خەباتی کورد لە ئێران: هاوکێشەی هێز و گەڕان بەدوای خۆبەڕێوەبەریدا
ماڵپەڕی کڵینگندیڵ – شوکریە برادۆست
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
ڕوانگەی کورد لەمەڕ "ژن-ژیان-ئازادی"
سەرهەڵدانی "ژن-ژیان-ئازادی" بوو بە ساتەوەختێکی مێژوویی بۆ پەیوندیی نێوان کوردەکانی ئێران و بەشەکانی دیکەی ئێران. بۆ یەکەم جار لە ئێران، ئەو ناڕەزایەتییانەی لە ناوچە کوردییەکانەوە دەستی پێ کردبوو، بە دروشمەکانیشەوە لە سەرانسەری وڵاتدا دەنگی دایەوە. بێجگە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی سەرکوت و نەبوونی ئازادییە مەدەنییەکان بە گشتی، جووڵانەوەی ژن-ژیان-ئازادی هەروەها دەرفەتێکی دەگمەنی بۆ خەڵکی ئێران دەستەبەر کرد تا سیاسەتە کۆنباوە دژە کوردەکەی "ئەمنییەتیکردنی سیستماتیک" تووشی ئالنگاری بکات. سیاسەتی بە ئەمنییەتیکردنی داواکارییە ئەتنیکییەکانی کورد، واتە وێناکردنیان وەکوو هەڕەشە بۆ سەر وڵات کە دەبێ بە ئامرازی لە ڕادەبەدەر سەرکوت بکرێ، لە سەردەمی پەهلەویدا دەستی پێ کرد و دوای ١٣٥٧ درێژەی پێ درا. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ئەو سیاسەتە بوو بە ڕوانگەی ستانداردی دەوڵەت و هەروەها شێوە سەپاندنێکی نافەرمی کە هەڵاواردنکارییەکی بەرفراوان دژی کوردانی ئێرانی لێ کەوتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەرفەتی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەو سیاسەتە و دروستکردنی هاوپەیمانیی لە نێوان تاقمە کورد و غەیرە کوردەکاندا زۆر خێرا، کاتێک ڕێژیم ڕوانگە کۆنباوەکەی لەمەڕ پێرۆزیی یەکپارچەیی خاکیی ئێران قوت کردەوە، لە کیس چوو. بەڵام، هیچکام لە حیزبە سیاسییەکانی کوردی ئێران بە کردەوە داوای جیابوونەوە ناکەن. لە جیاتان، پێڕەو و پڕۆگرامی حیزبەکانیان بۆچوونی ئێرانێکی فیدڕاڵ دەخەنە ڕوو کە لەویدا کورد مافی خۆ بەڕێوەبەریی هەبێت. بە کورتی، ڕێژیم جۆرێکی شێوێندراو لە داواکانی کوردانی دژی ئەوان بەکار هێنا، مۆرکی جیاییخوازیی لەو گرووپانە دا و ئۆپۆزیسیۆنی بەرینی ئێرانی بە قوتکردنەوەی حەزی نیشتمانپەروەریی دژی هاووڵاتیانی کورد هان دا و پەرتەوازەی کردن.
نیشتمانپەروەری وەک قەڵایەک دژی کەمینە ئەتنیکییەکان
کاتێک لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئێران لە ئیمپراتورییەوە بوو بە دەوڵەت-نەتەوە، شوناسە جۆراجۆرکانی و ئەو تاقمانەی کە تا ڕادەیەک یەکسان دەژیان، لە سەردەمی پاشایەتیی پەهلەویدا وردە وردە شوناسەکانی فارس و شیعە بە سەریاندا زاڵ کران. مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کە کەمینە ئەتنیکییەکان داوایان دەکردن بە شێوەیەکی پەرەئەستێن وەکوو هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و یەکپاڕجەیی خاکی ئێران پێناسە کران. ڕێژیمی شۆڕشگێڕی ئیسلامی درێژەی بەو ڕوانگەیە دا و بە گوڕوتینێکی تایبەتەوە دژی کوردانی ئێران کەڵکی لێ وەرگرت، چونکە پێی وابوو شوناسی ئەتنیکی دژی ئایدۆلۆژیای ئیسلامییە. بۆ وێنە لە یەکەم وتاریدا لە قوم لە ١٣٥٨، خومەینی ڕێبەرانی کوردی وەک "خراپەی سەرزەوی" ناو برد. لە پاییزی ١٣٥٨، ئەو باسی کەمینە ئەتنیکییەکان و هاوپەیمانییەکەیان لەگەڵ چەپەکان وەک هەڕەشەی مەزن دژی کۆماری ئێسلامی کرد. بە کورتی، نە دێموکراسی و نە مافەکانی کەمینەکان لە بەرنامەی دەوڵەتی خاوەن ناوی تازەی کۆماری ئیسلامیدا نەبوو. وەک پەرچە کردار، کورد، ئازەری، عەڕەب و بەلوچەکان سەرهەڵدانیان کرد. بێجگە لە کوردەکان ئەوانی دیکە خێرا سەرکوت کران.
