کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو زیاتر لە ناوێک و پتر لە زەمەنێک

21:11 - 15 گەلاوێژ 2724

زانیار حوسێنی

سەبارەت بە دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، زۆر وتار و بابەت نووسراوە و زۆر کەسایەتیی بەرچاو و دیاری وڵاتانی ڕۆژاواییش لەسەری دواون؛ قاسملوو ناوێکی ئاشنایە بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرە سیاسییانەیە دژبەری دەسەڵاتی پاشایەتی پەهلەوی بوون و هەروەتر بۆ هەموو ئەو ئازادیخوازانەی کە دژبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون و هەن. هیچ مرۆڤێکی سیاسی و ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی لە ئێران نییە قاسملووی نەناسیبێ؛ هەر لە چەپەکان و ڕاستەکان و هەر چین و توێژێکی تایبەتی لە جیهانی سیاسەتی ئێراندا.

هەر نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ڕووناکبیرێک کە تیشکی خستبێتە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ڕووداوەکانی شەش دەیەی ڕابردوو لەم ناوچەیە بە گشتی و لە ئێران بە تایبەتی، بەبێ سێ‌ودوو ناوی قاسملوو، وتارەکانی و لێدوانەکانی هاتۆتەوە بەرچاو و سەرنجی ڕاکێشاوە. ئەوەش خۆی پرسیارێکی شیاو و جێگەی ئاماژەیە کە بۆ چی ناو و یاد و ڕەوشتی قاسملوو وەک چەترێکی بەهێز و گەورە، باڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا کێشاوە و هیچ ناوێک توانایی بەربەرەکانی لەگەڵ ناو و یاد و ڕەوشتی ناوبراوی نییە؟ بۆچی قاسملوو تێکەڵ بە لایەلایەی نیوەشەوانی دایکان و پەند و ئامۆژگارییەکانی بابەکان و خەون و خولیاکانی لاوانی کورد بووە؛ بەشێوەیەک کە هیچ گۆشە و کەناری مێژووی کورد نییە کە قاسملووی لێ نەدۆزییەوە.

لەڕاستیدا قاسملوو ئەندێشەکەی، ناوەکەی و فکرەکەی وەک دەزوویەک وایە دەنکەکانی تەسبێح لەلای یەکتری ڕادەگرێ؛ ئەو ڕەمزی نادیاری یەکگرتوویی و لێک‌بەستراوەیی کوردە.

ڕاستە دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، یەکێکە لە دەیان ڕێبەری بلیمەت و کۆڵنەدەری کورد کە هەتا دوا هەناسەکانی ژیانی لەسەر بیر و بڕوای خۆی مایەوە و بۆ ڕزگاری و ئازادی گەلی کورد تێ‌کۆشا و خەونی مەزنی دەستەبەرکردنی گشت مافە زەوتکراوەکانی ئەو میللەتە غەدرلێکراوەی لە زێهن و فکردا بووە، بەڵام بۆ چی قاسملوو وەک ئەستێرەیەکی پڕشەنگداری نێو ئاسمانی ڕێبەرانی کوردە کە سەرنجی بینەران و سەیرکەرانی ئەو ئاسمانە زیاتر بۆ لای  خۆی ڕادەکێشێ؟

کۆتری ئاشتی کە هەڵۆی شاخەکانی زاگرۆس بوو لە بەرامبەر دوژمندا، مەسیحی کوردانە؛ قاسملوو نەتەنیا سەرۆک و سیاسەتمەدار و ڕێبەری گەلی کوردە بەڵکوو وەک وانەیەکی پووخت و تەواوە بۆ ژیان و هێمایەکە کە دەکرێ لە هەموو بەشەکانی ژیان وەک نموونە و ئۆلگوو چاوی لێ بکرێ. ئەو بە فکری، قسەکانی و ڕەوشتی فێری کردین کە ژیان بە هەموو شیرینی و خۆشییەوە، ئەوەندەی بایەخ نییە کە بە ئازادی و سەربەستی تێپەڕی نەکەین و ئەوەندەی بایەخ و گرینگی بە ڕزگاری، ئازادی و ماف داوە کە مەگەر ئۆکسیژن لە ژیاندا هەتا ئەو ڕادەیە بایەخ و نرخی هەبێ؛ قاسملوو جگە لە ڕێبەرێکی کاریزما، ڕێبەرێکی مەعنەویشە.

بووداییەکان باوەڕیان وایە کە ئاگاهی هاتۆتە قالبی مرۆڤەوە و بۆتە بوودا و مەسیحییەکان دەڵێن کە عیسا گەورەترین نیشانەی خودایە و لەلای کوردەکان، قاسملووبوون لووتکەی مرۆڤایەتی و دێمۆکراسی و ژیانی بەختەوەرانەیە.

ئەو لەکاتێکدا بە تاران و جەماران و خومەینی گوت نا، کە دەگمەن کەسێک لەکاتی ئاوا هەستیاردا و لە دۆخێکی وەها ئەستەمدا، وەها بوێرییەکی هەیە بیر لە وشەیەکی لەمجۆرە بکاتەوە؛ لەم کاتەدا کە خومەینی و دار و دەستەکەی تەواوی گەلانی ئێران و هەموو وڵاتانی جیهانی فریو دا و وەک مەسیح و فریشتەی ڕزگاریدەری خەڵک و ناوچەکە دەرکەوت، ئەوە دوکتور قاسملوو بوو کە لە بەرامبەریدا ڕاوەستا و بە دەنگێکی دلێر و بە پشت‌ئەستووریی میللەتی کورد بە خومەینگکووت نا، تۆ نە تەنیا فریشتە نی، بەڵکوو جەللادێکی خوێنمژی!

دوکتور قاسملوو بە پێچەوانەی شەپۆلی سیاسی سەرشەقامەکانی ئێران و نێو میدیاکان و سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زۆر زوو نێوەرۆکی فکر و زێهنیی خومەینی و مەلاکانی تارانی بۆ دەرکەوت و گەلی کوردی لەم دۆخە ئاگادار کردەوە. بە شانازییەوە کورد تەنیا گەلی ناو ئەم چوارچێوە جوگرافییە بوو کە لە دەسپێکی هاتنە سەرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەموو ڕێفراندۆم و ڕاپرسییەکان نای کووت و هەتا ئێستاش لەسەر ئەم سیاسەتە داڕێژراوەی کاک دوکتور قاسملوو بەردەوامە.

لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی خومەینی لە تاران دەرگای هەر جۆرە دیالۆگ و پێکهاتن و سازانێکی داخست و فیتوای جیهادی بە دژی گەلی کورد دا و خوێنی کورد و ماڵ و گیان و ژیانی کوردی بە حەڵاڵ پێناسە کرد، د. قاسملوو لێرەدا گوتی ئێمە شەڕمان ناوێ، بەڵام ئەوان شەڕیان بەسەردا سەپاندین. پێغەمبەری ئاشتی لەپێناو چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد، گیانی خۆی بەخت کرد بەڵام دڵ و مێشك‌ڕەشەکانی تاران و جەماران، ئێستاش هەر باوەڕیان بە ئاشتی و ماف و پرسی کورد نەهێناوە. چوون هەتا ئێستاش فیتوای جیهادی خومەینی بەدژی کورد بەردەوامە؛ هەرچەند بە فەرمی باسی ناکەن بەڵام لە کردەوە و سیاسەتەکانی ئەم دەسەڵاتە کوردکوژە، ئەم ڕاستییە دەردەکەوێ کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی خۆیان دەدەن کورد بتوێنەوە و لە شوناس و پێناسەکانیان پاکیان بکەنەوە و بەشێک لەم پرۆژەیە بە ستاندنی ڕۆژانەی گیانی ڕۆڵەکانی کورد ئەنجام دەدەن. ڕاپەڕینی ژینا باشترین بەڵگە بوو بۆ دەرکەوتنی ڕووخساری تاران بەرامبەر بە گەلی کورد.

بە هاتنی قاسملوو بۆ جیهانی پڕ لە ستەم و داگیرکاری کوردان، چەند خاڵی بەهێز هاتنە ئاراوە و ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی قووڵ لەنێو هەناوی شۆڕش و بەرگری و تێکۆشانی ئەم میللەتەدا پەیدا بوو کە بریتین لە:

١- فراوانکردنەوەی بازنەی تێڕوانین: دوکتور قاسملوو یەکەم ڕێبەری کوردە بە شێوەیەکی زۆر ئاکادمیک و لە هەمانکاتدا سیاسییانە، چاوی لە پرس و کێشەکانی کورد لەسەر ئاستی جیهان دەکرد و لە پرس و ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا دەیڕوانییە ناوچەی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەمیشەوە ڕۆ دەبوە نێو کێشە و ئاڵۆزییەکانی کورد لە نێو وڵاتە پێکهاتووەکانی لەدوای جەنگی جیهانی دووەم؛ ئەمجۆرە نیگا و ڕوانینە وای کرد کورد بەتایبەتی سیاسەتڤانانی کورد بە ڕوانگەیەکی دروست تر و واقەعبینانە تر، بڕوانە پرسی کورد و لە مەنتقی ئێحساسییەوە بەرەو مەنیتقی ئەقڵانییەوە هەنگاو هەڵبێنەوە.

٢- ڕاهێنانی سیاسی بە قسە و بەکردەوە: دوکتور قاسملوو یەک لەم سیاسەتڤانە وشیار و لەڕادەبەر ئاگایانە بوو کە هەوڵی دەدا بە شێوەیەک کار و چالاکییە سیاسییەکانی بەرەو پێش بەرێ کە بە جۆرێک بەشێک بێ لە ڕاهێنان و وانەی سیاسی و ئەمەش لە قسەکانی و لە هەڵس و کەوتیشیدا بەدی دەکرێ.

٣- چاندنی تۆوی دێموکراسی: یەک لە کارە گرینگ و شوێندانەرەکانی دوکتور قاسملوو، دووبارە چاندنەوەی تۆوی دێموکراسی بە شێوازی مۆدێڕن و سەردەمیانە لە چوارچێوەی سیاسەتی ڕۆژانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دابوو؛ ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە لە نەبوونی دەوڵەت و دەسەڵاتی کوردی لە کوردستان، حیزبی دێموکرات جگە لە بەرپرسایەتی سیاسی، بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و کەلتووریش وەئەستۆ بگرێ و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە بۆ ئەم بوارانە بە شێوەی جیددی هەوڵ بدات و تێ بکۆشێ.

٤- جێگیرکردنی ئێتیکی سیاسی: یەک لە کارە دەگمەن و ناوازەکانی دوکتور قاسملوو کە بەڕاستی دەکرێ وەک شاکارێکی هونەری لە دنیای سیاسی ڕۆژەهەڵاتی نێوەڕاستدا سەیر بکرێ، جێگیرکردنی ئەخلاقی سیاسی بوو لە هەموو کات و زەمەنێکدا؛ تەنانەت لەم کاتانەی کە پێبەندبوون بەم ئەخلاقە سیاسییە بۆ حیزبی دێموکرات لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا بە گران تەواو بووە. ئەخلاقی سیاسی لە دێپارتمانی فکری دوکتور قاسملوو جێگەی تایبەتی هەبووە و هەمیشە لە قسە و کردەوەکانیدا ئەو بەشە بە ڕوونی دیار و بەرچاو بووە؛ بۆ نموونە لە شەڕی سێ مانگەی کوردستاندا کە ڕێژیمی جمهوری ئیسلامی دەستی لە هیچ چەشنە جینایەتێک نەدەپاراست و ڕۆحمی بە ژن و منداڵ و خەڵکی سیڤیل نەدەکرد، سیاسەتی ئەخلاقی سیاسی و پاراستنی ئوسوولی شەڕ و یاسای شەڕ لەلایەن پێشمەرگەکان و هێزەکانی حیزبی دێموکرات بە دەستووری دوکتور قاسملوو لە لووتکە دابوو و ئەوە یەک لە سەدان بەڵگەی مێژووییە کە بۆ کورد و حیزبی دێموکرات جێگەی شانازییە.

٥- گرینگیدان بە خوێندن و خوێندنەوە و خۆپێگەیاندن: یەک لەم بەشانەی دوکتور قاسملوو بە بەردەوامی باسی لێوە کردوە و هەوڵی بۆ داوە، خوێندن و خوێندنەوە و خۆپێگەیاندنی ئەندامانی حیزبەکەی و لاوان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بوە؛ دوکتور قاسملوو بەباشی لەم بەشە تێگەیشتووە کە بەشێک لە سیاسەتی هەرە بەرفراوانی داگیرکەرانی کوردستان، پێشگرتن لە پێگەیشتن و خوێندنی ئوسوولی و ڕێک و پێکی خەڵک و چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە. بۆیە کاک دوکتور قاسملوو لەسەر ئەو بڕوایە بوو لاوانی کورد بەتایبەتی دەبێ زیاتر لە لاوانی میللەتانی دیکە گرینگی بە خوێندن و خۆپێگەیاندن بدەن و ئەم ڕێگەیە بکەن بە پرد بۆ بەختەوەرکردنی خۆیان و میللەتەکەیان لە پێناو ئازادی و ڕزگاریدا.

٦- باوەڕبەخۆبوون و لەسەرپێ بوون: دوکتور قاسملووی لێزان، وردبین و مامۆستا بە باشی ئەم بەشەی هەست پێ کردبوو کە داگیرکەران و دوژمنانی کورد، یەک لەم کەرەستە مەترسیدارانەی وەک ئامراز بەکاری دەهێنن، چاندنی تۆوی باوەڕبەخۆنەبوونی و دەستەوئەژنۆوەستان بووە؛ ئەوان بە پیلان و بەرنامە بە بەردەامی هەوڵیان داوە کە لە بواری دەروونی و فیکرییە وەها کار لەسەر کورد و کۆمەڵگەی کوردەواری بکەن کە تووشی کێشەی دەروونی، فکری و ئێحساسی بن و لەم ڕێگایەوە ئەم میللەتە کۆنترۆڵ بکەن و کۆتی بکەن. د. قاسملوو لە پەنا ئەم هەموو ئەرک و هەوڵ و تێکۆشانەدا، لەم بەشەشدا زۆر مامۆستایانە هەوڵی دەدا کە شانازی و باوەڕبەخۆبوونی ئەم میللەتە لەسەرپێ ڕا بگرێ و وەبیریان بێنێتەوە کە ئەم میللەتە بە هەزاران ساڵە میللەتێکی زیندوو و لەسەر پێ بوە و بەم شێوەیە کەرامەت و باوەڕبەخۆبوونی گەڕاندەوە بۆ میللەتەکەی و لەسەردەمی ناوبراودا، هیچ کوردێکت بەدی نەدەکرد کە شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە نەکات و بەوپەڕی بوێری و لەخۆباییبوونەوە لە بەرامبەر دوژمن و داگیرکەراندا ڕانەوەستێ.

٧- پێشکەوتنی ئاگایی سیاسی گەلی کورد: یەکێک لە هەرە خزمەتە گەورەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە گشتی و دوکتور قاسملوو بە تایبەتی بە گەلی کورد، ئەوەیە ئەم میللەتەیان لەبواری ئاگایی سیاسی و لەسەرهێڵبوون وەپێش خستووە؛ بەشێوەیەک کە میللەتی کورد لە ئێستادا کە دەوڵەتی نییە و هاوکات کە لەلایەن چوار دەوڵەتی داگیرکەری جینایەتکار دەچەوسێنرێتەوە بەڵام لە ئەم میللەتە سێحەب دەوڵەتانە وشیارتر و ئاگاترن. ئەمەش بە هاتنەپێشی ڕووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان بە ڕوونی دەردەکەوێ؛ پشتگیریکردنی کوردانی دابەشکراو و پارچەپارچەکراو لە یەکدی یەک لەم نموونانەیە و ڕاپەرینی مەزنی ژیناش نیشاندەری لووتکەی ئاگایی و وشیاری میللەتی کوردە کە جیهانی هێنایە سەر هێل و بووە مایەی شانازی و ڕێزگرتنی هەموو جیهان لە کورد و کوردستان.

٨- پتەوکردنی هێڵی نیشتمانی لە هەمبەر هێڵی حیزبی: د. قاسملوو بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموون و وانەکانی کۆماری کوردستان و فکرییەتی پێشەوا قازی محەممەد لە سەردەمی حکومەتی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەباشی و ڕوونی هێڵە نیشتمانییەکانی دیاری کرد و کردی بە بەشێك لە سیاسەتە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ئێستادا ئەو سیاسەتە بووەتە بەشێک لە تێفکرینی سیاسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش؛ بەشیک لەم سیاسەتە دەڵی کە بە بێ گوێدان بە سنوورە دەسکردەکان، کوردەکان دەبێ هاوکاری یەکتر بکەن بە هەر جۆر و شێوەیەک کە بۆیان دەلوێ. لە هەمانکاتیشدا بە هۆی دابەشبوونی کورد بەسەر چوار وڵات و بوونی چوار جۆر سیاسەتی داگیرکاری، باشتر وایە کە کوردی هیچ بەشێک دیخالەت لە شێوازی خەباتی کوردەکانی بەشەکەی تر نەکات مەگەر بە مەبەستی هاوکاریکردن و یارمەتیدان و لە هەمانکاتیشدا لە پێناو بەرژەوەندی ئەم بەشەی کە بۆی تێ‌دەکۆشین، لەگەڵ داگیرکەرانی دیکەی کوردستان تێکەڵاو نەبین کە ببێتە خەسار بۆ بەشەکە یان بەشەکانی دیکەی کوردستانی دابەشکراو. لەڕاستیدا پتەوکردن و پەرەپێدان بە سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی لە کاتێکدا کە نیشتمانت دابەش کراوە و هیچ دەوڵەتێکت نییە، یەکێک لە ئەرکە هەرە قورس و ئەستەمەکانە کە لە هەمانکاتدا لە زۆربەی ئەرکەکانی تر گرینگترە؛ دوکتور قاسملوو ئەم هێڵە نیشتمانییانەی وەک سیاسەتێکی نەگۆڕ و گشتی هێنا ئاراوە و لە ئێستادا ئەوە بووەتە بەشێک لە ڕەوشتی سیاسی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کاتێک چاو لە ژیاننامە و لێهاتووییەکانی کاک دوکتور قاسملوو دەکەین، ئەو بەشە دیارەمان دێتە بەرچاو کە ناوبراو لە هەر زانستێکدا کە پێوەندی بە پرسی کوردەوە بووە یان پێویست بووە لەسەری ئاگایی هەبێ بەجوانی لێی شارەزا بووە و هەوڵی داوە فێری ببێ؛ بۆ نموونە سیاسەت، ئابووری، زمانەوانی و کار و چالاکی مەیدانی، تەشکیلاتی و سازمانی و هتد. لە ڕاستیدا ئەمەش وایکردوە کە هەر تاکێک و ڕۆڵەیەکی کورد ئۆلگوو و هێمایەکی باشی هەبێ بۆ خۆ پێگەیاندن و سەرکەوتوویی لە ژیاندا و هاوکات تێکۆشان لە پێناو ئامانجەکانی میللەتەکەی دا؛ کاتێک هێندێک دوورتر ڕادەوەستی و سەیری دیمەنی ئەو کەسایەتییە گەورە و هەڵکەوتووە دەکەی، تەنیا یەک ئەرتەشی یەک کەسیت دێتە بەرچاو کە بەتەنیایی بەقەرا قەندیل بوێر و بەهیمەت و بەلیمەت بووە!

لە ئێستادا کە پێ دەخەینە تاڵیادی ٣٥مین ساڵوەگەری تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی کە لەسەر مێزی وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، گیانی خۆیان پێشکەشی بارەگای ئازادی کرد، پرسیارێک فکر و دڵ و دەروونی هەر تاکێكی کورد بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە و وەک خۆرە بەر بۆتە گیانی؛ ڤییەن کەنگێ دەیهەوێ ڕۆحی برینداری میللەتی کورد بە لەبەرچاوگرتنی یاسا بۆ ئیجرای عەداڵەت لە هەمبەر تێرۆری کاک دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، تیمار بکات و پەڵەی سەرشۆڕی لەسەر لەشی دێموکراسی وەڵاتی خۆی خاوێن بکاتەوە و لابەرێ؟ چوونکە ڕوح و کەرامەتی کوردان لەم تاڵیادەدا دوو جار ڕووشا و خەوشدار کرا؛ جاری یەکەم بە تێرۆری سەرکردە و ڕێبەرانی و، جاری دووهەم بە گوێنەدان بە وانەکانی دێموکراسی بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری عەداڵەت لەلایەن ڤییەنەوە!