کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندێشەی سەوزی "باجوەر" زیندووە

14:20 - 3 خەرمانان 2724

هەردی سەلیمی

ئەمڕۆ ٦ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ژینگەپارێزان "شەریف باجوەر"، "ئومید کۆنەپۆشی"، "محەممەد پژووهی" و "ڕەحمەت حەکیمی‌نیا" تێپەڕ دەبێ، کە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەست دا. شەریف باجوەر یەکێک لە دیارترین و چالاکترین ژینگەپارێزانی کوردستان بوو کە لە بواری ڕێکخستن و چالاکی‌دا وێنەی کەم بوو و سەرباشقەیەک بوو و ئێستاش هەیە بۆ هاوڕێیانی و هەروەها وەچەکانی دوای خۆی.

لە کۆتایییەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی‌دا لە درێژەی ئەو باوەڕە ڕاستەدا کە خەڵکی کوردستان خاوەنی نیشتمانی کوردستانن و کەس لەوان بۆ ئەو زێدە دڵسۆزتر نییە، هەوڵ درا چەند ناوەند و دامەزراوەی ژینگەپارێزی لە نەبوونی دەوڵەتێکی کوردی‌دا لە کوردستان دابمەزرێ، یەکێک لەوانە "ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان" بوو. هەرچەند لە دامەزرانییەوە هەتا دەسبەکاربوونی زۆری خایاند و دەوڵەت لەمپەری زۆری لەبەردەم دانان، بەڵام بەو حاڵەشەوە ئەم ناوەندە خەڵکییە زۆر زوو توانیی سەرنج و متمانەی خەڵک بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ. ئەم ئەنجومەنە لە بوارەکانی ژینگەیی و فەرهەنگ‌سازیی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە و ئەوەی ئەمڕۆ کوردستان وەک ناوەندێکی بەڕێکخراو ژینگەپارێز دەبینرێ، لە بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی بێ‌وچانی ئەم ناوەندانەیە.

شەهید شەریف باجوەر کە پێشتر چالاکی سیاسی بوو و بۆ ئەم مەبەستەش ژیانی سیاسیی خۆی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گرێ دابوو، بەڵام دواتر بە گەڕانەوەی بۆ نێوخۆی وڵات تەرکیزێکی زیاتری خستبووە سەر خەباتێکی ژینگەیی و کولتووری و هەر بەبۆنەی ئەو پێشخانەیەوە لە ساڵەکانی ٩٠ هەتا ٩٥ـی هەتاوی چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بانگهێشت و لێپێچینەوەی لێ کرابوو، یەک لەو کەسانە بوو کەوا ماندوویی‌نەناسانە و هەستیار و نەترسانە لە بواری ژینگەیی و کولتووری‌دا هەوڵی دەدا، بۆ نموونە: کاتێک بۆ پاڵپشتیی ئاژەڵان مان‌گرتنی بەڕێوە برد و لە ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییانەدا لە مەریوانەوە بەرەو سەلاسی باوەجانی بەپێیان وەڕێ کەوتبوو، دووکانەکەی لە مەریوان بە شێوەیەکی گوماناوی ئاگری تێ‌بەر بوو. یان کاتێک سەربازێکی گیان‌لەسەردەستی مەریوانی بەناوی "محەممەد باختەر" بۆ ڕزگارکردنی سەگێک، کەوتە سەر مین و لاقێکی خۆی لەدەست دا و لە نەخۆشخانەیەکی تەورێز خەوێنرا، لە هەوڵێکی سەمبۆلیک‌دا بۆ ڕێزلێنانی چوونە سەردانی. هەروەها لە خەرمانانی ساڵی ٩٦دا و هاوکات لەگەڵ مانگرتنی "ڕەزا شەهابی" و "ئاتێنا دائێمی" دوو زیندانیی سیاسیی گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە دۆخی کۆڵبەرانی کوردستان، بە هەڵێنانی دروشمی "نەبوونی توندوتیژی، ڕێگەی سەرکەوتنی مرۆڤایەتییە" ڕێگەی مەریوان بەرەو تارانی بە دووچەرخە بڕیی. شەریفی باجوەر لە بوومەلەرزەکەی کرماشان و دەوروبەریشی‌دا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە یارمەتی‌دانی خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچەیەدا گێڕا.

