کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
(ماهییەت و دیسکۆرسی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات)
سمایل شەرەفی
هەروەک لە قۆناغبەندییەکانی مێژوو و ڕابردووی بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستاندا ئاماژەی پێ کرا، ڕەوتی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران لە چەند وێستگەی جیا و جیاوازدا هەر لە شۆڕشی مەشرووتەوە بگرە تا بزووتنەوەی ڕێفۆرمخوازی، کاریگەرییان لەسەر گەشە و پووکانەوەی ئەم بزووتنەوەیە داناوە. لە لایەکی دیکەشەوە بزووتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشێک لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دێتە ئەژمار کە ئەویش لە چاخی سەردەمدا دوای هاتنە ئارای حیزب و سازمانەکان وەک دیاردەیەکی مودێرن، بە بەشێک لە کۆمەڵگەی مەدەنی دێتە ئەژمارە. لێرەدا پرسیار لەسەر ماهییەتی بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان دێتە ئاراوە کە هەڵگری چ پەیام و گوتارێکه.
لەم پێوەندییەدا ڕاوبۆچوونی جیاواز لەسەر جێگە و پێگەی بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان و هەروەها ماهییەت و دیسکۆرسی ئەم بزووتنەوە هەیە.
بەپێی هێندێک پێوەری وەک شێواز و نێوەرۆکی ئەو جموجۆڵانەی کە لە چوارچێوەی بزووتنەوەکەدا جێ دەگرن و، هەروەها بەپێی ڕەفتاری چالاکانی بوارە جیاوازەکانی ئەم بەستێنە لە بۆنە و کاتی تایبەتدا، ڕەگێک لە نەتەوەخوازی بە کۆی سەرجەم بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستانەوە دەبیندرێ. "لە سەرەتاکاندا کۆمەڵگەی مەدەنیی کورد بە کەڵکەڵەی نەتەوەییەوە لەدایک بوو، دواتر ئەو کۆمەڵگەیە و بزووتنەوەکە هاوتەریب لە گەڵ بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و کوردستان لە مەیداندا بوو، نەتەوەخوازی بوو بە بنەمای هەرجۆرە جموجۆڵێکی. بە چەشنێک کە بزووتنەوەی مەدەنی لە قەوارەی بزووتنەوەی نەتەوەییدا خۆی پێناسە کرد و کەڵان گوتاری سیاسیی کورد و هێما و واتاکانی بوونە سەرچاوەی گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتەیەکی جۆراوجۆری سیاسی، مەزهەبی و فکرییە و، ئەنجومەن و ڕێکخراو و ناوەندەکانی تایبەت بە کۆمەڵگەی مەدەنیش هەڵقوڵاوی ئەم کۆمەڵگەیەن، بۆیە هیچ سەیر نییە دابەشبوونێک لە ئارا دابێ. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزووتنەوەی مەدەنی یەکدەست و خاوەنی پەیامێکی یەکانگیر نییە. بەپێی جوغرافیا و نفووزی بزووتنەوەی سیاسی-نەتەوەیی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە. د. ئازاد محەممەدیانی لەم بارەوە دەڵێ: "لە سەردەمێکدا بە تایبەت لە سەردەمی کۆماری کوردستان و دواتریش تا ساڵەکانی دوای شۆڕشی ٥٧ ئەم بزووتنەوەیە لە موکریان و تا ڕادەیەکی زۆر لە ناوچەی ئەردەڵان، شوناسخوازانە بوو، بەڵام بە هۆی گۆڕانکارییەکان و پێشکەوتنی ڕەوتی کۆمەڵایەتی، ئەو بەشە لە کوردستان لەسەر ئەساسی کوردایەتی و دواتر بە سەر قۆناغی مافخوازیدا تێدەپەڕێ کە من ناوی دەنێم قۆناغی "داواکاریی تەوەر". بەڵام لە خوارووی کوردستان (ئیلام و کرماشان) درەنگتر باسی شوناس دێتە ئاراوە و هاوکات لەگەڵ گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی "کوردایەتی" دەبێتە واتا سەرەکییەکەی ئەو کۆمەڵگەیە کە ئیدی هەموو بەشەکانی کوردستان بە بۆنەی میدیا و فەزای سایبێرییەوە لە پێوەندیەکی ئۆرگانیک دان".
