جیهانی نوێ، ئینترنێت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان
"خوێندنەوەیەکی شیکاری بۆ دۆخی ئیستای بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان"
فواد خاکی بەیگی
پێشەکی
لە نیوەی دووهەمی دیەی ١٩٩٠ بەدوا کەڵکوەرگرتن لە ئینتێرنێت لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی گەشەسەندوو و تا ڕادەیەک وڵاتانی لەحاڵی گەشە ڕووی لە زیادبوون کردوە. کاریگەری ڕوو لە گەشەی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاڵۆگۆڕی بەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیشدا هێناوە. ئینتێرنێت بە لەخۆگرتنی چینێکی بەربڵاو لە ئەکتەر و چالاکانی سیاسی کۆمەڵایەتی لە دونیای مەجازی (و سایبرنتیکی) خۆی، لەلایەک بۆتە کەرەسەیەک بۆ بانگەشە و بڵاوکردنەوەی هێماکانی چالاکانی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر و لەلایەکیتر سەرچاوەیەکی گرینگی بۆ دانی زانیاری چالاکانی سیاسی بە خەڵک و هاندەرێکی گرینگی هەڵسوکەوتی ڕەخنەگرانە و هێنانە سەر هێڵی دەنگە ناڕازییەکان لە جیهاندا بە ئەژمار دێت و، هەر بۆیە دەکرێ بڵێین ئینتێرنێت گرینگترین دەرکەوتن و هێمای هێز، نمادینی شوناسسازی و ڕێکلام لە سەردەمی نوێیە و سیاسەت و ئاڵوگۆڕی سیاسی تا ڕادەیەکی بەرچاو پشت بەستوو بەو تۆڕە بەربڵاو و جیهانییەیە. لەو ڕاستایەدا ئەو وتارە پڕژاوەتە سەر پرسی ئاڵوگۆڕی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بەر لەوەی بپڕژێینە سەر بابەتە سەرەکییەکان پێویستە کۆمەڵێک چەمکگەلی جێگای مشتومڕ واتا وێب ٢.٠، ڕاگەیاندراوە کۆمەڵایەتییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و دێموکراسی بەشداری پێناسە بکرێن.
پێناسەگەلی زۆر لە ڕاگەیەنراوە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، بەڵام ناسراوترینیان کاپلان و هانلینن کە ڕاگەیەنراوە کۆمەڵایەتییەکان بەو شێوەیە پێناسە دەکەن: "ڕاگەیەنراوە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵە بەرنامەیەکی لەسەر بنەمای ئینتێرنێتن کە لەسەر بناغەی ئایدیۆلۆژی و تێکنۆلۆژی وێب ٢.٠ دامەزراون و ئیمکانی دامەزران و ئاڵۆگۆڕی بابەتی داڕێژراو و سازکراو لە ڕێگای بەکارهێنەر پێکهێناوە". ڕاگەیەنراوە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێ لە حەوت گرووپی سەرەکیدا ڕیزبەندی بکەین: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێبلاگ، ویکی، پادکێسێت، فروم، کامیونێتەکانی بابەتی و میکرۆبڵاگەکان.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئەندامانیان ئیجازەی دانان و سازکردنی لاپەڕەی شەخسی و دامەزرانی پێوەندی و سازکردنی تۆڕ لەگەڵ هاوڕێیانی ئانلاینیان دەدەن. وێبلاگەکان کە ناسراوترین جۆری ڕاگەیەنراوە کۆمەڵایەتییەکان بە ئەژمار دێن، ڕۆژنامەگەلی ئانلاینن کە بە بابەتە نوێیەکانی بەکارهێنەران بەڕۆژ دەبنەوە. ویکییەکان سایت گەلێکن کە بە بەکارهێنەران ئیجازەی زیادکردن و بژارکردنی بابەتەکانیان دەدەن و بابەتی سازکراویان بەرهەمی بەشداریی ئەندامانە. پادکێسێتەکان فایلگەلی دەنگی و ویدیۆیین کە توانای هاوبەشکردن لە ئینتێرنێتیان هەیە. فرومەکان کە لە سەردەمی بەر لە دایکبوونی چەمکی ڕاگەیەنراوە کۆمەڵایەتییەکان چالاکییان هەبوو، بۆشایی هێنانە بەرباس و وتووێژ لە بوارگەلی جۆراوجۆریان پڕ کردبۆوە. (کامیۆنێتەکان ئیمکانی بەڕێوەبەری و هاوبەشیکردنی جۆرێکی تایبەت لە نێوەرۆک وەک وێنە، فایلی ویدیۆیی، دەق یان لینک پێکدێنن. میکرۆبلاگەکان کە تێکەڵەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وێبلاگی بچووکن، بە کورتەبابەتی بەکارهێنەران بەڕۆژ دەبنەوە.
