کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیهانی نوێێ و ئینترنێت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

14:29 - 4 خەرمانان 2724

جیهانی نوێێ و ئینترنێت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

(گۆشەنیگای ڕەشبینانە)

 

فوئاد خاکی‌بەیگی

بەپێی ڕەشبینی چالاکی دیجیتاڵی ئەگەر کەسێک بتوانێت بیر لە کەڵکی زۆرباش و بەهێز  لە ڕاگەیەنراوە دیجیتاڵییەکان بکاتەوە مەعلووم نییە کە بەسیجی دیجیتاڵ، پێوەندییەکان و تێکنۆلۆژی بە شێوەی ئۆتۆماتیک ئاکامی دێموکراتیک وەدەست بێنن، چونکە ئینتێرنێت لە کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ جێگای هەیە و لەوانەیە بێ کاریگەری کات یان کاریگەرییەکەی ڕوون نەکرابێتەوە. ئەو بۆچوونانەی لە ڕێزی ڕەشبینی دیجیتاڵ ڕیزبەندی کراون ئاماژە بە شتگەلی وەک بەربڵاوبوونی چالاکی (اسلکتیویستی) و چاوەدێری دەوڵەتەکان و دەسەڵاتدارانی بەهێز دەکەن.

ئەلف- بەربڵاوبوونی چالاکی (اسلکتیویستی)

 کردەوەگەلی ئانلاین وەکوو (اسلکتیویستم) کەوتوونەتە بەر ڕەخنە بەو مانایە کە کردەوەگەلی ئانلاین کاریگەریی ڕاستەقینەیان لەسەر ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی نییە و تەنانەت چالاکی مەدەنی داهاتووش دەخەنە مەترسییەوە. (اسلکتیویستم) کە بە "خەبات لەژێر لێفە"ش ناسراوە بەو چالاکییە مەجازییانە دەوترێ کە بەکارهێنەر هەستی ئاسوودەیی درۆیین لە بەڕێوەبردنی کردەوەی باش و بەهێز سازدەکا.فڕێد کلارک و دوایت ئۆزارد یەکەم کەسانێک بوون کە ساڵی ١٩٩٥ دو چەمکی (slacker) بە واتای کەسی تەمبەڵ و سست و بێ حەوسەڵە و ( Activism) بە واتای چالاکیان پێکەوە تێکەڵ کرد و (اسلکتیویستم) یا بۆ ئەو لاوانە بەکار برد کە دەیانهەویست بە کاری بچووکی وەک چاندنی نەمانێک یارمەتی تێکدانی ژینگە بکەن(شەرق، ١٣٩٧). خەستوو و هاوکاران (١٣٩٦) لە هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی سەوزی ئێران ئاماژەیان بە ڕۆڵی ئینتێرنێت لە کزبوونی هێز و تینی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کرد. بەپێی ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوەیە لەنێوان چوونە سەری چالاکی لە دنیای مەجازی و هاتنەخوار و کەمبوونی بەشداریی خەڵک لە هاتنە سەر شەقام پێوەندی هەیە. "دوای ٢٦ی مانگی پووشپەڕ چالاکی مەجازی بزووتنەوە ڕوو لە هەڵکشان دەکا. لەو ماوەیەدا بچووکترین هەواڵ و ڕووداو شەپۆلێک لە سازبوونی بابەتی نووسراو و فرە توخمی مێدیایی بەدوای خۆیدا دێنێ و بە لایک، کۆمێنت و سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی دەکەوێتە بەر دید و بۆچوونی خەڵک. تێبینی گرینگ لەو دەورانەدا گۆڕانی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی ئەندامان بەنسبەت ڕێکخراو و بزووتنەوەیە" (خەستوو و هاوکاران؛ ١٠٢:١٣٩٦). خۆپێشاندەر و ناڕازییان لەجیاتی کەڵک‌وەرگرتن لە زەرفییەتی ئینتێرنیت بۆ کۆنتڕڵ، چاوەدێری و ڕاگەیاندن تێکۆشان لە ڕێگای کلیک کردن و سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەیان هەڵبژارد کە ئەوە هەمان تێکۆشان لەژێر لێفە یان تێکۆشان لەڕێگای کلیک کردن و سەرلەنوێ بڵاوکردنەوە بوو. بەو شێوەیە کاتێک ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی لە جیهان شکڵی نەگرتبێ یان ئەو ڕەوتە بەرنامەیەکی ڕێک و پێک و ڕوونی نەبێ تێکۆشانی مەجازی لەژێر هەر ناوێک بێ شتێک جگە لە پێ ڕابواردنی بە هەوڵ و تێکۆشان و لێدان لە پێگەی تێکۆشەران دژی بارودۆخی مەوجود نیە. لە کۆتاییدا دەبێ بوترێ کە چوونەسەری ئاستی کەڵک‌وەرگرتن لە ڕاگەیەنراوە بەردەستەکان کە بە پێویستی دەزانێ ناگات بە چوونەسەری ئاستی چالاکییەکان؛ واتە هەڵکشانی کەڵک وەرگرتن لە ڕاگەیەنراوە مەجازییەکان لە کۆمەڵگە زیاتر ئەوەی لێ‌دەکەوێتەوە کە شارۆمەندان لە دیاریکردنی بەستێنی تێکۆشان تووشی هەڵە بن و لەجیاتی هاتنە سەرشەقام و گووشار هێنان بۆ حکومەت ئینتێرنێت وەکوو بەستێنی چالاکی هەڵبژێرن لە لێکدانەوەی کۆتایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنەران تووشی سەرلێشێواوی دەکەن. ئەو سەرلێشێواوییە کاتێک بەرەوڕووی پرسێکی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە یان بڕیارە کە چالاکییەک لەگەڵی لە پێوەندی دابێ هەر لە سەرەتاوە ڕاستەقینە بوونی خۆی لەدەست دەدات و بە وتەی بەکارهێنەران دانکیشووتگەلی پەسامۆدێرن کە ئەوجار سواری ئایپەد و گوشی و لابتۆبەکانیانن و پۆشتە و پەرداخ بە کەرەسەی پێوەندی جۆراوجۆر بە فیزێکی چەندقات ناڕاست و ناواقعی و بێسوود دەچنە شەڕی ئاشەکانی هاوچەرخ یان هەمان ڕووداوەکان(سەرچاوەی پێشوو).

