کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانینی "عەلی ئینتزاری"، باوەڕی کۆماری ئیسلامییە

13:20 - 10 خەرمانان 2724

هەردی سەلیمی

"عەلی ئینتزاری"، سەرۆکی زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانستگەی "طباطبایی" لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی بەناوی "شیوە" لە دەنگ‌وڕەنگی کۆماری ئیسلامی، سووکایەتی و بێ‌ڕێزیی بە "ژینا ئەمینی" کرد؛ کە کاردانەوەی خەڵک و تەنانەت دەسەڵاتیشی لێ‌کەوتەوە! ئەمە یەکەم جار نییە کە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی سووکایەتی بە نەتەوەکان و کەمینە ئایینییەکانی نێو ئەو وڵاتە دەکەن و هەموو جارێ ناڕەزایەتیی نەتەوەکانیشی بەدوادا بووە، ئایا دەکرێ پێمان وابێ هەڵەیەک ڕووی داوە؟ بێ‌گومان ئەمە دیاردەیەکە و لە حاڵەت و هەڵە دەرچووە و باوەڕێکی چەسپاوە و هەندێک کەسی وەک ئینتزاری دەری‌دەبڕن و هەندێکی تر ئەو باوەڕەیان دەشارنەوە و نایدرکێنن، بۆیە وڵامی ئەو پرسیارە "نا"یەکی زەقە.

لەو کاتەوە کە دەسەڵاتی سیاسیی ئێرانی ئەمڕۆ دامەزراوە و هەر بەدوای شۆڕشی مەشرووتەدا یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە پەسەند کرا، ئەم یاسایە گوزارشی لە هەڵاواردنێکی نەتەوەیی دەکرد، کە بە درێژایی ئەم ساڵانە هەوڵی بۆ دراوە و ئەم هەوڵەش بەردەوامە. سووکایەتییەکەی ئینتزاری باسی تەتەڵەی زمان نەبوو، باسی ئەوە نەبوو کە تاکی ژینا ئەمینی بداتە بەر ڕەخنە و گلەیی و سووکایەتیی پێ‌بکات، بەڵکوو سەرچاوەگرتوو لەو باوەڕە بوو کە مرۆڤی ئیدەئال لەلای ئەوان "پیاوێکی فارسی شێعە"یە، بۆیە سروشتییە هەرکەسێکی تر لە هەرکام لەم پێوەرانە دوور بکەوێتەوە هەر بە هەمان ئەندازەش ڕێزی لەلای ئەوان دادەبەزێ. ئەم سێ تایبەتمەندییە وەک توخمی باوەڕەکە ئاماژەی پێ‌کراوە و هەم ئەوەی کە لە قسەکانی ئینتزارییش‌دا جەخت لەسەر ئەم سێیە کرابووەوە، دەنا سنووربەندییەکان بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ئینتسابی و ئیکتسابی زۆر فراوانتر لەوەندەیە.

بە واتایەکی تر و بە شێوەیەکی ڕوونتر بیڵێین ترۆپکی مرۆڤایەتی و مرۆڤی خەونەکانیان، ئەو مرۆڤەیە کە یەکەم لە ڕووی ڕەگەزییەوە پیاو بێت، دووهەم لە ڕووی نەتەوەیییەوە فارس بێت و سێهەمیش لە ڕووی ئایینییەوە موسوڵمانی شێعە بێت. بۆیە ژنێک بەهۆی یاساوە ناتوانێ سەرکۆمار بێت، بۆیە لایەنگرانی دەسەڵاتی پێشووی ئێرانیش کە زیاتر لە نیو سەدە خزمەتیان بەو یاسا بنەڕەتییە کرد کەوا بناغەکەی لەسەر هەڵاواردن چندراوە، دروشمی "مرد، میهن، آبادی"ـیان لە بەرامبەر دروشمی ئاڤانگاردی ژن، ژیان، ئازادی‌دا دانا. لەم بارەوە نموونە زۆرن بەڵام هەر ئەوەندەش دەرخەری قووڵاییی ستراتێژیی بیرکردنەوەیانە؛ بۆیە ژنێکی کوردی سوننی، بە چەند قات لە مرۆڤی دڵخوازی ئەوان دوور دەکەوێتەوە هەتا ئەو جێیەی کە تەنانەت گومانیش دەخرێتە سەر مرۆڤ‌بوونەکەی!

