بێهزاد قادری
گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی خەباتکارانی سیاسیی کوردستانی لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستان، بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا و لە دوو قۆناغی جیاوازدا ئەم گوشارانە پەرەی سەندووە و لە ئێستاشدا بەردەوامە.
لەم کورتە نووسینەدا نامەوێت باسی دەیەکانی ڕابردوو بکەم، چونکە ئەزموونم نەکردوە، هەر ئەوەندە بیستوومە کە لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی، زۆرێک لە ئەندامانی بنەماڵەی خەباتکارانی سیاسی و پێشمەرگەکانی کوردستان، تەنانەت لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێراندا ئەندامانی لەشیان لەدەست داوە و تەنانەت هەبوونە کە گیانیشیان بەخت کردووە.
بۆ دوو دەیە خەباتی چەکداریی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگیرا، تا ئەوەیکە نەورۆزی ٩٥ی هەتاوی، حدکا (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) قۆناغێکی نوێ لە خەباتی بە ناوی "ڕاسان" ڕاگەیاند کە یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەم خەباتە، خەباتی چەکداری بوو. دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان چەندین شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران هاتە ئاراوە. هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕاسان، زۆرێک لە پارتەکانی ڕۆژهەڵات پێشمەرگەکانیان لەسەر سنوورە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان جێگیر کرد. دوای دەستپێکی ئەم قۆناغە، گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی خەباتکارانی سیاسیی کوردستانی لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستان، زۆر زیادی کرد.
لەم قۆناغەدا بەردەوام ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کەسانە، بانگی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان دەکران، هەفتانە لێپرسینەوەیان لێ دەکرا، هەڕەشەی کوشتن و گرتنیان لێ دەکرا. تەنانەت هەبووە کە سزای بەندکرانیشی بەسەردا سەپێندراوە. ئەوان ناچار دەکران بێنە باشووری کوردستان و سەردانی ڕۆڵەکانیان بکەن و پەیامی هەڕەشەئامێزی ئیتلاعات و سپایان پێ بگەیەنن (یان دەست لە کوردایەتی و حیزبایەتی هەڵدەگرن، یان تیرۆریان دەکەین). لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا بە بنەماڵەکانیان دەوت: "ئەوە منداڵەکانتان خەریکن لە برسان دەمرن؛ سەرمایانە؛ گەرمایانە و...". و بە شێوازی جۆراوجۆر شەڕی دەروونییان لەگەڵ دەکردن (بە درۆکردن و دروستکردنی دەنگۆ و هەڵبەستنی بوختان).
ئەم گوشارانە دیسان و لە قۆناغێکی دیکەدا (لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا) پەرەی سەند و ئێستاش بەردەوامە. لەم قۆناغەدا سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر ئەندامانی بنەماڵەی خەباتکارانی سیاسی و پێشمەرگەکان زیاتر بووەوە. ئەوان زیاتر لە پێش بانگی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان کران. دەست بەسەر پاسپۆرتی زۆر کەسیاندا گیرا. لەم پەیوەندییەدا بۆ خۆم (وەک چالاکێکی میدیایی) ساڵی ڕابردوو لە پۆستێکی فەیسبووکیدا ڕامگەیاند کە تەنانەت هاوڕێ نزیکە پێشووەکانم بانگ کراون و ئەزیەت کراون و ئیتلاعاتییەکان ویستوویانە لە ڕێگای ئەوانەوە پەیوەندیم پێوە بگرن. تەنانەت لە ڕێگای ئەوانەوە پەیامی هەڕەشەئامێزی خۆیان پێ گەیاندم. هەر ئەم بابەتە بۆ دەیان کەسی دیکەی وەک من ڕووی داوە.
گوشارەکان هەر بەو ئاستە لە بەرزی لە ئێستاشدا بەردەوامە. لەناکاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامی نەناسراوت بۆ دێت، کە لێی دەکۆڵیتەوە دەزانیت هی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانە. یان ڕۆژانە لە هەواڵەکاندا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینیت کە ئەندامانی بنەماڵەی خەباتکارانی سیاسی بانگ کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە و هەڕەشەیشیان لێ کراوە. بەڵام هەمیشە بە خۆڕاگری و وڵامدانەوەی ئەو بنەماڵانەش کە لەژێر نامرۆڤانەترین گوشارەکاندان، سەرسام بووم. ئەوان نە قەت ملکەچی داگیرکەر دەبن و نە قەت ورەیان دادەبەزێت و هەمیشە هیوایان ئەوەیە کە لە کوردستانێکی ڕزگارکراو و ئازاددا بە دیداری ڕۆڵەکانیان شاد ببنەوە.
هەموو ئەم گوشارانە، بۆ ترسی ڕێژیمی ئێران لە خەباتی ئەم خەباتکارانە و خەڵکی ڕاپەڕیوی نێوخۆ دەگەڕێتەوە. ئێستاش ئەم گوشارانە پەرەی سەندووە، چونکە پایەکانی ئەم دەسەڵاتە وەلەرزە کەوتووە و دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک ئێمەی کوردستانیش لاواز بکات کە لە ئەگەری هاتنەئارای هەر ئاڵوگۆڕێک، توانای هەستانەوەمان نەبێت.
لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە ئێمە بەردەوام باسی زانیاری دەکەین، بەڵام چەندە باس لە دژەزانیاری دەکەین؟ (ئیتر کارکردن پێی با ڕاوەستێت). باسی شەڕی دەروونیی داگیرکەر دژی خۆمان دەکەین، هەرچەند دەزانین شەڕی دەروونیشە، بەڵام هەر قوربانییەکەی خۆمانین! چونکە نازانین و فێر نەکراوین خۆیشمان کاری پێ بکەین. سەردەم سەردەمی جەنگی زانیارییە، بەڵام ئێمە هەر مێتۆدە کۆنەکان پێڕەو دەکەین و کێشەمان لەگەڵ ئاپدەیت و بەڕۆژبوونەوە هەیە. پێویستە لەمبارەوە خۆمان تەیار بکەین. بۆیە فریای خۆمان نەکەوین، فریامان بڕاوە.