ب- چاوەدێری و پێداچوونەوەی دەوڵەتەکان

  هەرچەند کە ئینتێرنێت فەزایەکی بێسنوورە بەڵام ژێربەناکانی لە سنووری سەرزەوی وڵاتان‌دایە و بۆیە دەوڵەتان دەتوانن بە پچڕانی ئینتێرنێت ببنە هۆکارێک بۆوەی چالاکییە ناڕەزایەتییەکان نەتوانن بگەن بە ئامانجی لەبەرچاوگیراویان. لەو بوارەدا خەستوو و هاوکاران(١٣٩٦) ئاماژەیان بە پچڕانی ئینتێرنێت و ناردنی پەیامەک لە ڕەوتی بزووتنەوەی سەوز لە ئێران کردوە و بە یەک لە هۆکارەکانی سەرەکی تێداچوونی ئەو بزووتنەوەیە و گۆڕانی بە چالاکی (اسلێکتیویستی) دەزانن. "ئێران بە کەڵک‌وەرگرتن لە ئەزموونێک کە لە ڕاپەڕینەکانی پێشتر وەک ئۆکراین و کەڵک وەرگرتنیان لە موبایل و ناردنی پەیامەک بۆ بانگهێشتی خەڵک بۆ درێژەی ناڕەزایەتی هەیبوو، دەستی کرد بە پچڕینی سیستمی پەیامەک و هێنانەخواری خێرایی ئینتێرنێت لە ڕۆژانی ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردن". ئەو کارە بەتایبەت لە ڕۆژانی سەرەتای بزووتنەوەی سەوز کاریگەرییەکی بەرچاوی لە کۆنتڕۆڵی چالاکییە ناڕەزایەتییەکاندا هەبوو. هەر لە سەرەتای ڕۆژانی خۆپێشاندانەکان دەوڵەتی ئێران دەستیکرد بە پچڕینی وێب سایتەکان و ڕاگەیەنراوە کۆمەڵایەتییەکان کە یارمەتیدەر بوون لە ڕەوتی فەراخان بۆ خۆپێشاندان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕووداوەکان بە ناڕازییەکان. هێنانەخواری خێرایی ئینتێرنێت، ڕاگەیاندنی زیاتر لەڕێگای هەواڵنێرییەکان لە ڕاستای شەفافسازی ڕێژەی کوژراوان و دژکردەوە فەرمییەکان، بەردەوامی پچڕینی سیستمی ناردنی پەیامەک، حزووری هێزی پۆلیس لە شەقامەکان و هەوڵ بۆ هێورکردنەوەی جەوی ڕەوانی لە کردەوەگەلی دەوڵەت لەو بوارەدا بوون. هەروەها لە ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەڕەبیش ڕێژیمەکانی ناوچە بە پچڕینی ئینتێرنێت و چاوەدێری پێوەندی تەلەفۆنی و پێشگرتن بە کاری ڕۆژنامەوانانی بیانی و نەدانی ویزا و دەست ڕانەگەیشتنیان بە وڵات، بوون بە هۆکاری سانسۆر و بەرتەسک‌کردنەوەی ڕەوتی ڕاگەیاندن. حکوومەتی موبارەک لە میسر و سەرهەنگ قەزافی لە لیبی لەدوای پۆشتەکردنی لایەنگرانی دەوڵەت لە شوێن و کاتی دیاریکراو لەڕێگای داواکاری بە دابینکەرانی خەدەماتی ڕاگەیاندن و موبایل بە ناردنی پەیامەک بوون. تاکتیکێک کە بۆ هەڵخەڵەتاندنی ناڕازییان بەکار هێنرا.

