کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگەی کوردستان و زاگرۆس لە لێواری لەنێوچوون‌دایە

14:28 - 3 خەرمانان 2724

بێهزاد قادری

ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، بەهار و هاوینێکی کارەساتباری بۆ ژینگە و دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو. بە هەزاران هێکتار لە دارستان، لێڕەوار، لەوەڕگە و مەزرای خەڵک، لە ئاگردا سووتێنران، هەڵبەت لە ئاگربەردانی بەئەنقەستی دوژمنانی ژینگە و خاکی کوردستان. ڕێژەی ئاگربەردانەکان هێندە زۆر بوون کە ئامارێکی ورد لە ڕێژە و خەسارەکانی لەبەر دەستدا نین و هەتا ئێستاش ئەنجومەنە ژینگەیییەکان و خەباتکارانی ژینگەیی سەرقاڵی بەهاناوەچوونی ژینگەی کوردستانن و دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە ئاماری خەسارەکانی ئەمساڵ بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەنەوە. هەڵبەت لێرەدا ئاماژە بە چەند ئامارێک دەکەین.

لە ئەمساڵدا لە هەموو پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاهیدی ئاگربەردان لە ژینگە و سروشت بووین. بەردەوام هەواڵی ئاگربەردان لە ژینگە و سروشتی "سەلاسی باوەجانی، کرماشان، مەریوان، سەوڵاوا، سنە، بانە، پیرانشار، پاوە و ئیلام و..." بڵاو کراوەتەوە و زۆرترین حاڵەتی ئاگربەدانەکانیش لە سەلاسی باوەجانی و مەریوان تۆمار کراون.

چەند ئامارێک لە ڕێژەی ئاگرەکانی زاگرۆس

لەمبارەوە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ خشتەیەکی لە ئاگری دارستانەکانی شارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا بڵاو کردەوە. بەپێی ئەو خشتەیە لە ئەمساڵدا (١٤ی ١ی ١٤٠٣ هەتا ٨ی ٥ی ١٤٠٣)، ١١٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان، لێڕەوار و ژینگەی شارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا تۆمار کراوە. بەڵام هەتا ئێستا ئامارێکی ورد لە ڕێژەی ئەو زیانانەی کە وەبەر ژینگەی مەریوان و سەوڵاوا کەوتوون، لەبەر دەستدا نییە، چونکە هەتا ئێستاش ئەو ئاگربەردانانە لە لێڕەوارەکانی ئەو ناوچەیە بەردەوامە کە لە تازەترین حاڵەتدا دەیان هێکتار لە دارستانەکانی باشماخی مەریوان سووتێنراون.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی وێنەی ئاسمانیی سەتەلایتی "کوپێرنیک"، زیاتر لە ١٥٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی سەلاسی باوەجانی لە ئاگربەردانە بەئەنقەستەکانی ئەم دوایییانەدا لەنێو چوون. لەم پەیوەندییەدا ژینگەپارێزان ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە، وێڕای گیانفیداییی ژینگەپارێزان و خەڵکی خۆبەخش، ئەم ڕێژە زۆرە لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە، سووتاون.

لەمبارەوە "ئەسغەر ئاغاز"، فەرماندەی یەکەی پاراستنی ژینگەی کرماشان، وێڕای ئاماژەدان بە زیادبوونی ئاگربەدانەکان لە کرماشان، لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕەکانی سەر بە ڕێژیم لە نێوخۆ، وتبووی: "لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ تا ئێستا، ٢٠ ئاگرکەوتنەوە بە ڕووبەری هەزار و ٩٠٠ هێکتار ڕووی داوە." هەرچەند ئامارەکە لەوە زیاترە، بەڵام ئەگەر بەپێی هەمان ئامار بێت، لە ئەمساڵدا ڕێژەی ئاگربەردانەکان لە کرماشان ٢٠ هێندە زیادی کردووە. شایانی باسە زۆربەی ئەو ئاگربەردانانە کە لە کرماشان ڕوویان داوە لە ناوچەی "بۆزین و مەرەخێڵ، بێستوون، قەڵاجە، برنجان و قەراوێز" بووە.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئامارەکانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای لوڕستان، لە ئەمساڵدا زیاتر لە ٣١٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگە و ژینگەی ئەو پارێزگایە سووتێنراون. بۆیە دەردەکەوێت کە ژینگەی زاگرۆس بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەرەو لەنێوچوون دەبرێت.

هەروا کە لە سەرەتای بابەتەکەدا ئاماژەم پێ دا، وێڕای ئەو ناوچانەی ناومان هێنان، لە ئەمساڵدا دەیان ئاگربەردان لە ناوچەکانی "بانە، سنە، ئیلام، پاوە و پیرانشار" ڕوویانداوە، بەڵام هەتا ئێستا ئامارێکی ورد لەم پەیوەندییەدا بڵاو نەکراوەتەوە. هەر بۆ نموونە لە ئەمساڵدا چەندین جار ئاگر بەردراوەتە کێوی گەشتیاریی "ئاویەر"ی سنە و چەندین هێکتار لە ژینگەی ئەم شوێنە گەشتیارییەی لەنێو بردووە.

