عومەر باڵەکی
چەند ڕۆژ لەوە پێش هەواڵی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی دەفتەری سیاسیی ڕێکخراوی حەماس لە تاران لە ڕاگەیەنە گشتییەکان بڵاو بۆوە. ئەو هەواڵە وەک بۆمب لە سەرانسەری دنیا بە تایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوراستدا تەقییەوە. ئەوەی زۆر جیگای سەرنجی هەواڵنیر و شرۆڤەکارانی سیاسی بوو ئەوە بوو کە ئیسماعیل هەنییە میوانی ڕەسمیی حکوومەتی ئێران بوو و بۆ بەشداری لە ڕێورەسمی سویندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرکۆماری نوێ ئێران بانگهێشت کرابوو.
لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لێکدانەوە وهەڵسەنگاندن لەلایەن کارناسانی بواری جۆراوجۆری نیزامی و سیاسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەستی پێ کردوە و هەرکامیان بە تێڕوانینی خۆیان لە پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، پەنجەی کرداریان بۆ لای ئیسرائیل ڕاکێشاوە و هەموویان لەسەر ئەو بابەتە کۆکن کە بە هەر شێوەیەک ئیسماعیل هەنییە کوژرابێ، دەستی سازمانی ئەمنییەتی ئیسرائیل، موسادی لە پشتە. بەڵام ئەوەی مشتومڕی زۆری لەسەرە ئەوەیە ئەگەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە کاری دەوڵەتی ئیسرائیلە بۆ لە تاران و لە کاتێکدا ناوبراو میوانی ڕەسمیی دەوڵەتی ئێرانە و بۆ ڕێورەسمێکی دەوڵەتی ئێران بانگهێشت کراوە، ئەو کردەوەی ئەنجام داوە؟
ئەگەر بەپێی ڕووداوەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبر بێت کە ڕێکخراوی حەماس بە قسەی خۆیان بە سێ هەزار جیهادی هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و، بە قسەی حکومەتی ئیسرائیل زیاتر لە ١٤٠٠کەس لە ژن و پیاو و پیر و منداڵی ئیسرائیلییان کوشت و زیاتر لە ١٥٠کەسیان وەک بارمتە لەگەڵ خۆیان بردە کەرتی غەزە و، دوای چەند ڕۆژ دەوڵەتی ئیسرائیل بە توندترین شێوەی مومکین هێڕشی نیزامیی کردە سەر کەرتی غەزە و رێکخراوی حەماس و لەو کاتەوە هەتا ئێستا شەڕێکی قورس و خوێناوی لە نێوان ئەو دوو هێزە بەردەوامە، بەو ئاکامە دەگەین کە لایەنەکانی شەڕ دەست بۆ هەر کردارێک دەبن بۆوەی بتوانن زەبری کاریگەر لە یەکتر بدەن. بەڵام هەروەکی پێشتر باس کرا کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تارانی بەناو پیتەختی "ام القری"ی ئیسلامییەکان بە دەیان پرسیاری جۆراوجۆری لای خەڵک و شرۆڤەکارانی سیاسیی دروست کردوە کە ئەگەر ئیسرائیل ئەو کارەی کردوە بۆچی تارانی بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە هەڵبژاردوە؟ بۆ کاتی جێبەجێ کردنی پلانەکەی ئەو کاتەی دیاری کردوە کە سەرکۆماری نوێ حکومەتی ئیسلامی ئێران لە ڕێورەسمێکدا سوێند دەخوا کە دەیان میوانی خاریجی تیدا بەشدارن؟ چۆنە دەزگای ئەمنییەتیی ئێران بە تایبەتی سپای پاسداران نەیانتوانیوە پاریزگاری لە میوانی خۆیان بکەن کە سوور دەزانن لەگەڵ دەوڵەتێکی وەک ئیسرائیل لە حالی شەڕدایە؟ چۆنە هەتا ئێستا حکوومەتی ئێران بە ڕوونی باس لە شیوازی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە ناکا؟ ئایا دەزگای ئەمنییەتی ئێران دەیهەوی وەک بابەتی تەقەکردن لە فڕۆکە ئۆکراینیەکە بڵێن ئەوە بابەتێکی هەستیارە و پێوەندی بە خۆمانەوە هەیە و لەو رێگایەوە لە خەڵکی بشارنەوە؟ لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە ڕاگەیەنە گشتییەکانی ئێران بە چاکسازیخواز و توندئاژۆوە لە زوڕنای شەڕ دەدەن بێئەوەی ڕەخنەیەک ئاراستەی دەزگای ئەمنیی حکوومەتی ئێران بکەن. ڕاگەیەنە گشتییەکانی ئێران بە لیدانی تیتری "تۆڵەی خوێنی میوان لەسەر خاوەن ماڵە و دنیا چاوەڕوانە" دەیانهەوێ چ بە خەڵک بڵێن؟ ڕەنگە وڵامی هیندێک لەو پرسیارانە لە ڕۆژانی داهاتوو \دا لە کردەوەی هەر دوو دەوڵەتی ئێران وئیسرائیل ڕوو بە یەکتر زیاتر ڕوون ببنەوە. چونکە بۆ وڵامی هەرکام لەو پرسیارانە بەپێی لێکدانەوەی کەسانی شارەزا لە بواری سیاسیی و پێوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تووشی وەڵام و لێکدانەوەی جۆراوجۆر و جیاواز و تەنانەت دور لە یەکتر دەبین کە ئەوە وا لە مرۆڤ دەکا نەگاتە وڵامێکی دروست و دوور لە شک و گومان. بەڵام هەروەکی باس کرا لە ڕۆژانی داهاتوو لە کردەوە وهەڵوێستی هەرکام لە لایەنەکان (ئێران-ئیسرائیل) وڵامی دروستمان دەست دەکەوێ.
ئەگەر چاو لە نەخشە و جوغرافیا و حەشیمەتی ئیسرائیل بکەین دەبینین وڵاتێکی بچووک بە حەشیمەتێکی کەم لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاژاوە بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدانی ئایین وئایینزاکان، دوای شەڕی دووهەمی جیهانی لەسەر ڕووبەری نەخشەی سیاسیی جیهان خۆی دەرخستوە. لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل هەتا ئێستا ئەو دەوڵەتە بۆ مانەوەی خۆی شەڕ دەکا و لە هەمان کاتدا دوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل گەلی فەلەستین کە بە هەزاران ساڵ لەسەر ئەو خاکە ژیاوە و بە گەلێک نەهامەتی و چارەڕەشیدا ڕۆیشتووە ئەویش هەر بۆ مانەوەی خۆی شەڕ دەکا. ئەگەر باش لە بابەتە ورد بینەوە و بەناخی دا برۆینە خواری هەر دوو گەلی فەلستین وئیسرائیل ئەگەر دوکاندارانی دین ومەزهەب ئیزنیان پێ دابان ودەستیان لە کاروباریان وەرنەدابا، رەنگە هەر دوو گەڵ توانیباین بە ئاشتی وئارامی لەسەر ئەو خاکە ژیابان کە هەر دووکیان بە ئی خۆیانی دەزانن.
دوای هاتنەسەر کاری نیزامی ئیسلامی لە ئێران بابەتی ئیسرائیل و فەلەستین چوو بۆ قۆناخێکی دیکە، هەرچەند ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستین و ئیسرائیل هەوڵیان دا لە ئەنجامی وتووێژەکانیان لە ئەسلۆ پێتەختی نۆروێژ(١٩٩٣)، ڕێککەوتننامەی ئاشتی پێکەوە ئیمزا بکەن و بەستینی دوو دەوڵەتی فەلستین و ئیسرائیل لە دواڕۆژدا لە تەنیشت یەکتر بخوڵقێنن، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕیگای دەست ە پێوەندەکانی ڕێگایان بۆ توندئاژۆکانی هەر دوو لا خۆش کرد ئەو ڕێککەوتننامە ئاشتییە تێک بدەن و دیسان بکەونە گیانی یەکتر و هەر کامیان پاساو بۆ بەرحەقبوونی خۆی بێنێتەوە.
دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەرەتای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات، زۆر زوو هەستیان بەو کرد نیزامی ئیسلامیی ئەوان ناتوانی بۆ کۆمەڵگەی ئێران وڵامدەری نیاز و پێویستیەکانی سەردم بێ. هەر بۆیە هەوڵیان دا لە ڕیگای ڕاکێشانی هەستی مەزهەبی و ئایینی خەڵکی وڵاتانی ناوچەکە جێگا و پێگەیەک لەژێر ناوی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی وەدەست بێنن وڕۆژ بە ڕۆژ بە خرجکردنی هەزسران میلیارد لە سامانی گەڵانی ئێران پێگەی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە ڕیگای دروستکردنی تاقم و گروەپی جیاواز لەیەکتر و لەژێر ناوی جۆراوجۆری مەزهەبی لە ناوچەکە بە هێزتر بکا و هەرکاتێک زانی لە نێوخۆی ئێراندا لە لایەن گەڵانی ئێرانەوە دەکەویتە بەر نارەزایەتی و خۆپێشاندان، هەوڵ دەدەن لە ڕیگای ئەو گرووپانەوە لە یەکێک لە وڵاتانی دەوروبەر ئاڵۆزیکی کە زیاتر رەنگی مەزهەبی پێوە بێ دروست بکەن و بیروڕای شەقامی ئێرانی بۆ لای ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە ڕابکێشن و خۆیان بە ئاڵاهەڵگری پشتیوانی لە دینی ئیسلام و مەزلوومانی دنیا و ناوچەکە نیشان بدەن.
هەموو خوێندنەوەکان لە دوای کوشتنی گوماناویی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری پێشوو ئەوە بوو کە ڕێبەری حکوسمەتی ئیسلامیی ئێران لەو فورسەتە کەلک وەربگرێ بۆ کردنەوەی دەرگای وتووێژ لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە تایبەتی ئەمریکا. بۆ ئەوەی لەو تەنگژەی بەتایبەت لە دوای شۆڕشی "ژینا" لە نێوخۆی ئێران تووشی بووە ڕزگاری بێت. بۆ ئەو کارە دەبوایە کەسێک دەستنیشان بکا کەمتر وەک ڕوخساری دیپلۆماتێک و ئیجرایی بۆ دنیای دەروە و خەڵکی ئێران ناسرا بێ. بۆیەش مەسعود پزیشکیانی بە ناو جناحی ڕێفۆرمخواز بە گەڵاڵەیەکی لەپێشدا دارێژراو لە سندووقی دەنگدان هێنا دەرێ. هاتنەدەرێی ناوی مەسعود پزیشکیان لە سندووقی دەنگدان ئەو بیرۆکەی لەنێو شرۆڤەکارانی سیاسیی بە هێز کرد کە حکوومەتی ئیسلامیی تاران دەیهەوی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە تایبەتی ئەمریکا بچیتەوە سەر میزی دانوستان و ڕەنگە بەجۆرێک لە جۆرەکان هەر دوو لا بگەنە ئەنجامێک. بەپێی خوێندنەوەی هیندێک لە ڕووداوەکان ئەگەر پرۆسەی دانیشتن و دانوستانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەگەڵ ئێران بکەوێتە بواری جێبەجێ بوون، دوو لایەن تیدا زەرەرمەند دەبن. لایەنی یەکەم ئەو هێز و لایەنانە کە لە نێوخۆی ئێراندا ئابلۆقەی ئابووری دنیای ڕؤژئاوا لەسەر ئێران بۆیان بۆتە نان و ئاو و کاسپی پێوە دەکەن. لایەنی دووهەمیش دەوڵەتی ئیسرائیلە کە پێی وایە هەر جۆرە نزیکبوونەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە ئێران بە زیانی دەوڵەتی ئیسرائیل دەشکێتەوە، ئەگەر حکوومەتی ئیسلامی ئێڕان دان بە بوونی ئیسرائیل دانەنی و دەست لە دوژمنکاری هەڵنگرێ.
بۆیە لێدانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران دەتوانی خۆی لە گەمەی هێزەکانی نێو حکوومەتەکانی ئێران و ئیسرائیلدا ببینێتەوە بە چەشنێک کە ئەو گەڵاڵە وابکا ڕادەی گرژییەکان لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا بەرێتە سەری کە مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەی لە ناوچەکەدا لێ بکەویتەوە و دەستی توند ئاژۆکانی هەر دوو بەرە زیاتر ئاوەڵا بکا بۆ نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا و دڕێژبوونەوەی تەمەنی دەسەڵاتداران لە هەر دوو بەرەدا.