سەرەڕای ئەوانە چاوەدێری و پێداچوونەوەیەی دەوڵەتان لەسەر چالاکی کۆمەڵایەتییەکان دەکرێ ناڕاستەوخۆ بەڕێوە بچێ لەو بارەوە دەوڵەتان بە پاڵپشتی نەکردن لە بەرنامەگەلی گەشەکردن لە بواری تێکنۆلۆژی زانیاری و پێوەندییەکان دەتوانن بەر بە شکڵ گرتنی ژێربەنای گونجاو بگرن کە دەکرێ بەستێنی گونجاو  بۆ کەڵک وەرگرتن لە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بخوڵقێنن. لەوبارەوە سەردارنیا (١٣٨٧) باس دەکا کە "هەرچەندە ئاستی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵات لە بوارەکانی جۆراوجۆر وەک ڕاهێنان و پێوەندییەکان و هەروەها ژێربەناگەلی پێوەندییە ئێلێکترۆنیکی- موخابەراتییەکان زیاتر بی ڕێژەی دەست ڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت و پێویستی دەست ڕاگەیشتن پێی زیاتر دەبێ. لەلایەکی تر هەرچەندی ئاستی پەرپێدانی سیاسی و دێموکراسی لە وڵات بچێتە سەرێ ڕێژەی دەست ڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت دەچێتە سەرێ و بەربەستەکانی سەر ڕێگا کەمتر دەبن".

٣- ئاکام

  ئاکامی وتاری بەردەست نیشانی دەدا کە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی شمشێری دو لێوار دەگێڕی بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو ڕاگەیاندنانە لەلایەک دەتوانن لە دامەزرانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی سەردەم ڕۆڵگێڕ بن و بەستێن بۆ بەسیج و ڕێکخستنی ناڕازییەکان پێک بێنن. لەو گۆشەنیگا گەشبینانەیە بە کاریگەری و ڕۆڵی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە فایدە و سودی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی پێکراوە. ئینتێرنێت کەرەسەگەلێک دەخاتە بەردەست ناڕازییەکان کە لە ڕێگای وییەوە بتوانن شوناس سازی، پێکهێنانی تۆڕ و دواجار ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوە بەرن. جگە لەوانە ئینتێرنێت بەهۆکاری بێ سنوور بوون و بەجیهانی بوونی بەستێن بۆ جەماوەریترکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەخۆڵقێنێ. ئێستا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان زۆر ئاسایی و بەسانایی دەتوانن لە ناوچەیەک و وڵاتێک بگەنە شوێنەکانی تری جیهان، چونکە چالاکان لەو بزووتنەوانەدا دەتوانن ئیدە، ئاڕمان و ئامانجەکانیان لە فەزایەکی جیهانی کە ئینتێرنێت پێکی هێناوە  بێننە بەرباس.

لەلایەکی تر یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەرچاوی بزووتنەوە هاوچەرخەکان کە پشت بەستوو بە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن ئەوەیە کە بێ ڕێبەرن و ڕووحیەی کاری هاوبەشی چالاکانە کە دەبێتە هۆکاری ڕێکخستنی چالاکییەکان. ئەو گەشبینییە بە ڕۆڵی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان  لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە ئەو کاریگەرییەی کە ئەو ڕاگەیاندنە نوێیانە لە بزووتنەوەکان وەک زاپاتیستەکان لە مێکزیک، بزووتنەوەی دژ بە ڕێکخراوی تیجارەتی جیهانی لە ساڵی ١٩٩٩ لە سیاتێل، بزووتنەوەی دژبە شەڕ لە ساڵی ٢٠٠٣، ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەڕەبی و بزووتنەوەی داگیرکردنی واڵ ئێستریت لەسەر شانیان بووە. دەرەنجامی لێکۆڵینەوە جۆراوجۆرەکان کە چەند دانە لەوان لەو وتارەدا شەن و کەو کران، نیشاندەری ڕۆڵی کاریگەری ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بزووتنەوە نوێیەکانن.

