ئاسۆ مینبەری
پاش بەڕێوەچوونی بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و هاتنەسەرکاری پزشکیان بەپێی ئەسڵی ١٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم، لیستەی وەزیرە پێشنیارکراوەکانی پزشکیان بۆ دەوڵەتەکەی ڕادەستی مەجلیس کرا تاکوو پێکهێنانی کابینەی نوێی دەوڵەت بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. بۆ ئەم مەبەستە مەسعوود پزشکییان، لیستەیەکی ١٩ کەسیی لە وەزیرە پێشنیارکراوەکانی خۆی ڕادەستی مەجلیس کرد هەتا دەنگی متمانەیان بۆ وەرگرێت.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی گەلاوێژ، مەجلیسی ڕێژیم لە دوو کۆبوونەوەدا، بە لێکدانەوەی تایبەتمەندییەکانی وەزیرە پێشنیارکراوەکان، سەڵاحییەتی ٥ کەسی دیکەی تەئیید کرد کە یەک کەسیان ژنە و بەم جۆرە ژمارەی ئەو کەسانەی کە تاکوو ئێستا وەکوو وەزیر لە کابینەی پزشکیاندا سەڵاحییەتیان پێ دراوە گەیشتووەتە ١٢ کەس کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی وەرگرتنی دەنگی متمانەیان بۆ بەڕێوە بچێ.
لە لیستەی پێشنیارکراوی پزشکیاندا و لە نێوان ئەو ١٩ کەسەدا، تەنیا یەک ژن هەبوو کە ئەم بەشدارییە کەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو دژایەتی و ناڕەزایەتیی نوێنەرانی مەجلیسی لێ کەوتەوە، دژایەتییەک کە ڕیشەی لە ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمدایە و تێگەیشتن لەم ڕاستییەش کارێکی سەخت نییە. بەڵام ئەوەی پێویستە باسی لەسەر بکرێ، چەواشەکارییەکانی ڕێژیم سەبارەت بە پرسەکانی ژنانە. ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە دەبینین کە ڕێژیم چۆن لە کاتە هەستیارەکاندا، ژنان دەکاتە کاڵا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی و دواتریش بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافەکانیان وەکوو مرۆڤێک، پەراوێزیان دەخات.
ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین، دەتوانین بە لێکدانەوەیەک بۆ بەناو هەڵبژاردنەکان و یاریی ڕێژیم لەم کاتوساتەدا، لە بابەتەکە تێبگەین. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی ڕێژیمی ئێران، دژەژنبوونیەتی. ئەمە بە ئاشکرا لە قسە و ئاکاری بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمەدا بینراوە و ژنانیش جا سەر بە هەر چین و تاقمێک لە کۆمەڵگەی ئێراندا بن و بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی یان فەرهەنگییان، هەستیان بەم ڕاستییە کردوە.
بەپێچەوانەی هەڵسوکەوتە باوەکەی ڕێژیم بەرانبەر بە ژنان، لە پرسی بەناو هەڵبژاردنەکاندا ڕێژیم هەمیشە مەیدانێکی ئاوەڵاتر بە ژنان دەدات، چ وەک بەربژێر بۆ بازاڕگەرمیی شانۆی هەڵبژاردنەکانی و چ وەک کەسانێک کە ستادەکانی هەڵبژاردنەکانیان پێ پڕ بکاتەوە تاکوو خەڵكێکی زیاتر ڕاکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان بکات، ئەڵبەتە ئەوەش کە چەواشەکارییەکی ئاشکرا لەبەرچاوی جیهانەوە دەکات و ئەم بوونە فیزیکی و فۆرماڵیتەیە وەکوو بەشدارییەکی ڕاستەقینە و لە ڕووی ئاگاهیی سیاسییەوە دەنوێنێ، بابەتێکی دیکەیە کە جێگای سەرنجە.
