خەڵکی ئێران بە تەواوی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانیەوە باشتر لە هەر ڕەوت و لایەنێکی دیکەی دژبەران و دۆستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم ڕێژیمەیان ناسیوە و لە ماهییەت و کردەوەکانی شارەزان. زیاتر لە ٤٥ ساڵە گەلانی ئێران بە ڕەپێشگرتنی هەر چەشنە ڕەفتار و ڕێکارێکی سیاسی، ئەم نیزامە ئیدئۆلۆژیکە تەواویەتخوازەیان تاقی کردۆتەوە. هەر لە هاودەنگبوونییەوە بگرە تا ناڕەزایەتیی نەرم، بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی و زۆر جاریش بایکۆت و "نا" وتن، بەرەنگاریی چەکدارانە و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە سەر شەقامەکان، خەڵکی ئەم وڵاتە لە ماوەی ئەم زیاتر لە ٤٥ ساڵەدا بە بێ ڕاوەستان خاوەن هەڵوێست و ڕەفتاری مانادار بووە.
کە دەڵێین "خەڵکی ئێران"، لە هەرکام لەم ڕێکارانەی کە ئاماژەمان پێکردن بە پێی کات و زەمەن، ئەم "خەڵکی ئێران"ە مانای جیاواز دەدات. لێرەدا مەبەست لەم ئاماژەیە بە "خەڵکی ئێران" یا "گەلانی ئێران" ئەوەیە کە باس لە هێزێک لە یەکگرتوویی بەرانبەر بە نیزامێک بکەین کە وەک وترا بە هەموو شێوازێک لە لایەن ئەم خەڵکەوە تاقی کراوەتەوە.
لە دوای بزووتنەوەی ژیناوە ڕوونتر دەتوانین باس لە "خەڵکی ئێران" یا "گەلانی ئێران" لە پێوەندی لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی "زۆرینە"ی ئەم "خەڵکە" یان "زۆرینە"ی ئەم "گەلانە" بەرانبەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەین و لە هێز و کاریگەرییەکانیان تێبگەین.
بزووتنەوەی ژینا کە پەردەی لەسەر گۆڕانکارییەکی قوڵی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەکانی ئێران لا دا و بە بەرزکردنەوەی درووشمی ژن.ژیان.ئازادی ئەم گۆڕانکارییە زاتییەی لە خۆدا دەرخست، یەکێک لە پەیامە گرینگەکانی ڕاگەیاندنی ئاکامی هەموو ئەو تاقیکارییانە بوو کە لەسەر کۆماری ئیسلامی کرابوو. ئاکامێک کە لە ویژدانی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی وڵاتدا دانی پێدا نرا، ئەویش تێپەڕینی یەکجارەکی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو ڕەوت و باڵەکانییەوە بوو.
خەڵکی ئێران لە دوو هەڵبژاردنی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و سەرۆکۆماری کە بە ڕیز لە مانگی ڕەشەممەی پار و پووشپەڕی ئەمساڵدا بەڕێوەچوون و ڕووداوی کەوتنە خوارەوە یان خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتێری سەرکۆکۆماری پێشووی ڕێژیم ئیبراهیم ڕەئیسیدا، ئەم پەیامەی بزووتنەوەی ژینایان دووپاتە و چەند پاتە کردەوە. لە هەردوو هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی خەڵک بە نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، وتیانەوە کە نەک هەر پەرلمان و سەرۆککۆمار، بەڵکوو ڕێژیمیان لە تەواویەتی خۆیدا ناوێ. لە ڕەوتی مردنی رەئیسییش، جیا لە لایەنگرانی دەسەڵات و ڕێژیم، "خەڵکی وڵات" ئەگەر لە ڕووی عورف و ئەخلاقەوە بۆ پێخۆشبوونی مردنی، شایی و گۆڤەندیان نەگێڕا، بەڵام نیشانیاندا کە "زۆریشی کۆڵ پێوە هەڵناگرن".
ئێستا مەسعوودی پزیشکیان بە کەمترین دەنگی خەڵک، سەرۆککۆماری ڕێژیمە و بە ڕواڵەت هەم لە ڕەوتی تەبلیغاتەکانی سەرکۆماری و هەم ئێستا وا خۆی نیشان دەدات کە "لانیکەم دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بیستووە و پێویستە گۆڕانکاری بکرێ". هیچ گومان لەوەدا نیە کە ڕێژیم لە تەواویەتی خۆیدا بە جەنابی پزیشکیشیانەوە پەیامی خەڵکیان لە بزووتنەوەی ژینا و هەڵوێستی خەڵکیان لە هەڵبژارددکاندا بیستووە و بینیوە و خودی هێنانی پزیشکیان و دەرچواندنیشی، ئاکامی ڕەفتار و پەیامی ڕوون و لێبڕاوانەی خەڵکە. بەڵام پەیام و هەڵوێستی خەڵک ڕوو بە کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر گەرەتر و بەهێزتر لەوەیە کە ڕێژیم پێی وابێ دەتوانێ لە زەرفێکی چووکە و بێدەسەڵاتی وەک "دەوڵەت" و "سەرۆکەکەی" لە یاسا و ڕێساکانی نیزامدا، وڵامێکی بۆیان هەبێت.
پێگەی "دەوڵەت" و دەسەڵاتەکانی "سەرۆکی دەوڵەت" و کابینەکەی لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیدا، لە سێبەری زەبەلاحی ئەوپەڕی دەسەڵاتداریی ڕێبەری نیزام، ئەوە نیە کە بتوانێ پەیام و داخوازییەکانی خەڵک لە خۆیدا بکاتە هێزێک بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی کە خەڵکی ئێران و گەلانی ئەم وڵاتە بیری لێ دەکەنەوە.
هەر لە ماوەی یەک دوو حەوتووی ڕابردوودا کە هێشتا پزیشکیان سوێندنی یاسایی نەخواردوە و عەلی خامنەیی "ئەرک و دەسەڵاتە نەبووەکانی پێ "تەنفیز" نەکردوە"، پاشماوەی دەوڵەتی رەئیسی چەندین گەڵاڵەی دژ بە خەڵک و بۆ تۆڵەکردنەوە لە خەڵک، پەسەند کرد و دەزگای دادوەریی ڕێژیم خێرا و بە ئامانج، حوکمی قورس و لەسێدارەدانی بەسەر چەند کەس لە چالاکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەدا سەپاند و حوکمی لەسێدارەدانی چەند کەسی جێبەجێ کرد. ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرۆککۆماری تازە ئەو هەمووە باس لە دادپەروەری و دژایەتی لەگەڵ توندوتیژی دەکات، لەسەر هیچکام لەم کار و بڕیارە ناڕەوایانە تەنانەت نەهاتە قسەش.
بۆیە هەروەک لە پانتاییەکی بەرینتر لە جاران و ساڵانی پێشوو خەڵک بڕیاری خۆی لە سەر تەواویەتی ئەم نیزامە داوە و بە پێی ئاکامێک کە لە تاقیکارییەکانی خۆی لەسەر ئەم ڕێژیمە وەریگرتووە، لە دوورە دیمەنی تێکۆشانی سیاسیی خەڵکی ئێران و گەلانی ئەم وڵاتەدا بۆ گەیشتن بە سەربەستیی و رزگاریی لەدەست دیکتاتۆری، هیچ دەرفەتێک بۆ کۆماری ئیسلامی نەماوەتەوە.