بەداخەوە لە ڕێکەوتی ٣ـی خەرمانانی ١٣٩٧ لە دوایین هەوڵی‌دا کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان وێڕای هاوڕێیانی خۆبەخشانە و بە کەرەستەی کەمەوە خەریکی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە بوون، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا و لە ڕێو‌ڕەسمێکی بەشکۆدا کە خەڵک لە سەرانسەری کوردستانەوە لە مەریوان کۆ ببوونەوە بۆ بەخاک‌سپاردنی، لە ئامێزی خاکی کوردستان‌دا ئارامی گرت.

شەهید شەریفی باجوەر هەوڵەکانی تەنیا قەتیس نەببوو بە مەریوان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو وێڕای سەردان‌کردن بۆ زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بانگەشە بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوەی خەڵکی و ژینگەپارێزی و یارمەتی‌دانی ئەو ڕێکخراوانە، تەنانەت لە چەند شوێنی باشووری کوردستانیش و یەک لەوانە شاری کۆیە ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی دامەزراند؛ مەبەستی شەهید باجوەر ئەوە بوو ژینگەپارێزی ببێتە کولتوورێکی جێگیر و تۆوی ئەم هەوڵە لە هەموو شوێنەکانی کوردستان بچێنرێ و چەشنی بەڕوو بڕوێن.

ڕووداوەکانی ئەم دوایییانە و بەداخەوە بەردەوامیی سووتانی ژینگەی کوردستان و دیسانیش قوربانی‌دانی زیاتر، لەگەڵ ئەوەی جێی بەتاڵی کەسانی وەک باجوەر پتر لە پێشووتر دەردەخات، هەست بە هەوڵێکی نەرم و پشتی پەردەش دەکرێ کە دەیانهەوێ "عادی‌سازی" بکەن لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ژینگەیی‌دا و وەک کوژرانی کۆڵبەران ببێتە ڕووتینێکی ڕۆژانە، کە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە. بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم بابەتە مەترسیدارە پێویستە یەکەم: خەڵک ژینگەپارێزان بەتەنیا جێ نەهێڵن، دووەم: چالاکییەکانیان تەنیا لە کوژاندنەوەی ئاگردا نەبینرێ، سێهەم: دروشمی "ئەندێشەی سەوزمان ڕێبەرە" لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری پێوەندیدار بە ژینگەوە هەم زەقتر بکرێتەوە و هەمیش بەکردەوە مانا بکرێتەوە، چوارەم: خۆشەویستیی نیشتمان و خۆشەویستیی ژینگە لێک جیا نەکرێنەوە، دەنا نیشتمان‌دۆستانێکی زۆرمان دەبێ کە ژینگەدۆست نابن و لە بەرامبەر کاولیی ژینگەدا خۆ بە بەرپرسیار نازانن و لە بەرامبەر ئاوەدانیی ژینگەدا هەنگاو هەڵناهێننەوە.

لە سەردەمێک‌دا کە هەست دەکرێ بازنەی کاریگەری‌دانانی ڕێبەران کەم بووەتەوە، هەرچەند تەمەن مەودای کەمی دا بەڵام باجوەر دەبێتە ڕێبەرێکی مەیدانی و بەکردەوە و دەبێتە سەرباشقە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانهەوێ لەپێناو ئاوەدانیی نیشتمان‌دا هەنگاو بنێن؛ یاد و ناوی شەهید باجوەر و هاوڕێیان و هەموو شەهیدانی ژینگە و نیشتمان بەرز و بەرزتر بێت.