بەو شێوەی کە لە پێناسەی سەرەوە دەردەکەوێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکێک لە جۆرەکانی ڕاگەیەنراوە کۆمەڵایەتییەکانن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێکهاتوو لە تاکەکان یان ڕێکخراوەکانن کە لەڕێگای یەک یان چەند جۆر خولیای تایبەت پێکەوە گرێ دراون؛ پێوەندیگەلی وەک خۆشەویستی، خزمایەتی، بەرژەوەندیی هاوبەش، ئاڵوگۆڕی ماڵی، خولیای تایبەت بە بابەتێکی باوەڕی هاوبەش، زانست و هونەر. شەنوکەوکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لێکدانەوەی تیۆریەکانی بەردەست بۆمان ڕوون دەکەنەوە کە سەرەکیترین تێبینی لە هەر تۆڕێک، پێوەندییە.
"بوید" و "ئێلی سوون" تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەو شێوەیە پێناسە دەکەن:
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خزمەتگوزاری لەسەر بنەمای وێبێکن کە ئەو ئیمکانە بە خەڵک دەدەن بتوانن:
١- لە چوارچێوەی سیستمێکی دیاریکراو پڕۆفایلگەلی هاوبەش و نیوە تایبەت درووست بکەن.
٢- لەگەڵ ئەو بەکارهێنەرانەی لە سیستمدان ئاڵوگۆڕی بۆچوون و زانیاری بکەن.
٣- لیستی پێوەندییەکانی خۆیان و ئەوانەی لە سیستمدان، ببینن.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان یەک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی دونیای مۆدێرنن لانیکەم لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە بەو لایە مێژووی دەوڵەتە مۆدێرنەکان بە کارتێکەری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تێک هەڵکێشراون. لەو بارەوە "جانستۆن" لە پەرتوکی "بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی چیە؟" پێ دادەگرێ کە بزووتنەوەکان دەبێ بە دووانەی دەوڵەتە مۆدێرنەکان دابندرێن. بە بۆچوونێکی تر دەرکەوتنی دەوڵەتی مۆدێرن هاوکات لەگەڵ ئەکتەرێکی گرینگ و تێکەڵاو و بەردەوامێکی دیکە بووە بە ناوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیی هاوچەرخ. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە لە بەستێنی دوڵەتەکان ڕوو دەدەن؛ پێوەندی دوولایەنە و چالاکانەیان هەیە و پالەپەستۆ دەخەنە سەر یەکتر. کێشە ئەوەیە کە زۆربەی نوخبەی سیاسی دەسەڵات بەڕاحەتی دەستاودەست ناکەن. لە دەرەنجامی شکڵگرتن و سازبوونی هاودەنگی، هاودڵی و وەزاڵەهاتنی خەڵک بە درێژایی مێژوو بۆ لەهەمبەر یەکدا ڕاگرتنی نوخبەی سیاسی لەگەڵ خەڵکی ئاسایی و خستنە بەرباسی داخوازی و داواکارییەکانی کۆمەڵگە یەک پێداویستی بووە.
بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پێناسەگەلی زۆر کراوە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بریتییە لە ڕێکخراوێکی تەواو شکڵگرتوو و دیار کە بە مەبەستی بەرگری یان بەربڵاوتر کردن و یان بە ئامانجی تایبەت بە ڕیزبەندی و پێکهاتەکان ئەندامانی ڕادەگات. هەروەها، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی هەوڵی بەکۆمەڵ بۆ بەرەوپێش بردنی بەرژەوەندی هاوبەش یان دابینکردنی ئامانجی هاوبەش لە ڕێگای کردەوەیەکی بەدەر لە پانتایی دامەزراوە فەرمییەکان دەدات. دۆناتلا لاپوورتا و ماریۆ دیانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیان بەو شێوەیە پێناسە کردوە: "هاودەنگبوونی تۆڕگەلی نافەرمی کارلێکی تاکەکانی گرووپەکان و ڕێکخراوگەلی پێکهاتوو لەسەر بناغەی باوەڕی هاوبەش و هاوپێوەندی کە لە ڕێگای کەڵکوەرگرتنی بەردەوام لە جۆرە جۆراوجۆرەکانی دەنگ هەڵبڕین و خۆپێشاندان لە دەوری بابەتگەلی جێگای ناکۆکی و مشتومڕ. هەموو ئەو پێناسانەی بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان خراویتنە ڕوو خاڵگەلی هاوبەشیان هەیە، ئەو خاڵە هاوبەشانە بریتین لە: "گرووپی سازماندراو لە چالاکان، بوونی ئایدیۆلۆژی تایبەت و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ یان ڕاگرتنی بەشێک لە دامەزراوەی کۆمەڵگە. لەو پێوەندییەدا هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ یان ڕاگرتنی بەشێک لە دامەزراوەکانی ئاماژەپێکراو. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێ ئاوا پێناسە بکرێن: گرووپێکی تەواو ڕێکخراو و سازماندراو لە چالاکان کە لە ڕێگای شێوازە جۆراوجۆرەکانی کردەوەی بەکۆمەڵ لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێک یان کاریگەری لەسەر ئاراستە کۆمەڵەکان بۆ وەدەستهێنانی ئاسایی کۆمەڵگەن". بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان جیاواز لە ئەحزابی سیاسی و گرووپەکانی فشارن، ئەحزابی سیاسی ڕێکخراوێکی تەواو بۆرۆکراتیک و ڕێکوپێکن کە مکانیزمگەلی تایبەتیان هەیە بۆ ئەندامگیری و هەوڵ دەدەن لەڕێگای شێوازەکانی دێموکراتیکی وەک هەڵبژاردن دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. لەحاڵێکدا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نەکەوتوونەتە داوی بۆرۆکراسیی نوێ، ئەوان بە لەبەرچاو گرتنی ئایدیۆلۆژییەک وەک لووتکە و کۆڵەکەی تێفکرینی تایبەت لەپێناو پێکهێنانی بەستێنی گشتی دێموکراتیک و هەوڵی بردنە ژێر پرسیاری مەشرووعیەتی نیزامەکان و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بۆشایی ژیان دەدەن.
گۆشەنیگاکانی گەشبینانە
خێرایی کەڵکوەرگرتن لە ئینتێرنێت لە چالاکییەکانی سەردەم و خاڵە بەهێزەکانی بۆ چالاکی دەگات بە گەشبینی دیجیتاڵی. گەشبینی دیجیتاڵ هیوادارە کە سرووشتی هێز لە تۆڕەکانی دیجیتاڵ بگۆڕێ بە سرووشتی هێز لە دونیای واقعی، بۆوەی کە تۆڕەکانی دیجیتاڵ زیاتر لە هەر کاتێک لەگەڵ ژیانی ئێمە تێکاڵاون. لایەنێکی دیکەی گەشبینی دیجیتاڵ ئاماژە بەوە دەکا کە بەکارهێنەران بەها و واتای تێکنۆلۆژی لەگەڵ چۆنیەتیی کەڵکوەرگرتن لێی درووست دەکەن. بۆ وێنە کەڵکوەرگرتن لە پلاتفۆرمێکی ڕابواردن وەک یوتیوب بۆ ڕاگوازتنی بابەتی سیاسی جێگرەوە. بەو شێوەیە گۆشەنیگای گەشبینانە داهاتوویەکی باشتر و دادپەروەرانەتر دەخەنە بەردەست و وەک کەرەسەیەک بۆ دەستڕاگەیشتن بۆو داهاتوویە ئەو تواناییە دەدات بە بەکارهێنەری ئاسایی واتا بخوڵقێنێ. گۆشەنیگاگەلێک کە باوەڕیان بە گەشبینی دیجیتاڵ هەیە لایەنە بەهێزە و باشەکانی ئینتێرنێت بۆ چالاکانی بەکۆمەڵ دێننە بەرباس کە ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکان، بە جیهانی بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێبەری ئاسۆیی لەخۆ دەگرن.
