هەردی سەلیمی
"پزشکیان" هەر لە یەکەم ڕۆژی بەربژێرانیەوە لەسەر دوو تەوەری سەرەکیی بێبەرنامەیی و گوێڕایەڵیی خۆی بۆ "خامنەیی" جەختی دەکردەوە و ڕۆژێکیش دوای ئەوەی ناوی لە سنووق هاتە دەر، لەو بەناو سەرکەوتنەیدا خۆی بە قەرزباری خامنەیی زانی و ئەم پێزانینەش ئەو دوو کەسەی لێک نزیکتر کردەوە و پزشکیانی منەتبارتر کرد.
خامنەیی لە کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و پزشکیاندا، فەرمانی بە مەجلیس کرد کە زۆر زوو ڕێکخەری کارەکانی دەوڵەتی نوێ بن و دەنگی متمانە بە وەزیرە پێشنیارکراوەکانی پزشکیان بدرێ. لەوەیدا کە هەر لەو کۆبوونەوەیەدا تایبەتمەندییەکانی کەسێکی بەرپرسیشی دەسنیشان کرد و دیاریی کرد دەبێ چۆن کەسێک بێ وا بەرپرسیارەتیی پێ دەدرێ، دیار بوو بەپێچەوانەی دەوڵەتانی پێشووتر کە خامنەیی هەر لە هەڵبژاردنی چەند وەزیرێکدا دەمی لە بابەتەکە وەردەدا، ئەمجارە لەسەر دانە بە دانەی وەزیرەکان تێبینیی ڕاستەوخۆی هەبووە.
بەپێچەوانەی دروشمەکان و هەروەها هاژەوگیڤەی دواتری "جەوادی زەریف" و ٤٥٠ بەناو کارناسی پرسە سیاسییەکان کە بۆ ماوەی سێ حەوتوو کۆ بوونەوە بۆ ئەوەی بەوتەی ئەوان باشترین کەسەکان بۆ وەزارەتخانەکان پێشنیار بکەن، لە ئاکامدا دەرکەوت: نە ڕەگەز، نە تەمەن، نە نەتەوە و نە ئایینی کەسانی پێشنیارکراو هیچ ئیمتیازێکی نییە، بەڵکوو ئەوەی گوێڕایەڵی خامنەیی بێت سەرەنجام پۆستێکی وەک وەزارەتی پێ دەدرێ. کوردوتەنی: "زوڵم لە سکی خۆی ناکات" بۆیە خامنەیی هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بەڕاشکاوی وتی کەسانێک کەوا ئاسۆی ڕوانینیان بەنسبەت کۆماری ئیسلامییەوە تەماوی و نائومێدانەیە، نابێ بەرپرسیارەتییان پێ بسپێررێ.
لە کاتی دەنگداندا پزشکیان باسی لە ڕێز و کەرامەتی ژنان کرد، ئەم لیستە پێشنیارکراوە تەنیا یەک ژنی تێدایە و ئەویش ئوسوولگەرایە و هیچ دڵنیایییەکیش نییە بۆ ئەوەی دەنگی متمانەی پێ بدرێ؛ لەگەڵ ئەوەش "محەممەدڕەزا عارف"، موعاونی پزشکیان لە لێدوانێکدا وتی کۆمەڵگەی ئێران لە ڕووی دەروونییەوە ئامادەییی ڕێبەریی ژنان نییە و بەم شێوەیە ئاوێکی بە دەستی ئەوانەدا کرد وا لەم ڕووەوە خۆیان دڵخۆش کردبوو. هەر لە کاتی بانگەشەدا ناوی بەلووچ و کورد و سوننی لە دەمی پزشکیان دانەدەکەوت – کە بەحەق "جەلیلی" دەنگی دا و وتی بە ناوهێنانیان دەنگیان لێ وەرمەگرە، ئێستا یەک وەزیری پێشنیارکراویش سەر بە هیچ کام لەم کەمینە نەتەوەیی و ئایینییانە نین؛ ئەمەش بۆ ئیسلاحخوازانی حکوومەتیی کورد و بەلووچ و سوننی – گەر دەرس وەربگرن – پەیامێکی گرنگ بوو.
هەندێک کەس بۆیان گرنگ بوو شێوازێکی بەوتەی ئەوان گونجاوتر و نەرمتر لەلایەن دەوڵەتەوە بەرامبەر بە پرسی بێحیجابی بگیرێتە بەر، پزشکیان "ئەسکەندەری موئمێنی"ـی پێشنیار کردووە بۆ وەزارەتی نێوخۆ، ئەم ئەسکەندەری موئمێنییە یەکێک لە سەرکوتکەرانی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی و یەکێک لە دژبەرە سەرەکییەکانی حیجابی ئێختیارییە. ئەمە وڵامی پزشکیان بۆ ئەو چاوەڕوانانەی ئەم بوارەش.
سێ وەزیری دەوڵەتی "ڕەئیسی" دیسان پێشنیار کراونەتەوە، یەکیان بە گۆڕینی وەزارەتخانەکەی، بەڵام دووانیان هەر داوا کراوە لە پۆستی خۆیاندا بیانهێڵنەوە. ئەم دوو وەزیرە پێشووە وەزیری "ئیتلاعات" و "دادگوستەری"ـی دەوڵەتی ڕەئیسی بوون. یانی ڕێک لە کاتێکدا کە بەرفراوانترین ناڕەزایەتیی دژی ڕێژیم لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، دوو ساڵی بەسەردا تێپەڕ نەبووە و سەرکوت و دەسبەسەرکردنی لەڕادەبەدەری بەدوادا بوو؛ داوا کراوە دوو لەو وەزیرە هەرە گرنگانەی وا بەشداری ڕاستەوخۆی گرتن و کوشتن و ئێعدام و پەروەندەسازین، لەسەر جێی خۆیان بمێننەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا ڕەنگە زیاترین ناڕەزایەتییەکان لەلایەن کرێکاران و مامۆستایانەوە بەڕێوە چووبێ، بۆ وەزارەتی پەروەردە وەزیرێکیان پێشنیار کردووە، کە تەنیا ئەزموونی لە بواری ئەمنیەتیدا هەیە؛ هەروەها وەزارەتەکانی پێوەندیدار بە بواری ئابوورییەوە کە دەتوانێ چەن وەزارەتخانە لە خۆ بگرێ، بە کەسانی ناکارامە و نەناسراو و بێئەزموون سپێرراوە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بوترێ کۆماری ئیسلامی دەنگی ناڕەزایەتیی توندی خەڵکی بیستووە و بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ بوارێکدا نایەوێ پاشەکشێ بکات، دەیهەوێ یەکدەستتر بێت، دەوڵەت هەتا ئاستی دەفتەری بەیتی ڕێبەریی هێناوەتە خوار، بەپێچەوانەی باوەڕی باو کە زووزوو دەوترێ دەوڵەت لە کۆماری ئیسلامیدا کارەیەک نییە دەردەکەوێ کە دەوڵەت کارەیە و باڵی ئیجراییی بەیتی خامنەیییە، گەر جگە لەمە چاوەڕوان بکرێ لە دەوڵەت ئەوە بابەتێکی دیکەیە.