کوردەکانی ئێران لە سەرەتادا پشتیوانییان لە شۆڕشی ئیسلامی کرد بەو هیوایە کە ئەوە بتوانێ یارمەتیدەری بارودۆخی ژیان و وەدەستهێنانی مافی خۆبەڕیوەبەری بێ. بۆیە، ئەوان سەپاندنی ڕێژیمی ناوەندگەرای ئیسلامییان قبووڵ نەکرد. بە بایکۆتکردنی گشتپرسیی ١٣٥٨، ئەوان دژی پەرگالی نوێ وەستانەوە و لە جیاتان خوازیاری دەوڵەتێکی سێکولار و دێموکڕاتیک بوون کە بتوانێ خودموختاریی کوردان مسۆگەر بکات. لە وەڵامدا، خومەینی بڕیاری هێرشی سەربازیی بۆ سەر هێزە بەرهەڵستکارە کوردەکان و خەڵکی دا، لە کاتێکدا کە هێشتا وتووێژ لە نێوان نوێنەرانی کوردان و دەوڵەتی شۆڕشگێڕ درێژەیان هەبوو. ئەو تەنانەت لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ پاش لێدانی مۆرکی کافر، حوکمی "جیهاد"ی دژی کوردانی ئێران دا. تاکتیکە سیاسییەکان دەورێکی مەزنیان لەو هەڵسوکەوتانەدا لە کاتێکدا کە دەوڵەتی نوێ خەریکی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی و ورووژاندنی جەماوەر بە لێدانی مۆرکی "دژی دەوڵەت" لە کوردان بوو گێڕا.
لە کاتی شەڕی کوردستان لە ١٣٥٨ تا ١٣٦٢، زۆرێک لە شار و گوندەکانی کوردان وێران کران و نزیکەی ١٠ هەزار کەس کوژران، لە نێویاندا ١٢٠٠ زیندانیی سیاسی. ئایەتوڵڵا سادق خەڵخاڵی، لە لایەن خومەینییەوە وەکوو سەرۆکی دادگای شۆڕش لە کوردستان دیاری کرا، کە بە شێوەیەکی بەدناو بە نێوی "دادوەری مەرگ" ناسرابوو، حوکمی کوشتنی هەزاران کوردی لە دادگایی لە گۆترەدا دەر کرد. سەرکوتی ئەوتۆ تا تێکشکاندنی سەرهەڵدانی کوردان بەردەوام بوو. لە ڕاپۆرتی ساڵانەی لە ١٣٧٦دا، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، گوتی "لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٩ تا ١٣٧١، زیاتر لە ٢٧١ گوندی کوردان وێران و چۆل کران". بێجگە لەوە، هەڵمەتێکی سەربازیی دیکەش دژی کوردانی ئێران لە نێوان جولای تا زستانی ١٣٧٢ بەڕێوە چوو کە لەو ماوەیەدا ١١٣ گوند بۆمباران کران و کوردستانی ئێران کەوتە ژێر حکوومەتی سەربازیی بە بوونی بەردەوامی ٢٠٠ هەزار هێزی سەربازیی لەوێ.