ئەلف- ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکان
گرینگترین کارکردی ئینتێرنێت لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی نوێ ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکان و هاودەنگ کردنی چالاکانە. بۆوەی کە ئینتێرنێت یارمەتیدەری ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکان بێ پێویستە پێشتر دوو قۆناغی شوناس سازی و پێکهێنانی تۆڕی پێک هێنابێ. ئینتێرنێت توانایێکی زۆری هەیە بۆ سازکردنی شوناسی بەکۆمەڵ. بە پێکهێنانی پێوەندی، ئاڵوگۆڕی زانیاری و باوەڕەکان لە فەزای سایبرنتیکییە کە شوناسگەلی تاک و کۆمەڵی خاوەن باوەڕی هاوبەش دەتوانن بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دامەزرێنن. هەروەها ئێستا سازکردنی تۆڕ هۆکارێکە بۆوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێزێکی کۆمەڵایەتی سەرووتریان هەبێ بە بەراورد لەگەڵ ئەحزاب و گرووپی سودمەند. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بریتین لە پێوەندی دولایەنە، پێوەندییەکانی ناو ڕێکخراوەیی، باوەڕ و ڕێساکەگەلی هاوبەشن کە بۆ پێکهێنانی نەزم و دیسیپلین لەناو بزووتنەوە و ڕاکێشانی چالاکان و لایەنگران گرینگییان هەیە. وا وێدەچێ ئێستا بەکەمکردنی متمانەی گشتی بە سیاسەت، بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕێکخستنی هەڵسوکەوتی ناڕەزایەتی و نیشاندانی ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگە دێموکراتیکەکان هەبێ. لە نیوەی دووهەمی ١٩٩٠ بەدواوە ئینتێرنێت لە هاندان و ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەربڵاوی نەتەوەیی، ناوچەیی و جیهانی چ بەشێوەی سەرهێڵ لە فەزای سایبرنتیکی و چ بەشێوەی واقعی لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا کاریگەری بەرچاوی هەبووە. ئینتێرنێت بە گەیاندنی زانیاریی خێرا لە بواری کێشەگەلی توندی کۆمەڵگەی بەشەری، گەیاندنی هێماکانی ناڕەزایەتی و بزواندنی هەست بە کردەوەی ناڕەزایەتی بەربڵاو ڕۆڵگێڕ بووە. بۆ وێنە لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی دژی ڕێکخراوی تیجارەتی جیهانی لە سیاتێل لە ساڵی ١٩٩٩ ئینتێرنێت ڕۆڵی گرینگی لە گەیاندنی زانیاری بە خەڵک و هاندانیان بۆ ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان دژی دانیشتنی ئەندامانی ڕێکخراو هەبوو. چالاکانی سیاسی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای پۆستی ئێلێکترۆنیک توانیان نوێنەر و چالاکانی بەرچاو لە گرووپەکان لە سیاتێل لە دەوری یەک کۆ کەنەوە بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە بەشداریی نوێنەری ڕێکخراوەکان یان یەکیەتییەکانی کرێکارانی بەشێک لە وڵاتان، نوێنەرانی بزووتنەوەی ڕاستی ڕادیکاڵی پۆپۆلیست لە ئورووپای ڕۆژاوا و باکوور، نوێنەری گرووپ و بزووتنەوەکانی ژیانی سرووشتی، مافی مرۆڤ و لایەنگرانی سوڵح بکرێ. لە بەهاری عەڕەبییش ڕاگەیەندراوەکان و تۆڕی کۆمەڵایەتی نوێ-یوتیوب، تویتێر، فەیسبووک- وێرای وێبلاگ نووسانی ئانلاین و تەلەفۆنی هەمڕاە لە پێکهێنانی پێوەندی، هاوئاهەنگی و چاوەدێری جەڕەیانی خۆپێشاندان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا ڕۆڵی سەرکییان هەبوو. میسر و توونس دوو وڵاتن کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی تێیاندا سەرکەوتن، لەو وڵاتانە هاوئاهەنگی چین و توێژەکان و کردەوەی ئاڵوگۆڕخوازانە لە ڕێگای تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی گەورەی وەک تویتێر و فەیسبووک بەرنامەڕێژی بۆ کرا. هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو نێوانەدا خێراکەر و ڕێکخەری ئاڵوگۆرەکان بوون نەک دەست پێکەری جموجۆڵ و ڕاپەڕین. ڕۆڵی فەیسبووک و تویتێر لە ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەڕەبی بە چەشنێک پڕ ڕەنگ و بەرچاو بوو کە بەشێک لە لێکۆڵەران وەک هەواڵنێری ڕۆیتێر لە چەمکگەلی وەک شۆڕشی فەیسبووکی و یان شۆڕشی تویتێری بۆ ئاماژە بە ڕاپەڕینەکان کەڵکیان وەردەگرت.
