کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاریکردنی پزیشکیان و ئەرکی قورسی خەباتگێڕان

17:11 - 9 گەلاوێژ 2724

شەماڵ تەرغیبی

هەڵبژاردن لە سیستمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە وەک ئامرازێک بۆ مەشروعییەت بەخشین بە ڕێژیم کەڵکی لێ وەرگیراوە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە هێنانی خەڵک بۆ سەر شەقام و هەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە شانۆگەریی هەڵبژاردن ئامانجیان ئەوە بووه کە بە دنیای دەرەوە بڵێن کە ئەو دەسەڵاتە ئەگەرچی خودا دایمەزراندووە بەڵام بە ئیرادە و دەنگی خەڵک لەسەر پێ ڕاوەستاوە.

خەڵکانی نیشتەجێ لە جوغڕافیای سیاسیی ئێران لە کۆی هەڵبژاردنەکاندا تەنیا ئیمکانی ئەوەیان هەبووه کە لە نێوان مۆرەکانی دەسچنکراوی دەستی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا یەکیان هەڵبژێرن، بۆیه لە ڕەوتی بەناوهەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا، گۆڕینی سەرکۆمار نەیتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر ژیانی خەڵک دابنێت؛ باشترین بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەم وتە ئاوڕدانەوەیەکی خێرایە لە تەمەنی چلوچەند ساڵەی ڕێژیم کە وەک دەبینین دۆخی ئابووری و ژیان  و گوزەرانی خەڵک ساڵ لەگەڵ ساڵ دژوارتر بووە.

هەندێ لایەن و کەس بە ئانقەست و لە چوارچێوەی بیری بەرژەوەندیخوازانەی خۆیان تینی کورەی هەڵبژاردنەکانیان گەرمتر کردووە کە زەقترین نموونەی پێش لە هەڵبژاردنەکانی ١٥ی پووشپەڕ بینرا.

مەسعود پزیشکیان وەک سەرکۆماری نوێ ڕاگەیەندرا بەڵام بە دڵنیاییەوە هەروەک خۆیشی لە کاتی ڕێوڕەسمی ناساندنی لەلایەن عەلی خامنەییەوە وتی، درێژەدەری سیاسەتەکانی ڕێژیم و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەبێت. واتە بە نیسبەت نەتەوەکانی نیشتەجێ لە چوارچێوەی جوغڕافیایی ئێران هەر هەمان شێوە ڕەفتار و هەڵسووکەوتی دەبێت کە لەماوەی پتر لە چل ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بەدی کراوە. تەنیا جیاوازی نێوان بناژۆخوازەکان و ڕێفۆڕمخوازەکان لەوەدایە کە ڕێفۆڕمیستەکان وەک دەڵێن گورگن لە پێستی مەڕدا بەڵام بناژۆخوازەکان خودی گورگن لە پێستی گورگدا؛ بە دیوێکی تریدا پزیشکیان و دارودەستەکەی دەبنە گورگی حەشاردراو بە پێستی مەڕ.

بۆیە لە دەورەی پزیشکیانیشدا هاوشێوەی خاتەمی و ڕوحانی کە خۆیان بە ئیسڵاحخواز دەناساند، هیچ گومانێک نابێ کە سەرکوتی بەربەرینی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و هەروەها ژینگەپارێزان، زیاتر دەبێت و کەم ناکات؛ دۆخی ژیانیش ئەگەر نەڵێین خراپتر لە پیشوو دەبێ بەدڵنیاییەوە هیچ گۆڕانێکی پۆزەتیڤ بەخۆوە نابینێ چونکە ئەوان تەنیا جێبەجێکاری فەرمان و بڕیارەکانن کە لە بەیتی ڕێبەرییەوە دەردەکرێت.

لێرەدایە کە لە ئەرکی چالاکانی سیاسی و شۆڕشگێڕانی ڕاستەقینەی گۆڕەپانی خەبات بەدژ کۆماری ئیسلامی قورستر دەبێت؛ لە ڕەهەندی پشتیوانیی مادی و مەعنەوی چالاکانی سیاسی دەبێ پڕڕەنگتر لە پێشوو دەربکەون و ببنە پشتیوانێکی قایم و قورس بۆ گەلانی ستەملێکراو بەڵام وەڕەز لە دەست زوڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی.

 لە ڕەهەندی مەدەنیدا پێویستە ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی پزیشکیان لە کوردستان ببنەوە و لە چوارچیوەی خەباتی مەدەنی نابێت ئیزن بدەن کە دەوڵەتی پزیشکیان پاشەکشەیان پێ بکات و فەزای چالاکی کردنیان لێ بەرتەسک بکاتەو و هەروەها نابێ ئەوە لە بیر بکەین کە بوون بە سەرکۆماری پزیشکیان لە حاڵێکدایە کە ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا لە کەمترین ئاستی خۆی لە مێژووی تاریکی کۆماری ئیسلامیدا بووه، ئەمەش هەلێکی گونجاوی ڕەخساندووە کە حیزبە سیاسییە ڕەسەنەکانی گۆڕەپانی خەبات لە ڕەهەندی دیپلۆماتیکی و نێونەتەوەییدا بەڵگەنامەی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ببەنە کۆڕ و ناوەندە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەکان و بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی جەماوەری لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، لەم ڕەهەندەوەش دژ بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات چالاکی بکەن.

لە دەیەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە دەرەوەی وڵات نەیتوانیوە پڕۆژە و سیاسەتەکانی خۆی بە سەرکەوتوویی بەئەنجام بگەیەنێت، خەباتی چالاکانی نێوخۆ و پێشمەرگە و ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی خەسارگەلێکی زۆر کردووەتەوە، بۆیە زۆر پێویستە لە دوای هاتنە سەر کاری مەسعود پزیشکیان هەم چالاکانی نێوخۆ، هەم هێزی پێشمەرگەی شار و شاخ و هەروەها ئۆپۆزیسۆنەکان بە شێوازێکی جیدی‌تر و بەرینتر ڕەوتی خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی درێژە پێ بدەن.