ئاوایە کە گیانی ژینا و ژیناکان لەلای خاوەنانی ئەو تێڕوانین و باوەڕە کەمترین نرخی هەیە و بۆیەش جۆری هەڵس‌وکەوت و مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانەن جیاواز دەبێت. ئەمە ڕوانگەی بێ‌تەقیە و بێ‌سانسۆری لە گیوومەدا "مامۆستا"یەکی زانکۆیە کە بەهەڵکەوت لە بەشی زانستی کۆمەڵایەتییش‌دا شارەزاییی هەیە! جا نەخوازە دەبێ ڕوانگەی فەرماندەیانی سپای پاسدارانیان چۆن بێت؟ ئەمە بەهەڵکەوت نییە کە لە دوایین ڕاپۆرتی کومیتەی ڕاستی‌دۆزینەوەدا حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێشێلکەری مافی مرۆییی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان تاوانبار کرا و زیاترین کوشتن و بێ‌سەروشوێن کردن و گرتن و ئێعدامەکانیش هەر بەرامبەر بەو کەمینە نەتەوەیی و ئایینییانە وەک کورد و بەلووچ کران؛ بەڵێ ئەم کردارانەی هێزی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی باوەڕ و ستراتێژییەکی بەرنامەداڕێژراوی لەپشتە کە هەرکەسێک بەپێی دوورکەوتنەوەی لە پیاوی فارسی شێعە، بە شێوەی ئۆتۆماتیک وەک دوژمن حیسابی بۆ دەکرێ، هەتا ئەم جیاوازییە زیاتر بێت، دوژمنایەتییەکە ڕووتتر دەبێ.

کەواتە گەر ئەمە باوەڕی دەسەڵات‌بەدەستانی کۆماری ئیسلامییە، بۆچی عەلی ئینتزاری لەکار لادرا و سزا درا؟ دەتوانێ ترسی ڕێژیم بێ لە کاردانەوە و ناڕەزایەتیی خەڵک، دەتوانێ پەردەپۆش‌کردنی ناوی ژینا و ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی بێت بەو واتایە کەس بۆی نییە بە چاکە و بە خراپە باسێک لەو بابەتە بکات و بیکاتە بابەتێکی بڤە تەنانەت بۆ بەناو کارناسە حکوومەتییەکانیش، دەتوانێ پاشەکشێی ڕێژیمیش بێت تەنانەت، بەڵام نابێ ئەم هۆکارەش لەبەرچاو نەگرین کە دەسەڵاتە پۆپۆلیستەکان بۆ ڕازی‌کردنی خەڵک هەندێک کردەوە لە خۆیان نیشان دەدەن. بۆ نموونە دەوڵەتی ئێستای ئاڵمان و دەوڵەتی پێشووی بریتانیا لە پێوەندی لەگەڵ پرسی پەنابەران‌دا تووشی جۆرێک لە قەیران هاتن، لەجیاتی ڕێکارێکی ڕیشەیی پەنایان بردە بەر دەرکردن وەک بڕیاری دیپۆرتی ژمارەیەک لە ئەفغانستانییەکانی ئاڵمان و گەڵاڵەی ناردنی پەنابەران بۆ وڵاتی "ڕواندا" لەلایەن دەوڵەتی پێشووی بریتانیاوە؛ ئەم هەوڵانە بۆ ڕازی‌هێشتنەوەی کەسانێکە کە گلەیییان لێ‌دەکەن و ترسی دەربڕینی ناڕەزایەتییان لێیان هەیە، بۆیە بێ‌بیرکردەنەوە و بەپەلە بڕیارێکی بێ‌بەرنامە دەدەن. هەر ئەم پۆپۆلیزمە خەریکە بە خشکە دەبێتە سیاسەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی بە ڕاپەڕاندنی دەوڵەتی پزشکیان؛ بەڵام بێ‌گومان خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستان فریوی ئەم هەوڵانەشیان ناخۆن، چونکە بەباشی لە باوەڕەکانیان تێگەیشتوون کە لەسەرووی هەموویەوە دژایەتیی ژنان و نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەکانە و ئەم باوەڕەش کە هەڵاواردن و دوژمنایەتیی لێ‌ شین دەبێ هەمیشە و ئێستاش لە دەستووری کاریان‌دا بووە و هەیە.