میراتی سەرکوتی دوای شۆڕش
سەرکوتی سەرهەڵدانی کوردان هەروەها بوو بە هۆی دەستەبەر کردنی دەرفەت بۆ ئەندامانی هێزی تازە دامەزراوی سوپای پاسداران تا خۆیان بە شەڕ، هاوشێوەی جەنگی ئێران-عێراق کە لە ١٣٥٩ دەستی پێ کرد، قوت بکەنەوە. خزمەتی سەردەمی جەنگ بواری بۆ گەلێک لەوان خۆش کرد تا پلەی بەرز لە نێو هێزی سەربازیی و بەرێوەیی وڵاتدا بەدەستەوە بگرن و لەوێ دەوری یەکلاکەرەوەیان لە درێژەپێدان بە مۆرکلێدان لە کوردان وەک هەڕەشەی ئەمنییەتی بدەن کە دەبێ دڕاندانە هەڵسوکەتی لەگەڵدا بکرێ. بۆ وێنە، قاسم سولەیمانی، کاتێک ٢٣ ساڵە بوو، بوو بە فەرماندەی هێزە خۆبەخشەکان لە پارێزگای خۆی، کرمان، لە ١٣٥٩. ئەو هێزە بە تیپی ٤١٧ سارەڵڵای سوپای پاسداران نێوبانگی دەرکرد و لە سەرەتادا لە ناوچەی کوردستانی ئێران کەڵکی لێ وەرگیرا. ئەوە دەرفەتی ئەزموونی ڕاستەوخۆی شەڕی بۆ سولەیمانی دەستەبەر کرد و ناوبراو لەوێوە بە سەرکوتی سەرهەڵدانی کوردان نێوبانگی بۆ خۆی دروست کرد.
لە کاتی سەرهەڵدانەوە، ناوچەی کوردستانی ئێران بەرەوڕووی گەشە نەکردوویی ئابووری، پەراوێزخرانی سیاسی و میلیتاریزەکرانی بەربڵاو بۆتەوە. زانیاریی ناوەندی ئاماری ئێران ئاشکرای دەکەن ئەو ناوچەیە لە پاییزی ١٤٠١ بە ٪ ١٣،٨ بەرزترین ڕێژەی بێکاریی لە ئێرانی هەبووە. کرماشان، پارێزگایەکی کورد، تەنانەت لە هەمان ساڵدا ڕێژەی ٪١٧،٤ی تۆمار کردووە (ڕێژەی مامناوەندی بۆ گشت وڵات ٪٨،٢ بووە). سنوورداربوونی دەرفەتی کار و سیاسەتی هەڵاواردنکارانەی دامەزراندن بوونە هۆی بەرز مانەوەی ڕێژەی بێکاریی و لە ئاکامدا بوونە هۆی ئاسۆی خراپی ئابووری. ڕاپۆرتی ئاماری دەوڵەت لەمەڕ بێکاریی ١٤٠١-١٣٩٨ دەڵێ ٪٦٦،٨ ئەو کەسانەی لە پارێزگای کوردستان کاریان هەیە لە کەرتی نافەرمیدا کار دەکەن، کە نەبوونی بیمە و یارمەتی خانەنشینی لەو پیشانەدا باوە. ڕێژەی بەرزی کاری نافەرمی ئاماژە بە دابەشینەوەی ناکارامە و هەروەها ڕەنگدانەوەی گەشەکردنی کەرتی تایبەت بە هۆی وەبەرنەهێنان و کەشوهەوای خراپی سەروەریی یاسایە. زۆر کورد هیچ ڕێگا چارەیەکییان بێجگە لە کۆچ بۆ تاران، بۆ عێراقی دراوسێ یان خەریکبوون بە کاری کۆڵبەریی لە سەر سنوور لە ژێر بارودۆخی گەلێک دژوار دا نییە (هەڵگرتنی باری ٣٠ کیلۆیی بە کێو و تەلاناندا بە ١،٥ میلیۆن تمەن کە دەکاتە ٢٤ دۆڵاری ئەمریکایی). چونکە ئەو خەڵکە کە ژنیشیان تێدا، لە حەوتوودا یەک جار دەتوانن ئەو کارە بکەن، بنەماڵەکانیان زۆر جار