی تودە دەکات و ڕەخنە لە شوێنکەوتوییان لە یەکیەتیی سۆڤیەت دەگرێت. بە بڕوای دوکتور قاسملوو پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتان دەبێ هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا سیاسەتی حیزب دەبێت سەربەخۆ بێت و لەسەر بنەمای خواستی خەڵک بێت نەک فەرمانی ڕادیۆ مۆسکۆ!
دوکتور قاسملوو بە وردبوونەوە لە بارودۆخی باشووری کوردستان، هەم ناسیۆنالیزمی کۆن، سوننەتی و خێڵەکی و هەم سۆسیالیزمی بێ نیشتمان بە هەڵە و ناتەواو دەزانێت. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پێویستە سەرەتا جەخت لەسەر ناسنامەی خۆمان بکەینەوە، دەبێت بوونی خۆمان هەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەبێت جۆری حوکمڕانی لەم خاکەدا لەسەر بنەمای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئینسانی بێت، ناچینایەتی و هەبوونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد ئامانجی کۆتاییە. لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووەوە ئەولەوییەتی یەکەم کوردستانە، نەک سۆسیالیزم! دوور لە تاقمێک دروشمی هەستەکی، خۆنواندن و پیاهەڵدانی ئەم سەردەمە، ڕاشکاوانە سیستمی کۆمۆنیستیی تاک حیزبی لە هەندێک وڵاتانی کۆمۆنیستدا بە هۆکاری پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ دەزانێت. دوکتور قاسملوو شوێنکەوتوویی وەک هەڵەیەکی گەورە ناو دەبات و لە کاتێکدا بڕوای قووڵی بە دامەزراندنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ هەموو وڵاتان هەیە، بەڵام پابەندبوون بە پرەنسیپ و بیروباوەڕی حیزب و خواستی گەلەکەی لای ئەو زۆر گرنگترە.
سۆسیالیزمی دوکتور قاسملوو ڕێگەچارەیەکی خۆماڵیکراوە بۆ خەڵکی کوردستان، بۆ دامەزراندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بۆ سیستەمێکی ناچینایەتی. دوکتور قاسملوو ڕاشکاوانە دەڵێت ئێستا ئەولەوییەتی من شوناسی نەتەوەیی کوردستانە نەک دروشم و لاساییکردنەوەی کوێرانەی حیزبی تودە و ئاغاکەی (یەکیەتیی سۆڤیەت)! بڕوای قووڵی بە سۆسیالیزم هەیە، بەڵام نەک بۆ شەڕێکی خەیاڵی دژی چینی بۆرژوازی کە لە کوردستانی هەژار و ئیستغلالکراودا هیچ ئاسەوارێکی لێ نادۆزرێتەوە. بڕوای قووڵی بە سۆسیالیزم هەیە، بەڵام نەک بۆ دروشمی دەم پڕکەرەوە و کۆبوونەوە و میتینگی سیاسی، دوکتور قاسملوو سۆسیالیزمی بۆ گەلەکەی دەوێت، بۆ وڵاتەکەی. لە ڕوانگەی دوکتور قاسملوو سۆسیالیزم ئامانج نییە، ئامرازێکە کە دەتوانێت یارمەتیی خەڵکی بێدەسەڵات و ئازارچێشتووەکانی بدات ئەگەر مەرجەکان لەبەردەستدا بێت. ئەو ڕوانگە دروست و زانستییە کە حیزبی دێموکرات لە ژێردەستیی و شوێنکەوتوویی حیزبی توودە و کاربەڕێکەرەکانی دەپارێزێت، هەر ئەو ڕوانگە ژیرانەیە کە دەبێتە هۆکار تا گەنجانی بێشومار پڕ لە سۆز و خاوەن باوەڕێکی قووڵ بە سۆسیالیزم، بەڵام لە هەمان کاتدا لە بواری فیکری سەربەخۆ و باوەڕمەند لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، بۆ ڕزگاریی کوردستان و شوناسی نەتەوەیی دەستبەسەرداگیراو خەبات بکەن. هەروەک ناسیۆنالیزمی میانڕەو و زانستی کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە هەموو نەتەوەکانی تر و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیان دامەزراوە، سۆسیالیزمی دوکتور قاسملوو دوور لە هەر جۆرە توندڕەوی و شوێنکەوتوویی، ڕەسەن و لۆژیک و هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد، فرەچەشنی و بەبێ ململانێی چینایەتی.
"کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم" مانیفێستی تێگەیشتن و شیکردنەوەیە، ئاگاداری لە ڕۆژانی داهاتوو! وەک چۆن سەرکردەی شەهید، پێشەوای نەمر لە سەردەمی خۆیدا بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە کاریگەریی دین و ئایین لە کۆمەڵگەدا، سەرەڕای نزیکی لە یەکیەتیی سۆڤیەت، هەرگیز بەپێچەوانەی ئاراستەی خوازراوی کۆمەڵگەکەی مامەڵەی نەکرد و شوێنکەوتووی سیاسەتی هەڵەی ڕووسەکان لە بەربەرەکانی لەگەڵ ئایین نەبوو و بە سەربەخۆیی فیکری لە بیری بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای بەها نەتەوەییەکان بوو، دوکتور قاسملووش بە ئاگاداری لە کاریگەریی کۆمۆنیزم و بیروباوەڕی کۆمەڵگە لەو سەردەمەدا، وێڕای ڕۆشنگەری و بەربەرەکانی بێوچان لەگەڵ کۆمۆنیزمی هاوردەی کوێر و ناعەقڵانیدا، سەرقاڵی دامەزراندن و بناغەدانانی خوێندنەوەیەکی تەواو ڕەسەن و زانستی لە سۆسیالیزم بۆ داهاتووی کوردستان بوو.
دوکتور قاسملوو سۆسیالیزمی بۆ کوردستان دەویست نەک کوردستانی بۆ سۆسیالیزم!
***
سەرچاوەکان:
1.The Left in Iran (1905-1940) Revolutionary History, Volume 10, No 2 Socialist Platform Ltd
Merlin Press, United Kingdom
۲. کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم