کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتووی شێری ماڵەوە و ڕێویی دەرەوە

10:50 - 18 گەلاوێژ 2724

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

یەکێک لە پەراوێزەکانی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە لە تاران و لە کاتێکی وەهادا دەرکەوتنی لاوازیی ئێران لە پاراستنی گرینگترین میوانیەتی، بە شێوەیەک کە تەنانەت نازانرێ چۆن بووە! ئەو لاوازییە وەک ڕاستییەکی کۆماری ئیسلامی لە لایەن زۆر چاودێرەوە باسی لێ دەکرێ، هەر وەکو ڕۆژنامەنووسێکی تورک ئێران بە بەبری کارتۆنی، یان هەمان پاڵەوان فس فس دەشوبهێنێ.

ئەو لاوازییە بە جۆرێک زەق بۆتەوە کە هەموو تێچووەکانی ڕێژیم بۆ پڕۆپاگەندەی کردۆتەوە بە هیچ، ئیتر نەک دوژمنەکانی کۆماری ئیسلامی بەڵکوو تێرۆریستانی سەر بە ڕێژیمیش لەو لاوازییە ترسێکی زۆریان ڕێ نیشتووە، چونکە ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە بوونەتەوە کە ئەگەر لە تاران و لە نێوەڕاستی ماڵە پارێزراوەکانی سوپای پاسداران و لە ژوری نووستندا پارێزراو نەبن، ئەدی لە شوێنەکانی دیکە دەبێ دۆخیان چۆن بێت؟

لاوازیی ڕێژیم بە نیسبەت نەیارانی دەرەوە و وڵاتانی بیانی هەر تایبەتمەندییەکی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو هەموو نیزامە سیاسییەکانی پێش لە کۆماری ئیسلامییش زەبوون و لەهەمبەر هەر هێرشێکی دەرەکیدا بێدەسەڵات و دەستەوەستان بوون. ئەوەش تایبەتمەندیی عەجەم، مەبەست دەوڵەتەکانی ناوەندیی ئێرانە کە وێڕای هەموو دڕەندەییەکانیان بە نیسبەت نێوخۆ، گەوهەری شێوازی حوکمڕانیی ئەوانە. لە کۆتاییدا ئەوەش دەردەکەوێ لە نێوخۆش ناتوانن بە دڕەندەیی تا سەر بەردەوام بن، بەڵکوو دەسەڵاتی ئەو بەبرە کارتۆنیە بە دەستی خەڵک دەڕووخێ، دەسوتێنرێ و دەبێ بە خوڵەمێش.

مێژووی ئێران پڕە لەو ڕاستیانە، قاجار کە لە بەرانبەر وڵاتانی بێگانەدا هەمیشە لاواز و زەلیل بوون، لە نێوخۆ زوڵم و تێرۆر و کوشتنیان کردبووە "تەدبیری دەوڵەتداری". ڕەزاخان کە بووە پاڵەوانی خەیاڵیی شاپەرستان، چەند دەیە بە توندترین شێوە لەگەڵ خەڵکی نێوخو جووڵایەوە و، هەرچی هونەر و دەرفەت و هێزیان هەبوو، لە ئەرتەشدا بەکاریان هێنا. بەڵام نەک یەک شەو لە بەرانبەر هێرشی وڵاتانی بیانی لە سەرەتای شەڕی جیهانیی دووەمدا خۆی نەگرت، بەڵکوو هەر بە بڵاوبوونەوەی پەڕی کاغەز و ئاگاهیی نووسراوە داڕووخا و، تەنانەت یەک سەربازی بۆ بەرگری نەما. ئەوە بوو بریتانیا و ڕووسیا ئەو پاڵەوانە خەیاڵییەی ناسیۆنالیستی فارسەکانیان دوور خستەوە و ئێرانیان وەک شووتی لە نێوخۆیاندا دابەش کرد. ئەوە لە دۆخێکدا بوو کە پێشتر یەک سەربازی ڕەزا شا دەیتوانی هەرچی پێی خۆشە بە خەڵکی بکات، بە تایبەتی لە کوردستان.

حەمەڕەزای کوڕی ڕەزا قەزاقیش هەر هەمان ڕێچکەی بابی گرتە بەر. لە نێوخۆ دیکتاتۆرێک بوو دڕندە. ساواکێکی دروست کردبوو  کە کوشتنی خەڵکی بەلاوە وەک خواردنەوەی ئاو بوو، بەڵام لە بەرانبەر وڵاتانی دەروەدا داماو و زەلیل، بەجورێک لە یەکەمین مەترسیدا، نەک جارێک و دووجار، چەندین جار ئێرانی بە بنەماڵەوە بەجێ دەهێشت، هەتا دواجار بۆ هەمیشە هەڵات.

محەممەدڕەزاشا لەسەر تەختی خونکاری دیپلوماتە بیانییەکان هەڕەشەیان لێ دەکرد و ئەوەی پێیان خۆش با بە سەریاندا دەسەپاند. ئەو جێژنی ۲٥۰۰ ساڵەی شاهەنشایی بەڕێوە برد بۆ ئەوەی بڵێ۲٥۰۰ساڵە بە شکۆوە حوکم دەکەن، لە کاتێکدا لە ئاوارەیی و بێ وڵاتیدا دەوروبەری بەدوای دوو میتر خاک بوو جەستەی مردووی تێدا بشارنەوە. لە کاتێکدا پێشتر ساواکی حەمەڕەزا ئێرانی پان‌وبەرینی بۆ خەڵک کردبووە زیندانێکی دوو میتری.

کۆماری ئیسلامی لەو بوارەدا هەر کارەساتی خوڵقاندوە. ئەوان کە بە ناوی سەربەخۆیی ئێرانەوە هاتن، بە دووڕووییەوە لە ژێرەوە گوماشتە و "ماموری" ئەم وڵات و ئەو وڵات بوون، بە جورێک جارێ لە پێشدا خومەینیی ئایدیالیان نامەی بۆ ئەمریکا دەنارد کە من دژی بەرژەوەندیی ئێوە نیم بەڵام لە سەرەوەش هاواری مردن بۆ ئەمریکایان بەرز دەکردەوە و خەڵکیان پێ فریو دەدا، هەر ئەو کۆماری ئیسلامی کە لە نێوخۆ بە تێرۆر و سەرکوت توانیویەتی هەتا ئێستا خۆی ڕاگرێ لە دەرەوەش بە فرۆشتنی ئێران بە چین و ڕووسیە و وڵاتانی دیکە دەیهەوێ تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. هەر ئەو کۆماری ئیسلامییەی ڕۆژانە کۆڵبەران لە سەر سنورەکان دەداتە بەر دەستڕێژ، بەڵام ناتوانێ ژوری خەوی خۆشی لە بەرانبەر فیشەکی بێگانەدا بپارێزێ.

ماوەتەوە بڵێین خەڵکی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی ڕێژیم بە خەباتێکی سەرکەوتوو و ئیرادەی یەکگری زۆر ئاسان دەتوانن بەسەر ئەو پاڵەوان فس فسەدا سەر بکەن و دوای ڕووخانیشێ بە ئاسانی بۆ هەموو لایەک ڕوون دەبێتەوە و دەبێتە پرسیار کە ئەوە بوو ئەو ڕێژیمەی ئاوا خەڵکی دەتوقاند  و بانگەشەی بەهێزیی دەکرد؟!