گوشار بۆ سەر خەباتکارانی ژینگەیی

ئەوەی دەبێ سەرنجمان لەسەری بێت ئەوەیە کە ژینگەپارێزانی کوردستانی و خەڵکی خۆبەخشی کوردستان، لە کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگری ژینگە و دارستانەکانی کوردستان، زۆرترین ڕۆڵیان گێڕاوە. ئەوان بەوپەڕی گیانفیدایییەوە و بە کەمترین خزمەتگوزارییەکان، بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک، بە هانای ژینگەی نیشتمانەوە چوون. وێڕای هەموو ئەم زەحمتانە، تەنانەت لەلایەن ناوەندە سەرکوتکارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە خراونەتە ژێر گوشاریشەوە و هەر لە ئەمساڵدا چەندین ژینگەپارێز لەلایەن ناوەندەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراون. بۆ نموونە لە ماوەکانی ڕابردوودا "خەلیل پەرەندەک خەڵکی ڕوانسەر و لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزەرانی ژینگەی چرۆ، یاسر نووری لە چالاکانی ژینگەپارێزیی خەڵکی جوانڕۆ، فەریدە وەیسی و حەمید سەبزه لە چالاکانی ژینگەپارێزیی ژیوای و هەردووکیان خەڵکی شاری پاوە، فەرزین موەفەقی، ئەمیر نەدیمی، حیسام مەهدی لە مامۆستایانی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنان و ئامانج قوربانی هەر چواریان خەڵکی شاری کامێران و..."، دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی کامێران، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تیرۆریستی پاسداران و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوون.

شایانی باسە کە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ، "ئیسماعیل کەریمی"، چالاکی ژینگەیی و فەرمانبەری فەرمانگەی سه‌رچاوه سروشتییه‌کانی شاری کامێران کە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژ لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر جەستەی سووتابوو، گیانی لەدەست دا. هەر لەم پەیوەندییەدا ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان ڕایگەیاندبوو: "لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگای داد دەبێ ئەو کەسانەی وا بوون بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر و شەهیدکردنی ئەم ئازیزە، بە زووترین کات بۆ ژینگەپارێزان و ڕای گشتی دیاری بکات و سزای بدات و بەپەلە ڕێگایەکی یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاڵانچییەکان و چەتەکانی ژینگە بدۆزێتەوە." بەڵام هەتا ئێستا هیچ کارێک لەلایەن ڕێژیمەوە نەکراوە، چونکە تاوانباری سەرەکی بۆ خۆیەتی.

بەڵام هۆکارەکانی سووتانی دارستان و ژینگەی کوردستان و زاگرۆس کامانەن؟

سووتانی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان چەند هۆکاری سەرەکیی هەیە، بەڵام سەرەکیترین هۆکار، ڕێژیمی ئێرانە. ڕێژیمی ئێران لەمێژە سیاسەتی تاڵانکردن و لەنێوبردنی ژینگەی زاگرۆس و کوردستانی گرتووەتەبەر. بنکە سەربازییەکانی ڕێژیم لەسەر سنوورە دەستکردەکانی کوردستان ئاگر بەردەدەنە دارستان و ژینگەی دەوروبەری بنکەکانیان.

بۆ نموونە هەر لە ئەمساڵدا، بەپێی هەواڵێک کە ئەنجومەنی پاژینی بانە بڵاوی کردەوە، "هەنگی مەرزی"ی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە سنووری دەستکردی هەنگەژاڵ و بروێشکانی بۆ چەندەمین جار، دارێکی زۆری بەڕوویان بڕیوەتەوە و خەسارێکی زۆریان بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

هەروەها یەکێکی تر لە ئامانجەکانی ڕێژیم لە ئاگربەردان لە ژینگەی کوردستان، سەرقاڵکردنی ژینگەپارێزان و کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانە بەم ئاگرانە، تاکوو دەرفەتی هیچ جۆرە چالاکییەکی دیکەیان نەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، دەستوپەیوەنییەکانی ڕێژیم و کەسانی هەلپەرستی سەر بە ڕێژیم، لە کاولکردنی دارستانەکانی کوردستان ڕۆڵیان هەیە. بۆ نموونە کەسانێک هەن بۆ گەورەکردنی باخەکانیان، دارستانەکانی دەوروبەری باخەکانیان لەنێو دەبەن. کەسانی دیکەش هەن خەریکی دروستکردنی "خەڵووز"ن و کەسانی دیکەش هەن بە لەنێوبردنی دارستانەکان دەست بەسەر زەویی نیشتماندا دەگرن. ئەو کەسانە بە شێوازی جۆراوجۆر لەگەڵ دەسەڵات لە پەیوەندیدان، بۆیە بەبێ ترس خەریکی کاولکارین.

کۆتایی

کاولکردنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان وێڕای کاریگەریدانان لەسەر ژینگە و ئێکۆسیستەمی کوردستان و گۆڕانی کەشوهەوای ناوچەکە، کاریگەریی لەسەر دۆخی دەروونیی خەڵکیش داناوە. لەلایەکی دیکەوە کاریگەریی لەسەر ئێکۆتوریزم و ئابووریی خەڵکیش داناوە، کە هەموویان خواست و ئامانجی ڕێژیمی ئێرانە.