هەردی سەلیمی
شۆڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی ٣ـی سەرماوەزی ١٤٠١دا کومیتەی ڕاستیدۆزینەوەی دامەزراند. مەبەست لە دامەزراندنی ئەم کومیتەیە بەداواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت دژ بە ژنان و منداڵان لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژینا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بوو.
لە بەرەبەری نەورۆزی ١٤٠٢ی هەتاویدا "کومیتەی ڕاستیدۆزینەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان" ڕاپۆرتێکی تەواوی لەسەر ڕاپەڕینی سەرانسەری ژینا بڵاو کردەوە، لەم ڕاپۆرتەدا حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە جەنایەت لەدژی مرۆڤایەتی تاوانبار کرابوو و داواش لە دەوڵەتانی ئەندامی ئەو شۆڕایە کرابوو، ڕێکارێک بگرنە بەر بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی وڵامدەر بن لە بەرامبەر ئەو جەنایەتانەدا. ئەم ڕاپۆرتەی کومیتەی حەقیقەتیاب دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و بەتایبەت لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتی ئێراندا ئاوڕێکی زۆری لێ درایەوە. لە بەرامبەردا دوایین ڕاپۆرتی ئەم کومیتەیە کە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣ بڵاو بووەوە و هەر لەسەر ئێران و ڕاپەڕینی ساڵی ١٤٠١ و ئاستی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بوو، بەپێی پێویست بە گرنگ نەزانرا و بەلایدا زۆر ئاسایی تێپەڕین، بەڵام بۆچی؟
لە دوایین ڕاپۆرتی کومیتەی ڕاستیدۆزینەوەدا هاتووە: "کەمینە ئیتنیکی و ئایینییەکانی ئێران، بەتایبەت کورد و بەلووچ، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١دا پتر لە هەمووان لەژێر کاریگەریی سەرکوتەکانی حکوومەتدا بوون." هەروەها دەشڵێ: "ئەو کەمینانە لە جەرەیانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بێجێ و نەگونجاو و بێئەندازە بوونەتە ئامانجی سەرکوتەکانی حکوومەت. ئەم لێکەوتانە ئاکامی ڕاستەوخۆی هەڵاواردنێکی دێرین و کۆنە کە دەبێ دەسبەجێ کۆتاییی پێ بێت." لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "هەرچەندە لەسەر کارتێکەریی ناڕەزایەتییەکان لەسەر کەمینەکان بوترێ، زیادە نییە. پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکان زیانی وێکەوتووە. ژنانی سەر بە کەمینە ئیتنیکی و ئایینییەکان لەگەڵ کۆمەڵێک زیان و ئازاری تایبەتدا بەرەوڕوو دەبنەوە کە بەهۆی هەڵاواردن و توندوتیژیی دژ بەوان هەم وەکوو ژن و هەم وەکوو کەمینەیەک، ئەو ئازار و زیانانە چەندقات دەبنەوە. کاریگەریی ئەم سەرکوتانە لەسەر منداڵان لە سەرەوەی وەچەیەکە و زیانە چەندلایەنەکانی ڕەنگە هەتا دەیان ساڵ بەردەوام بێت." ڕاپۆرتی کومیتە لە درێژەدا هەندێک وردەکاریی وەک: ئەشکەنجە و دەسدرێژیی سێکسی و ڕەشبگیر یو هیتریش دێنێتە بەر باس کە بەرامبەر بە کەمینەکان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا ڕوویان داوە.
وەک باس کرا ئەم ڕاپۆرتە نەتەنیا لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە ئاوڕی لێ نەدرایەوە، بەڵکوو لە هەندێک حاڵەتدا دژایەتییشی کرا و ئیدانەش کرا. بۆ نموونە ئەم کومیتە سەربەخۆیە بەوە تاوانبار کرا کە بە وتەی ئەوان "انگیزەی تجزیەطلبی"ـی هەیە و لەژێر کاریگەریی بیری چەپدایە! پێشیان وابوو هەموو خەڵکی ئێران بە یەک ئاست سەرکوت دەکرێن و تێچوو دەدەن! لەڕاستیدا خستنەپاڵی تاوانی سیاسیکاری بۆ ناوەندێکی چالاکی مافی مرۆڤ کە تەنیا ئامانجی پاراستن و داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤە و هەروەها دانی تۆمەتی ناسەربەخۆبوون لە وەها ناوەندێک کە هەموو ئێعتباری خۆی لە سەربەخۆبوونی وەردەگرێ، لە ڕاستیدا پێشتر هەر لە کۆماری ئیسلامی چاوەڕوان دەکرا، بەڵام وا دیارە لەو ڕووەوە جیاوازییەکی کەم هەیە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنی دەستەڕاستیی ئەو ڕێژیمەدا.
ئەم کومیتەیە لە ڕاپۆرتی پێشووتریدا جەخت لەسەر ڕوودانی جەنایەت لەدژی مرۆڤایەتی دەکات، کە لەودا کوشتن، ئەشکەنجە، لەنێوبردن، بەکۆیلەکردن، دەسدرێژیی سێکسی و ئازار و ئەزیەتی ئامانجدار و هەروەها ئازاری جەستەیی ڕووی دابێ؛ بەڵام یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکان کە بتوانێ تاوانی جەنایەت لەدژی مرۆڤایەتی بسەلمێنێ و هەروەها بوار بۆ سکاڵا و مەحکوومکردن و تەنانەت دژکردەوەی دەوڵەتان خۆش بکات، ئەوەیە کە پاڵنەرێکی وەک دوژمنایەتی لە ڕووی ئایین و نەتەوە و ڕەگەز و... بدۆزرێتەوە و بسەلمێنرێ. لە ڕاستیدا بۆ مەحکوومکردنی زیاتری کۆماری ئیسلامی زانین و دەرخستن و سەلماندنی مەبەست و نییەت و ئەنگیزە و هاندەرەکانی گەلێک گرنگە، بەڵام وەک وترا بەشێک لەو ئۆپۆزیسیۆنە دەیانهەوێ ئەو هەوڵانە پووچەڵ بکەنەوە.
گەر شۆڕای ئەمنیەت و ناوەندە پێوەندیدارەکان بیانهەوێ لەم پێوەندییەدا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ڕابوەستن و لە هەر ڕوویەکەوە مەحکووم و ناچاری بکەن، ئەوە بێگومان قازانجی درێژماوەی بۆ کەمینە نەتەوەیییەکان دەبێ و هەر لە داهاتووشدا گەرەنتییەک دەبێ بۆ ئەوەی تووشی ستەم و هەڵاواردن نەبن؛ لەم چوارچێوەیەدا پرسی نەتەوەیی و ئایینییان دەبێتە پرسی گرنگی بیروڕای گشتیی جیهان، بەڵام کۆماری ئیسلامی و بەشێک لە دوژمنانی لەو ڕووەوە وەک زۆر ڕووی دیکەش وەک یەک بیر دەکەنەوە و بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، بۆیە زراویان لەم ڕاپۆرتە چووە. هەڵبەت بێدەنگیی ئەوان لە گرنگیی ڕاپۆرتەکە کەم ناکاتەوە و تەنانەت زیاتریش گرنگییەکەی دەردەخات، ئەوەش بوترێ ئەمە بەپێچەوانەی ئەو ڕوانگەیە کە دەیوت ستەملێکراویی کورد نابێ ببێتە "فضیلت"؛ کە دەبێ لە وڵامدا بڵێین باس لە فەزیلەت نییە، بەڵکوو باس لەوەیە کە دەبێ ڕاستییەکان وەک خۆیان ببینرێن