کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەمینە و بەستێنەکانی خەباتی مەدەنی

13:23 - 5 گەلاوێژ 2724

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

(زەمینە و بەستێنەکانی خەباتی مەدەنی ٥_١٤)

سمایل شەرەفی

بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان ئامیان و جەوهەرێکی فەرهەنگیی هەیە. ئەگەر بە شێوەیەکی کڕۆنۆلۆژیک لە باسەکە بڕوانین، دەبینین لە هەموو بزووتنەوەکانی کوردستاندا ئەوە چەمکی فەرهەنگه کە بە سەر چەمکەکانی دیکەدا زاڵە. "بزووتنەوەی مەدەنی لەسەر بنەمای چەمکی فەرهەنگی شکڵ دەگرێ .بە تایبەتی لەو سیستمانەدا کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لە گوڕێ‌دایە و دەربڕینی بیروڕای ئازاد بە شێوازی ڕاستەوخۆ یان بوونی ئەحزاب قەدەغەیە. بۆیە چالاکانی ئەم حەوزەیە پەنا دەبەنە بەر سیمبۆلیزم بۆ هێماسازی، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوازێکی دیکە پەیامی خۆیان دەرببڕن. ڕێک ئەو کارەی کە گۆڤاری "سروە" کردی، یان دژایەتیی خەڵکی کوردستان لەسەردەمی پەهلەویدا لە گەڵ یەکسانسازیی جلوبەرگ. ئەو یەکسانسازیی‌یە کە ویستێکی سیاسی لە پشت بوو، بەڵام چەمکە زاڵەکە چەمکێکی فەرهەنگی بوو، لە سەردەمی  ئیسلاحاتدا، بە هاتنەسەرکاری محەممەد خاتەمی بە دەیان گۆڤاری خوێندکاری لە زانکۆکانی سەرانسەری ئێران بڵاو دەبوونەوە، کەوابوو لێرەشدا دیسان ئەوە کارێکی فەرهەنگییە"(١). بۆیە بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان، ڕیشەی لە بزووتنەوەی فەرهەنگی‌ دایە و "بزووتنەوەی فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش مێژوویەکی بە قەرا میژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان‌دا هەیە" و ڕەوتی بەربەرەکانێی مەدەنی (ناتوندوتیژ) لە کوردستان هاومێژوو لەگەڵ خەباتی نەتەوایەتی‌یە کورد لە سەدەی ١٩ی زایینی کە بە چەند قۆناغی جیاجیادا تێپەڕد دەبێت.

بە سەرنجدان بە دۆخی سیاسی – جوغرافیایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەستراوە بە وڵاتی ئیران و نیزامی سیاسی لەم وڵاتە، لێکدانەوەی تایبەتمەندی و گۆڕانکارییەکان تەنیا لە چوارچێوەی دۆخی نێوخۆیی کوردستاندا ناتەواو و هەڵەیە. مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرێدراوەتەوە بە ئەو ڕەوتە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لە ئێران لە ئارا دابووە و ئەگەر بمانەوێ مێژوویەکی دیار بۆ شکڵ‌گرتنی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان دیاری بکەین ناچارین بەو ڕووداوانەدا تێپەڕین کە میژووی نوێی ئێرانیان ساغ کردۆتەوە.

