کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆمار و کابینەی گوێڕایەڵی خامنەیی

02:05 - 1 خەرمانان 2724

مەنسوور مروەتی

دوێنی چوارشەممە دوایین ڕۆژی کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی مەجلیس بۆ کابینە پێشنیارییەکەی مەسعوودی پزشکیان بەڕێوە چوو و بۆ یەکەم جار لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەموو وەزیرەکان بە تێكڕا لەلایەن مەجلیسەوە بە شیاوی بەرپرسایەتییەکانیان زانران و دەنگی ئەرێی مەجلیسیان وەدەست هێنا. ئەم جۆرەی کە وەزیرەکانی کابینەی پزشکیان لە مەجلیس هاتنە دەرێ، تەنانەت لە کابینەی ئەحمەدی‌نژاد و برایمی ڕەئیسیشدا شتی وا ڕووی نەدابوو.

لە دوای کوژرانی گوماناویی برایمی ڕەئیسی کە هێشتا کەس نازانێ هۆکارەکەی چی بوو و وەڕێخستنی ‌هەڵبژاردنی پێشوەخت و هێنانەدەرێی پزشکیان لە سندووقەکان، نموونەی نەبووە هیچ کاندیدا و سەرکۆمارێک هێندەی مەسعوودی پزشکیان خۆی بە قەرزاربار و گوێڕایەڵی خامنەیی لە قەڵەم بدا. ڕاستە لە سەرەتاوە پزشکیان وەک کاندیدای بەرەی ئیسلاح‌تەڵەب ناسێنرا بەڵام زۆری نەخایاند کە دەرکەوت پزشکیان لە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری نێوان خامنەیی و ئیسلاحخوازەکان هێنرایە مەیدان و کرایە سەرکۆمار. ئەم ڕێککەوتنەش لەڕاستیدا بۆ هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان بوو و دەربازکردنی ڕێژیم لەو دۆخەی تێی کەوتبوو. پاشان لایەنگرانی پزشکیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا وەها بە گوڕوتینەوە قسەیان بۆ خەڵک دەکرد و داوای دەنگیان دەکرد، وەک بڵێی ئاڵوگۆڕێک پێک دێت و گۆڕانێک لە دۆخی قەیراناویی ئێراندا دروست دەبێ. هەر لە نەهێشتنی فشار و زەبر بۆ سەپاندنی حیجابی ئیجباری و لابردنی فیلترینگەوە بگرە تا دانانی وەزیر لە بەشی نەتەوە نافارسەکان و هەندێ شتی دیکە، لەو دروشمانە بوون کە لایەنگرانی پزشکیان بانگەشەیان بۆ دەکرد. بەڵام هەر زوو جگە لە گوێڕایەڵی بۆ خامنەیی هیچکام لەوانەی کە باسیان لێ دەکرا لە لایەن پزشکیانەوە هیچ باسیشی لێ نەکرا. تەنانەت لە جوابی نوێنەری بۆکان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی کە بۆچی لە کوردەکان کەس پێشنیار نەکراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری، پزشکیان زۆر بە ڕاشکاویگ وتبووی جا خۆ خەڵکی کوردستان دەنگیان نەدا.

ئێستا ئەوەی ئەم ماوەیە و بەتایبەت دوێنێ لە مەجلیس چاومان لێ بوو، ڕووداوێکی کەم وێنە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا بوو. یەکەم وەک باس کرا هەموو وەزیرە پێشنیارکراوەکان لە سافی مەجلیسەوە دەرچوون و لەوەش سەیرتر پزشکیان بەردەوام دەیگوت بۆ دانانی وەزیرەکان لەگەڵ خامنەیی هەماهەنگیی کردوە. تەنانەت لە باسی چەند وەزیرێکدا گوتی بۆ وام لێ دەکەن هەموو شتێک بڵێم، فڵانەکەس خودی ڕێبەر هێناویە. ئەمەش لە لایەکەوە نیشانەی بێدەسەڵاتی و داوەڵ بوونی پزشکیانە و لەلایەکی دیکەشەوە دەکرێ بڵێین ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی دیاریکراوی خودی خامنەییە و پزشکیان تەنیا بەڕێوەبەڕێکی ئاساییە.

لە هیچ کابینەیەکدا هیچکات بۆ دانانی وەزیر پرس بە ناوەندە ئەمنیەتییەکان نەکراوە و جگە لە چەند وەزیرێک نەبێ وا نەبووە هەموو کابینەکە بە پرس و ڕا و بە ئاگاداری ڕێبەرەوە دانرابێ. تەنانەت وەزیرەکانیش لە جیاتی باسێکی جیددی لە بەرنامەکانیان بۆ وەزارەتەکەیان زیاتر گوێڕایەڵیی خۆیان بۆ وەلی فەقیهـ دووپاتە دەکردەوە. ئەوان بەردەوام خۆیان بە سەربازی ویلایەت و پابەندییان بە ویلایەتی فەقیهەوە دەناساند.

بەهەرحاڵ ئەوەی دیارە ئەم هەموو باس و خواسەی ئەم ماوەیەی حکوومەت و لایەنگرەکانی تەنیا بۆ کۆکردنەوەی خۆیان و بردنە قۆناغێکی دیکەی ڕێژیم و هەوڵ بۆ دەربازکردنی خۆیان لەو دۆخە قەیراناوییەی نێوخۆیی و دەرەوەیی بوو، دەنا ئەم دەستە وەزیرە و ئەم پێکهێنانەی کابینەیە بۆ ئەوە نییە کە بیرێک لە دۆخی خەڵک و چارەسەریی کێشەکانیان بکەن.

وەزیری ئیتڵاعات هەمان وەزیری ئیتڵاعاتی دەوڵەتی ڕەئیسیە و وەزیری ئیرشادیش هەروەها، وەزیری کاروباری دەرەوەش بەڵێنیی دا کە لە کاروباری دەرەوەدا خۆی بە سەربازی ویلایەت دەزانێ. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێ ئەوەی کە بیری لێ نەکراوەتەوە و خەمیشی لێناخورێ دۆخی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانە. ئەو قەیرانە سیاسی کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە بڕستیان لە خەڵکی بڕیوە بەهیچ جۆرێک ئیرادەیەک بۆ کۆنترۆڵ کردنیان نییە و دۆخی خەڵک لەمەی کە هەیە خراپتر دەبێ.

 ئەوەی دوێنێ چوارشەممە لە مەجلیس بە ئاشکرا بینرا ئەوە بوو دیکتاتۆر نەتەنیا دان بە داواکاری و ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێراندا نانێ و لە خەمی چارەسەرکردنی کێشەکانیاندا نییە، بەڵکوو بۆ بەرنگاربوونەوی خەڵک خەریکی خۆڕێکخستنەوەی جیددی و بە پلان و بەرنامەیە. کەواتە خەڵکی ئێران بە گشتی هیچ ڕێگایەکیان لە بەردەمدا بۆ نەماوەتەوە ئیللا درێژەدانی خەباتی ڕێکوپێکی خۆیان بۆ شکاندن و ڕووخاندنی تەخت و بەختی دیکتاتۆری زاڵ بەسەر وڵاتەکەیان نەبێ.