دەبێ بەوەندە بژین لە کاتێکدا بۆخۆیان بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی تەقەلێکران لە لایەن هێزەکانی سەر سنوور و کوژران و برینداربوون بۆ هۆی دیکە دان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لانی کەم ١٣ کۆڵبەر لە مانگی مای ٢٠٢٤ کوژراون یان بریندار بوون. جێگای ئاماژەیە کە ٪٩٢ی ئەو ڕووداوانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بوون. دۆخی ئابووری ناوچە کوردییەکان هێندە خراپ بوو کە نە هەڵگرتنی ڕێژەیی گەمارۆکان لە ١٣٩٤ و نە سەپاندنەوەیان لە لایەن ئەمریکاوە لە ١٣٩٧، کاریگەرییەکی بەرچاویان نەبوو. ناوچەکە هەروەها خاوەن ڕێژەیەکی بەرچاو زیندانیی سیاسی و لە سێدارەدراوانی ئێرانە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، نزیکەی نیوەی زیندانییە سیاسییەکانی ئێران کوردن کە بەڕادەیەکی بەرزتر لە گرووپە ئەتنیکییەکانی دیکە حوکمی لە سێدارەدرانیان بۆ دەبڕدرێتەوە. زیندانییە سیاسییەکانی کورد هەروەها زۆرتر بە تاوانەکانی ئاسایشی نەتەوەیی تۆمەتبار دەکرێن.
قسەی زۆری بێ کردەوە
سەرۆککۆماری ڕێفۆرمخواز محەممەد خاتەمی یەکەم سیاسەتوانی پلەبەرز بوو کە دانی بە پەراوێزخستنی کوردان لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریدا نا. بەڵێنی ناوبراو بۆ چارەسەر کردنی پرسەکە بوو بە هۆی بەرزترین ڕێژەی بەشداریی دەنگدەرانی کورد لە مێژووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا. بەڵام لە کاتی هەڵبژاردنی دەوری دووهەمی خاتەمیدا، بە هۆی جێبەجێنەکردنی بەڵێنییەکانی، ڕێژەی بەشداریی کوردان لە ٪٧٣ بۆ ٪٥٣ دابەزی. لەو کاتیەوە، بەڵێنییەکان بۆ چارەسەرکردنی هەڵاواردنی ئەتنیکی بووەتە ستراتێژیی باوی بەربژێرانی سەرۆککۆماریی بۆ ڕاکێشانی دەنگدەران. بەڵام وەک هەمیشە، کاتێک دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن، بەلێنییەکانیان جێبەجێ ناکەن. بۆ وێنە، ڕوحانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٩٢ دا، بەڵێنی دا ئیزن بە گوتنەوەی زمانی دایکیی کەمینە ئەتنیکییەکان، وەکوو ئازەری، کوردی، عەڕەبی، لە قوتابخانەکانی ئێران بدرێ (کە بە هەڵکەوت، تەنیا جێبەجێ کردنی سیاسەتی فێرکاریی بە گوێرەی بڕگەی ١٥ی یاسای بنەڕەتییە). سەرەڕای ئەو بەڵێنییە و مسۆگەرکردنی سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا بە هۆی پشتگیریی کەمینە ئەتنیکییەکان، ڕوحانی قەت جێبەجێی نەکرد.