بۆچوونی زاڵ لە سەر ماهییەت و گوتاری کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە " بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان هەڵگری پەیام و دیسکۆرسی تایبەت بەخۆیەتی و دەیەوێ هەم پارێزگاری لە نەتەوەی کورد و هێماکانی و هەمیش لە نیشتمان و بەهاکانی بکات... ئەمەش وای کردوە کە چالاکیی مەدەنیانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە بەشێک لەو خەبات و بەرگرییەی کە ساڵانێکە کورد پێوەی ماندووە و تێچووی بۆ دەدات".
لەم پێوەندییەدا ناسر باباخانی بە وردکردنەوەی وردە بزووتنەوەکانی نێو چوارچێوەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێی وایە؛ "نێوەرۆکێکی ناسنامەخوازانە یان شوناسخوازانەیان هەیە و بە دووی شوناسەوەن و هەموو هەوڵەکەیان ئەوەیە کە، کەرامەتێک بۆ تاکی کورد بگەڕێننەوە". ئەو گوتاری شوناسخوازیی بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان لە ژێر کارتێکەریی ویست و داخوازیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و حیزبەکاندا لێک دەداتەوە و لەو باوەڕەدایە کە "ئەگەر کوردستان ئەحزابی سیاسی نەبوایە ئەو چەمکی شوناسخوازییە وەک نەتەوەکانی دیکە لە ئێران کاڵتر و کەمڕەنگتر دەبوو، بۆیە بوونی حیزبەکان و جۆری پەیوەندییان لەگەڵ خەڵک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئەو پەیوەندییە ناڕاستەوخۆیەی کە دەکرێ بڵێین تەنیا و تەنیا چەمکی شوناس و ناسنامەیە لەیەکیان گرێ دەدا، بووەتە هۆکاری ئەوەیکە بەتەواوی ماهییەتی ئەم جموجۆڵانە ماهییەتێکی شوناسخوازانەی هەبێ. هەر ئەو هۆکارەیە کە ئەم وردە بزووتنەوانە لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بە تەواوی جیاواز دەکا". ئەم جیاکردنەوەیە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە ماهییەتی بزووتنەکەوە هەیە. لە گەڵ ئەوەیکە هەوڵ دراوە لە ڕەوت و فەزا و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران بە قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێ و هێندێک جاریش ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر داناوە، بەڵام بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان پاشکۆی گۆڕانکارییە سەرانسەرییەکان نەبووە و ماهیەتێکی سەربەخۆی کوردی وەرگرتووە کە تایبەتە بە کۆمەڵگەی کوردستان.
لەگەڵ ئەوەی حاشا لە شوناسخوازبوونی ماهییەت و گوتاری بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان ناکرێ، ئەم بزووتنەوە بە تەبەعییەت لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان و ئەو ژینگەیەی تێیدا گەشەی کردوە، هەڵگری کۆمەڵێک پەیام و تێمی دیکەشە کە بە شۆڕبوونەوە بۆ نێو وردە بزووتنەوەکان بە ئاشکرا دیار و بەرچاون. "جەوهەری زۆربەی ئەم بزاڤانە سیاسین، هەر تاوناتاوێک کە چالاکانی مەدەنی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر دەکرێن، یان ناچار بە بەجێهێشتنی وڵات دەبن، دەستبەجێ دەردەکەوێ کە سەر بەکام ڕەوتی فکری و سیاسی بووە. گوتاری بەشیكی زۆریان سیاسییە و زیاتر لە چوارچێوەی حیزبە سیاسییەکاندا دەخولێنەوە. هەندێکیان چەپن و لە ئەنجومەنی شاخەوانی و ژینگەپارێزیدا خەرێکی کارن، دینییەکان ئەنجومەنی خۆیان هەیە و زیاتر خەریکی تێکۆشانی خێرخوازی و یارمەتیی بنەماڵە هەژارەکان دەدەن و ئەوانەش کە ناسیۆنالیستن لە ناوەندەکانی فێرکاریی زمانی کوردی و ئەنجومەنە ئەدەبییەکان و ژینگەپارێزیدا چالاکن. لە بزووتنەوەی خوێندکاریدا چالاکانی خوێندکاریی نوێنەرایەتیی حیزبەکانیان دەکرد و لە زانکۆکاندا باڵادەست بوون و جووڵانەوەی مامۆستایان تا ڕادەیەک سەربەخۆترن، هەرچەند زۆربەیان سیاسین.
بۆیە لانیکەم لە ڕابردوودا و بە تایبەت لە سەردەمێکدا لە بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد و خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێراندا چالاک ببوون، لایەنە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی مەدەنی گوتارێکی هاوبەشی نەبووە و زۆر جار ئەم چالاکییانە پێوەندییان پێکەوە نەبووە. "چالاکیی خوێندکاری لە دەیەی ٧٠ی هەتاوی تێکەڵ بە ئیسڵاحات لە ئێران بوو و دواتریش وەک گوتاری ناسیۆنالیستی و نەتەوەخوازیی کورد و هەروەها گوتاری سۆسیالیزم و یەکسانیخوازیی چەپیش وەک دەرفەتێک بۆ کاری سیاسی کەڵکیان لێ وەردەگرت، زۆربەی چالاکانی خێرخوازی لە چوارچێوەی بنکە خێرخوازییەکان، هەوڵی پەرەسەندنی ئایدۆلۆژی تایبەتیی ئایینی و ئیسلامی سیاسی و سوننیگەرییان دەدا".
خالید تەوەکوللی لەگەڵ ئەوەیکە تەئیدی ئەوە دەکات کە سەرجەم ئەو جموجۆڵە مەدەنییانەی لە کوردستان لە ئارادا بوون - جیا لە جموجۆڵی تایبەت به پرسی ژنان(١)– ئیدیعای کوردایەتی و شوناسخوازییان هەبووە، بە باسکردن لە دوو هۆکاری سەرکوتی دەزگا ئەمنیەتییەکان و "دەستێوەردان"ی حیزبە کوردییەکان لەو باوەڕە دایە کە "گەرچی بە ڕواڵەت ئەم جموجۆڵانە ئاڕمانی هاوبەشیان هەیە، بەڵام جیاوازیی زۆریان هەیە و هاوئاهەنگییەکی ئەوتۆیان پێکەوە نەبووە. بەشێکی لەبەر ئەوە بووە کە دەزگا ئەمنییەکان ناهێڵن ئەو هاوئاهەنگییە درووست ببێ، بەشێکیتر دەگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانی حیزبە کوردییەکان لە ئەنجومەن و ڕێکخراوە مەدەنییەکان. ئەم دەستێوەدانە لەنێو خوێندکارەکاندا گەیشتە نەهایەت و کۆتایی خۆی. ئەم دەستێوەردانە لە نێوەرۆکی ئەو گۆڤارانەی کە بڵاویان دەکردەوە بە جوانی دیارە و ڕەنگی داوەتەوە".
حاشا لەوە ناکرێ کە بزووتنەوە گەورە جەماوەرییەکە کاریگەریی گوتاری و ڕەفتاریی خۆی لەسەر زۆربەی وردە بزووتنەوەکان داناوە و حیزبەکانیش کە نوێنەرایەتی ئەم بزووتنەوەیە دەکەن – نەک بە مانای دەستێوەردان و زیادکردنی هەزینەی ئەمنییەتی – بە مافی خۆیانیان زانیوە کە بە مەبەستی پشتیوانی لێکردنیان و پێشگری لە کەوتنە داوی ڕەوت و لایەنگەلی دیکەی سیاسیی دەرەوەی کوردستان ڕێنمایی بکەن.
لەم پێوەندییەدا ڕەهبەر مەحموودزادە پێێ وایە "یەکێک لە بزووتنەوەکان کە خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەند و هێزێکی بەرینی جەماوەرییە، وەک چەترێک بزووتنەوەکانی دیکە لە خۆ دەگرێ. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە بزووتنەوە سەرەکیترەکە خودموختاری بزووتنەوەکانی دیکە بسڕێتەوە. بزووتنەوە سەرەکییەکە دەبێ خاڵێکی سەرەکی ڕەچاو بکا، بزووتنەوەکانی دیکەش دەبێ خاڵێکی تریان لەبەرچاو بێ؛ ئەویش ئەوەیە کە گەشەی کۆمەڵگە بەستراوەتەوە به خودموختاری ڕێژەیی بوارەکان. بزووتنەوە بەهێزەکە نابێ لەسەر ئەو ستراتیژییە ساغ بێتەوە خودموختاری ئەو بوارانە بسڕێتەوە. خودی پرۆسەی سێکۆلاربوونی کۆمەڵگە یەکەمجار کاتێ ڕووی دا کە دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی وەک دەوڵەت و زانست و... لە ژێر دەسەڵاتی ئایین هاتنە دەر و ئۆتۆنۆمیی خۆیان مسۆگەر کرد".