لەم پێوەندییەدا دوکتۆر ئارسان لەو باوەڕە دایە ڕەوتی مێژووی ڕووداوەکان لە ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر "گەشانەوە" و "پووکانەوە"ی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان هەیە و بە ئاماژەدان بە قۆناغ و سەردەمەکانی وەک؛ شۆڕشی مەشروتە، ٢٠ ساڵەی دیکتاتۆریی ڕەزاخان، هاتنەسەرکاری موسەدق، بە دەسەڵات‌گەیشتنی پەهلەوی دووهەم، شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی و دەوڵەتی خاتەمی و هتد...کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران و کوردستان، ڕەوتی کرانەوە و پووکانەوە تەجروبە دەکات. قادر وریا لە وتارێکدا لە ژێر ناوی "قۆناغەکانی بزووتنەوەی فەرهەنگی لە کوردستانی ئێران" کە تێیدا پایە و بناغەی بزووتنەوەی مەدەنی لەم بەشە لە کوردستان، بە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فەرهەنگی دەبەستێتەوە؛ زەمینە و بەستێنی ئەم بزووتنەوەیە لە سێ قۆناغی: "لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا ڕووخانی کۆماری کوردستان"، "لە ڕووخانی کۆماری کوردستانەوە تا ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی" و "لە ڕووخانی پاشایەتییەوە تا ئێستا (١٣٨٠)"دا پۆلێنبەندی دەکات.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، هێندێک جموجۆڵ و تێکۆشان بەرچاو دەکەون کە نیشاندەری گووران و شکڵ گرتنی بیری نەتەوایەتی و وەڕێکەوتنی خەباتی سیاسی و فەرهەنگیی کوردەکان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە نەتەوایەتییەکانیان دان. "پێکهاتنی "کۆمەڵەی کولتووری ڕۆشنگەریی کوردی" یەکێک لەو هەوڵانە بوو کە بە هۆی "عبدالرزاق بدرخان" و بە هاوکاریی سمایل ئاغا (سمکۆی شکاک) پێک‌هات. ئەمە یەکەم نیشانەی دیار لە وریابوونەوەی فەرهەنگیی کورد بوو کە بەدوایدا دامەزرانی قوتابخانەی کوردی، خوێندن بە زمانی کوردی، دامەزرانی چاپخانە و دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی و ...هتد پەیدا بوون".

لە ساڵانی ٢٠ی هەتاویدا کوردستان ڕەوتێکی نوێ لە کۆمەڵگەی مەدەنی تاقی دەکاتەوە. بە پێکهاتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان (٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤) و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان (٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤) کە ئازادترین سەردەمی ئێرانە، بەستێنێکی گونجاوتر بۆ بەشداری خەڵک لە ڕووداوەکان و ڕێکخستنیان لە دامەزراوەی جۆراوجۆردا پێک دێ. بڵاوبوونەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی، دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان و لاوان (٢) و تێکۆشان لە چوارچێوەی حیزب و ڕێکخراودا نموونەی شکڵ‌گرتنی قۆناغێکی جیاوازی کۆمەڵایەتی‌یە و هەنگاوێکی نوێیە بەرەو پێکهاتنی کۆمەڵگەی مەدەنی. دیارە ئەم ڕەوتە بە هەرەسهێنانی کۆمار لاواز بوو، بەلام گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی‌یەکان وەختێک پێش دێن ئەگەر "دەروونزا" بن ڕەنگە لاواز بن بەڵام هەرگیز لەنێو ناچن، بۆیە دەوڵەتی موسەدیق و هەڵبژاردنەکەی مەجلیسی حەڤدەهەم لە کوردستان درێژەی هەمان ڕەوت بوو کە دەستی پێکردبوو. لە ڕاستیدا بەشداریی خەڵک وەک دژکردەوە بە نیسبەت دەسەڵاتی شا و  پشتیوانی لە موسەدیق کە بە دوای حکومەتی مەشرووتە و بەشداری خەڵک لە  پرۆسەی سیاسی‌یەوە بوو، درێژەداربوونی شکڵ‌گرتنی ئەو بنەمایەیە کە لە سەرەتاکانی مەشرووتەوە دەستی پێکرد و لە کۆماردا بە قۆناغێکی نوێدا تێپەڕی و لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٣٠دا بە جۆرێکی دیکە درێژەی پەیدا کرد تا لە بزووتنەوەی جووتیاریدا جۆرێکی دیکە حوزووری ڕەخنەگرانە و سەربەخۆی کورد دژ بە دەسەڵات خۆی بنوێنێ. لەو قۆناغەدا بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی شکڵ دەگرێ کە ئەم بزووتنەوەیە بۆخۆی بەشێکە لە جموجۆلێکی مەدەنی لە کوردستان، ئەگەرچی ئەم بزووتنەوەیە وێڕای زۆرێک لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی‌یەکانی کورد بە کۆماری کوردستانیشەوە گشتگیر نەبوو، بەڵام نموونەی جموجۆڵی جیاوازی ئەم بەشەی ئێران بوو. جموجۆڵێک کە دەیتوانی سەرەتاکانی پێک‌هاتنی کۆمەڵگەیەک بێ کە هەموو تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هەبێ.

