ڕەزا دانشجوو
دوای کۆتاییهاتنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە کۆماری ئیسلامیدا، ئەمجارە ئەوە ئیسلاحتەڵەبەکان بوون بۆچوونیان لە بیروڕای ئاغا نزیکتر بوو و توانیان پۆستە حکومەتییەکان وەک بریکاری گوێڕایەڵ و کاربەڕێکەرانی دەستگای وەڵایەتی فەقێهـ بۆ ماوەیەک بەخاوەن بکەن. ڕەوتی بەناو ئیسلاحات کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا خاوەنی زۆربەی پۆستە حکومەتییەکان بوون و پێوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ خومەینیی دەجال هەبوو، لە سەردەمی ڕێبەرایەتیی عەلی خامنەییدا زۆر کەمتر لەلایەن دەسەڵاتی وەڵایەتی فەقێهـ جێی سەرنج و مەتمانە بوون. بە تایبەت دوای ڕووداوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ڕێژیم لە ساڵی ٨٨ و تێچووی زۆری ڕووداوەکانی دوای هەڵبژاردن بۆ ڕێژیم و شەخسی خامنەیی، ئیسلاحتەڵەبان بەتەواوی لە پۆستە گرنگەکان دوورخرانەوە و تەنانەت بەشێکیان تووشی زیندان و سزادان بوون، هەروەها لە ماوەی هەشت ساڵ سەرۆککۆماریی حەسەن ڕوحانیشدا بەتەواوی گۆشەگیر بوون و نەیانتوانی متمانە و سەرنج خامنەیی بە لای خۆیان ڕابکێشن.
سەبارەت بە کەسایەتیی مەسعوود پزیشکیان دەتوانرێت بگوترێت ناوبانگ و ئاوازەی لە گۆڕەپانی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی بێلایەنی لە پێشهاتە جۆراوجۆرەکاندا و خۆدوورگرتن لە تێکڵاوی ململانەی دەسەڵات و هەڵوێستی ناڕوون و دوولایەنە. پزیشکیان باشترین نموونەیە بۆ پەندە بەناوبانگەکەی زمان فارسی کە دەڵێت "یکی به نعل میزنه، یکی به میخ"، واتە لە پیکیشی دەدا و لە ماپیکیش. جگە لە پاشخانی ئەندامەتیی چالاکی ساڵەهای ساڵی لە سوپای پاسداران و پابەندبوونی بە سیستمی وەڵایەتی فەقێەم، هیچ شتێکی تایبەتیی دیکە لە کارنامەی سیاسی پزیشکیاندا نابینرێت. یەکەم لێدوانەکانی دوای هەڵبژاردنی دەریدەخات کە پزیشکیان تەنانەت دەستەوەستانتر و بێدەسەڵاتترە لە کاربەڕێکەری پێشووی عەلی خامنەیی، ئیبراهیم ڕەیسیی لەنێوچوو!
هەرچەندە سەرۆکی کۆمار لە سیستمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا وەک ڕۆژنامەی "جوان"ی سەر بە سوپای پاسداران نووسیویەتی کاربەڕێکەرێک زیاتر نییە، بەڵام پێدەچێت مەسعوود پزیشکیان لەم کارەشدا هەر بێتوانا بێت. پزیشکیان کە لە دیبەیتەکانی هەڵبژاردندا چەندین جار باسی لە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی خامنەیی بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی شوڕای نیگەهبانی ڕێژیم بۆ بەشداریکردنی و لە ڕاستیدا بەیعەتکردنی لەگەڵ بەیتی ڕێبەری کرد، دوای هەڵبژاردنیشی ئەو ڕاستییەی دووپات کردەوە کە سیاسەتەکانی خامنەیی پەیڕەو دەکات و هیچ بەڵێنێکی بە کەس نەداوە! ئەم لێدوانە ڕەنگە کۆتایی خەونی تاقمێک مرۆڤی بێهەڵوێست، ساویلکە و کاڵفامی دڵخۆش بە گۆڕانکاری بێت.