بزووتنەوە مەدەنییەکان دیسکۆرسێکی هاوبەش و وەک یەکیان نییە. بەپێی بەردەنگەکان دیسکۆرس و گوتارەکان دەگۆڕدرێن، لەگەڵ ئەوەیکە ناتوانین بڵێین کە دیسکۆرسی بزووتنەوەی مەدەنی ڕووی لە نێوخۆی کۆمەڵگەی کوردستان نییە، بەڵام بەپێی بارودۆخی ئێستای سیاسیی کوردستان، بەردەنگی ئەسڵیی بزووتنەوە دەسەڵاتی زاڵ لە تارانە. لەم پێوەندییەدا ڕەهبەر مەحموودزادە لەو باوەڕەدایە کە "پەیامی هاوبەشی هەموو دیسکۆرسەکان "فرەچەشنی لە هەناوی یەکێتیدا و یەکێتی لە هەناوی فرەچەشنی"دایە. ئەو پەیامە هاوبەشە لە کاتێکدایه کۆمەڵگەی کوردستان ڕووی لە خۆی دایە نەک لە دەرەوە. کاتێک کۆمەڵگەی کوردستان ڕووی لە دەرەوە و ڕووی لە دەسەڵاتی زاڵە، پەیامە هاوبەشەکە دەکرێ بە شێوەیەکی دیکە تەعبیر بکرێ؛ ئەودەم دەتوانین بڵێین پەیامی هاوبەشی دیسکۆرسە جیاوازەکان بریتییە لە "موقامەت یان خۆڕاگری". ئەو پەیامە چڕکراوانە دوو پەیامی جیاواز نین، بەڵکوو دوو تەعبیری جیاواز لە نێوەرۆکێکی واحیدن. کۆمەڵگەی کوردستان کاتێک ڕووی لە خۆیدا بووە، پەیامەکەی بریتی بووە لە درووستبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان گشت جیاوازییەکانی نێو ئەو کۆمەڵگەیە. هاوئاهەنگییەکی ئەوتۆ که بەبێ ئەوەی جیاوازییەکان لەناو یەکدا بتوێنەوە و کورت بکرێنەوە بۆ شوناسێکی واحید، گشت ئەم شوناسە جیاوازانە به سازکردنی پێوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان خۆیاندا ئیزن بدەن هەموو ئەو جیاوازییانە بمێنن و فۆنکسیۆنی تایبەتی خۆیان هەبێ. واتە فرەچەشن بن. بەڵام لە ئەنجامدا هەموویان لەنێو یەکەیەکدا پێکەوە لە پێوەندیدا بن".
لە گەڵ ئەوەیکە گوتاری بزووتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قورسایی گوتاری نەتەوەیی بزووتنەوە گەورە سیاسییەکەی بە سەرەوەیە، خۆی لە چوارچێوەیەکی بەرگریکاری دەرهاویشتووە و بە پشت بەستن بە خسڵەتی خەلاق و داهێنەرانەی خۆی – لانیکەم لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، توانیویەتی لە دەرفەت و زەرفییەتی دیکە کەڵک وەربگرێت. لە ڕاستیدا ئەم بزووتنەوەیە هەم بەرگریکارە هەم داهێنەرە، هەم هەوڵی پاراستنی شوناسی کوردانە و گەشەی ڕوحیی نەتەوەیی دەدا هەم داواکاریخواز و ماف ویستە و دەسەڵاتی تووشی حاڵەتی بەرگری کردوە و نەهاد و دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی حکومەت مەجبوورن ڕۆژانە لە گەڵ تاقمێک ڕێکخراو و چالاکی مەدەنی دەست و پەنجە نەرم بکەن کە هەمیشە بابەتێکیان بۆ باس و ڕۆژەڤ بوون هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پاشەکشە بە هێڵە سوورەکانی دەسەڵات دەکەن. لە ڕاستیدا گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی کەڵان گوتاری نەتەوەیی کورددا خۆی پێناسە کردووە بەو جیاوازییەوە کە: ١. زەرفیەتە یاسایی و ئیمکانەکانی چالاکی لەبەرچاو گرتووە ٢. بۆخۆی بابەت بۆ چالاکی و هێنانە بەرباس هەڵدەبژێرێ و دەسەڵات مەجبوورە بەدویدا هەڵێ. ٣. بۆتە بەرەی کەڵان گوتاری نەتەوەیی و لەو مەیدانە دایە کە شەڕی سەرەکی لە ئارادایە لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەیەک کە بەردەوام بە "چالشی" دەکێشێ (محەممەدیانی، ٧).