 سەرەڕای گۆشەنیگا و بۆچوونی گەشبینانە کە بە کاریگەری و ڕۆڵی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بزووتنەوەکان هەیە، بەشێک لە گۆشەنیگا ڕەشبینانەکانیش لەو بارەوە گەشەیان کردووە کە باوەڕمەندن دەبێ لە هەڵوێست گرتنەکانیان پێداچوونەوە بکرێ. بەپێی بۆچوونی ئەو بەشە لە پسپۆڕ و شارەزایانی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پێداگری جۆرێک لە چالاکی کە چالاکی لەژێر لێفە یان (ئێسلکتیویسم) دەناسرێ، بەستێن بۆ پاسیڤ بوونی چالاکان و نەبوونی حزوریان لە کردەوەگەلی واقعی پێک هێناوە. بەپێی ئەو بۆچوونە چالاکان بە کردەوەگەلی ناکاریگەری وەک لایک، کۆمێنت، دانی پوڵ بە بنکە خێرخوازی، سەرلەنوێ بڵاوکردنەوە و دووبارە بڵاوکردنەوە، یان هەر کرەوەیەکی تر لە دنیای مەجازی وا هەست دەکەن کارێکی گەورەیان بەڕێوەبردووە لەحاڵێکدا بۆ ئاڵوگۆڕی بنچینەیی پێویستی بە چالاکی لە سەرشەقام و کردەوەی واقعییە. لەلایەکی تر دەوڵەتەکانیش بە بەربەست دانان و بەڕێوەبردنی کردەوەگەلی وەک فیلتێرینگ و سانسۆر دەبنە هۆکاری بە ئاکام نەگەیشتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی نوێ. کردەوەگەلی لەو چەشنە لە بزووتنەوەی سەوزی ئێران، ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەڕەبی و چالاکیگەلی تری بەکۆمەڵ لە سەرتاسەری جیهان بەرچاو دەکەوێ کە دەوڵەتەکان لە ڕۆژانی سەرەتای بزووتنەوە هەوڵیان داوە بە بەرتەسک کردنەوەی دەست ڕاگەیشتنی چالاکان بە تۆڕ کۆمەڵایەتییەکان نەهێڵن بزووتنەوە پەرە بستێنێ. سەرەڕای ئەوانە خودی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، تویتێر، ئینستاگرام و نەرم ئەفزارگەلی کرداری تەلەفۆنی هەمڕا زیاتر لەوەی کە بۆ ئامانجی سیاسی دامەزرابن بە مەبەستی سەرگەرم بوون و کۆمەڵگەی مەسرەفی ڕادەکێشێ هەتا چالاکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. لەڕاستیدا ئەگەر ئەوڕۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چالاکیگەلی سیاسی کەڵک وەردەگیرێ زیاتر لەبەروەیە کە چالاکان ئەو جۆرە فەزایەیان بۆ بەڕێوەبردنی کاری هاوبەشیان بە باشتر دەبینن و بوویتنە هۆکار کە کرکردی سەرەکی زۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێژەیی بەو کەڵک وەرگرتنەی کە لێی دەکەن بگۆڕدرێ.