خاڵێکی تری جێی سەرنج لەم نێوەدا، هۆشداریی چەندین جارەی بەشێک لە ئەندامانی مەجلیسی ڕێژیم و میدیاکانی سوپای پاسداران بوو بۆ پزیشکان سەبارەت بە کەسانی دەوروبەری و ترسی دەستێوەردان و کاریگەریی کەسانی وەک زەریف لە سەر پزیشکیان. لە ڕاستیدا میدیاکانی سوپای پاسداران ئاگادار لە کەسایەتیی لاواز و بێدەسەڵاتی پزیشکیان، نیگەرانن لە کاریگەریی کەسانی نزیک لە ئیسلاحات. شەڕ و ململانەی دەسەڵات کە بۆ سوپای پاسداران وەک گرووپێکی تێرۆریستی مافیایی زۆر گرنگە. هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشداریدانە هەوڵەکانی ئەم میدیایانە بۆ بێبایەخ نیشاندانی پێگەی سەرۆککۆمار لە چوارچێوەی یاسای کۆماری ئیسلامیدا، بە شێوازی خۆی سەرنجڕاکێشە.
لەم نێوەدا ڕۆژنامەی "جوان"ی سەر بە سوپای پاسداران، لە سەروبەندی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی حوکمی حکوومەتیی سەرۆککۆماری مەسعود پزیشکیان لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە، لە یاداشتێکدا لە ژێر ناوی "آیا تنفیذ تشریفاتی است؟" نووسیویەتی:
سەرۆک کۆمار وەک بەرپرسی بەشی ئیجرایی وڵات بۆ ئەوەی کاروباری خەڵک بگرێتە ئەستۆ پێویستیی بە دەسەڵات هەیە، ئەمەش بەبێ مۆڵەت و ئیزنی "وەلی فەقێهـ" (عەلی خامنەیی) ناکرێت. بۆیە بەشێکی سەرەکیی دەسەڵاتی سەرۆک لەو مۆڵەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ڕێگەی ئەم جێبەجێکردنەوە دەردەچێت. بەپێچەوانەی ئەندامانی مەجلیس کە بە پلەی وەکالەت یاسادانان دەکەن، دەسەڵاتی سەرۆککۆمار لە جۆری "بە وەکالەت" نییە، چونکە یەکەم وەکالەتی ئەو کەسانەی نییە دەنگیان پێنەداوە. دووهەم، کەس بە وەکالەت ناتوانیت لە کاروباری گشتی خەڵکدا دەستێوەردان بکات. بە هۆی ئەوەی کە سەرۆککۆمار بریکاری جێبەجێکردنی کارەکانی سیستەمی وەڵایەتی فەقێیە، ئەم واژۆکردنە لە لایەن ڕێبەریی وە دەیکاتە خاوەنی دەسەڵات لە چوارچێوەی دیاریکراو.
عەلی خامنەیی، لە یەکەم دیداریدا دوای دەستنیشانکردنی مەسعوود پزیشکیان، بەئاشکرا هێڵە سوورەکان و سیاسەتە گشتییەکانی بیرخستەوە و داوای هاوکاریی و هاوئاهەنگی حکومەت و مەجلیسی لە هەڵبژاردنی وەزیرەکاندا کرد.
سەبارەت بە هۆکاری دانانی مەسعود پزیشکیان لەم کاتەدا وەک بریکاری ڕێبەری دەکرێت ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگ بکرێت. خاڵی یەکەم بە دڵنیاییەوە بارودۆخی ئاڵۆزی کۆماری ئیسلامییە دوای ڕووداوەکانی بزووتنەوەی ژینا. لە گۆڕەپانی نێوخۆدا کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە یارمەتی و شانۆگەری بووکەڵەی ئیسلاحتەڵەبان و باسکردن لە چاکسازی و پێشنیارکردنی هەندێک بابەتی ڕۆژانە و ڕووتین وەک لابردنی فیلتەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لانیکەم بە ڕواڵەت، بتوانێت سەرنجی بەشێک لە جەماعەتی بێهەڵوێست بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. خاڵی دووهەم گەورەکردنەوە و جەختکردن لە بنەچەی تورکی "پزیشکیان"ه کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆر جەختی لەسەر کرایەوە. نەک هەر کۆماری ئیسلامی بەڵکوو بزووتنەوەی ناوەندگەرای ئۆپۆزیسیۆنیش دەزانێت ئێرانێک کە نوێنەرایەتیی ئیرادەی نەتەوەی فارس و زمانی فارسی و چەند پارێزگایەکی ناوەندی دەکات، لەمێژە لە نێو نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا ئێعتباری خۆی لەدەست داوە. پزیشکیان جگە لەوەی کە تورکە، لە کوردستان لە دایک بووە و زمانی کوردی دەزانێت، هاندان بۆ هاوڕێیەتی لە ڕێگای جووڵاندنی کەشی سۆزداری لانیکەم بەشێک لە نەتەوە ئێرانییەکانی ماندوو لە فاشیزم فارسی ناوەندگەرا، دەتوانرێت بۆ کۆماری ئیسلامی بە ئەرێنی دابندرێت.
لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی هیوادارە بە دانانی سەرۆککۆمارێکی غەیرە فارس کە هەندێک جار بە زمانێکی تر جگە لە فارسی قسە دەکات، پێش بە دووبەرەکیی زیاتر بگرێت. شێوازی دابەشکردنی دەنگەکان بۆ هەڵبژاردن ئاماژەیەکی باشە بۆ ئەم بۆشاییە فراوانە. نزیکەی لە هیچ پارێزگایەکی فارسی زماندا، پزیشکیان نەیتوانی زۆرینەی دەنگ وەدەست بێنێت. بەپێچەوانەوە لە هەموو پارێزگاکانی تورک و کورد (تەنانەت بە کەمترین ڕێژەی بەشداریش) زۆرینەی دەنگەکانی وەدەست هێنا.
لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کۆماری ئیسلامی لە بەردەم تەحەددای بێشوماردایە. دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆریستی لەلایەن کانادا و هەندێک وڵاتانی تر، ترس لە هاتنەسەرکاری کۆماریخوازەکان لە ئەمریکا و کشانەوە لە دانوستانە ئەتۆمییەکان و گوشاری زیاتر لەسەر کۆماری ئیسلامی، داخستنی ناوەندە سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ لە ئاڵمان، ئەمانە هەموو ئەو حاڵەتانەن کە کۆماری ئیسلامییان هان دا هەتا جارێکیتر پەنا بۆ کارتی کۆن و ماوەبەسەرچووی ئیسلاحات ببات. وەک دابینکەرێکی بێ ئیرادە کە بەباشی لە ڕۆڵ و پێگەی خۆی تێگەیشتبێت، پێدەچێت پزیشکیان بتوانێت هەڵبژاردەیەکی دروست بێت بۆ کۆماری ئیسلامی و بەیتی ڕێبەری. بەڵام ئایا هەلومەرجی نێوخۆیی و دەرەکی لەگەڵ شیکاریی کۆماری ئیسلامیدا یەک دەگرێتەوە؟
لە گۆڕەپانی نێوخۆدا دەبێ بە ڕوونی بگووترێت: شۆڕشی ژینا و ڕووداوەکانی دوای ئەو بە ڕوونی دەریانخستووە کە دووانەی خەڵک و دەسەڵات قۆناغی ململانێی تێپەڕاندووە و چووەتە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوە. ئێستا تەنها شتێک کە بۆ خەڵک گرینگە مردنی حکوومەتە و جگە لەوە هیچ شتێکی حکومەت بۆ خەڵک سەرنجڕاکێش نییە. خەباتی ئاشکرای دایکانی دادخواز کە بێ ترس و دڵەڕاوکێ, قارەمانانە بانگەشەی دژ بە کۆماری ئیسلامی دەکەن، ئاشکراترین دەرکەوتنی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە. ڕاستەقینە ئەوەیە کە تەنانەت بەشێک لەو کەسانەی بە هەر هۆکارێک بۆ وێنە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و لێهاتوو یان لە ژێڕ کاریگەری میدیایی کۆماری ئیسلامی فریو دراون و بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردوە، چاوەڕوانی مەرگی کۆماری ئیسلامین. لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا دەبێ بگوترێ هەرچەندە ئەگەری گۆڕانکاریی بچووک و بێبایەخ لەپێوەندی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا و کۆماری ئیسلامی هەیە، بەڵام زۆر دوورە کە ڕۆژئاوا هەڵوێستی گشتی خۆی بەرامبەر بە ڕژێمی ئاخوندی بگۆڕێت.
بەڵام بێگومان ئەوەی پەردە لە ڕوخساری نەزار و لاواز و درۆینەی کۆماری ئیسلامی لادەبات و بێ ئابڕووی دەکات، نە ڕۆژئاوایە، نە هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی دیکە، بەڵکوو ئەوە سۆز و وشیاری نوێبووەی شەقامەکانە کە بانگەوازی ڕزگاری دەکات و کۆتایی بە چیرۆکی تاڵی کۆماری ئیسلامی دەهێنێت. چارەسەری برینی کۆن و نەخۆشی بێ دەرمانی کۆماری ئیسلامی نە کاری بریکار و دابینکەرێکی کاربەڕێکەر وەک "پزیشکیان"ه، نە هیچ پزیشکێکی دیکە. ئەم نەخۆشییە بێ دەرمانە ڕۆژێک هەم کۆماری ئیسلامی لەنێو دەبات و هەم بریکارە بێدەسەڵاتەکەی.