وێنا کردنی دووبارەی کوردان وەکوو ئێرانیی بێ وەفا
لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی "ژن-ژیان-ئازادی"دا، ڕیژیم جارێکی دیکە هەوڵی دا بیروڕای گشتی دژی هەرێمی کوردستان بورووژێنێ تا شێوازە سەرکوتکارانەکەی بۆ پێشگرتن بە سەرهەڵدان بشارێتەوە. بۆ وێنە، ڕێژیم هێزە سەربازیی و دەوڵەتییەکانی بۆ ماوەی ٣٦ کاتژمێر لە شاری شنۆ بردە دەرەوە بەو هیوایە خەڵکی ئەو شوێنە داوا لە هێزی پێشمەرگە کە لە عێراق جێگیرن بکات تا بێت و دەست بەسەر شاردا بگرێ. بهاتبا و ئەوە ڕووی دابا، بیانووی دەدا بە ڕێژیم تا بە ناوی شەڕ دژی جیاییخوازان هێرش بکات. ئەوە هەروەها ئیزنی بە تاران دەدا خۆی وەکوو جەنگاوەر دژی "تاقمە تێرۆریستییەکان" و بەرگریکاری ئاسایشی سنوورەکانی بنوێنێ، بەو قازانجە زیادییەوە کە سەرهەڵدانەکە بە گشتی لە ڕەوایی بەتاڵ بکات. بەڵام، هێزە ئۆپۆزیسییۆنە کوردییەکان بڕیاریان دا درێژە بە سیاستە درێژمەودایەکەیان لەمەڕ درێژەدان بە خەباتەکەیان بە ئامرازی مەدەنی بدەن و پێشمەرگەیان نەناردەوە. چوارچێوەی باسەکە لێرەدا ئەوەیە کە حیزبە بەرهەڵستکارە کوردییەکان، کە بە شیوەی سەرەکی لە هەرێمی کوردستانی عێراقن، لە ١٣٧٥ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن کە کەڵک لە خاکی هەرێمی کوردستان وەک ڕێگای بەڕیوەبردنی چالاکیی سەربازیی لە ئێران وەر نەگرن. ئەو گۆڕانە ستراتێژیکییە ئیزنی بە حیزبە بەرهەڵستکارەکانی کورد دا جەخت لەسەر کۆمەڵگای مەدەنی بکەن و خەباتەکەیان لەجیات لە عێراقەوە، لە نێوخۆی ئێران بکەن.
بە هۆی ئەو ستراتیژییەی بەرگریی مەدەنی، ناوچەی کوردستان مەکۆی بەهێزترین بەرهەڵستکاریی دژی ڕێژیم لە ١٤٠١ بوو. هەڵکەوتەی جوغڕافیایی ناوچە کوردییەکانی ئێران، کە هاوسنووری عێراقە، و هەروەها ڕایەڵە پتەوەکەی ڕێبەران و ڕێکخراوەکانی مەیدانی، ئیزنی پێدان ببنە ناوەندی جووڵانەوەی بەرهەڵستکاریی بەربەرینتر لە ئێران. بۆ وێنە، ڕێژیم کوردی بەوە تاوانبار دەکرد لە کاتی شەڕی کوردستان سەری سەربازانی بڕیوە، بێ ئەوەی بەڵگەیەک پێشکەش بکات. ئەو ئیددیعایانە ئێرانییەکانی دژی کوردان هان دەدا و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەش لە گێڕانەوەکانی ڕێژیم سڵیان نەدەکرد. لە جیاتان، ئەوان هێرشیان کردە سەر گرووپە بەرهەڵستکارەکانی کورد و داواکارییەکانیان. حاشاکردن لە مافەکانی کوردان بۆ خۆ بەڕیوەبەریی، خێرا بووە هۆی کۆتاییهاتنی هەوڵەکان بۆ یەکگرتوویی هێزە بەرهەڵستکارەکانی کورد و تاقمەکانی دیکەی ئوپۆزیسیۆن. لایەنە ئەرێنییەکەش ئەوە بوو کە هاوکاریی گرووپە بچووکە غەیرە کوردییەکانی بەرهەڵستکار لەگەڵ حیزبە کوردییەکان دەمەزراندنی جووڵانەوەی نوێی هاوپشتیی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێرانی لێ کەوتەوە کە لایەنگری مافە ئەتنیکییەکانی کۆمەڵگای فرەچەشنی ئێرانە.
بەربەستی دیکە کە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دەبێ بەسەریاندا زاڵ بێ
کوردەکان سێهەمین حەشیمەتی ئەنتیکیی ئێران دوای فارس و ئازەرین، کە ڕێژەی دانیشتووانی لە نێوان ٨ بۆ ١٢ میلیۆن کەسە. زۆربەی کوردەکان موسڵمانی سوننین، کە ئەوان لە دانیشتووە سەرەکییەکانی فارس و ئازەری جیا دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، کوردانی ئێران بڕوامەندی ئایینزا و ئایینی دیکەشیان هەن، لە نێویاندا شیعە، یارسان، کریستیان، جوولەکە و زەردەشتی. سەرەڕای فرەچەشنیی ئایینی، کوردەکان پێشترییەتی بە شوناسی تەنیکیی خۆیان لە جیات شوناسی ئایینی دەدەن. ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەر بناخەی شوناسی ئەتنیکی بۆ یەکەمجار لە نێو کوردانی ئێران دا سەری هەڵدا. کوردانی ئێران پشتگیرییەکی کەمیان لە لایەن تاقم و پێکهاتە کوردییەکانی دیکەی دەروەی ئێران لێ دەکرێ، جا چ بگات بە دەوڵەتانی دیکە.