 سەرەڕای خاڵگەلی باسکراو ئەو تێبینییە ئاماژەپێکردنی زەروورە کە ئینتێرنێت و ڕاگەیەنراوە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارێکن بۆوەی کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان قۆناغێک لە ژیانیان ئەزموون کردووە کە لەگەڵ ڕابردوو زۆر جیاوازە. پێشتر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پشت بەستوو بوون بە ڕاگەیەنراوی جیگرەوە وەک کاسێت، شەونامە، تێلگراف و ڕاگەیەنراوە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو ڕاگەیەنراوانە کە دەستپێڕاگەیشتن پێیان بەرتەسک بووە بوونە هۆکاری وەی کە ڕەوتی شکڵ گرتن و بە ئاکام گەیشتنی بزووتنەوەیەک دوور و درێژ بێتەوە، لەلایەکی تر تەنیا بەشێکی کەمی خەڵک ئیمکانی دەستراگەیشتن بەو ڕاگەیەنراوانەیان هەبووە کە ئەو بابەتە ڕۆڵی ڕێبەری و نوخبەکانی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ڕابردوو بردبۆ سەر بەڵام لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم بە لەبەرچاو گرتنی ئیمکانی کەڵک وەرگرتن لەو ڕاگەیەنراوانە بۆ تەواوی کۆمەڵگە، لە ڕۆڵی ڕێبەری لەو بارەوە کەم بوویتەوە. سەرەڕای ئەوانە لە ڕاگەیەنراوە نوێیەکان خێرایی بڵاو بوونەوەی زانیارییەکان لەسەرێیە و بزووتنەوەکان لە ماوەیەکی کورت دا دەتوانن بەجیهانی بن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بزووتنەوە کلاسیکەکان بە هۆکاری وەی کە پشت بەستوو بوون بە کەرەسەگەلی ڕاگەیاندنی بەرتەسک و خاوتر لەبواری دانی زانیاری و ڕاگەیاندن، ئەو سورعەتە زۆرەی بڵاوبوونەوەی زانیاری و بەجیهانی بوونیان نەبووە. تەنانەت دەکرێ بوترێ کە بزووتنەوەکانی ڕابردوو ئیمکانی بەجیهانی بوونیان نەبووە و زیاتر لە ئاستی ناوچەیی چالاکییان هەبووە. بەجیهانی بوون بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پرسێکە کە تایبەت بە سەردەمی ئێمەیە کە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو بەستێنەیان پێک هێناوە تا چالاکان لە هەر شوێنێکی جیهان بتوانن بە نسبەت کێشە و پرسەکانی شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان دژکردەوەیان هەبێ. سەرەڕای ئەوانە ڕاگەیاندنی نوێ هێزی پێکهێنانی بەستێنی گشتی جێگرەوەی ئانلاینیان هەیە کە تێیدا پرسەکان شەن و کەو دەکەن، ئەو پرسە بوویتە هۆکاری وەی کە کاریگەری و ڕۆڵی ئەو ڕاگەیاندنە نوێیانە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە ڕۆڵی تەنیا کەرەسەیی بێ.

 خاڵێکی تر کە ئاماژەپێکردنی زەرووری بە ئەگەری زۆر کاریگەریی لەسەر داهاتووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەبی چوونە سەری کەڵک وەرگرتن لە ئینتێرنێتی ماهوارەیییە. ئەو جۆرە لە ئینتێرنێت کە ئیمکانی بەرتەسک کردن و فیلتێرینگی لەلایەن دەوڵەتەکانی نیە یان کەمترە، دەتوانێ بەستێن بۆ سازبوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر بخوڵقێنێ. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی داهاتوو ڕەوتێکی جیاواز تەجروبە دەکەن چوونکە هۆکاری سەرەکی لە پێداچوونەوە و چاوەدێری کەرەسەکانیان ئیتر دەوڵەتان نین بەڵکوو بازار و خاوەن کۆمپانیا ڕاگەیاندنەکانن کە دیاری دەکەن ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەکام بزووتنەوە و بە چ شێوەیەک بەکار بهێنرێ. لەوانەیە بەرژەوەندی ئەو سەرمایەدارانە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتانی لە حاڵی گەشە دا پشتیوانی بکا و تەنانەت ژێرساختێک بۆ زووتر سەرهەڵدانی بزووتنە لەو ناوچانە دروست بکا، بەڵام ئەگەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی داهاتوو بە شێوازێک بن کە دژی سەرمایەداری و بەتایبەت چاوەدێری کۆمپانیا و بازار بن ئەوسا شێوەی هەڵسووکەوتێک لە بەرانبەریان دەگیرێ جیاواز دەبی. چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتوو ئەکتەرانی سەرەکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئاڵوگۆڕی بەسەر دابێ و بۆ لای کۆمپانیا چەند نەتەوەییەکان لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ شارۆمەندانی جیهانی بگەن. لەگەڵ ئەوەی شارۆمەندانیش بە پێکهێنانی گرووپی هەکێری و چالاکی خراپکارانە لە بەستێنی ئینتێرنێت هەوڵ دەدەن کە چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و کۆمپانیاکان دەور لێدەن و بەستین بۆ پێکهێنانی جۆری نوێتر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بخۆڵقێنن.