ب- بەجیهانی بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان
لە سەردەمی بەجیهانیبوون ڕاگەیاندنەکان جێگە و پێگەیەکی تایبەتیان لە جیهان وەدەستهێنا و بوون بە هۆکاری بەشێک لە ئاڵوگۆڕەکان کە تا ئەوکات نەببوون. سرووشتی ئەو ڕاگەیاندنانە سەروو نەتەوەیی و نەبوونی سنوورە کە لە ئێستادا دەست وێڕاگەیشتن پێیانی ئاسان کردووە. نموونەیەکی پێشرەو لە بواری کەڵکوەرگرتن لە ئینتێرنێت بۆ بەجهیانیکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ڕاپەڕینی زاپاتیسەکان لە مێکزیکە. زاپاتیستەکان لە وڵامدانەوە بە هێرشە نیزامییە گرژی خوڵقێنەکانی حکومەت، هەوڵیان دا بە ڕاگەیەنراوکردنی ئەو بابەتە و کەڵک وەرگرتنی لە ئینتێرنێت ناڕەزایەتیی خۆیان بە گوێی جیهانیان بگەیێنن. زاپاتیستەکان زانییان کە تاقە ڕێگای سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانیان وەدەستهێنانی لایەنگری و پشتیوانییە جیهانییەکانن. بە مێدیایی و ئینتێرنێتی بوونی ئەو بزووتنەوەیە، بەربەستی سەرەکی بوو لەبەردەم تۆڵەکردنەوەی توند و توندی حکوومەت. ئینتێرنێت لە نێونەتەوەییکردنی ئەو بزووتنەوەیە زوو ڕۆڵی خۆی گێڕا. تۆڕی ئینتێرنێت بۆ گرووپی بچووکی زاپاتیستەکان لە کۆمەڵگەی مێکزیک تریبۆنێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی پێکهێنا و ڕای گشتی جیهانی بە لایەنگری لە زاپاتیستەکان و بە دژایەتی لەگەڵ حکومەتی مێکزیک کۆ کردەوە بە واتایەکی باشتر بابەتی ناوچەیی زاپاتیستەکانی بە جیهانی کرد و هێنایە بەردەم دادگای ڕای گشتی جیهانی. هەروەها لە بزووتنەوەکانی بەهاری عەڕەبیدا ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە گەیشتنی ئەو بزووتنەوانە بۆ بەشوێنەکانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ئوروپایی هەبوو. لەو ناوچەیەش ڕاگەیاندنە نوێیەکان بە دانی بەوەختی هەواڵ و زانیاری بە وڵاتانی دیکەی عەڕەبی، خەڵکی ئەو وڵاتانەی هان دەدا کە دەتوانن دژی دیکتاتۆڕی وڵاتەکانیان ڕاپەڕن و سەرکەون. لە بزووتنەوەی داگیرکردنی واڵ ئێستریتیش بارودۆخ بەو شێوەیە بوو، یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی ئەو بزووتنەوەیە هەلومەرجی گوازتنەوە و گەیشتن بە شوێنەکانی تری جیهانە. بەربڵاوی خێرا لە بواری جۆغەرافیایی بزووتنەوە، ڕەنگدانەوەی بڵاوبوونەوەی وایرووسی w لە ئینتێرنێت بوو. تۆڕی ئینتێرنێت بۆ بزووتنەوەی واڵ ئێستریت لە کۆمەڵگەی ئەمریکا، ڕاگەیاندنێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی پێکهێنا و ڕای گشتی جیهانی بە لایەنگری لە بزووتنەوە و دژایەتی لەگەڵ حکومەت و نیزامی سەرمایەداری مەوجود هێنایە سەرهێڵ و بە واتایەکی باشتر بابەتی بزووتنەوەی واڵ ئێستریتی بەجیهانی کرد و بە کێشایە بەردەم دادگای ڕای گشتی جیهانی. بۆیە سەروو نەتەوەیی بوون و بەسیجی جیهانی بووە بە یەکێک لە سەرەکیترین پێکهاتەکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەکان کە لە داهاتووشدا بەربڵاوتر دەبێ، هۆکاری ئەو پرسە بەربڵاوی کەڵکوەرگرتن لە کەرەسەگەلی وەک ئینتێرنێتی ماهوارەیی کە بەشێکی بەرچاو لە ئاستەنگەکان لە بەردەم دەست وێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت لەسەر ڕێ هەڵدەگرێ و ئەوەش بوار بۆ هاوئاهەنگی و هاوکاری چالاکان لە سەرتاسەری گۆی زەوی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دا پێکدێنێ.