بۆ وێنە، ئازەرییەکان، کە لەگەڵ کوردان لە شاری وەکوو ورمێ دەژین، لە بەرهەڵستکارییەکەیان هەم لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و هەروەها پرسی کورد، لە لایەن تورکیە و کۆماری ئازەربایجانەوە پشتگیرییان لێ دەکرێ. ئەگەرچی هێندێک لە ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی ئازەری، وەکوو ئەوانی حیزبی دێموکڕاتی ئازەربایجان (پێشتر نێوی بیرلیک بوو)، بۆ هاوکاریی لەگەڵ کوردان کراوەن، بەڵام دەسەڵاتیان سنووردارە. بێجگە لەوە، ئازەرییەکان لە کۆنەوە بەشێکی ئاوێتە بوو لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سەربازیی، ئابووری و سیاسی رێژیمەکانی پارس و ئێرانی بوون، کە دەگەرێتەوە بۆ ئیمپڕاتووری سەفەی ٦٠٠-٤٠٠ بەر لە ئێستا کاتێک ئەوان تەنانەت زاڵیش بوون. لە کۆتاییدا، هەڵوێستی سیاسی ئازەری بەرانبەر بە ڕێژیم تێکەڵە، کە ئەو تاقمە ئەتنیکییەی دابەش کردوە. لەگەڵ نەبوونی ڕێکخراوێکی نێوخۆیی، ئەوە بۆتە هۆی ئۆپۆزیسیۆنێکی کەمتر کاریگەر.
وەک دەرەنجام، لە کاتێکدا کوردانی ئێران لە بەرهەڵستکارییەکەیاندا بۆ مافی زۆتری ئەتنیکی بەردەوام دەبن، ئەوان لە بەرانبەر ئەگەراکاندان و بەرەوڕووی بەرهەڵستکاریی لە لایەن دەوڵەتی ئێران و هەروەها تاقمە بەرهەڵستکارە جۆراجۆرە ناکوردییەکانی ئێران و دیاسپۆڕا دەبنەوە. بڕگە ٢٢یەکە (بڕگەی ٢٢=دۆخێکی ئاڵۆز کە لەویدا تۆ ناتوانێ شتێک بکەی تا لە پێشدا کارێکی دیکە نەکەی بەڵام بۆ کردنی ئەو کارەش دەبێ لەپێشدا کارەکەی یەکەم بکەی. و.) ئەوەیە کە ئێلیتی دەسەڵاتداری ئێرانی داوا ئەتنیکییەکان وەکوو هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی ئێران لە کورتماوەدا سەیر دەکات، ئەگەرچی جێبەجێ کردنی داوا ئەتنیکییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە درێژمەودا دا پێویستە. لە ١٣٥٧، کفوکوڵی ئایینی توانی شوناسە ئەتنیکییەکان سەرکوت بکات و هێزە شۆڕشگێڕە جۆراجۆرەکان لە ژێر ڕێژیمی ئیسلامیدا یەک بخات. ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١-١٤٠٢ ئاشکرای دەکەن کە شوناسە ئەتنیکییەکان نە تەنیا بەردەوامن بەڵکو داواکارییە ئەتنیکییەکان و ناڕەزایەتییەکانی پەیوەندیدار بە ئەتنیکەوە لەسەر یەک کەڵەکە بوون. بێتوو ئەو دۆخە درێژەی هەبێ، مەترسی لێک هەڵوەشانی ئێران لە کاتی شکستهێنانی سەرکوت هەیە و ناڕەزایەتییە ئەتنیکییە پەنگخواردووەکان بەسەر تێفکرین و ئاکاری سیاسیدا زاڵ دەبن.