لەم قۆناغەدا جیا لە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و پەیدابوونی دیاردەی حیزبایەتی کە وەک ڕێکخەری کۆمەڵگە و پردی پێوەندیی نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەت و نوینەرایەتیی خەڵک یەکێک لە ئامرازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی‌یە، دامەزرانی ژمارەیەک ڕادیۆ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بڵاوکراوە بە زمانی کوردی هاتنە ئاراوە کە تۆزی فەرامۆشییان لە سەر زمان، هونەر و گۆرانیی کوردی ڕاماڵی.

لە ساڵەکانی هەوەڵی دەیەی چلی هەتاوی‌دا ئاڵوگۆڕێک لە سیستەمی مڵکایەتیی زەوی و زاردا هاتە ئاراوە کە بە "اصلاحات ارضی" ناوی دەرکرد و کوردستانیش لەو ئاڵوگۆڕە بێ‌بەش نەبوو. ئەو ڕێفۆرمە کە جێی پێی بۆ بۆرژوازی لە لادێ خۆش کرد و ڕێژەی خوێندەوارانی لە کوردستان بردە سەرێ، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر پەرەسەندنی جموجۆڵی فەرهەنگی و، خوێندکاری لە زانکۆکان دانا.

شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی دەرفەتێکی دیکەی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی کورد بوو بەو ماهییەت و نێوەرۆکە مەدەنییەوە کە هەیەتی، بتوانێ کۆمەڵگەیەکی دوور لە شەڕ و ئاڵۆزی بنیات بنێ، بەڵام بەداخەوە ڕەوتی ڕووداوەکان، کورد و کۆمەڵگەی کوردستانیان تووشی قۆناغێک لە شەڕ و توندوتیژی کرد. کورد لە سەرەتاکاندا توانی جەوهەری مەدەنییەتی خەبات و تێکۆشانی خۆی لە بەشداری و بەڕێوەبەریی کاروباری وڵات‌دا نیشان بدات. "بزووتنەوەی کوردی سەردەمی "پاش شۆڕش" خۆی بە سەرچاوەگرتوو لە خۆڕاگریی ناتوندوتیژیی گشتی و کەمپەینەکانی نافەرمانیی مەدەنی پێناسە دەکات کە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی تێیدا بەشداربوون. ئەم چالاکییانە بە دوو هۆکار ئەنجام دەدران. یەکەم: بەرەنگاری لە بەرانبەر هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی، دووهەم: بەرەنگاری لەمەڕ قایلکردنی ڕێژیم بۆ بەفەرمی ناسینی "شۆڕا" هەڵبژێردراوەکانی شارەکان کە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان‌دا پێکهاتبوون. پێکهێنانی شۆڕاکانی شار، یەکەمین هەنگاوی کردەیی بۆ دروستکردنی سیستەمێکی دێموکراتیکی ئاڵتێرناتیڤ بۆ حکومەت بوو، کە لەڕێی بەخشینی دەسەڵات بە نوێنەرە خۆجێی‌یەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری شارەکانی خۆیان و دەوروبەرەکانیان پێکهاتبوو. بەرزیی ئاستی هاوکاریی نێوان ئەندامە جیاوازەکانی شۆڕا کە هەڵگری ئیدۆلۆژیی جیاواز بوون،ئەو دڵنیاییەی بەخشییە شۆڕاکان کە وەکوو مۆدێلێکی بێوێنە بۆ بەڕێوەبردنی شارەکان  فام دەکرا.

ئەکتەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردی، ڕێکخراوە خۆجێی‌یەکان و حیزبە سیاسییەکان، بە هەڵبژاردنی شۆڕای شارەکان، یەکەمین هەنگاویان بۆ خۆبەڕێوەبەری هەڵهێنایەوە. "دامەزراندنی ڕێکخراوە خۆجێیەکان و یەکیەتییەکان وەکوو: یەکیەتیی بێکاران لە بانە، یەکیەتیی مامۆستایان لە مەریوان، یەکیەتیی نانەواکان لە سەقز و هەروەها بنکەی بووژانەوەی فەرهەنگی کورد لە سەقز، پێشاندەری ویستی خەڵکی مەدەنی بوو بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە کوردستانی سەردەمی “پاش شۆڕش” لە ڕێگا ئاشتیخوازانە و کۆمەڵگەتەوەرەکان. ئەم ئاڵوگۆڕانە هەلومەرجێکی نوێی لەگەڵ گۆڕانی ڕێژیمدا پێکهێنا، دەرفەتی نوێ هاتنە ئاراوە کە لەگەڵ چوونەسەری ئاستی بە سیاسی‌بوونی کۆمەڵگەی کوردی‌دا ئاوێتە ببوو کە ئەوەش تایبەتمەندیگەلێکی دیاریکراوی بە شۆڕش لە کوردستان بەخشی. لەماوەی شۆڕشدا چەندین ڕێکخراوەی جۆراوجۆری کۆمەڵگەی مەدەنی پێک‌هاتن، ڕێکخراوی دێموکراتیکی کوردستان، کۆمیتەی ژنانی مەریوان، یەکیەتیی خوێندکاران، یەکیەتیی کرێکارانی بێکار، کۆمەڵگەی ژنانی چەکدار لە سەقز و دامەزراوەکانی دیکەش پێکەوە کاریان بۆ چارەسەرکردنی کێشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەکرد".

حیزبی سیاسی وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵی دەگێڕا و لە لایەکی دیکەوە ببوو بە باڵی سەرەکیی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕێبەریی بوارێکی فراوان و بەربڵاوی چالاکییە ناتوندوتیژەکانی دەکرد. بۆ نموونە کۆچی بە کۆمەڵی خەڵكی مەریوان، بەرگری و پشت جەبهەی کورد لە شار و گوندەکان و یەکەم هەڵبژاردنەکانی "مەجلیسی خوبرەگان، سەرکۆماری و "مەجلیسی شوورای میللی" و بایکۆتی ڕێفڕاندۆم بەشێک لە کارنامەی حیزبی سیاسی بوو لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی‌دا کە خەریک بوو قەوارە و شکڵ بگرێ. به گشتی حیزبەکان داخوازییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی چەمکگەلی وەکوو خودموختاری بۆ کوردستان و دێموکڕاسی و سێکۆلاریزم بۆ ئێران لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیی نوێدا دەخستە ڕوو.

بزووتنەوەی ناتوندوتیژی کۆمەڵگەی کوردی، ڕوبەڕووی وڵامێکی توندی ڕێژیمی نوێ بۆوە. فەرمانی جیهاد دژ بە خەڵکی کوردستان لە لایەن ڕێبەری ئینقلاب، ئایەتوڵڵا خومەینییەوە ڕاگەیاندرا و شەڕ بە سەر کورد و بزووتنەوەی کوردستان‌دا سەپێندرا. فازی خەبات گۆڕدرا و بەرەنگاریی پێشمەرگانە و چەکداری هاتە ئاراوە، بەڵام نێوەرۆک و پەیامی بزووتنەوەی کوردستان ئاشتیخوازانە و بەرەنگارانە بوو. جموجۆڵی مەدەنی لە کوردستان بۆ ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵ لە ژێر کارتێکەریی سیاسەتی شەڕفرۆشی و هەوڵی ئاسمیلاسیۆنی نیزامی خۆسەپێن لە تاران، لەوپەڕی کزی و لاوازیی خۆی‌دا بوو. "بەهۆی سەرکوتی ڕێژیم و میلیتاریزەکرانی کوردستان لە لایەک و دۆخی تایبەتی سەردەمی شەڕی ئێران-عێراق لە لایەکی ترەوە، چالاکییه مەدەنی‌یەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی چەند ساڵێک کاڵ‌بوونەوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی دەیەی شەستی هەتاوییەوە بەرەبەرە جموجۆڵی مەدەنیانە دەستی پێ کردەوە".