جێ- ڕێبەری ئاسۆیی
بە بەراورد لەگەڵ ڕاپەڕینە گەورە و کلاسیکەکانی دونیا و بۆ وێنە ڕاپەڕینی ئیسلامی "ڕێبەری" یەک لە هۆکارە غایبەکان لە ڕاپەڕینی ٢٥ی ژانویە لە میسر و هەروەها شۆڕشی توونس بوو. لە واقعدا ڕاپەڕینی میسر و توونس ڕێبەری آوانگارد یان حیزبی پێشەنگیان لە سەرووی بزووتنەوەیان نییە. لەو بزووتنەوانە ڕێبەری سفەتێکی بەکۆمەڵ و نادیار لە تاکی دیارە و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بەرلەوەی لە دەوری تاکێک کۆبێتەوە بە دەور ئایدیۆلۆژییەکی تایبەت وەک یەکسانیخوازی، مافی مرۆڤ یان دێموکراسیخوازی بسیج و کۆ دەبنەوە. لەو ڕاپەڕینانە ڕێبەری کاریزماتیک جێگای بە ڕێبەریی بەکۆمەڵ دا کە زۆربەی کات لە فەزای مەجازی پێک دێ و دواتر کار دەکا. شۆڕشی میسر هیچ ڕێبەرییەکی نەبوو و هیچ حیزب و گرووپێکی تایبەتیش ڕێنیشاندەری نەبوو و ئەوە خودی خەڵک بوون کە لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانی نوێ و لە سەرووی هەموان ئینتێرنێت دەستیان کرد بە ڕێکخستن و بەڕێوەبەری ڕێڕەوی ناڕەزایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان. یەک لە لایەنە تۆخەکانی ڕاپەڕینی میسر پێکهاتەی لەرزۆک و نەبوونی ڕێبەرییەکی ناسراو بوو، ئەو بزووتنەوەیە تەواو خەڵکییە لە دەرەوەڕا و ئاسۆیی و زیاتر شۆڕشێک لە خوارێ بۆ سەرێ بوو.
ئەو بزووتنەوانە زیاتر لەوەی بەکردەوەیەکی تاکەکەسی لە ڕێگای یەک یان چەند کەسێکی کاریزماتیک بناسرێن، بە ڕەوتی بەکۆمەڵ و کاریگەری بەسیجی گرووپەکان بەشێوەی ئانلاین دەناسرێن. بۆیە ئەو بزووتنەوانە لە ژێر ناوی "شۆڕشە بێ ڕێبەرەکان" پێناسە دەکرێن. بزووتنەوەی داگیرکردنی واڵ ئێستریتیش هیچ ڕێبەرییەکی نەبوو نە ڕێبەری ناوچەیی، نە نەتەوەیی و نە نێونەتەوەیی. بێ ڕێبەری کۆڵەکەیەکی سەرەکی بوو کە لە هەر قۆناغێک کەسێک هەوڵی دەدا ڕۆڵی سەرەکی بە دەستەوە بگرێ بەوپەڕی ئیرادە و هێز لەلایەن زۆربەی داگیرکەران بەڕێوە دەچوو. ئەسڵی بێ ڕێبەری لەڕاستیدا تاقیکردنەوەیەک بۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بوو. لەو بزووتنەوەیەدا کۆمەڵێک کارکردی ڕێبەری هەبوون بەڵام ئەوانەش بەشێوەی ناوچەیی لەڕێگای ئەنجومەنێکی گشتی دادەڕێژران کە بەشێوەی ڕێکوپێک لە فەزای داگیرکراو کۆبوونەوەی پێک دەهێنا. هەروەها کۆمەڵێک کارکردی هاوئاهەنگی خوڵقێن هەبوون کە یارمەتیدەر بوون بۆ داڕشتنی بڕیاری بەکۆمەڵ و ئەو کارکردانەش لەڕێگای تۆڕەکانی ڕاوێژی بەردەوام لە ئینتێرنێت پێک دەهاتن. (بەشی دووهەم و کۆتایی لە ژمارەی هاتوودا بڵاو دەبێتەوە)