لە بەناو هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵیشدا کە یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ڕێژیم لە دوای شۆڕشی ژینا بوو، ڕێژیم سەرەڕای هەموو سەرکوتکارییەکان بەرانبەر بە ژنان کە ئێستاش بەردەوامن، هەوڵی دا بە جۆرێک ئەندازیاریی شانۆکەی خۆی بکات کە مەیدانێکی زیاتر بە ژنان بدات، تێگەیشتن لەم مەیدانپێدانە بە ژنان لەم کاتوساتەدا کە کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی بە قۆناغێکی دژوار و پڕ هەوراز و نشێودا تێپەڕی بوو کارێکی ئەستەم نەبوو، هەر بۆیە کوردستان وەک هەمیشە پێشەنگایەتییەکەی لە ئەستۆ گرت و بە بایکۆت وڵامە هەمیشەییەکەی خۆی جارێکی دیکە بە ڕێژیم دایەوە، لەم ڕاستایەدا ژنانی کوردستان بە خوێندنەوەی ژیرانەی دۆخەکە و بە نەهاتنە نێو شانۆکەی ڕێژیم، ڕایانگەیاند کە فریوی هیچ یارییەکی ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیم ناخۆن.
لە کاتی بەناو هەڵبژاردنەکاندا، بەربژێربوونی چەند ژن، کاردانەوەی بەرچاوی بەدواوە بوو، چونکە زۆرینەی کۆمەڵگە بە ئاگایی لەسەر ڕێژیم و ئەو ڕاستییە کە ژنان لەو قەوارە سیاسییەدا ناتوانن وەکوو سەرۆکۆمار ئەرک لە ئەستۆ بگرن، ئەمەیان بە فیڵی نوێی ڕێژیم بۆ ڕاکێشنی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و هەوڵی ڕێژیم بۆ لەبیربردنەوەی هەموو سەرکوتکارییەکان دژی ژنان لە سەردەمی شۆڕشی ژینا لە بیر و زەینی خەڵکدا زانی. ئێستاش پاش دەستنیشانکردنی پزشکیان، هەبوونی یەک ژن لە کابینەکەیدا، ئەتوانێ چەند مەبەستی لە پشت بێ، یەکەم ئەوەی کە پزشکیان دەیەوێ وا بنوێنێ کە بەڕاستی رێفۆرمخوازە و دەیەوێ پاش شۆڕشی ژینا پێگەی ژنان بەرز بنرخێنێ و دووهەم ئەوەی ژنان چیدیکە دژایەتیی ڕێژیم نەکەن و وا هەست بکەن خاوەنی پێگەی خۆیانن. لەلایەکی دیکەشەوە دنیای دەرەوە پێی وابێ شۆڕشی ژینا ئاکامی خۆی وەرگرتوە و ئازادی و ژیان بۆ ژنان مسۆگەرە.
هەرچەند کە لای خودی خەڵکانی ئێران و بەتایبەتیش ژنان و بەتایبەتیتریش ژنانی کوردستان ئەم شانۆیە هیچ مانایەکی نییە و باش دەزانن کە پزشکیان هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ باقی مۆرەکانی ڕێژیم نییە و ئامانجەکانی خامنەیی پێڕەو دەکات، بەم شێوەیە دڵنیاشن کە ئەگەر تەنانەت هەموو وەزیرەکانی کابینەکەی پزشکیانیش ژن بایەن، قەت ئەم هەڵبژاردن و دیاریکردنە بە مانای کرانەوە لە کۆماری ئیسلامیدا نییە و ئەوەی کە نەگۆڕە ئیدئۆلۆژیی ڕێژیم و هەوڵەکانی بۆ سەرکوتی هەموو دەنگە جیاوازەکانە. کەوابوو دەسبەکاربوونی فەرزانە سادق وەکوو وەزیری ڕێگا و شارسازی هیچ لە پرسەکە ناگۆڕێ و ئەم ژنە کە بێگومان درێژەدەری ڕێباز و ئامانجەکانی ڕێژیم لە کابینەکەی پزشکیاندایە، ناتوانێ نوێنەرایەتیی تاقە ژنێک لەو جوغرافیایەدا بکات.