یەکێک لە کێشەکانی بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستان کە ئێستا زیانی بە یەکدەستبوونی ئەم بزاڤە گەیاندووە، ئەوەیە کە چاوەڕوان بکرێت کە ئاکامی تێکۆشانی مەدەنی، سازدانی شوناسی نەتەوەیی یان بەربەرەکانی لەگەڵ هەوڵی سڕینەوەی زمانی و کەلتووریی لێ بکەوێتەوە. لە وتووێژێکی تایبەتدا عەبدولعەزیز مەولوودی ئەم چاوەڕوانییە لە بزووتنەوەی مەدەنی بە ناڕەوا دەزانێ و دەڵێ "ئەوە کاری حیزبی سیاسییە نەک ڕێکخراوەی ناحکومی. کۆمەڵگەی مەدەنی ئەرک و توانایی ئەوەی نییە بەڵام ئەو چاوەڕوانییە وای کردوە کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان بکەوێتە نێو بەرداشی گوشاری دەوڵەت لە لایەک و چاوەڕوانیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە لایەکی دیکەوە. بەرداشێک کە دوای ڕاگەیاندنی وەلانانی خەباتی چەکدارانە لە لایەن بەشێک لە حیزبەکانی خاوەن ڕابردووی کوردستان، گوشارەکە لەسەر بزووتنەوە و کۆمەڵگەی مەدەنی چڕتر بوو... ئەگەر بزووتنەوەی مەدەنی وەک گوتاری بەرگری لە کوردستان پێناسە بکرێ، دیارە دەستەواژە و گوتاری تایبەتی بۆ خۆی هەبووە و هەشیەتی. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەیکە دەسەڵاتیش هەوڵەکانی چڕتڕ بکاتەوە بۆ بەربەرەکانی کردنی. وەک پشتگیری لە دژبەرانی زمانە نافەرمییەکان لە ئێران و دەسبەسەر کردنی چالاکانی ئەو بوارە بۆ نموونە زارا محەممەدی و هتد".
ئەوەندەی پێوەندی بە هەڵوێستی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران بەرانبەر بە بزووتنەوەی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە هەبێت، لە کەس شاراوە نییە کە تێفکرین و ئەقڵییەتی ناوەندگەرای ئێرانی هەموو جموجۆڵێکی تاک و کۆی کۆمەڵگەی کوردستان بە چاوی سیاسی – ئەمنیەتییەوە سەیر دەکات و هەڵوێستی سەخت و ڕژدیان بەرانبەر دەگرێتە بەر. هەر جووڵەیەک لە کوردستان لە دوو حاڵەت بەدەر نییە؛ یان لە خزمەت نەتەوە دایە یان خزمەت بە دەوڵەت دەکات و گوتاری دووری لە شوناس بۆخۆی ڕوانگە و هەڵوێستێکی سیاسییە و هەوڵی فۆلکلۆریزە کردنی پرسی کوردستانی هەیە کە لە گەڵ ستراتێژیی دەوڵەتی ناوەندگەرادا گونجاوە. کەوایە بە گشتی تاک و بزووتنەوەی مەدەنی، حیزب و ڕێکخراوە هەموو دەتوانن کاریگەریی خۆیان لە سەر پرسی شوناس هەبێ و پەرەی پێ بدەن.
یەکدەست نەبوونی بۆچوونەکان لە سەر ماهییەت و گوتاری بزووتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکی پێوەندی بە جیاوازیی ئەزموون و قۆناغەکانی هەرکام لەو وردە بزووتنەوانەوە هەیە کە بزووتنەوە گشتیییە مەدەنیەکە پێک دەهێن، ئەم وردە بزووتنەوانە (فەرهەنگی، خوێندکاری، ڕۆژنامەوانی، ژینگەپارێزی و...) کە هەر کامەیان وێستگەیەکن لە وێستگەکانی کاروانی خەباتی مەدەنی و لە ڕووی ئامانج و سروشتەوە لێک جیاوازن.
***
١) چالاکانی ژنان ئیدیعای کوردایەتیشیان هەیە. بۆ وێنە زارا محەممەدی هەم فێمێنیستە و هەم بە جیددیش لایەنگری کوردایەتییە. لە بزووتنەوەی سمایلئاغای شکاک (سمکۆ) بەدواوە هەموو جووڵانەوەکانی مافخوازیی کوردی هەوڵی یەکسانیخوازیی جێندێریان تێدا هەبووە و گاریگەرییان لە سەر ئاگاییبەخشین بە ژنانی کۆمەڵگەی کوردستان لەسەر مافەکانیان هەبووە.