***

پەراوێزەکان:

١) ناسر باباخانی، وتووێژی تایبەتیی خۆم، ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠)

٢) یەکیەتیی یایانی کوردستان و یەکیەتیی جەوانانی کوردستان کە دواتر ناوەکانیان گۆڕدرا بە یەکیەتیی ژنانی کوردستان و یەکیەتیی لاوانی کوردستان و تا ئێستا درێژە بە کارو  چالاکیی خۆیان دەدەن.

٣) لە سەرەتای هاوینی ١٣٣١ هەڵبژاردنی مەجلیسی حەڤدە کۆتایی پێ هات و حیزبی دێموکراتی کوردستان بەکردەوە پشتیوانی لە سارمەدینی سادق وەزیری کرد و ناوبراو بە وەدەستهێنانی ١٥٣٥ دەنگ لە کۆی ١٨٥٠ دەنگ وەک نوێنەری خەڵکی شاری مەهاباد هەڵبژێردرا. بەڵام ئەرتەش بە فێڵ حەسەنی ئیمامیی لە سندوقەکان دەرهێنا و کردی بە نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مەجلیس. (کورتە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نووسینی د. قاسملوو و عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە: لاپەڕەکانی ١٨٠ و ١٨١)

٤) كۆچی مێژوویی خەڵكی مەریوان: لە ماوەی ڕۆژەكانی ٣٠ و ٣١ ی پوشپەڕ تا ١٣ی گەلاوێژ، خەڵك بۆ ناراڕەزایەتی دەربڕین  بە كردەوە سەركوتکەرەكانی ڕێژیم و هەروەها ئازار و ئەزیەت و جینایەتی بەكرێگیراوانی كۆماری ئیسلامی، بە كۆمەڵ شار بەجێدەهێڵن و بۆ ماوەی نزیك بە ٢ حەفتە، لە ئۆردوگای كانی میران كە لە ١٢ كیلۆمیتری شاری مەریوان هەڵكەوتووە، جێگیر دەبن.

٥) هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان لە ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٥٨ لە سەرانسەری وڵات دا بەڕێوەچوو. لە کوردستان خەڵک بەشداریان کرد و لە پارێزگای ورمێ سێ کەس لە لایەن کوردەکانەوە بەربژێر (کاندید) بوون کە دوکتۆر قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە وەدەستهێنانی ١١٣٧٧٣ دەنگ بە ئەندامی ئەو مەجلیسە هەڵبژێردرا کە دواتر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێی بەشداریی پێ نەدا. - یەکەم دەوری هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانی ١٣٥٨ بەڕێوەچوو. کورد بێ ئەوەی کاندیدی کوردی هەبێت – چونکی بەپێی قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوردەکان نەیاندەتوانی بەربژێریان هەبێت - بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دا کرد و حیزبی دێموکرات لە بەیاننامەیەک دا پشتیوانیی لە مەسعود ڕەجەوی کرد و بنی سەدر بە وەدەستهێنانی ١١ میلیۆن دەنگ بوو بە یەکەم سەرکۆماری ئێران. بۆ لاپەڕەی دواتر...

- ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٥٨ یەکەمین خولی هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیسی ئێران دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوو. خەڵکی کوردستان لە سەر داوای حیزبی دێموکرات بەشداریی لە هەڵبژاردن کرد و زۆربەی نزیک بە تەواوی ئەو بەربژێرانەی لە لایەن حیزبەکانەوە پشتیوانیان لێ کرابوو دەنگیان هێنایەوە کە دواتر بەشی زۆریان ڕێی چوونە مەجلیسیان لێ گیرا.

- ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ ڕێفراندۆمی دیاریکردنی نیزامی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو. لە کوردستان حیزبەکان و خەڵک بە گشتی بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنەیان کرد.

(وەرگیراو لە کتێبی کورتە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نووسینی دوکتۆر قاسملوو و عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە).

٦) ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ فەرمانی جیهاد بە دژی خەڵکی کوردستان لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕاگەیاندراو و شەڕێکی سەرانسەری دژ بە خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد.